تەرمی سێ شاخەوانی تیمی کاویانی نەغەدە دوای شەش ڕۆژ گەڕانی بەردەوام دۆزرانەوە.

تەرمی سێ شاخەوانی تیمی کاویانی نەغەدە دوای شەش ڕۆژ گەڕانی بەردەوام دۆزرانەوە.

دوای شەش ڕۆژ گەڕانی چڕ و پڕ لە کوێستانەکانی ناوچەی شنۆ و لە چیای ڕندۆڵە تەرمی سێ شاخەوانیی گرووپی شاخەوانی کاویانی نەغەدە لە لایەن خەڵکی دڵسۆز و خۆبەخشی ناوچە دۆزرانەوە.

محەممەد ڕۆیان، ڕەزا کایشی و موحسین عەزیزی سێ کەژوان بوون کە لەگەل دوو هاوڕێی دیکەیان ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە شوێنێک لە چیای ڕندۆڵە لە کوێستانەکانی شنۆ بە هۆی ڕنووی بەفر بێ‌سەر و شوێن ببوون.

شایانی باسە کە، هەر لەگەڵ بڵاو بوونەوەی هەواڵی بێ‌سەر و ‌شوێن بوونی ئەو سێ شاخەوانە بە دەیان و بگرە بە سەدان کەس لە ئاواییەکانی زمێ، ئاڵکاوێ و کەسانی شارەزای ناوچە و هەروەها شاخەوانە بەناوبانگەکانی شنۆ و نەغەدە و تیمی مانگی سوور و دڵسۆزانی خۆبەخش کەوتنە گەڕان.

لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوو دا وێرای کەش و هەوای سارد و بەفر بارینی زۆر و بە تایبەت شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام تیمەکانی گەڕان و خۆبەخشەکان بێ ماندوو بوون و بێ ترس بست بە بستی ئەو ناوچەیە گەڕان و دوای شەش ڕۆژ کاری چڕوپڕی گەڕان، تەرمی بێ گیانی هەر سێ شاخەوانەکەیان دۆزینەوە.

دوای دۆرزانەوەی تەرمەکان خەڵکی ناوچە بەرەو شاری نەغەدە کەوتنە ڕێ و لەگەڵ پێشوازی گەرمی خەڵکی نەغەدە و بنەماڵەکانیان بەڕەوڕوو بوون. بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە هەر سێ تەرمەکە لە سەر ڕزامەندی بنەماڵەکانیان لە تەنیشت مەزاری شاخەوانی بەناوبانگی جیهانی نەمر محەممەد هەوراز بە خاکی نیشتمان بسپێردرێن.

ماڵپەری گیاڕەنگ وێرای دەربرینی خەم و پەژارە بۆ لە دەستچوونی سێ وەرزشوان و شاخەوانی گەلەکەمان، هاوکات سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان و تیمی شاخەوانی کاویان و خەڵکی نەغەدە و گشت خەڵکی کوردستان دەکات.