دیمانەیەک لەگەڵ بەرێز کاک سەلیم حەقیقی نووسەر و وەرگێر و چالاکی سیاسی و باوكی شەهید میلان حەقیقی لە نۆروێژ.

دیمانەیەک لەگەڵ بەرێز کاک سەلیم حەقیقی نووسەر و وەرگێر و چالاکی سیاسی و باوكی شەهید میلان حەقیقی لە نۆروێژ.

لە ماوەی چەند مانگ و ساڵی ڕابردوو دا بە هۆی ئەوە کە کوردانی دیاسپۆرا و دڵسۆزانی کورد لە وڵاتی نۆروێژ بە دژی ژنکوژی و منداڵکوژی و مووشەکبارانی بنەماڵەی شۆڕشگێرانی کورد لە باشووری کوردستان خۆپێشاندانیان دژی ڕژێمی تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر باڵوێزخانە (هێلانەی جاسووسی) ئێران لە ئۆسلۆ پێتەختی وڵاتی نۆروێژ کرد بوو ، پۆلیسی نۆروێژ سەرەتا بەشێکی بەرچاوی لە بەشدارانی خۆپێشاندانەکەی بۆ ماوەیەکی کەم دەست بەسەر کرد و دواتر ئازاد کران.

دەگوترێ جەنابت و چەند کەس لە خۆپێشاندەران دوای زیاتر لە ١٥ مانگ جارێکی‌تر لە حەوتووی یەکەمی مانگی مای دا، سەبارەت بە خۆپێشاندانی چەند مانگ و ساڵی ڕابردوو دا و لە سەر شکایەتی باڵوێزخانەی ئێران بانگ دەکرێنە دادگا.

گیاڕەنگ: سەرەتا سوپاست دەکەم ئەگەر بە کورتی باسێک لە خۆپێشاندانەکە بکەی و هۆکارتان بۆ خۆپێشاندان چی بوو؟

 سپاس بۆ جەنابت کاک محەممەدڕەسوڵی خۆشەویست بۆ بەسەرکردنەوەم و ساز کردی ئەم دیمانەیە.

١. هەموولایەک باش دەزانن کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی و لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی بەناو پۆلیسی ئەخلاق لە تاران، بزووتنەوویەکی لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و هەموو ئێرانی گرتەوە کە درووشمی سەرەکی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە ژن ژیان ئازادی بوو. دوای ئەو ڕووداوە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە وەحشیانەترین شێوە هەڵیانکوتایە سەر خۆپێشاندان و مانگرتنە مەدەنی و ئاشتیخوازەکانی خەڵک بەتایبەت لە کوردستان بە چەکیی شەڕ و هێزێکی لەڕادەبەدەر دڵ‌ڕەق و چەختی دە گیانی خەڵک بەربوون و بەداخەوە سەدان هاونیشتمانیان شەهید کرد، هەزارانیان بریندار و ڕفاند، دوای ئەو دۆخە کە هەموو ئێرانی گرتەوە و هەروەک باسم کرد سەرچاوەکەی و داینامۆیەکی کوردستان بوو، ڕێژیم بە دەیان دڕۆنی خۆتەقێن و مووشەکی بالستیک و چەکی قورس هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگا و کەمپی مەدەنی تێکۆشەرانی کورد بەتایبەت حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان و بەداخەوە لەوێش خوێنی خەباتکارانی کورد و خەڵکی کوردستان لەناوخۆ بە ناحەق ڕژا و تێکەڵی یەکتر بوون. لە دۆخێکی ئاوادا ئەرکی سەرشانی سەرجەم کوردێکی نیشتمان پەروەر و گەلدۆست بەتایبەت لە تاراڤگە بوو کە بە شێوازی جۆراوجۆر چالاکی و خۆپێشاندان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی ناوخۆ و تێکۆشەرانی کورد بکات. ئێمەش هەر بەم مەبەستە بە هاوکاری بەشێکی بەرچاو لە کوردانی نۆڕوێژ( ڕۆژهەڵاتییەکان بەشی هەرە زۆریان پێک‌دێنا) چالاکییکمان لە بەردەم هێلانەی سیخوری ڕێژیم لە ئۆسلۆ ساز کرد و ئەو سەرکوت و کوشتنەی خەڵکمان ئیدانە کرد و پشتیوانی خۆمان لە خەڵکی خەباتکار و قارەمان خۆمان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەربڕی.

