دیسانەکەش دەنگی بەرزی “نا”ی خەڵک بەسەر تەواوەتیی ئیرادە و دەسەڵاتی ڕێژیمدا سەرکەوتەوە

دیسانەکەش دەنگی بەرزی “نا”ی خەڵک بەسەر تەواوەتیی ئیرادە و دەسەڵاتی ڕێژیمدا سەرکەوتەوە
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

کۆمەڵانی ئازادیخوازی ئێران!

وڵاتان و کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکان!

کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی هەینی، ١١ی ڕەشەمە گرینگترین بەناو هەڵبژاردنەکانی تەمەنی دەسەڵاتدارەتیی خۆی، ئەویش لە هەستیارترین دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتدا بەڕێوە برد. ئەم بەناو هەڵبژاردنانە کە ساڵێک‌وچەند مانگ دوای شۆڕشی ژینا و چەند مانگ دوای فازی نوێی قەیرانخوڵقێنییەکانی ڕێژیم لە ناوچە کران، بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گرینگی و بایەخێکی ئێجگار زۆری لەڕووی دەستەبەری شەرعییەتی نەبووی و هەروەها گەڕانەوە بۆ دۆخی لانی‌کەم پێش ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی هەبوو. بۆیە بەولاوەتر لە ئاکامی بەناو هەڵبژاردنەکان و ڕێژەی بەشداریی خەڵک کە لە حەوتووەکانی پێش ١١ی ڕەشەمەوە بە ڕاپرسیی جۆراوجۆر ئامادەیی زەینییان بۆ ساختەکاری و ئامارسازی دروست دەکرد؛ پێشاندانی چوونی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان لە شاشەی کامێراکانەوە لە سەرەوەی هەموو شتێک بوو.

کۆماری ئیسلامی کە پێشتر لە ڕێگەی لەپاڵوێنەدانی بەربژێرەکان لە شوڕای نیگاباندا هەڵبژاردنەکانی زیاتر لە جارانیش لە نێوەرۆکێکی خۆی بەتاڵ کردبوو، بەڵام هەموو هەوڵ و توانای خۆی بە مەبەستی وەڕێخستن ‌و گەرمکردنی ملبەملەی بەناو هەڵبژاردن ‌و ڕاکێشانی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان وەگەڕ خست. بەشێک لەو هەوڵانە بریتی بوون لە:

هاندان و دنەدانی خەڵک بە دوو جەمسەریکردنی هەڵبژاردنەکان لە هەموو شار و ناوچەکان بە مێتۆدەکانی لەبەریەک‌ڕاگرتنی کەسەکان یان کەڵکاژۆوەرگرتن لە پرسی جۆراوجۆریی زمانی و ئایینی و نەتەوەیی، هەزینەکردنێکی خەیاڵی بۆ کاندیداکان بۆ دەست‌ئاوەڵایی زیاتریان بۆ کڕینی دەنگ و بانگەشەکانیان، پێکهێنانی کەشێکی کاتیی کراوە بۆ ڕادەربڕینی ئامانجدار، خستنەخزمەتی هەموو ئیمکاناتێکی دەوڵەتی و حکوومەتی و ئەرکدارکردنی هەموو ئۆرگانە ئیداری و نیزامییەکان بۆ تین‌وتاودان بە کەشوهەوای هەڵبژاردنەکان، ورووژاندنی هەندیک بابەتی شوناس‌تەوەر و کەڵکاژۆوەرگرتن لەو بابەتانە، گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ ئاسانکاری دەنگداندا بۆ نموونە وازهێنان لە مۆرکردنی ناسنامە کە لە هەموو چل‌وچەند هەڵبژاردنی ڕابردوودا خەڵکیان بۆ خوێندنی زانکۆ، دامەزران و بەردەوامییان لە کارە ئیدارییەکاندا پێ دەترساند و… .

