kamal_hassanpour.jpgڕابوونی کورد
فارین ئەفەیرز – هێنری جەی بارکی
بەشی دووهەم و کۆتایی

کوردەکان لە ماوەی سەدەی بیستەمدا بۆ وەدەستهێنانی خۆبەڕیوەبەریی کولتوری و سەربەخۆیی ڕێژەیی بەرامبەر بە دەوڵەتە ناوەندییەکان جووڵانەوەیان وەڕێخستن. نزیکەی ١٠٠ ساڵ، سەرهەڵدان و بەرخۆدان بەشیک لە ژیانی ئاسایی کوردان بووە. ئێستا، لەگەڵ ئەوەی کە کوردەکان ئەزمونی دەوڵەتدارییان وەدەستهێناوە، ئەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، نەتەنیا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵکو لە زۆربەی لە شارەوانییەکانی سورییە و تورکیە. ئەوە، بە نۆبەی خۆی، بۆتە هۆی تەشەنە کردنی یەکگرتوویی کورد بۆ ئەودیوی سنوورەکان. 
تا ئێستا، ئەزموونی دەسەڵاتی کوردی پڕ بووە لە گیروگرفت. بۆ وێنە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەریکە ببێتە دەوڵەتی نەوت کە بەستراوەتەوە بە فرۆشی نەوت و گیرۆدەی بەرتیلخۆریی، پارتیبازی و دەسەڵاتی لە ڕاددەبەدەری دوو بنەماڵەی ڕیبەری سیاسی بارزانی و تاڵەبانییە. باڵی سیاسی یەپەگە، پارتی یەکیەتی دێموکراتیک [پەیەدە]، توانیویەتی بە شێوەیەکی کاریگەر خزمەتگوزاریی پێشکەشی ئەو ناوچانەی سورییە بکا کە لە کۆنتڕۆڵی دان، بەڵام ئەویش حکومەتی تاکە حیزبیی درووست کردووە. 
لە تورکیە ئەگەرچی نوێنەرانی حیزبی ژێر کونتڕۆڵی کوردان، پارتی دێموکراتیکی گەل (هەدەپە) توانی لە هەڵبژاردنی ناوچەیی مانگی مارسی ٢٠١٤دا شارەوانیی ١٠٢ شار بباتەوە، بەڵام ئەردۆغان تا ئێستا ٩٤ دانەی لەسەر کار لابردوون. ئەو بەڵێنی داوە کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەکان لە مانگی مارسی ئەوساڵدا بەهەمان شێوە ڕەفتار بکا. سەرکەوتوویی زیاتری هەدەپە لەوانەیە ئەردۆغان هان بدا کە لە ڕێگای دادگای یاسای بنەڕەتییەوە ئەو حیزبە هەڵوەشێنێ، وەک چۆن ژەنڕاڵەکانی تورک ئەوکارەیان لەگەڵ حیزبەکانی پێش هەدەپە کرد.
ئەگەرچی حوکمڕانیی کورد نەبۆتە سەرکەوتنێکی تۆخ، بەڵام یارمەتیدەری زمان و کولتوری کوردی لە سەرانسەری ناوچەکە بووە. ئەوە بە تایبەتی لە کوردستانی عێراق بەرچاوە، کە دامەزراوە کوردییەکانی خۆی بووژاندۆتەوە، لە ناویاندا قوتابخانە و رێکخراوەکانی ڕاگەیاندن. سەرەڕای ئالنگاری وەک دوو زاراوەی کوردی بە تەواو لێک جیاواز ، کە تەقریبەن لەگەڵ هێڵی جیاکەرەوەی سیاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکە، کرمانجی لەو شوێنانە قسەی پێدەکرێ کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دێموکڕاتی کوردستانە، لە کاتێکدا کە سۆرانی لەو ناوچانە قسەی پێدەکرێ کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی دەوڵەمەندی کولتوری کوردی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دامەزراندووە. ئێستا سەدان کاناڵی تەلەفزیۆنیی کوردی، ماڵپەڕ، ئاژانسی هەواڵنێریی و بەرهەمی کولتوریی دیکە وەک ڕۆمان و فیلم بوونیان هەیە. و لە سورییە شوێنێک کە دیمەشق دەیان ساڵ بوو تەنانەت خوێندن بە زمانی کوردیی یاساغ کردبوو، پەیەدە بە فەرمیی پەروەردە و فێرکردن بە کوردیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا دەست پێکردووە. دوای نزیکەی سەدەیەک هەوڵی بێ وچان بۆ تواندنەوەی زمان و کولتوری کوردیی، ئێستا دەوڵەتە ناوەندییەکان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە شەڕەکەیان دۆڕاندووە.