 

گیاڕەنگ:  ئایا ئێوە خۆپێشاندەران لە لایەن پۆلیسەوە ئیزنتان پێدرا بوو، ئەگەر ئیزنتان پێدرابوو بۆچی دەست بەسەر کران؟

٢. بەڵێ ئێمە ئیزنمان لە حکومەتی خۆجێی وەرگرتبوو بەڵام کاتێک من چوومە ناو خۆپێشاندانەکە لەبەر تووڕەیی زۆری جەماوەر ئاڵۆزییەک دەستی پێکردبوو، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕاوە وەک هەمیشە بەناو کارمەندەکانی ئەو هێلانە سیخورییە بەشێوەی جۆراوجۆر گەمەیان بە هەستی خەڵکەکە و سووکایەتی و تەنانەت لە پشت پەنجەرەکانەوە هەڕەشەیان لە خەڵکەکە کردبوو و ئەم بووە هۆی ئەوەیکە هەستی خەڵکی ناڕازی بجووڵێ و خۆپێشاندانەکە گڕژی تێکەوت، واتە هۆکاری سەرەکی کێشەکە ئەندامانی ئەو بەناو سەفارەتە بوو و دوای ئەمەش ، منیش و هاوڕێیانی دیکەش دیارە بەشێکمان لێیان چووینە پێش و پۆلیسی پارێزەریش کە سرووشتیە بۆ ئەوەیکە ڕەوشەکە کۆنترۆل بکا ئێمەیان دەسبەسەر کرد.

گیاڕەنگ: ئایا ئێوە خۆپێشاندەران خۆڕسک کۆببوونەوە یا لە لایەن ڕێکخراوە یا کۆمەڵەیەکی کوردی کۆببوونەوە؟

٣. ئەگە هەڵە نەبم کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکان بوون ئیزنی ئەو چالاکییەیان وەرگرتبوو.

 

گیاڕەنگ: بۆچی باڵوێزخانە شکایەتی لە ئێوە کردووە، هۆکارەکەی چی بوو؟

 ٤. دوای ئەو ئاڵۆزییە نەخوازراوانەی ڕوویاندا و هەموومان هەستمان بەوە کرد، ئەو قەڵسە گێڕانەی بە ئانقەستی ئەو بەناو کارمەندپاسدارانە لەو بینایە دواتر خراپ بەسەرمان دا دەشکێتەوە و نابێ هەستەکی لەگەڵ دۆخەکە بەرەوڕوو ببینەوە بەڵام، گڕ و تینی ناوخۆ و زوڵم و جینایەتی ڕێژیم بەڕاستی خوێنی ئەو خەڵکەی وەکوڵ هێنابوو، هەر ئەوەبوو کە ڕێژیم ئەو هەلەی قۆزتەوە و وەک هەمیشە بە فرت و فێڵ و کەڵکاژۆ وەرگرتن لە هەستی پاک و برینداری خەڵک، هەوڵی دا بە شێوەی یاسایی لەو وڵاتە بمانترسێنێ و تۆڵەمان بە قەولی خۆی لێ بکاتەوە و سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار کردین.

