leila_qadri_sakar1.jpgمانگی سەرماوەزی ساڵی 87ی هەتاوی بوو، لە زانکۆی تاران دەمخوێند، ماڵێکی چکۆلە و جوانیشم هەبوو لە دەرەکە (شێمیرانات). 
حەفتەی دوو ڕۆژ لە زانکۆوە (پردی گیشا) لەگەڵ یەکێک لە ئوستادەکانم دەهاتمەوە سەرێ، ئەویش ماڵەکەی چی وا لە ئێمە دوور نەبوو.
چارەگی مابوو بۆ پێنج، گەیشتینەوە مەیدانی دەرەکە، هەر لەوێ دابەزیم و بە پێیان هەڵگەڕامەوە سەرێ.
هێشتا لە هەورازەکە وەرنەسووڕابوومەوە، ئوستاد زەنگی لێدا
+ "خانمی قادری ئازیز! بۆچی نەتگوت بابم لێرەیە؟"
ــ جاکوا بابم لێرەیە؟ باسی چی دەکەن ئوستاد؟
+ ئەلحان، لە بەرامبەر بانکی تجارەت دیتم، لە پشتەوەڕا بە جلەکانیدا ناسیمەوە، لە ئاوێنەی ماشێنەکەڕا لێم ڕوانی، بۆخۆی بوو، من دەگەڕێمەوە و هەڵیدەگرم و دەیبەم بۆ لای بابم.
ــ "ئوستاد، ڕاوەستە با زەنگێک لێدەم بۆ ژمارەکەی، نەکا بەیانی لە نەخافڵ هاتبێ و دەنگی نەکردبێ، منداڵ لە مەدرەسە، هاوسەرم لەسەر کار؛ خێر، بێ و نەبێ بابمە."
زەنگم لێدا بۆ بابم، یەکەو زەنگ هەڵیگرت، دڵم داکەوت، تەپەتەپی دڵم دەهاتەوە نێو قوڕگمەوە، پشووم سوار ببوو، قسەم بۆ نەدەهات.
ــ بابە گیان لە کوێی؟
× بۆ؟ چ بووە کچم؟ ئەو دەنگەت بۆ وایە دایکی دایکم؟
ــ بابه لە بۆکانی؟
× ئەدی ڕۆڵە، ئەی لە کوێ بم؟ ئەوە لە دووکانی فاڕووق خان لاقم لەسەر لاقم داناوە و چای دەخۆمەوە.
ئەرخەیان بووم بابم نییە، ئەوجار کەوتمە پێ و سۆراغی کابرای کەواوپاتۆڵ لەبەر.
دەوران‌پشتی بانکەکە گەڕام، عەبدێک دیار نەبوو.
لە دڵی خۆمدا گوتم، تۆ مەزانە ئوستاد دەزانێ من کوردخۆشەویستم، پێی ڕابواردووم، یان دەنا بەڕاستی کوردێکی دیتووە، پێی وابووە هەموو سمێڵ‌سوورێک هەمزاغایە.
لە سووچی قاوەخانەکەوە، چاوێکم بەسەر پردەکەدا گێڕا، هەو بوو، ئەوەی لێی دەگەڕام.
لێی چوومە پێشێ، سڵاوم کرد، یەک بەخۆی هەڵبەزییەوە، هەر من دەزانم چۆن گەشاوە! دەست و موشتاقمان کرد، خۆم پێ ناساند و پێم گوت کە نەمدەزانی دەرەکە، جگە لە ئێمە، کوردی لێ‌بێ.
گوتی: نا کچم، منیش غەریبم لێرە، ماڵم لە دێیەکی سەر به بۆکانە.
پیاوێکی قیت‌وقنج، ڕێک‌وپێک، پۆشتە و پەرداخ، کەواوپاتۆڵێکی مرادخانی ڕەش لەبەردا، پشتێندی کریپی گوڵ ورد و پێچێکی ژۆژی گول سپی بە مۆدی ناوچەی خۆمان بەستبوو، ڕیشۆی لێ شۆڕ کردبۆوە، باڵتۆیەکی پەشمی تووسی هەتا سەر چۆکی و جووتێک کەوشی پاک و خاوێن و بۆیاغ‌کراو لە پێدا، لێی ببوون بە نەخش.
چاوم لە چاوەکانی بڕی، خەمێکی قورس تێیاندا دەهات و دەچوو.
ــ" مامە گیان، چاو و دڵم ڕوون بۆوە، دەڵێی خودا خەنی کردووم، دەی لە کوێ میوانی؟ "
هەر وام گوت، لێوەکانی وەلەرزە کەوت و چاوەکانی خووسا، فرمێسک دەتگوت مروارییە لەداوکێشراوە، دوابەدوای یەک، بەسەر ئەو ڕدێنە سپییەیدا بازیان دەدا سەر گیرفانی کەواکەی؛ خێرا دەسرەیەکی سپی گوڵچندراوی لە گیرفانی پاتۆڵەکەی دەرهێنا، لەسەر لەپی دەستی ڕایخست و ڕووی لەوبەر کرد، چاوەکانی سڕییەوە، چاو وەک گۆمی خوێنیان لێ هاتبوو.
