زندانیانی سیاسی لە کۆماری ئیسلامی دا. حەسەن حاتەمی

زندانیانی سیاسی لە کۆماری ئیسلامی دا. حەسەن حاتەمی
بەرایی
لە ساڵی ١٣٠٠ زیندان بە مانای “مودێرن”کەی دامەزرا. لەوکاتەوە زیندانی سیاسییش هەیە. بەڵام لە جیاتی قبوولکردنی زیندانی سیاسی، یاسایەکیان لە ساڵی ١٣١٠ پەسند کرد، کە بە یاسای ڕەش ناوبانگی دەرکرد، کە دواتر کۆماری ئیسلامیش بە جۆرێک لە مادەی ٤٩٨ دا، کەڵکی لێوەردەگرێ.
لە پاییزی ١٣٢٠ دا، سێ پێکهاتە زۆر چالاک دەبن، نەتەوەخوازان، چەپ و ئیسلامییەکان، کە چەند حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆریان دامەزراند. رێکخراوی فیدائیانی ئیسلام، بە ڕێبەری مجتبا میر لوحی (نەوابی سەفەوی) یەک لەوان بوو. ئەوریکخراوە، موخالیفانی خۆی و دەسەڵاتدارەکانی دەکوشتن و تێڕۆڕی بە ئاشکرا ئەنجام دان. کۆمیتەیەکی تایبەتی بۆ لەنێو بردنی موخالیفانی بە ناوی”مجازات” دانابوو.
ئەو رێکخراوە ئەحمەدی کەسرەوی، مونشییەکەی حەدادپوور کە جیابیر بوون و ڕەزم ئارا و هەژیر سەرۆک وەزیرانی محەممەد ڕەزا شایان کوشتن و دوو وەزیری دەرەوەشیان تێڕۆڕ کرد و برینداریان کردن، کە دکتور حوسێنی فاتمی و حوسێنی عەلا بوون. فیدائیانی ئیسلام دوای ١٠ ساڵ چالاکیان نەما. لە ساڵی ١٣٤٢ رێكخراوەیەکی دیکە بە ناوی کۆمەڵی مؤتەلەیفەی ئیسلامی دامەزرا، کە ڕێگەی فیدائییانی ئیسلامی دڕێژ دا، و حوسێنعەلی مەنسوور سەرۆک وەزیرێکی دیکەیان تێڕۆڕ کرد و گیان لێئەستاند.
دەسەڵاتی نوێی ئیسلامی سیاسی کە ناوی “کۆماری ئیسلامی ئێران” ی لەخۆی نا، لەسەر بنەمایەکی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی بناژۆ، کە پتردەچووە سەربیری فیدائیانی ئیسلام، بەڵام بە ڕێبەریی ویلایەتی فەقیه هەنگاو بە هەنگاو داسەپا. ئەو دەسەڵاتە نوێیە گەلانی ئێران و ئیسلامییەکانی پێ “امت”بوو. ئۆمەتیش لەسەری فەرزە، دەستوورەکانی ڕێبەر، کە لە ئێران دا، وەلی موتڵەقەی فەقیه، ئیجرا بکا و اصلی ١١٠ ی یاسای بنچنەییش ئەو دەسەڵاتەی داوتێ. ئەگە ئەو کارە نەکەن وەک موخالیف و نەیار چاویان لێدەکرێ و “مجازات” دەکرێن.

