حکوومەتی ئاخوندی ئێران پاش ئەوەی پاڵەپەستووی زۆرتری خراوەتە سەر لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەو وڵاتەوە، بە باروودۆخێکی گەلیك ئاستم و

ئاڵۆزدا دەڕوات و کاریگەری گەمارۆتازەکانیش کە تێیدا هەناردەی نەوتی تاران کراوەتە ئامانج، هێندەی دیکە بۆتە سەرچاوەی کێشە و گیروگرفتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و، ئاسایشی ئەو وڵاتەی بەرەو شڵەژانی زیاتر بردوە و لەئێستایشدا ئاسۆی چارەسەرکردنی کۆی ناکۆکیەکان هەروەك هەمیشە لێڵ و تاریکە بە هۆی ڕوانینی نابەرپرسیارانەی کاربەدەستانی ڕێژیم. 

 حکوومەتی ئیسلامی ئێران هەر جارە و کێشەیەك دەنێتەوە بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت سەرنجی بیروڕایی گشتی نێوخۆ و دەرەوە لەسەر بابەتە گرینگ و هەستیارەکان بەلارێدا بەرێت و دەرگای تر بەروویاندا بکەنەوە. ڕێژیمی ئاخوندی هەوڵدەدات بە رێچکەیەکی ئەو تۆ سیاسی و دیپڵۆماسیدا بڕواتە بەرەوە، بەڵکوو ئەمریکا وەك کۆریای باکوور مەیلی دانیشتن و ڕێککەوتنێکی تازەیان  بۆ نیشانبدات. کوریایی باکوور وڵاتێکی گەورەی وەك چین بەتەواوی لە پشتیبووە و کاتێك شەڕی ئەمریکایان دەکرد، هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە لە یەك بەرەدا بەدژی رۆژئاوا بەرگرییان دەکرد.

 کەوابوو ئێران ئەو شانسەی نیە و هیچکام لە رووسیە و چین خۆیان لە سەر دەسەڵاتی تاران و هەڵسووکەتی شەرخوازی تاران، خۆیان خوێن تاڵ ناکەن و بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەیان نەبێت، وەك پێویست ئاوڕیش لە حکوومەتی تاران نادەنەوە! وەختێك ئیسڕایل هەر کاتێك پێی خۆش بێت و بیان هەوێت بنکە سەربازییەکانی حکوومەتی تارانیان بە ئامانجی مووشەکی گرتووە و هەتا ئەمڕۆش نەمان بینی رووسیە بەجدی لەو بارەوە بەکردار شتێك بکات بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکەی لە قەیرانی سووریەدا.

 ڕێژیمی ئاخوندی  لە سووریە لە شەڕدایە و دەستی بە سەر حکوومەتی عێراقدا گرتووە و بۆ چاوترساندنی نەیارانی خۆی لە نێو پێك هاتەی حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتەشدا، دەستەی گەورە و پچووکی هەڵمەتی خێرایی تێرۆری پێك هێناون بۆ لە نێوبردنی دژبەرانی و لە لایتریشەوە مووشەکی باڵستیك کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمی هەیە تاقی دەکاتەوە و هەتا بەو کاردەوەشیان  ناوەستن و هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی وڵاتانی ناوچەکەش دەکەن و خامنەیی دڵنەوایی  و ئامۆژگاری فەرمەندە سەربازییە باڵاکانی وڵات دەکات لە قۆناخی شەڕ و رووبەروو بوونەوەیان لە گەڵ ئەمریکادا!!

 مەبەست لەو کردارەشیان بێگوومان پەیوەندی بە سیاسەتی تێکدەرانە و وێران کردنی ژینگەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی گەلانی پێك هێنەری وڵاتی ئێراندا هەیە و بەو نەتیجەیە گەیشتوون کە هەموو دەرگاکانیان بەروودا داخراون و کاتێك گۆڕانکاری لە هەڵوێستی رۆژئاوادا دێتە ئاراوە کە هەڵسووکەوتیان بەدڵی ئەمریکا بگۆڕن و دەست بەرداری بەرنامەی ناوەکییەکەیان بن.   

