ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کورد بە ئێعدام و پەت و سێدارە تێک ناشکێ

ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کورد بە ئێعدام و پەت و سێدارە تێک ناشکێ

خەبات و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد مێژوویێکی دوور و درێژی هەیە و ئەم خەباتە بەرینە بۆتە کۆسپێکی گەورە بۆ داگیرکەرانی کوردستان. ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بوارەکان و گشت ڕەهەندەکانی خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی خۆی کەڵکی وەر گرتووە . گەلی کورد لە درێژەی ئەم خەبات و تێکۆشانەش دا بە هەزاران کەس لە باشترین ڕۆڵەکانی خۆی بریتی‌لە سەرکردە و دامەزراێنەری حیزبەکان ڕا بگرە تا ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە شەهید کراون.

خەڵکی کوردستان بەردەوام لە ژێر چەوسانەوە و زوڵم و زۆری دیکتاتۆران دا بوون و هاوکات گەورەترین غەدری مێژوویان لێکراوە، هەڕشە و هێرش و قەڵاچۆکردنی خەڵکی کوردستان و هەروەها گرتن و راودونان، زیندان و ئەشکەنجە و سووتان ، ئێعدام و سێدارە ، نەیان توانیوە ئیرادەی گەلی کورد بۆ ڕزگاری تێک بشکێنن.

لە دوایین جینایەتی ڕژێمی پەت و سێدارەی ئاخوندی دا ، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانوییەی ٢٠٢٤)، دوای ١٩ مانگ لە گیرانی چوار بەندکراوی سیاسیی، چوار ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، پژمان فاتیحی، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی، لە زیندانە بەدناوەکانی ئەو ڕژێمەدا لە گرتووخانەی قزل‌حەساری شاری کەرەج بە تاوانی هەڵبەستراو بە دوور لە پارێزەر لەسێدارە دران.

ئێعدامی چوار کەس لە تێکۆشەرانی کورد لە کاتێک دایە کە ڕژێم لە هەموو کاتێک زیاتر لە ژێر قەیران و گەمارۆ دایە و خەڵکی نێوخۆی ئێرانیش لە هەموو کات زیاتر لە رژێم بێزار و ناڕازین، هەر بۆیەش ڕژێم بۆ ئەوەی خەڵکی نێوخۆی وڵات چاوترسێن بکات بە گشتی دەستی بە ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی و بەتایبەت لاوانی کورد کردووە. ڕژێم دەیهەوێ بە ئێعدام و لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی و عەقیدەتی ترس بخاتە نێو دڵی ئازادیخوازن، بەڵام گەلی کورد ساڵانێکی دوور و درێژە وێرای ئەوە کە بە هەزاران کەسی لێ شەهید و ئێعدام کراوە، هیچ کات ئیرادە و باوەڕ و ورەی شۆڕشگێری خۆی لە دەست نەداوە و هەموو کات زیاتر لە پێشوو خەبات و تێکۆشانی خۆی بۆ ئازادی چڕتڕ کردۆتەوە.

بە دڵنیایەوە شەهید کردنی پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی لە لایەن جەللادانی ڕژێمەوە، نەک گەلی کورد بێ هیوا ناکا بەڵکوو هەستی نەتەوایەتی گەلی کورد زیاتر لە پێشوو دەجووڵێنێ و ڕۆڵەکانی گەلی کورد ناهێڵن خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەو شەهیدانە و گشت شەهیدانی کوردستان بە فیڕۆ بڕوات.

بە بۆنەی لە سێدارەدان و شەهید بوونی ئەو چوار تێکۆشەرە سیاسییەی گەلەکەمان سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە هاورێ و هاوسەنگەرانیان لە کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەکەین و هیوادارین کە گەلی کوردمان بە خەبات و تێکۆشانی نەپساوە و بەردەوامی، ڕژێمی جەهل و نەزانی ئیسلامی ئێران وەک هەموو دیکتاتۆرەکانی دیکەی جیهان لە زبڵدانی مێژوو بخەین.

ڕووحی شەهیدەکان شاد ، ڕوورەشی بۆ ڕژێمی ئیسلامی ئێران

بەرێوەبەری ماڵپەری گیاڕەنگ: حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٩ ـ ٠١ ـ ٢٠٢٤ی زائینی