**
زیندانی سیاسی لە ئێران دا
دەسەڵاتدارانی نوێ بیری ئیسلامی سیاسی بە بیروباوەڕی ئەو دوو ڕێکخراوەی ناویان برا، دواتر لە گەڵ کۆمەلێکی دیکە، حیزبی جمهووری ئیسلامیان دروست کرد، بە دژی نەیاران و موخالیفەکانی رێژیمەکەیان. لە قامووسی ئەوان دا، موخالیف و نەیار مافی نەبوو، بۆیە دەبوو هەڵویستیان لەسەر بگرن. یەکێک لە هەڵوێستەکان گیران و بەند کران بوو. دەیەکەی یەکەمی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی شەڕیان زۆر پێویست بوو، بۆسەقامگرتوویی خۆیان. کوردستان جیاواز بوو. لە ڕیفراندۆم بۆ کۆماری ئیسلامی، بەشداری نەکردبوو. دوو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی هەبوو کە سکولار بوون. ئیسلامییەکانیشی نەتەوەیی بوون، شێخ عێزەدینی حوسێنی یاد بەڕێزیش، مەزهەبیییەکی لائیک و خودموختاری خواز بوو. بۆیە شەڕ و کوشتار ، گرتن و زیندانی کردنی بەسەرکوردستان پێش هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران داسەپێندرا.

لە ماوەی پێنج ساڵ دا، سێ شەڕ بەهۆی ئاکاری دزێوی ڕیژیم لە ئارا دابوون، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، عێراق و رێکخراوە ناوەندبیرەکان بوون. کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ (١٩٧٩) کەوتە بەر هێرشی گەورە و لە ٢٨ ی گەلاوێژ بە حوکمی ڕووحووڵڵا خومەینی هێرشی سەرانسەری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا، “گشت ثاراللە” کە جۆرێک “آتش بە اختیار” پێدرا، ئەو گەشتە و سپا بوون بە قاتڵی سەری لاوەکان و ناڕازییەکان و ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی ڕێکخراوە سیاسیی و تا ڕادەیەک مەدەنییەکانیش.

چریکەکانی کەمینە (اقلیت)، و هاوشێوەکانی لە هاوینی ١٣٥٩ (١٩٨٠) وە، ڕێکخراوی موجاهیدین خەڵق، لە جۆزەردانی ١٣٦٠وە، حیزبی توودە و فیدائیانی ئەکسەریەت، لە زستانی ١٣٦١ (١٩٨٣) وە بە کۆمەڵ دەگیران. پێکهاتەی گیراو و زیندانەکان، لە شار گەورە و مام‌ناوەندی و بچووکەکان دا، پێکهاتەیەکی سیاسی، تەشکیلاتی و چەکداریی بەرگریی کارانەیان هەبوو.
بۆیە تاوانی ئەو کاتی گیراوەکان و زیندانییەکان ناوی “دژی شۆڕش” ، “زیندانی تاقمۆکی” (زندانی گروهکی) و “خراپە لەسەرعەرزی” (مفسد فی‌الارض) یان لێدەندرا. لە کوردستان، زیندانی شێوەی دیل و ڕەشبگیری بوو، چ تاوانێکیش پێیان خۆش با بەسەریان دا دەسەپاندن، بە لێدان، جەزەربە و ئەشکنجە کردن. بۆیە شتێک بەناوی زیندانی سیاسی بوونی نەبوو و نییە.
لە کوردستان، کوشتنی بە کۆمەڵ لە پاوە، سنە، سەقز، مەهاباد، ورمێ و زۆر شار و شارۆکە و گوندەی دیکەی کوردستان بەڕێوە چوون، کە یەکێک لە کارەساتە پتردڵ‌هەژێنەکە، کوشتاری بە کۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادی، لە ١٢ ی جۆزەردانی ١٣٦٢ (١٩٨٣) بوو کە ئەمڕۆ ئێمە یادیان، وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،یادیان دەکەینەوە و ڕێزیان لێدەگرین.

تۆبە پێکردن بە زیندانییە سیاسییەکان
زۆربەی ئەو کەسانەی دەگیرێن و زیندانی دەکرێن، کەم واهەیە ئەشکەنجەی، جەستەیی بە تایبەتی، کابڵ لێدان، لە بەرە پێیەکان و بەشێکی لەشیان، بێخەوی پێکێشان، هەڵاوسینی قەپانی و قەسابی، شەپ، زلە، مست، ئاوی سارد پێداکردن لەبەرسەرما ڕاگرتن و ناخۆشترین قسەی قێزون و هەڕەشەی لاقە کردنیان لێنەکرێ. ئەو بەشە زیندانیانی ژن و کچ، هەم بە هەڕەشە و هەم بە کردەوە پتردەیانگرێتەوە. بەتایبەتی ئەو کچانەی کە بە سزای کوشتن مەحکووم دەکران و فتوا دەدرا ئیزن نەدەرێ بە کچێنی گیانان لێبستێندرێ.
