سەری ڕێز بۆ یەکگرتوویی و یەکڕیزیتان دادەنوینم. حەمەڕەسووڵ کەریمی
سەری ڕێز بۆ یەکگرتوویی و یەکڕیزیتان دادەنوینم
بەشداری نەکردنتان لە شانۆی هەڵبژاردنی دەوری ١٢یەمی بەناو مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێران نیشانەی ئاستی بەرزی نەتەوەییتانە، نیشانەی بەرحەق بوونی خەبات و تێکۆشانی ئێوەیە، بەرامبەر بە ستەم و نەهامەتی و دیکتاتۆریەتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران.
خەڵکی بوێری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گوند و بەخش و شارە دێیەکانییەوە، یەکریز و یەکگرتوو ، بە نەچوونە سەر سندووقی دەنگداندان مستێکی تووندیان لە دەم و لمبۆزی خامنەیی و دار و دەستەکەی و خۆفرۆشانی کوردستان دا.
ئەمڕۆ کوردستان جارێکیتر نیشانی دا کە بە نەچوونە سەر سندووقی دەنگدان، درێژەدەری خەبات و شۆڕشی ژینا (ژن ژیان ئازادی)یە و هاوکات نیشانی دا کە ڕژێمی ئاخووندی ئێران مەشرووعیەتی دەسەڵاتداری نییە و بە خەڵکی کوردستان بە مانەوە لە ماڵەکانیان دا جارێکی دیکە وەک ڕێفراندۆمی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی “نا” یەکی گەورەیان وەک هاواری بەرحەق بوونی خۆیان بە گوێ خامنەیی و جیهان گەیاند.
زەبر و زەنگی کاربەدەست و خۆفرۆشان، قەول و بەڵێنی و خۆش خزمەتییەکانی فەرماندار و ئوستاندار و نیهادەکانی دیکەی ئەو ڕژێمە، هەوڵی نەزۆکی هەندێک بەناو بەربژێر و کاربەدەستانی حکوومەتی ، هیچیان نەیان توانی ورە و ئیرادە و یەکڕیزی گەلی کورد تێک بشکێنن.
خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ نیشانیان دا کە هەرکات یەکڕیز و یەکگرتوو بن دەتوانن هەموو لەمپەر و هەڕەشەیەک تێپەڕ بکەن و هێزی ئەهریمەنی ڕژێم بە چۆک دابێنن، ئەم سەرکەوتنە مەزنە لە گشت لایەک پیرۆز بێ و لە هەمان کاتدا ئەم سەرکەوتنە پەیامێکی بەهێزە بۆ ئەو بەربژێر و کاندیدا کارتۆنیانەی کە دەیانهەویست بە دەنگی خەڵک ببنە داری ئێعدامی خەڵک، هەر بۆیە بەربژێرەکان، داوای لێبوردنێک بە خەڵکی کوردستان قەرزدارن و پێویستە بگەرێنەوە بەرەی خەڵک و خاک و نەتەوە و چیدی خۆش خزمەتی بە ڕژێمی پەت و سێدارەی ئێران نەکەن.
ڕژێم لە ماوەی چەند حەوتووی پێش هەڵبژاردندا، بە ناردنی هێندێک کەسی نەفس نەزم کە وەک کەسایتی حکوومەتی سەیریان دەکا، نەیتوانی هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ویست و داخوازی گەلی کورد دابنێ، جێگەی خۆشحاڵییە کە گەلەکەمان ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی خۆی بە شێوەی سەردەمیانە دۆزیوەتەوە و هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دەنگی ناڕزایەتی خۆیان لە هەمبەر هەموو نەهامەتییەکان دا بە بەرزی و یەکرگرتوویی بەرز بکەنەوە.
ڕژێم بە کز کردنی خەتی ئینترنێتی و کۆنترۆڵی زۆری هێزەکانی بەناو ئەمنییەتی و گێرانی سندووقی سەیار بۆ گوند و شار و گەڕەکەکانیش نەیتوانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان بکێشێتە سەر سندووقی دەنگدان، بە گشتی ئەمڕۆ کوردستان شکۆی نەتەوەی کوردی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرزی نیشان دا و ڕژێمی ئێرانی پێش مردن لە زبڵدانی مێژوو خست.
هێزەکانی ئوپۆزسیۆنی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سوپاسێکی گەرم بە خەڵکی کوردستان قەرزدارن و لە سوپاسیش بەو لاوەتر یەکڕیزی و یەکگرتوویی هێزەکانیش هەر بە گەلی کورد قەرزدارن و درەنگ یا زوو پێویستە ویستی خەڵکی کوردستان کە یەکڕیزی و یەکگرتووییە وەدی بێنن.
سەرەرای کەش و هەوای نالەباری ئەمنییەتی و هەڕەشەکانی هێزەکانی ئەمنییەتی و سایبێری حکوومەت، دیسانیش خەڵکی کوردستان توانیان لە ڕێگەی وێنە و گرتە ویدیۆ بەشداری نەکردنی خۆیان لەم شانۆ سازییەی هەڵبژاردن دا بە مێدیایی بکەن و سندووقی بە تاڵ و شوێنە دیارییکراوەکانی هەڵبژاردن و چۆلی سەر سندووقەکان بە جیهان نیشان بدەن، بەشێکی بەرچاو لە بەکار هێنەرانی تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان ئەمڕۆ پڕ بوون لە وێنەی بەشداری نەکردنی هەڵبژاردن.
خەڵکی شاری سەردەشت و دەوروبەریش وەک هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان بە بەشداری نەکردنیان مستێکی تووندیان لە دەم و لمبۆزی خۆفرۆشان و دەست و پێوەندەکانی ڕژێمی خامنەیی دا.
سوپاس بۆ گەورەیی خەڵکی کوردستان، سوپاس بۆ یەکریزی و یەکگرتووییتان و ئەم سەرکەوتنە مەزنە لە ئێوەی تێکۆشەر لە گۆڕەپانی خەباتی ڕاستەقینەدا و لە گشت خەڵکی کوردستان پیرۆز بێ.
ئەوەش بەشێک لە وێنەکانی شاری سەردەشت
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەری گیاڕەنگ
٠١ ـ ٠٣ـ ٢٢٠٢٤ی زائینی
١١ ـ ١٢ ـ ١٤٠٢ی هەتاوی