گیاڕەنگ:  ئایا ئێوەش شکایەتتان لەوان کردووە و تاکوو ئێستا چیتان بۆ کراوە؟

٥. دیارە جەنابیشت دەزانی سکالا و شکایەت کردن لە دەوڵەتان پڕۆسەیەکی تایبەتی خۆی هەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەتایبەت، ئەگەر ئێمە بمانهەوێ لەو ڕێژیمە سکاڵا بکەین پێویستیمان بە چەند کەرەسەی گرنگی وەک پشتیوانی زۆر هەم لە بواری ماددی و هەمیش لە بواری یاسایی حقوقی و سیاسییەوە هەیە، ئایا ئێمە وەک تاک ئەوە دەتوانین؟ ئایا کەس هاوکاریمان دەکات؟ ئەوە ڕەنگبێ بۆ ئێمە قورس بی. نەخێر تەنانەت پارێزەرەکانیش ئێستا خۆبەخشانە هاوکاریمان دەکەن و تەنانەت هیچ حیزب و ڕێکخراوێک پشتیوانی لە ئێمە ئەو چەند هاوڕێ و دۆستە شۆرشگێڕە هاوپەروەندەیەن نەکردووە.

گیاڕەنگ: لە ڕۆژی دادگایی دا کوردانی دیاسپۆرا لە نۆروێژ ئاگادار کراون کە ئێوە لە پڕۆسەیی دادگایی کردن دان؟

٦. بەڵێ کوردانی دیاسپۆڕا بەتایبەت کوردانی وڵاتی نۆڕوێژ ئاگادارن، دیارە لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە نەک ڕاگەیاندنی حیزبەکان کە بەداخەوە هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە یان من نەمبیستووە کارێکیان بۆ ئێمە کردبێ. ئەوەش دەزانم بەداخەوە لەلایەن ڕێژیمەوە هەر بەو دادگایە گوشارێکی زۆری ڕەوانی لەسەر ئەو هاوڕێیانەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە بوێرانە و سەربەرزانە بەرگری لە خۆمان دەکەین و دەچینە بەردەم دادگا و تەنانەت هەوڵ دەدەین( لێرە باسی ناکەم) بە بەڵگە و فاکت قسەکانمان بە پشتیوانی پارێزەرە بەڕێزەکانمان و هاوڕێیان بە شێوەیەکی لۆژیکی قازی ئەو پەروەندەیە لە مەبەستی سەرەکی کارەکە تێبگەهێنین.

 

گیاڕەنگ: دوایین پرسیاریش ئەوەیە ئایا ئێوە لە کارەکەتان پەشیمان نین؟

٧. دیارە هەموو کار وچالاکییەک دەبێ بە فکر و لۆژیک و ئاوەزەوە بەڕێوەبچێ، دەبێ بەرنامە هەبێ و بەپێی پلان کار بکرێ، ئەوجۆرە چالاکییانە کە دەتوانم بڵێم بەجۆرێک خۆڕسکن بەتایبەتیتر لە دۆخێکی قورسی وەهادا کە بەردەوام هەواڵی شەهید کرانی خەڵکەکەمان پێ دەگەیشت، دەبوو ڕێکوپێکتر کرابا، بەڵام نەک هەر پەشیمان نین و ئەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان زانیوە بەڵکوو پێی سەربەرزین، ئەوە بچووکترین کار بوو ئێمە دەمانتوانی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی قارەمانی خۆمان بیکەین و ئەو پەیامەشمان بە ڕێژیم و نوێنەرەکانی دا خەڵک چەندە لێیان بێزارە و ئەگە ڕۆژێک دابێ، دەبێ باجی هەموو زوڵم و جینایەتێکیان بدەنەوە. لە کۆتایی‌دا، ئەگەرچی ئەو کارەی ئێمە لە ئاستی تێکۆشان و گەورەیی خەڵکی ڕۆژهەڵات و تێچوو و باجەکەیان وەک گۆل و پاناوە وایە بەڵام بەو دێرە شێعرەی مامۆستا هێمن پەیامی خۆمان دەگەهێنم:

بزەی هاتێ گوتی ڕووناکە ئاسۆم

وەرە جەللاد پەتت باوێژە ئەستۆم

ئەوە پەت نییە میداڵی ئیفتیخارە

کە بوومە قارەمانی میللەتی خۆم

(دیارە لێرەدا خەڵک قارەمانە نەک ئێمە)

بە سپاسەوە.

سەلیم حەقیقی