سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی ”بایکۆت“ جەعفەر شەریعەتی

سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی ”بایکۆت“

جەعفەر شەریعەتی

رۆژی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەرامبەربە ١ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی دوازدەهەمین گەڕی هەڵبژاردنی پارلەمانی حکوومەتی ئیسلامی بەڕیوەچوو. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەت زیاتر لە ٦٠ میلیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو و بۆ هەڵبژاردنی ٢٩٠ ئەندامەکەی مەجلیسەکەیان سەرووی پازدە هەزار کەس خۆیان بەربژێر کردەبوو.

لێرەداو بە زمانی ژمارەکان ئاماژەیەکی کورت بەو دەنگانە دەکەین کە وەک ئەنجامی سەرەتایی چەند شاری کوردستان خراونەتە روو و لە مێدیاکانەوە بڵاو کراونەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە حکوومەت بۆ یەکەمجار لەمێژووی خۆیدا شەش کاتژمێر کاتی دەنگدانی درێژ کردەوە بۆ ئەوەی بتوانێ خەڵکێکی زیاتر بکێشێتەسەر سندووقەکانی دەنگدان، بەوحاڵەش نەیتوانی بەمەبەستەکەی کە هەمان نیشاندانی ڕەوایی و خۆشەویستیی نیزامەکە لەناو کۆمەڵگای ئێران دا بە جیهانیان بوو نیشانبدا، ئەگینا نیزامی ئیسلامی بۆی گرنگ نیە چ کەسێک کورسییەکی مەجلیس بۆخۆی تەرخان دەکا، چونکە لای هەموو کەس ئاشکرایە سیاسەت و پلانەکانی حکوومەت لە دەرەوەی بیناکەی پارلەمان و لە پشتی پەردەی حوسێنیەی جەمارانەوە دادەڕێژرێ و هەمووان دەبێ بەکەمو کووڕی جێبەجێی بکەن. مەبەستی سەرەکییان نیشاندانی ڕووییەکی زاهیرو ڕووکەشە بە هێنانە مەیدانی زۆرەملیی خەڵک و بڵاوکردنەوەی فیلم و ڕێپۆرتاژی ئەم بەناو هەڵبژاردنە ئازادە بە جیهانی دەرەوەی ئێران کە خەڵک بە پەرۆشەوە لە پشت سیاسەت و کردەوەکانی خەلافەتەکەی خامنەییەوە وەستاوە.

چاوخشاندنێکی سەرپێی بە ئەنجامی دەنگدانەکەی دوێنێی چەند شاری کوردستان زۆر بە زەقی دەریدەخا کە حکوومەت لە کوردستان بە تەواوی شکستی هێناوەو سەڕەرای فشار و لە هەمانکاتدا ئیمتیازدانی وەک بەبێ سەرپۆشی زۆرەملی، لە دەستدابوونی هەرکام لەو بەڵگانەی کە نیشاندەری کەسایەتیی دەنگدەرانەو تەنانەت مۆر نەکردنی پێناسەکانیان، دیسانیش نەیتوانی بازاری سندووقەکان گەرم بکا.

ئاماری دانیشتوانی چەند شارێکی کوردستان و ڕێژەی بەشداران و دەنگی ئەو کەسانەی دەچنە مەجلیسی حکوومەتی ئیسلامی لە جەدوەڵێک دا بڵاو دەکەمەوە تا دوور لە هەروهوریای حکوومەت و بە زمانی ژمارەکانی خۆیەوە لە ئەنجامی خۆشەویستیی نیزامی ئیسلامی لانی کەم لە کوردستان بخەینەبەرچاوی خۆی.

هەر چەند ئەو ژمارانەی سەرەوە تەواوی شارەکانی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام هەر بەپێی ئامارەکانی خودی رێژیم سەرەڕای بەشداریی کەمی هاووڵاتیانی شارەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنی مەجلیسی حکوومەتی ئیسلامی، راستییەکی حاشاهەڵگری دیکەش خۆی دەرخستوە کە ئەویش بۆ نموونە لە چاو رێژی دانیشتووانی شارەکان، ئەو بەناو نوێنەرانە بەرێژەیەکی یەکجار زۆر کەمی دەنگەکانەوە دەچنە ئەو مەجلیسەوە.

کۆماری ئیسلامی بە روونی پێگەی خۆی لەناو بەکرێگیراوان و حەڵقە لەگوێیەکانی بە رێژەیەکی زۆر لە دەستداوە.