 لە وەش بەرچاوتر بە هۆی گەمارۆ نوێ کانەوە، جگە لەوەی حکوومەتی ئاخوندی لە گەڵ قەیران و دژواری بەرەوروو بۆتەوە و ، ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەگشتی بەرەو تێکداڕمان چووە و خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش و کەمداهات کەوتوونە ژێر هێڵی سووری هەژاری و لە ئێستادا ، دەست و پەنجەیان لە گەڵ  ئالۆزی ژیان و گوزەران و نەداری نەرمدەکەن و ڕۆژ و شەویان دەسەریەککردۆتەوە هەتا بتوانن خۆیان لە برسیەتی ڕزگاربکەن.

  گەلانی ئێران ڕۆژێك نەبووە لە سایەیی ئەو حکوومەتە دژی گەلی و ستەمکارەدا تووشی ناخۆشی و نائومێدی ژیان نەهاتبن و خەڵك هەزار جار خۆزگە بۆ مردنی خۆیان نەخوازن، ئیدی ئەوە کارەساتێکی گەورەیە کە ئاخوندەکان بە هۆی سیاسەتی تاکڕەوی و خۆبەزلزانیان بۆ خەڵکی وڵاتیان بەدیاری هێناوە. ئابووری بە هێز ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرهەم دێنێت کە ئەو کردارەش دەبێتە پایەکی پتە و قایم کە سەقامگیری سیاسی و حوکمڕانی زامن دەکات، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا لە ئێران روودەدات، نەتیجەی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیە کە دەسەڵاتی تاران  بە زۆر و هێزی سەربازی خۆیان بە سەر ئیرادەی نەتەوەکانی ژێردەستەی وڵاتدا فەرزکردوە و هەر جۆرە دەنگێکی ئازادیخوازانەیش لە گەردندا کپ دەکرێت و جوودا بیران و بژرادە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی وڵات بە هۆی بارودۆخی پۆلیسی و تەرس وتۆقاندن، بە ناچاری وڵات بە جێدێڵن.

کۆی ئەو قەیران و گیروگرفتەش کە بۆ گەلانی وڵات هاتۆتە ئاراوە لە ڕابروو و ئێستاشدا، هەمووی بەهۆی سیاسەتی توند و ستەمکارانەی ڕێژیمی ئاخوندیوەبووە و چاوەڕاونیش ناکرێت لانیکەم بەو زوویانە ڕێگاییەك هەڵبژێرن کە ڕزگاربوون بێت لە کێشەکان بە قازانجی گەلانی وڵات. ڕێژیمی ئاخوندی ئێران جگە لە زمانی هەڕەشە و زبر، ڕیگایەکیتری هەڵنەبژرادوە و دابەزین لەو کردەوە توند ئاژۆیەش بێگوومان بە قیمەتی لاوازی سیاسی و سەربازیان کۆتایی دێ.

  لەبارودۆخێکی هاوشێوەدا کە قەیران بەدوایی قەیران لە ئێراندا سەرهەڵدەدات و بەو هۆیەشەوە بێزاری و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک هەتا دێت زیاتر دەبێت و هێواش هێواش ڕێچکەی خۆی بۆ دژایەتی لە گەڵ حکوومەتی ئاخوندیدا دەدۆزێتەوە و فشاری گەورەتر لە سەر ڕێژیم دروست دەبێت.  چاودێرانی سیاسی نێو خۆی و دەرەوە لەو بڕوایەدان کە ئەوڕێژیمە جگە لە ڕەوشێکی عادەت پێگرتووی سووننەتیان کە  پەیوەندی بە خۆگونجاندنی دەسەڵاتی تاران لە گەڵ رووداو ئاڵۆگۆرەکاندا هەبێت، شتێکی نوێ و بەرنامەیەکی گونجاویان لە بەردەستی خۆیاندا نە هیشتۆتەوە لە چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەی لاوەکییان نەبێ.

 کەچی کاربەدەستانی دژی گەلی ئاخوندی وەك خۆنواندنێك حوکمڕانانی پلە بەرزی ڕێژیم جارێك بە نەرمی روو لە ئەمریکا دەدوێن و جاربەجاریش بەزمانی زبرو چاوسوورکردنەوە لە سیاسەتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوورەوە دەنگ هەڵدەبڕن و هەڕەشە دەکەن و بێ منەتیان لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا ڕەدەگەیەنن، بێ ئەوەی هێزی پچڕاندنی تاڵە موویەکیان مابێت!

