b_300_220_16777215_00_images_BAYANNAMA-RAGAYANDRAW_arm-pdk.jpgئەمساڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە شکۆیەکی زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو رۆژی “ئاڵا”ی کوردستان و رۆژی “پێشمەرگە”ی کوردستان بەرز نرخێندرا. ئەمساڵ زۆربەی

چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە شێوەی جۆراوجۆر ڕێزیان لەم بۆنە نەتەوەییە گرت و سەلماندیان کە بیرۆکە و داهێنانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان بۆتە بەشێک لە شوناسی کلتووری و نەتەویی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەزی ئەمساڵدا هاوشان و هاوبیروباوەڕ لە گەڵ ئەندامان و تێکۆشەرانی سەر بە تەشکیلاتی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە داهێنان و ئیبتکاری جۆراوجۆر و دانانی بەرنامە بۆ دەرکەوتن لە رۆژی ٢٦ی سەرماوەز، خۆیان بۆ رێزگرتن لە “ئاڵا”ی پێرۆزی کوردستان و “پێشمەرگە” پارێزەری خۆنەویستی خاک و خەڵکی کوردستان ئامادە دەکرد. هاوکات لە گەڵ چالاکیی تەبلیغیی ئەندامان و لایەنگرانی چاونەترسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە، بە سەدان کەس لە خەڵکی هوشیار و نیشتمانپەرەوەری کوردستان هەر لە ئیلامی دێرینی کوردانەوە تا دەڤەرە دەلالەکەی بادینان لە باکووری رۆژهەڵاتی کورستان بە زەبتکردنی فایلی دەنگ و ڕەنگی پڕنێوەرۆک بە پەیامی پیرۆزبایی رۆژی ئاڵای کوردستان و رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، جارێکی دیکە ئەم پەیامەیان بە دوژمنانی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان دا کە، سیاسەتی سەرکوتکەرانە و دوژمنکارانەی ئەوان ناتوانێ ئەم میللەتە لە بزووتنەوەی شوناسخوازانەی خۆی بوەستێنی.

بۆیە رێزگرتن لە ئاڵا و پێشمەرگە ئەمساڵ لە ساڵانی ڕابردوو پڕشکۆتر بوو؛ چونکی چالاکانی فەرهەنگی، ژینگەپارێزی، تیمەکانی کەژەوانی و بە گشتی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ٢٦ی سەرماوەزی ئەمساڵ‌دا بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکی و رێوڕەسمی تایبەتییان بەڕێوەبرد؛ بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان لە رێگای پێوەندیگرتن بە ئۆڕگانە پێوەندیدارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پێرۆزبایی ئەم رۆژەیان لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب کرد و، بە هەزاران کەس لە کچان و کوڕانی دەروەستی نیشتمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دانانی وێنەی ئاڵا و پێشمەرگە و شێرکردنی تراکت و پۆستێرەکانی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب بە شێوەیەکی بەربەرین – سەربەرز بە ئاڵای پیرۆزی نیشتمان – رێزیان لە خەبات و تێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گرت و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگەکان بە بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی لە نێو خەڵکدا، وەفاداریی خۆیان بە رێبازی شەهیدان و ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەربڕی.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەم بۆنە تایبەتییانەدا ئەرکی قورستریان دەکەوێتە سەر شان، بۆ بۆنەی رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەوە ئەمساڵ بە شیوەیەکی بێوێنە سەرەڕای فەزای میلیتاریستی و پۆلیسی کە بەسەر شار و ناوچەکانی کوردستاندا زاڵ بوو لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی تراک و پۆستێرەکانی تایبەت بەم یادە و بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە بەرزاییەکانی کوردستان، ئەرکی حیزبی و نیشتمانیی خۆیان بەڕێوەبرد.

گومانی تێدا نیە کە لە هەلومەرجی ئێستادا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئیڕان لە گەڵ کۆمەڵە قەیرانێکی جیدی رووبەروویە و ئەم رۆژانە قسەکردن لە ئاڵۆگۆڕی قوڵ و بنەڕەتی لە وڵات‌دا لە ئارادایە، ئەم جۆرە لە چالاکیی جەماوەری و گشتی بە شێوەی یەکگرتووانە گرینگی و بایەخی تایبەت بە خۆی هەیە. بەخۆشییەوە کۆمەڵگای کوردستان هەر لەم چەند مانگەی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای هێرشی تێرۆریستیی رێژیم بۆ سەر قەڵای دێموکرات و بەئامانجگرتنی کۆبوونەوەی وەرزانەی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ‌دا کە شەهیدبوونی ١٧ کەس و برینداربوونی دەیان تێکۆشەری دیکەی لێ کەوتەوە، سەلماندوویەتی کە ئامادەی رووبەرووبوونەوەی هەر جۆرە پێشهاتێکە و دەتوانێ بە پاراستنی یەکگرتوویی و پێکەوەبوون لە پێناو بەرژەوەندیی کورد و کوردستاندا کەڵکی لێ‌وەربگرێت.

بۆیە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزنرخاندنی بەرزیی ئاستی هوشیاریی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، بە بۆنەی کار و چالاکیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات و هەڵوێستی یەکبەیەکی ئەو کەسانەی لە رێگای جۆراوجۆرەوە بە بۆنەی رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەوە پەیامی پیرۆزباییان ناردوە و پەیامی ئەم بۆنە نەتەوەییەیان بڵاوکردوە و هەروەها بە نیسبەت کاروچالاکیی ئەنجومەن، ناوەند و رێکخراوە مەدەنییەکان لەم بۆنە نەتەوەییەدا، سپاس و پێزانینی خۆی ڕادەگەیەنێ و هەموو ئەم جموجۆڵانە لە خانەی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیدا دەبینێ.

سڵاو لە ئاڵای کوردستان

سڵاو لە پێشمەرگەی کوردستان

 

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە مێژووی گەلی کورد دا.