سووڕی تاوان و هەڵە. عومەر باڵەکی

سووڕی تاوان و هەڵە. عومەر باڵەکی
چل‌وهەشت ساڵ لەوە پێش کاتێک ڕێککەوتننامەی ئەلجەزائیر لە نێوان محەممەدڕەزا پەهلەوی، شای ئێران و سەدام حوسێن، جێگری سەرۆک‌کۆماری ئەوکاتی عێراق لە ئەلجەزائیر ئیمزا کرا، هەر دوو دەسەڵاتدار کەیف ساز و ڕازی بوون لەوەی کە بە ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە هەر کامیان بەو ئامانجانە گەیشتوون کە خوازیاری بوون. سەدام حوسین و حکوومەتەکەی کە بە دەست هێزوتوانای شۆڕشی کورد لەو پارچەیەی کوردستان پێوە ببوو و بڕستی لێ برا بوو، دەیهەویست لەو دۆخە ڕزگاری بێ و ئەو شۆڕشە بەتەواوی سەرکوت بکات. لەو لاوە شای ئێران بێجگە لەوەی چاوی تەماحی لە نیوەی ئاوی (شط‌العرب) بڕیبوو، ماوەیەکی زۆر نەبوو کە بە هێزی نیزامی و پشتیوانیی دەرەکی و خەیانەتی نێوخۆیی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتوندی سەرکوت کردبوو، و ڕێبەرانی جووڵانەوەکەی ئێعدام کردبوو. بەڵام بەو حاڵەش جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەری هەڵدابۆوە و شای ئێران لە پەرەگرتنی ئەو جووڵانەوەیە دەترسا. بۆیە کاتێک دەست کرا بە نووسینی بەند و برگەکانی ڕێککەوتننامەی ئەلجەزائیر، بە هەموو پرۆتۆکۆلەکانیەوە وا داڕێژرا کە ئەو ڕێککەوتننامەیە هەم سیاسیی و هەم ئەمنییەتی و، هەم چارەسەری کێشەی سنوورەکانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە بێت.
بەپێی نێوەرۆکی ڕێککەوتننامەی جەزائیر ئێران پابەند دەبوو ئیزن نەدا لە دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەکە، هیچ هێزیکی کورد لەسەر سنوورەکان کێشە و گرفت بۆ حکوومەتی عێراق دروست بکا و لە بەرانبەردا عێراقیش پابەند دەبوو کە چیدی یارمەتیی ئۆپۆزیسیونی کوردی دژبەری نیزامی پاشایەتیی ئێران نەدا و تەنانەت باس لەو بابەتەش کرابوو کە هەر دوو دەوڵەت ئەو دژبەرە کوردانە تەحویلی یەکتر بدەنەوە. بەڵام دیتمان ڕەوتی ڕوداوەکان بە سەر ویست و ئارەزوی دەسەڵاتدارانی تاران و بەغدادا زاڵ بوو، و هیچ کات جێبەجێ‌کردنی ئەو بەشە لە ڕێککەوتننامەکە لەلایەن هیچ کام لەو دوو دەوڵەتەوە وەدی نەهات. ئەوکات هەر دوو دەسەڵاتدار سەرمەستی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بوون، بەڵام خافل لە دوو بابەت بوون. یەکەم: ڕەوتی ڕووداوەکان کە بۆ هیچ کام لەو دوو ڕێژیمە چاوەڕوانکراو نەبوو. دووهەم: دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر کوردستان خۆیان لە ئاست ئەو ڕاستییە مێژووییە گێل کردبوو کە پرسی کورد پرسی نەتەوەیەکە، نەک پرسی حیزب یا ڕێکخراوێکی سیاسی. بۆ نموونە محەممەدڕەزاشای قەت پێی وانەبوو ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەر کورسیی دەسەڵاتداریەتی دەیهێننە خوارێ و سەدام حوسێنیش هەر بەو چەشنە بیری دەکردەوە. بەڵام بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی شا و سەدام گەردەلولی ڕووداوەکان وای تێکەوە پێچان کە تەنیا لە لاپەرەکانی مێژوودا، ئەویش لەسۆنگەی کارنامەی جینایەت و دژەئینسانییەکانیان دەتوانرێ سوراغیان بکرێت.
