بیست ساڵەی ماڵپەڕی گیاڕەنگ. عەبدوڵڵا حەسەنزادە
بیست ساڵەی ماڵپەڕی گیاڕەنگ. عەبدوڵڵا حەسەنزادە
٢٢ی ئاوریلی ٢٠٢٣ی زایینی (٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی) بیست ساڵی تەواو بە سەر دامەزرانی ماڵپەڕی چالاک و ڕەنگاوڕەنگی گیاڕەنگ بە سەرپەرستیی تێکۆشەرانی دێموکرات خاتو شلێری حەسەنپوور و کاک حەمەڕەسووڵی کەریمیدا تێدەپەڕێ. بۆ کەسی ناشارەزا لە کاروباری میدیایی ئەم ڕووداوە شتێکی ئاسایییە و ئەو بیست ساڵە وەک بەسەر هەموو تەمەنێکدا تێپەڕیوە لە تەمەنی پڕبەرهەمی ئەو ماڵپەڕەش گوزەراوە. بەڵام ئەوانەی ئەهلی دڵن و ڕۆژگارێک بە غەمی بەڕێوەبردنی دەزگایەکی میدیایی (ڕۆژنامە، گۆڤار، رادیۆ تەلەڤیزیۆن و…)وە تلاونەوە باش دەزانن ئیدارەی دەزگایەکی لەوبابەتە بۆ تەنیا دوو کەس و ئەویش بەبەر هەموو ئەرکەکانی ژیان و خەباتەوە و بەداخەوە زۆرجار دەگەڵ زۆر گیروگرفتی نەخۆشی و لەدەستدانی ئازیزان و هی دیکە چ ڕەنجێکی فەرهاد و چ لەخۆبووردوویی و شەو و شەونخوونییەکی لەگەڵ بووە.
دەزانین ئەو کچ و کوڕە بۆخۆیان هەموو ئەرکە ماددی و فکرییەکانی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕیان بەتەنیا و بێ کۆمەگ و هاوکاریی هیچ حیزب و ڕێکخراو و دامودەزگایەک خستۆتە سەر شانیان و بە ڕووسووری و سەرکەوتوویی گەیاندوویانەتە ئەو تەمەنە کە هەر ئەمە خۆی جێگەی ئافەرین و دەستخۆشی و تەنانەت قەدرزانیی دڵسۆزانی گەلەکەیانە. بەڵام گیاڕەنگ و گیاڕەنگییەکان لەبەر هێندێ خەسڵەت و سروشتی جوانی دیکەش جێگای تەقدیر و پێزانینن. بزانین چۆن و لەبەر چی؟
– گیاڕەنگ بە قەدەر توانای خۆی دەزگایەکی خەبەرگەیاندن بووە و ئەوەندەی دەستی پێڕاگەیشتبێ خوێنەرانی خۆی لە دەنگوباس و ئاڵوگۆڕەکانی پەیوەندیدار بە بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان کۆ کردۆتەوە و بە ئەمانەتەوە بۆ خوێنەران و ئۆگرانی خۆی گوازتۆتەوە.
– دەگەڵ ئەوەی هەڵسووڕێنەرانی گیارەنگ سەر بە حیزبێکی سیاسی و لە تێکۆشەرانی چالاکی حیزبی خۆیان بوون، دەنگوباس و زانیارییان لەبارەی هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانەوە -ئەوەندەی دەستیان پێڕاگەیشتبێ- گوازتۆتەوە و نەیانهێشتوە دەمارگرژیی حیزبی بە کارەکانیانەوە دیار بێ.
– گیاڕەنگ هیچ وەخت نەبۆتە مەیدانی شەڕەدندووکەی کەسەکان و حورمەت و خاوێنیی قەڵەمی بەڕادەیەکی بەرچاو پاراستوە، کە ئەمە بەڕاستی شیاوی ئافەرین و دەستخۆشییە.
– زمانی گیاڕەنگ کوردییەکی پاراو بووە و لەباری ڕێنووس و ڕێزمانەوە یەکێک لە بڵاوکراوە ئەلیکتڕۆنییە سەرکەوتووەکانە. دیارە بەداخەوە نووسینی کوردی هێشتا شێوەیەکی یەکگرتووی نیە و ڕەنگە بەتایبەتی ئەوکاتەی بابەتی خوێنەرانی بڵاو کردۆتە تووشی جیاوازیی ڕێنووس بووبێ. بەڵام ئەوەندەی کاری بەڕێوەبەران خۆیان بووە دەکرێ بڵێین بە وردی یەکڕەنگی بە بابەتەکانیەوە دیار بووە. ئەمەش بە نۆرەی خۆی جێی خۆشحاڵییە.
زیادمان نەگوتوە ئەگەر بڵێین ئاڕشیڤی گیاڕەنگ سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە کە دەکرێ لە هەموو بوارەکانی ئەدەبی و سیاسی و مێژوویی و خەبەرییەوە سەردانی بکرێ و بەهرەی باشی لێوەربگیرێ.
بەو بۆنەیەوە سڵاو و ڕێز و دەستخۆشی و ماندوونەبوونیم پێشکەشی بەڕێوەبەرانی گیاڕەنگ دەکەم و بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوزم. بیست ساڵەی دامەزرانی گیاڕەنگ لە بەڕێوەبەران و خوێنەران و هەموو دڵسۆزانی کورد پیرۆز بێ و سەرکەوتن بۆ خەباتی حەقخوازانەی گەلەکەمان.
عبداللە حسنزادە