ئەوەی بە ناو “تۆبەی پێکرا” لە ژێر زەخت و گوشار دا، پێویستە وەک قوربانی و دیلی دەستی ڕێژیم و ناچارکران و کەم تاقەتی لەبەرانبەر جەلادەکان و ئەشکەنجەکان سەیر بکرێن. کاتێک لە زیندان ئازاد کران هەلی خۆباوەڕی و ئاسایی کردنەوەی کەسایەتییان پێ بدرێ. ئەوان کە “ئەشکەنجە سپی” (ژووری تاکە کەسی) زۆر و بەردەوام بڕستیان لێ بڕیبوون یا خەم بۆژیانی هاوژین و منداڵەکانیان، ئەوانەی سەڵت نەبوون، تووشی هەڵویستی نەخوازراو بوون. دیارە زۆر کەسیش تۆبەیان پێکردن و گیانشیان لێ ئەستاندن!؟

لە بەرانبەر تۆبە کاری دا، بەربەرەکانی توند، “مانەوە لەسەربیڕ و ڕا” (سر موضع)، لە زیندانەکان دا، زۆر بوون. ئەوان لەلایەن زیندانوانە سەرکوتکارەکان بە “دژە شۆڕشی نێو زیندان” (ضد انقلاب زندان) و “نە بوون بە مرۆڤ” (آدم نشدن)، بیخوێنەوە تەسلیم نەبوون و تۆبە نەکردن، ئەزیەت دەکران. ئەو بەشە لە ساڵی ١٣٦٧ (١٩٨٨) زۆرترین تێچووی ژیان و ژینیان دا، و بە هەزاران کەسیان بە کۆمەڵ و تاک لە ٨٠ زیندانی سەرانسەری ئێران لێ کوژرا. لەو بەشە دا، زیندانەکانی ئەوین و گەوهەر دەشت، زۆرترین ڕێژی کوشتارە بە کۆمەڵەکەیان تێیدا ئەنجام درا، کە یەکێک لە جینایەتکارەکان حەمیدی نووری (عەبباسی) بوو، لە دادگایەکی عادڵانە و دێمۆکڕاتیکی ٩ مانگی و ٩٢ جەلەسە دا، ئەوەندەی بەڵگە لەسەر هەبوو، کە زۆرترین سزا، ٢٠ ساڵی وڵاتی سوئێدی، کە بەرانبەر بە “ئەبەدە” پێدرا.
لە دیارەدەی کۆمەڵکوژی و “تۆبە سازی” دا، زۆربەی زیندانییەکان، بەهەڵویستی خوڵەمێشی (خاکستری) گرتن، لە مەرگ ڕزگار بوون. بەو مانایە کە نە لەگەڵ گرووپەکەی خۆیان بوون و نە دەسەڵاتیان قبووڵ بوو. حوکمی داسەپاویان دەکێشا. زۆربەیان کەسانی زۆر بە بیروڕا و سالم بوون، ئەو هەڵویستە ڕێگەیەکی دەربازبوون لە گیان لێئەستاندن بوو.
هەروەها، سەید حوسێن مورتەزەوی زەنجانی، ڕەئیس زندانی ئەڤین و گەوهەردەشت، لە کڵاب هاوس پەردە لە سەر گۆشەیەکی بچووکی جینایەتەکانی زندانی ئەڤین لادەدا، ئەو کوتی:” ژمارەیەکیان بۆ ئیعدام دەبرد، چەند کوردێکیشیان لەگەڵ بوو. یەکێان پێشی پێگرتم و کوتی: من تەنیا بە تاوانی کوردبوون دەمکوژن!!!؟؟؟ مورتەزەوی، کارەساتی کۆشتاری بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان قبووڵ دەکا، و خۆی بە شەرمەزار دەزانێ و دەڵێ:” بە ئاوی زمزمیش بمشۆن پاک نابمەوە”. ئەوەش یەکێک لە دەستکەوتە مەزنەکانی بزووتنەوە و شۆڕشی ژینا / مەهسایە کە فیداکاری و مردن بۆ” ژن ژیان ئازادی”، وێژدانە نستووەکانی وەخەبار هێناوە، بەهەر هۆیەک بێ.