ڕێژیم هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی هاندان و دنەدان، سنوورەکانی بەتەکلیف‌دانان و بە ئەرکی شەرعی زانینیشی تێپەڕاند و هەوڵی دا بە ترساندن و تۆقاندنی خەڵک لە ڕێگەی گوتاری سیاسی لە هەموو ئاستێکدا تەنانەت چەند جار لە زاری خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم و دواتر ناردنی کورتەنامە بۆ خەڵک بەشدارینەکردن بە مانای دژایەتیی ئاشکرا لەگەڵ ئیسلام و نیزام پێشان بدا، هەتا بەهۆی هەڕەشەوە بەشکم خەڵکانێک بێنێتە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان. بەڵام نە سیاسەتی هاندان و پاڕانەوە، نە تیغی هەڕەشە و ترساندن و نە هیچ‌کام لە فرت‌وفێڵ و سیناریۆسازییەکانی دیکەیان نەیانتوانی پێش بە نواندنی ئیرادەی یەکگری و خەباتخوازیی خەڵکی ئێران و کوردستان بەتایبەتی دژبە کۆماری ئیسلامی و گەیاندنی هەڵوێست ‌و پەیامی سیاسیی خۆیان نەک بە ڕێژیم، بەڵکوو بە کۆمەڵگەی جیهانی بگرن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە حەماسەی ١١ی ڕەشەمە لە سەرجەم چین‌وتوێژەکانی مافویست و خەباتکاری کوردستان دەکات کە بە بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکان پێداگرییان لەسەر خەباتی مافخوازانەیان کردەوە و هەروەها لەرزۆکبوونی پایەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بێ‌‌پێگەبوونی ئەم نیزامەیان بەتایبەت لە کوردستان دەرخستەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ناردنی سڵاو و ڕێز و پێزانین بۆ زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە بە نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەرگرییان لە ماف و ئازادی و ویستە نەتەوایەتییەکانیان کرد، پێزانینی بۆ ئەو بەربژێرانەش هەیە کە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە ململانێی بانگەشە و هەڵبژاردنەکان کشانەوە.

حیزبی دێموکرات ڕۆڵی هەموو ئەو حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسی، ڕووناکبیری، ئایینی، ئاکادیمییانە بەرز دەنرخێنێت کە لە سەرخستنی بایکۆتی هەڵبژاردنەکاندا هەڵسووڕ و چالاک بوون. هەروەها تایبەتی سپاسی ئازایەتی و هەڵوێستی جوامێرانەی ژنانی بوێر و ئازادیخوازی کوردستان دەکات کە تابلۆیەکی زیندووی دیکەیان لە ئیرادەی بەردەوامیی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و پێشەنگایەتیی خۆیان لەو خەباتەدا پێشان دایەوە. هەروەها سڵاو و ماندوونەبوونی لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دەکات کە لەو ماوەیەدا بە ئازایەتی و بوێری و ئەرک‌وەخۆگریی بێوێنەیان بە بڵاوکردنەوەی سیاسەتی ڕاگەیەندراو و وێژمانی حیزبەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرخستنی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و دەستەبەری ئەو دەسکەوتە خەباتگیڕییەدا هەڵسووڕ و چالاک بوون.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

ئەرک و هەڵسوڕان و خەبات و مافخوازیی ئێوە لە دوای ١١ی ڕەشەمەوە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ و، لە قۆناغی بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانەوە تێ‌دەپەڕێ و لە بایکۆتی بەردەوامی ڕێژیم لە هەموو بوارەکاندا بەردەوامیی دەبێت.

ئێوە جارێکی دیکە بە هەڵویستی ژیرانە و، پێگەیشتوویی سیاسی و ئازایەتیی بەکردەوەتان و بەو دەنگە بەرزە “نا”یەی لە هەستیارترین کاتدا بە ڕێژیمتان گوتەوە و بە سەرکەوتن بەسەر ئیرادەی ڕێژیم کە هەموو هێز و توانای خۆی بۆ چنینی بەرەکانی ئەو بەناو هەڵبژاردنە وەگەڕخستبوو؛ توانیتان وێنایەکی زیندووی دیکە لە حەماسەیەکی پڕشکۆ لە یەکگری، پێکەوەبوون و هاوهەڵویستیی خەباتگێڕانە بخوڵقێنن. ئێوە جارێکی دیکە بە وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانیتان سەلماندەوە کە ڕێژیمی قەیرانخوڵقێن و شەڕەنگێزی کۆماری ئیسلامی کە ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچە هەڵگرتوە، لە نێوخۆی وڵاتدا چەندە زەبوون و داڕماوە و بناغەکانی دەسەڵاتەکەی چەندە سست و لەرزۆکە و پێویستە جددیتر دەنگ و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بۆ تێپەڕین لەو ڕێژیمە ببیستن و پشتی خەباتی مافخوازیی گەلانی ئێران بگرن. بۆیە یەکگری و هاوهەڵویستیی ئێوە و مەیدانداریی بەکردەوەتان لە خەبات و تێکۆشان و “نا”گوتنەوە بە کۆماری ئیسلامی ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییە بۆ حیزبە سیاسییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دروست دەکا هەتا دەروەستانە و شێلگیرانە دەسکەوتەکانی ١١ی ڕەشەمەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بکەن بە دەسمایەی هاوپێوەندییەکی سەرانسەری و بنەماکانی ئاڵترناتیڤێک بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی.

بەو هیوایەی دوای ڕێفڕاندۆمەکەی ١١ی ڕەشەمە، بە یەکیەتیی بەکردەوەی زیاترەوە خەبات و تێکۆشانی هەمەلایەنە و فرەڕەهەندمان بۆ سەرکەوتنی یەکجارەیی بەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا شێلگیرتر و بەگوڕتر ببێت.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