تاقیکردنەوەی مووشەکی باڵیستیکی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دیاردەیەکی نامۆنیە و ئەو ڕێژیمە هەموو هەنگاوێك دەنێت بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا بێنێتە سەر مێزی وتووێژی ڕاستە وخۆووە و هەر نەبێت بە ڕێگایەکدا هەناردەی نەوتەکەیان پەکی نەکەوێت و لە گەڵ ئەمریکادا بەرێککەوتنێکی نوێ بگەن.

 ئەگەر بێت و کەرتی نەوتی ئێران بە هۆی فشاری ئەمریکاوە بۆ ماوەیەکی درێژمەودا پێش بەهەناردەی بگیری، ئەو وڵاتە لە گەڵ کۆمەڵێك گیروگرفتی مەزنی تر بەرەوروودەبێتەوە کە بە سانایی ناتوانن لە ژێریدا پشتی چەماویان ڕاست بکەنەوە و هەربۆیە جگە لە سازان و مل کەچکردن ڕێگایەکی ئەو تۆ ژیرانەیان لە بەردەمدا نامێنێتەوە.  

حەسەن روحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئاخویش کە دەڵێت:  ئەگەر نەوتی ئێران هەناردەی بازاڕەکانی جیهان نەکرێ، هیچ نەوتێکی دیکەش بەو ڕێگایەدا ڕێگای هەناردەی پێنادرێت، زیاتر وەك قسەیەکی بێکردار لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، نەوەك هەڕەشە و خۆ نیشاندان. کاربەدەستانی تاران وەك پاڕانەوە لە ئەمریکا باسی پرسی نەوتەکەیان دەکەن و دەڵێن لازمە ئێمەیش نەوتی خۆمان بفرۆشین و کەس ناتوانێت ڕێگریمان لێبکات!

 باشە ئەگەر ڕێژیمی ئاخوندی دەسەڵاتی فرۆشتنیان هەبێ، ئەی چۆنە بەو جۆرە لە کاناڵ و ڕاگەیاندنەکاندا وەك باس و خواسێکی ڕۆژانە باسی لەسەر دەکەن، بەدەم پاڕانەوە گوتارەکانیان پێشکەش دەکەن؟

  ئەو قسانەی روحانی لە کاتێكدا دەکرێن کە ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی کە گەمارۆکان بەدژی حکوومەتی تاران بەربڵاوتر  دەکەن و لە بوارەکانی تریشدا فشار دەخەنە سەر دەسەڵاتی تاران هەتا بەخۆیان و سیاسەتەکانیاندا بچنەوە لە پەیوەندی لە گەڵ کۆی ئەو کێشە و ئاڵۆزیانەی کە لەسەر ئاستی ناوچەی و گێتیدا دروستیانکردوە.

 حکوومەتی ئاخوندی بەردەوام هەڕەشەبووە بۆ سەر ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچە و گێتی و بەردەوام دەستی کێشاوەتە نێوکاروباری زۆربەی وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێران کە خۆی بە هاوپەیمانی چین و رووسیە دەزانێت، هەوڵیداوە بە ڕێگای ئەو دوو وڵاتەدا فشار و گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەریان سووکتربکرێ یان دەرفەتی تریان بۆ برەخسێ هەتا گەمەی نوێی لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەست پێبکەن و برواوە بن.

 لە ئێستادا هاوکێشە سیاسی و دیپلۆماسیەکان بە قازانجی ئێران نین و رۆژئاوا و ناتۆ لە گەڵ روسیەدا نێوانیان زۆر باش نیە و چینیش لە فیکری چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و بازرگانیەکانی خۆیەتی لە گەڵ ترامپ دا و هیچکام لەو دوو زلهێزی برا و پشتی ئاخوندەکان ئەوەندەی نیگەرانی  داهاتووی پەیوەندییەکانیخۆیان لە گەڵ ڕۆژئاوا  دەخۆن و هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانیانن لە گەڵ ئەمریکا دەدەن، ڕێژیمی ئێران و ئاخوندەکانیان بە خەویش نایەتە بەرچاو.

محەممەد سلێمانی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.