“جورمی سیاسی” لە ئێران دا
دوای ٣٧ ساڵ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، لە زستانی ١٣٩٤ دا، گەلاڵەی “جرم سیاسی” لە لایەن مەجلیسی شووڕا و لە ٢٩ ی گوڵان/ بانەمەڕی ١٣٩٥، شووڕای نیگابان پەسند کرا. بەڵام کاری پێ‌نەکراوە. چوونکە ئەوان گیراوەکان بە “متهم امنیتی” دەشوبهێنن بۆیە لە چوارچێوەی ئەو “تاوانی سیاسی”یەی بۆخۆشیان، پەسندیان کردوە، کاری پێناکەن، چوونکە باوەڕیان، پێی نییە. ئەوە لەحاڵیک دا یە، کە سیاسی بوون نە تەنیا تاوان نییە، بەڵکوو مافێکی ڕەوایە و کەس نابێ بەو تاوانە زیندانی کرێ، بەڵکوو دەبێ بە ئاشکرا و ئازادانە چالاکی هەبێ.
پێویستە ئاماژە بکرێ کە لە زمانی پەهلەوییەکانیش دا، ” تاوانی سیاسی” تاریفێکی ئەوتۆی نەبوو. موخالیفان و دژبەرانیان بە “خرابکار” یا “تروریست” ناو دەبردن، و لە دادگاکانی نیزامی دا، محاکەمەیان دەکردن.
شۆڕشی ژینا / مەهسا و زیندانیی سیاسی
لە ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینا دا، هەم قەبارەی زیندانییەکان بە ژمارە دەیان هەزار، هەم کەم تەمەن و لاو، لە نێویان ژنان و کچان لەسەروەی هەمووان، پێکهاتەیەکی دیکە و فەزایەکی نوێی ئازادیخوازیی ماف ویستی و ڕێژیم نەویستی بەرهەم هێناوە، کە دروشمی “ژن ژیان ئازادی”سەرانسەری و جیهانی کرا، کە لێپرسەر(بازجو) یەکان کوتوویانە سەرسامن بە هەڵسوکەوتی جێلی نوێ، پتر لەدایکبووەکانی دەیەی ٨٠ کە چۆن مەرگ بە ئاسایی دەگرن و ناترسن. کە دەکرێ ناوی “وەزی نەترسان” (فصل جسارت)ی لەسەر دابندرێ.
تاوانە نەکردوەکانی زیندانیانی شۆڕشی ژینا/ مەهسا، “بغی، سب‌النبی، توهین بە مقدسات، محاربە، ارتداد” ن کە هەموویان دەتوانن بە پێی فتوای ئاخوندێک یا قسەکانی ئەم دواییە ئاخوندی توندئاژوی جینایەتکار موحسینی ئێژیی گیانی ژمارەیەکی زۆر بستێندرێ.
ئەو بزووتنەوە و شۆڕشە نوێیە، بە خوێن و فیداکاری شەهیدان، نەمران، گیانلێئەستێندراو و زیندانییە سیاسییەکان بە ئاکام دەگا، بەومەرجەی لە هەموو بەشەکانی خەباتی مەیدانی، رێکخراوەیی، سازمان دان و دیپڵۆماسی دا، یەکگرتوو بیین.
سەرچاوەکان: گووگل، رادیۆ فەردا، یەتیووب، بی بی سی فارسی، سە شنبە، ٩ خرداد، برنامەی ٦٠ دقیقە.
حەسەن حاتەمی، ٣١ ی مەی ٢٠٢٣، بەرانبەربە، ١٠ ی جۆزەردانی ١٤٠٢.