بەرخۆدانی زمانی کوردیی لە عێراق بە نۆبەی خۆی بۆتە هۆی هەست بە خۆ کردن لە سوسیال مێدیای ئەوبەری سنوورەکان و هەروەها لە کۆمەڵگاکانی تاراوگەدا. کوردی تاراوگە بە تایبەتی لە ئوروپا بەهێزن، کە لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە یەک میلیۆن کورد کۆچیان کردووە بۆ ئەوێ ، لە سەرەتادا وەک کرێکاری میوان و پاشان وەک پەنابەر کە لە چنگ سەرکوت ڕایان کردووە. بە هۆی ئازادیی ڕێکخستن و هاریکاریی لەگەڵ تاقمەکانی دیکەی کۆمەڵگای مەدەنی، کوردەکانی ئوروپا توانیویانە هۆشیاریی جەماوەر لەبارەی پرسی کورد و زەخت خستنە سەر دەوڵەتەکانی ئاڵمان، فەڕانسە و هۆلەند، و هەروەها یەکیەتی ئوروپا، بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسەتیان بەرامبەر بە ئێران، عێراق، سورییە و تورکیە دەوریان هەبووە. لەو بارەوە، ئەوان گەشە کردنی سوسیال مێدیای کوردی یامەتیدەریان بووە. 
گەشە کردنی زمانی کوردی تەنانەت گەیشتۆتە ئێران و تورکیەش، شوێنێک کە کوردەکان دەسەڵاتیکی کەمیان هەیە. لە ماوەی کرانەوەی بەرامبەر بە کوردان لە لایەن ئەردۆغان لە ٢٠٠٩ تا ٢٠١٤، دامەزراوەی زمانی کوردی، بڵاوکراوە و قوتابخانەی تایبەتی گەشەیان کرد. ئەو خۆشییە زۆری پێ نەچوو و لە کۆتایی ٢٠١٧، نزیکەی گشت ئەوانە لە لایەن ئانکاڕاوە لەناو چوون، کە تا ئەو جێیە چووە پێش کە بە شێوەی سیستەماتیک تابڵۆ کوردییەکان، تابڵۆی ترافیک و هەروەها تابڵۆکانی قوتابخانە و بیناکانی شارەوانیی هێنرانە خوار. بەڵام هەموو شتێک نەگەڕاوە سەر دۆخی ڕابردوو، هەندێک زانکۆی تورکیە ئێستاش ئیزنی خوێندنی زمانی کوردیی دەدەن و دەوڵەتی تورکیە کاناڵێکی تەلەفزیۆنیی کردۆتەوە کە بەرنامەکانی بە زمانی کوردییە. لە هەمان کاتدا لە ئێران، لە ٢٠١٥ بەولاوە، ڕیگا بە قوتابخانەی خوێندنی باڵا و زانکۆکان دراوە تا کلاسی زمانی کوردیی لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن بکەنەوە.
درووست کردنی نەتەوەیەک
شل بوونەوەی سنوورە فیزیکییەکان لەنێوان کوردەکاندا، دامەزرانی بەڕیوەبەرایەتیی کوردیی وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرهەڵدانی کۆمەڵگای بەهێز لە تاراوگە (بە تایبەتی لە ئوروپا)، و گەشە کردنی سوسیال مێدیای کوردی و بەرهەمی کولتوریی، بە سەر یەکەوە بوونە هۆی بەهێز بوونی پێناسەی پان-کوردیی. ئەمڕۆ کوردەکانی ئێران، عێراق، سورییە، تورکیە و ئەوانی تاوارگە هەموو خەریکی گفتوگۆی هاوبەشن. ئەوان یەکگرتوو نین بەڵام ڕۆژانی تووندوتیژیی سیاسی کورد لەگەڵ کورد، کە لە نەوەدەکاندا باو بوو، تێپەڕ بووە، تا ڕاددەیەکی زۆر لەبەر ئەوەی کە ویستی جەماوەریی ئەوەی تەحەممول ناکا. کوردەکان سەرجەم پێناسەکانی نەتەوەیەکیان وەدەستهێناوە، جگە لە سەربەخۆیی.
