بۆ هەموو زیندانیانی سیاسیی و بنە ماڵە بەڕێزەکانیان

بۆ هەموو زیندانیانی سیاسیی و بنە ماڵە بەڕێزەکانیان

لەگەڵ ڕێز و سڵاوی گەرم!

مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بە پێزانینەوە یادی ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرانەی کوردستان دەکاتەوە کە ژیانی خۆیان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو خەباتە تەرخان کردووە و لە ڕێگای هەوڵدان بۆ سەربەرزیی نەتەوەکەمان و داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان‌دا، درێغیان لە هیچ فیداکارییەک نەکردووە. هەموو ئەو کەسانەی کە لە سەنگەری زینداندا بە خۆڕاگریی خۆیان پارێزگارییان لە مان و کەرامەتی گەلی کورد و خەباتە ڕەوا و پیرۆزەکەیان کردووە، لە ڕیزی ئەو مرۆڤە سەربەرزانە دان.

بەندکراوانی سیاسی کە ماوەی چەندین ساڵ لە تەمەنی پڕ لە سەروەریی خۆیان لە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تێپەڕ کردووە و لەو پێناوەدا تەحەموولی هەموو ئەشکەنجە و ئازار و مەحرومییەتەکیان کردووە و بەرگەی ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەیان گرتووە. ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەمەگناسی و پێزانینەوە دەڕوانیتە ڕابردووی پڕ لە فیداکاریی ئێوە و شانازی بە هەموو زیندانیی سیاسیی و بنەماڵە بەڕێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دا دەکا و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ڕێز لە تێکۆشان و خۆڕاگریتان بگرین.

بە هیوای بەردەوامی لە تێکۆشاندا و بە ئاواتی وەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کورد.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی /ژوئەنی٢٠٢٣ی زاینی