ڕێککەوتننامەی ئەلجەزائیر تەنیا تەمەنی چوار ساڵ بوو کە نیزامی پاشایەتی لە ئێران ڕووخا و بەدوای ئەودا شەڕ لە نێوان ڕێژیمی سەدام و کۆماری ئیسلامی هەڵگیرسا و دەرکەوت ڕێککەوتننامەی ئەلجزائیر کە جووڵانەوەکانی کوردی هەر دوو پارچەی کوردستانی (ڕۆژهەڵات و باشوور) تێدا بەبارمتە گیرابوو، نەیتوانی چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە بکا. بەپێچەوانەوەی ئامانجی محەممەدڕەزاشا و سەدام، هەر ساڵێک دوای ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە جووڵانەوەی کورد لە هەر دوو بەشی کوردستان بە گوڕوتینێکی بەهێزتر لە گۆرەپانی خەبات بۆ وەدەست‌هێنانی ماف و ئازادییەکانی کورد دەرکەوتەوە.
لە ئێستاشدا جارێکی دیکە خەریکە لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی زاڵ بە سەر کوردستاندا بە تایبەتی لەلای دەسەڵاتدارانی تاران مێژوو خۆی دەنووسێتەوە. دوای شۆڕشی ژینا و پاش ئەوەی کۆماری ئیسلامی حیزبی دێموکرات و هێزە سیاسییەکانی دیکەی بە هۆکاری خرۆشانی شەقامەکان تۆمەتبار و هێرشی مووشەکیی کردنە سەر، لە ٩ مانگی ڕابردوودا بەردەوام لە هەڕەشەکانیان بەردەوام بوون کە بێتوو هێزە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە خاکی عێراق دەرنەکرێن خۆمان دەستبەکار دەبین! ئەوە هەمان ئاڵقە لەو فیلمەیە کە ٤٨ ساڵ لەوە پێش لەنێوان شای ئێران و سەدام حوسین بۆ بەچۆکداهینانی جووڵانەوەی کورد لە دوو پارچەی کوردستان پێشانی جیهانیان دا. بەڵام هەروەک گوترا هەم ئەوکات و هەم ئێستا نیزامە دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر کوردستاندا نایانەوی سوورەتی مەسەلەکە چۆنە ئاوا بیبینن کە پرسی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان تەنیاوتەنیا پرسی حیزب و ڕێکخراوەیەک نییە، بەڵکوو پرسی زیاتر لە چل میلیون کوردە کە ماف و ئازادییەکانی خۆی دەوێ.
وەک بینیمان ڕێککەوتننامەی ئەلجەزائیر نەیتوانی ئەو ئەرکە ناپیرۆزە بە سەرئەنجام بگەیەنێ و جووڵانەوەی کورد دوای ماوەیەکی کورت بە گوڕوتینێکی زیاترەوە هاتەوە مەیدان و لە ئاکامدا لە باشووری کوردستان دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبینین کە لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا هەست و شعووری نەتەوەیی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە گەشەکردنە و پێگەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان لەو کۆمەڵگەیەدا پتەوتر و سەقامگیرتر بووە کە ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕاپەرینی ژینا ئەوەیان بەئاشکرا سەلماند. جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات تەواوکەری یەکترن و مێژووی نزیک لە هەشتا ساڵی پڕ لە قوربانی و فیدارکاری و لە هەمان کاتدا پڕ لە هەورازونشێو و سەرکەوتن و شکانی ئەو حیزبە لە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانی بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد ئەو هاوپێوەندییەی نێوان خەڵک و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە بەردەوامی سەلماندووە. ئەگەر حیزبی دێموکرات لە قووڵایی ئامانج و ئاواتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵنەدابایە زۆر لەمێژ بوو گەردەلولی ڕووداوەکان ئەو حیزبەی تێکەوە دەپێچا، بەڵام دەبینین حیزبی دێموکرات لەو ماوە دووردرێژەی تەمەنیدا سەرەڕای لەبەرڕۆیشتنی خۆێنێکی زۆر بە پاڵپشتیی گەلی کورد لە پێ نەکەوتووە و هەروا بە گوڕوتین ئاڵاهەڵگری جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانە. بۆیە هیچ بەربەستێک ناتوانی ئەو هاوپێوەندییەی نێوان گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێک بدا.