ئەو یەکگرتووییە تازەیە لە سەرهەڵدانی هێزە سەربازییە پان-کوردییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. کوردی تورکیە شانبەشانی یەپەگە لە سورییە شەڕیان کردووە، هەروەک چۆن کوردی سورییە و تورکیە لەناو هێزە سەربازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاوێتە بوون. کوردەکانی تاراوگە بە هەمان شێوە خۆبەخشانە جەنگاون، بە تایبەتی لەناو یەپەگەدا. یەکینەکانی سەربازیی پەکەکە لە عێراق، تورکیە و سورییە هەن و لە ٢٠٠٤ تاقمێکی لایەنگریان لە ئێران درووست کرد. کاڵ بوونەوە سنوورەکانی نێوان کوردان بە شێوەیەکی بەرچاو دوای سەرکەوتنەکانی داعش لە عێراق و سورییە لە هاوینی ٢٠١٤، کە کوردەکانی لە هەردوو وڵات لە مەترسی هاویشت و یارمەتی بە هاوپەیوەندیی نێوان کوردان کرد، پەرەی ئەستاند. کاتێک کە تووشی مەترسی مان و نەمان بوونەوە، کوردەکان پرش و بڵاویی سیاسییان وەلانا و یەکگرتوو دەرکەوتن. و هەرچی زۆرتر بەو شێوەیە دەجووڵێنەوە، زۆرتر سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوڤین دادەڕێژنەوە.
لە هەردوو عێراق و سورییە، لاوازیی دەوڵەتانی ناوەندیی دەرفەتی خۆبەڕیوەبەرییەک بۆ کوردەکان دەستەبەر دەکەن کە هێشتا بۆ کوردانی ئێران و تورکیە نەهاتوونە پێش. ئەو پرۆسەیە لە عێراق زۆرتر چۆتە پێش، کە لەوێ خۆبەڕێوەبەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یاسای بنەڕەتییدا پارێزراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا ناسکە، هەروەک لە کاردانەوە کارەساتبارەکەی بەغدا بەرامبەر بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧ دیتمان. لە سورییە، کوردەکان لەوانەیە دەرفەتی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئەسەدیان هەبێ کە خۆبەڕیوەبەریی ڕێژەیی ناوچەییان بۆ دەستەبەر بکا. هێشتا ئاکامێکی ئەوتۆ هیچ گارانتییەکی نییە، بەڵام، کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لەو وڵاتە دەبێتە هۆی ئەوە کە کوردەکان بۆ بەزەیی دیمەشق و ئانکاڕا جێ دەهێڵێ. ئەگەر واش بێ، هەر هەڵمەتێکی ئانکارا یا دیمەشق بۆ لەناو بردنی یەپەگە، هەر چەند خوێناوییش بێ، دەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی جیددی لە لایەن کوردان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هیچ شتێک بەقەد دەرهەڵبوونەوەی داوود دژی گولیات [مەبەست بەرخۆدانی لایەنێکی لاواز دژی زۆردارێکی مەزنە و.] نابێتە هۆی درووست کردنی هەستی نەتەوەیی.
