کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کەریم مۆئمینی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی هەینی، ٢٩ی بەفرانبار کەریم مۆئمینی (ناسراو بە وەستا کەریمی لوولەکێش)، خەڵکی مەهاباد پاش ٤٤ ساڵ پێشمەرگایەتی لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا چووە ڕیزی کاروانی نەمرانی حیزب و گەلەوە.

وەستا کەریم ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بوو. هەتا قۆناغی ناوەندی خوێندی و لە هەڕەتی لاوەتیدا بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی لە خۆپێشاندان و کۆڕوکۆبوونەوە سیاسییەکانی دژی بە حکوومەتی پاشایەتیی پەهلەویدا کرد. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ٥٧ و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا چەکی پێشمەرگایەتیی حیزبی دێموکراتی کردە شان و هەتا دوا هەناسەی لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا لە سەنگەری خەبات و بەرگری لە مافەکانی نەتەوەکەی مایەوە.

وەستا کەریم لە سەرەتای پێشمەرگایەتییدا لە هێزی شەهید پێشەوا سازمان درا و دوای ساڵێک بۆ هێزی پارێزگاری لە دەفتەری سیاسی گوازرایەوە. ساڵی ١٣٥٩ بەشداری یەکەمین دەورەی فێرگەی بارهێنان و پەروەردەی حیزبی دێموکرات بووە. ساڵی ١٣٦٧ ئەرک و خزمەتەکانی لە پارێزگاریی دەفتەری سیاسییەوە بۆ بەشی کۆمیسیۆنی ماڵی لە بەشی خەدەمات و تەداروکات گواستەوە.

شەهید کەریم موئمینی پێشمەرگەیەکی ڕوح‌سووک، تێکۆشەرێکی بەوەج و دڵسۆز بوو و سەبارەت بە هەڵسووڕانی خۆنەویستانە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی حیزبیدا هەشت جار لەلایەن ئۆڕگانەکانی بەڕێوەبەریی حیزبەوە ڕێزنامەی پێشکێش کرابوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی مەرگی وەستا کەریم مۆئمینی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری، بەتایبەت خاتوو کۆچەر، کچە تاقانەکەی وەستا کەریم دەکا و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێت.