فیستیڤاڵی فرە نەتەوە و کلتوریەکان

فیستیڤاڵی فرە نەتەوە و کلتوریەکان

لە رۆژەکانی شەمە و یەکشەمە، رێکەوتی ٣ و ٤ ی مانگی شەشی ٢٠٢٣ ی زاینی فیستیڤاڵی فرە نەتەوە و کلتوریەکان لە شاری هامار لە وڵاتی نۆرویژ بەرێوە چوو. زیاتر لە بیست وڵات بەشداری ئەم فیستیڤاڵە بوون. هەر وڵات و نەتەوە بە ئاڵا و نیشانی دانی کلتوری خۆیان بەشدار بوون. هەر وڵاتە و نەتەوە بە شێوەی جیاواز بەشدار بوون. چالاکیەکان بریتی بوون لە گۆرانی و موسیقا، شایی، سەما، چێشت لێنان، نان کردن، جل و بەرگ، کاری دەستی منداڵان، تەون چنین، یاری منداڵان، سێرک، …. ئەم فیستیڤاڵە تایبەتە بە منداڵ و گەنجان. هەمو ساڵێک زیاتر لە دوازدە هەزار کەس سەردانی ئەم فیستیڤاڵە دەکات. منداڵ و گەنجان بەشداری چالاکیەکانی فرەکلتورەیەکان دەکەن. هەر وڵات و نەتەوەش خێوەتی تایبەتی خۆیان بۆ هەڵداوە.

کۆمەڵەی کلتوری کوردی لە شاری هامار بە ناوی ” کوردستان” بەشداری ئەم فیستیڤاڵەی کرد. خێوەتی تایبەتی خۆیان هەبوو. ئاڵای کوردستان هەڵدرا بوو. هەروەها نەخشە و ئاڵای کوردستان لە دیواری خێوەتەکە درا بوو. چاڵاکیەکانی کوردستان بریتی بوون لە موسیقا و شایی رەسەنی کوردی، دەف لێدان، جل و بەرگی کوردی، چایی لێنان بە شێوەی کوردەواری، دروست کردنی نانی تیر ، چێشتی کوردی، کەل و پەلی رسەنی مێژووی کوردستان. وەرگێر عوسمان کەوکەبی‌شاد دوو کتێبی بۆ منداڵ و گەنجان لە زمانی نۆرویژی را وەرگێراونە سەر زمانی کوردی. نووسەری بە ناوبانگی نۆرویژی ئەو کتێبانە ” توربیۆرن ئێگنێر” ە. هەر دوو کتێبە نوریژی و وەرگێراوە کوردیەکە بۆ نیشادانی خەڵک لە سەر مێزی بن خێوەتێ دانرا بوون. ناوی کێتبەکان بریتیە لە ” کاریوس و باکتوس” و ” خەڵک و دزەکان لە شاری کاردەمومە”. هەروەها عوسمان کەوکەبی شاد منداڵی نۆرویژی و نەتەوەکانی تری فێری نووسینی ناوی خۆیان بە زمانی کوردی دەکرد. خەڵکێکی زۆر سەردانی خێوەتی ” کوردستانیان” کرد.

نووسینی: عوسمان کەوکەبی ‌شاد

بەرێوەبەری کۆمەڵەی کلتوری کوردی لە شاری هامار لە وڵاتی نۆرویژ

شاری هامار/ نۆرویژ

رێکەوتی ٢٠٢٣/٦/٦