لە تورکیە، کوردەکان لە دە ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای خراپتر بوونی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندیی، بەروپێش چوونێکی زۆریان تۆمار کردووە. هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ تەگەرە خستنە سەر ڕێگای سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردن، بە دەستبەسەر کردنی کاندیداکان، داخستنی میدیاکان، و ئەزیەت کردنی دەنگدەرانی کورد، پێشی بەو حیزبە نەگرتووە کە لە هەڵبژاردنە یەک لەدوای یەکەکاندا بێتە ناو پارلمانی تورکیە. (گەلێک لە سیاسەتوانانی هەدەپە، لە ناویاندا ڕێبەری حیزب، سەلاحەددین دەمیرتاش هەر ئێستا لە زیندانن). یاسای بنەڕەتی نوێی تورکیە، کە لە ڕێفراندۆمی ئاپریلی ٢٠١٧ پەسەند کرا، تورکیەی بۆ سیستەمی سەرۆک کۆماریی گۆڕیوە و پارلمانی خەساندووە، کەوابوو دەسەڵاتی هەدەپە، سەرەڕای ڕێژەی زۆری ئەندامانی، تا ڕاددەیەکی زۆر سنووردارە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕاستییە کە ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنەکانی ژووەنی ٢٠١٨، دوای حیزبی فەرمانڕەوا و حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن سێهەم هاتەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پرسی کورد لە سیاسەتی تورکیەدا بە دامەزراوەیی کراوە. سەرکەوتنی هەدەپە پاڵنەرێک دەبێ بۆ ورووژاندنی کۆمەڵگای مەدەنی کورد و، وردە وردە، دەبێتە هۆی گەشە کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانی دیکە لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیەدا. و پەرە ئەستاندنی ڕێکخراوە کوردییەکان لە ئوروپا لەوانەیە یارمەتی بکا تا ئوروپا هەڵوێستی بەرامبەر بە تورکیە بۆ ئاراستەی لایەنگریی زۆرتر لە کوردان بگۆڕێ. ئەوە کوردەکانی تورکیەن کە، ئەگەرچی بەسەر باڵی سەربازیی (پەکەکە) و باڵی سیاسی (هەدەپە) دا دابەش بوون، باشترین پێگەیان بۆ ڕێبەرایەتیکردنی کوردان لە ناوچەکەدا هەیە. هۆیەکەی ئەوەیە کە ئەوان، بە پێجەوانەی کۆمەڵگاکانی کوردیی دیکە، بەشێکن لە وڵاتێک کە لە ناو دامەزراوە ڕۆژئاواییەکاندا هەڵکەوتووە. تەنانەت ئەگەر ئاکاری تورکیە لە گەڵ نۆرمەکانی ڕۆژئاوا جیاوازە، کوردانی تورکیە سوودیان لە کەونتە ژێر کاریگەریی بەها و پرەنسیپە ڕۆژئاواییەکان وەرگرتووە.
دۆخی کوردەکانی ئێران، بە هۆی گرژیی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ دونیای دەرەوە و سرووشتی پڕ نهێنی خودی ڕێژیم، لە هەمووان ناڕوونترە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانی ناوچە کوردییەکانی ئێران دەبێ. ئێران هەمیشە سیاسەتێکی فرەلایەنی بەرامبەر بە کوردان ڕەچاو کردووە. لەناوخۆ، سەرکوتی کردوون، لەناویاندا لە ڕێگای سەپاندنی حوکمی ئیعدام بە شێوەیەکی بەربڵاو بەسەر چالاکاندا. لە هەمان کاتدا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک داڕشتووە کە توانیویەتی سەرکەوتووانە لایەنە کوردە ئێرانییەکانی نیشتەجێ لەوێ کۆنتڕۆڵ بکا. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوکات کە ئێران لە ناوچەکەدا خۆی لە ژێر فشار دەبینێ، ڕێبەرانی ئێران نیگەرانی سەقامگیریی ڕێژیمەکەیان و خراپتر بوونی ئابووری وڵاتن، دەوڵەتی ناوەندیی لەوانەیە کوردەکان وەک هەڕەشەیەکی مەزنتر سەیر بکا. کوردەکانی ئێران ئەزمونێکی کەمیان لە خۆبەڕێوەبەرییدا هەیە، و دەیان ساڵە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا دەژین کە خۆ لە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ژیانی ڕۆژانەیان وەردەدا. بەڵام ئێران، هەر وەک سورییە، دەوڵەتێکی لەرزۆکە. ئاڵوگۆڕ لە ناوەندەوە دەست پێدەکا. هەرچی شوناسی پان-کوردیی و باوەڕبەخۆبوون بەهێزتر بێ، زۆرتر وێدەچێ کە کوردەکانی ئێران ئامادەی ناسەقامگیریی لە تاران بن.
لە کۆتاییدا، وڵاتە یەکگرتووەکان تاقە گرینگترین ئەکتەرێک دەمێنێتەوە کە داهاتووی کوردان دیاریی دەکا، بە تایبەتی لە عێراق و سورییە. لەوانەیە ترامپ هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ یەپەگە کۆتایی پێبێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکانی سورییە سوود لە پەیوەندییەکە وەردەگرن، چونکە پێشووتر لە لایەن خاوەن هێزەکانی دەرەوە وەک ناگرینگترین حەشیمەتی کورد لە ناوچەدا سەیر دەکران. ئێستا ئەوان لەسەر نەخشەن: چەند کاتژمێر دوای ئەوەی کە ترامپ ڕایگەیاند کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە سورییە دەکشێتەوە، وتەبێژێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەڕانسە ئیددیعای کرد کە فەڕانسە "ئاسایشی کوردەکانی سورییە مسۆگەر دەکا." لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوێستی واشینگتۆن کوردەکانی سورییە ناچار دەکا کە پێشتر لە کاتی دیاریکراودا و لە دۆخێکی لاوازتردا وتووێژ لەگەڵ دیمەشق بکەن. لەوەش بەولاوە، پاشەکشەی تەوای وڵاتە یەکگرتووەکان، دەتوانێ ببێتە هۆی تێکچوونی باڵانس لەنێوان خاوەن هێزەکانی سورییەدا، کە ئاکامەکەی بۆ کوردان کارەساتبار دەبێ.
کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە ناویاندا وەزیری کاروباری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، جان بۆڵتۆن، کە نیگەرانی ئەو کاردانەوانە بوون، هەڕەشەیان لە تورکیە کردووە کە لە باکووری سورییە دژی کوردان دەستێوەردان نەکا. وڵاتە یەکگرتووەکان کە تووشی گرێپووچکەی بێکۆتایی پرسی کورد لە ڕۆهەڵاتی نێوەڕاست بووە، هەست دەکا کە خۆ دەرباز کردن لێی دژوارە. واشینگتۆن دەبێ گشت توانایی باوەڕ پێهێنانی خۆی لەکار بکا تا دڵنیا بێ کە کوردەکان لە لایەن ئانکارا، دیمەشق و دەسەڵاتە ناوچەییەکانی دیکەوە تێک نەشکێ. ئەوە، بە نۆبەی خۆی، ئاستێک لە هاوتەریبیی بەرژەوەندی و سیاسەت دەخوازێ، کە پێشدا لە بەڕێوەبەریی ترامپ دا نەبینراوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە وڵاتە یەکگرتوەکان دێموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی کەمینەکانی بۆ گرینگە، دەبێ پشتیوانیی لە کوردەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەکانی مەوجود دا بکا. تەنانەت ئەگەر ترامپ نەشیهەوێ سەرمایەی سیاسی پێویست بۆ پشتگیریی کوردەکان تەرخان بکا، ناوەندی خاوەن هێز و نفوزی ئەوتۆ لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا هەن، وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی. کە دەتوانن ئەو کارە بکەن.
بەڵام، لە داهاتووی نزیکدا هەر شتێک ڕوو بدا، گەڕانەوە بۆ دۆخی جەند دەیە لەوەپێش، بەر لە دەستێوەردانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەدا کە کوردەکانی بە شێوەیەکی بنەڕەتی هێنایە سەر ڕێبازێکی نوێ، مەحاڵە. سەرەڕای نسکۆ یەک لەدوای یەکەکان، سەرکوتی بێ پسانەوە، و سەدەیەک نەبوونی کیانی سەربەخۆ، کوردەکان لە کۆتاییدا وەک گەلێکی یەکگرتوو سەریان هەڵداوە. دەوڵەتی کورد لەوانەیە زۆری مابێ، بەڵام ئەگەر دامەزرێ، خەڵکی هەیە کە ببێتە حەشیمەتی ئەوێ.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە مێژووی گەلی کورد دا.