ئیدی زانیم ماڵی بەجێهێشتنێ نییە.
+ کچم! بە لەشی ناخێرم، دۆینێ گەیشتوومێ، ئێستاش دەرکراوم و ئاوارەی کووچە و بازاڕم.
ــ حەک کوێراییم دایە، مومکین نییە بەجێت بێڵم، فەرموو با بڕۆینەوە ماڵی کچە چکۆلەی خۆت. ئەلحان هاوسەریشم دەگاتەوە، کوڕەکەشم لە ماڵێیە.
+ ڕووت سپی بێ کچم، یەکێکی وەک کچەکان.
ــ هەتا ماڵێ، یەک قسەی نەکرد، کووچە تاریک و تنۆک بوو، پێمابێ هەر فرمێسکی هەڵدەوەراند.
گەیشتینەوە ماڵێ، کوڕەکەم لە جێگای بەیانی خزابۆوە و چاوی لە فیلم دەکرد، ماڵێکی شپڕێو، دەتگوت گووی شێتە، لاق تێیدا هەڵنەدەهاتەوە، قاپ و قاچاخێکی زۆر کەڵەکە کرابوو، جێ‌وبانی بەیانی هەر لە گۆڕێ بوو، بۆخۆشم ماندوو و مردوو، ئازای ئەندامم دەیزریکاند، پێم خۆش بوو ڕاکشێم، لە تۆقی سەرمڕا هەتا بەری پێم بشێلن.
ــ مامە گیان خەجاڵەتم، قەت ماڵ و حاڵم ئاوا شڕوشپرزه نەبووە، ئەوڕۆ درەنگ وەخەبەر هاتین.
+ "بەقوربانی ماڵەکەت بم، خودا هێللانەت لێ تێک نەدا، ئۆخەی دەست و پەلم تینی تێ کەوت."
هیچی وامان نەبوو بەو دەمودەستە بگاتێ، زەنگم لێدا بۆ هاوسەرم، لەگەڵ دەستی خۆی، خواردنێکی بەڕێ‌وجێی هێناوە. مامە گیان لەکن من شەرمی دەکرد، هەر ئەو هاتەوە، لاقەکانی ڕاکێشا، جا ئەوجار هەستا دەست‌نوێژی گرت و بەرماڵەکەمان بۆ ڕاخست، لەسەر بەرماڵەکە ڕاوەستا، فەرمووی:
"ئەوساڵ هەتا جووتم کرد(کێڵانی زەوی)، بڕێک وەدرەنگی کەوتم، دەنا هەموو ساڵێ سەر لە پاییزێ، خەرمان لۆغەم بۆ منداڵەکان بردۆتە ماڵێ. لەگەڵ ئەو ژنە(خێزانی)خەڵاتی خودایان بۆ دەپێچینەوە، هەموو جارێ پشتی ماشێنمان قەڵاقەڵا کردووە بۆ کچەکان، بەشی کوڕەکەشمان هەمیشە بەزیادەوە داناوە، گوتوومانە قەیدێ ناکا، لە غەریبایەتییە، خەسوو خەزووری لەگەڵ لە شارەکەکە دان، دیاره چاوی لەوەندە ڕۆن و پەنیر و دانەوێڵەیە نییە، بەڵان هەر دڵ پێی خۆشە، سەربڵیندییە، با نەڵێ له کچەکانیان هەڵاواردووم.
بەو قوڕئانەی مامم لەسەر ڕانی ڕاستەی داناوە، هەتا کوڕی منە، باقەیەکی وێنجە گرێ نەداوە، چڵێکی نۆک نەڕنیوەتەوە، لەوەتی هەم، نە خوشک، نە برا، کەس نەبووە دڕوویەک لە قالبم دەرهێنێ، هەر تەنیاباڵ و بەتەنێ بووم، با زۆری لەسەر نەڕۆم."
نوێژەکانی گێڕاوە و لۆیەکی بەرماڵەکەی بەسەریەکدا داوە و دیسان چۆوە سەر سوژدە، وەک مەنجەڵ دەکوڵی.
ــ مامە گیان بۆ وا دەکەی؟ خۆ بێتو ئاوا بکەی، ئەوشۆ سەکتە دەکەی!
هەستاوە، چاوەکانی بە بەری دەستی سڕییەوە،
+ ڕۆڵە ڕەببی هیچ دایک و بابێک، ڕەنجەڕۆ نەبێ، به پێنج ساڵیش دەستێکم کەواوپاتۆڵ نەدەکڕی، خڕم کردەوە و وەسەر یەکم دەنا بۆ منداڵەورکان، بارها مشکڵۆزمەی نەوسی خۆم بووم، قەت دڵم نەهات لە دەرێ نۆشابەیەک بەبێ ئەو منداڵانە هەڵپچڕم، بە خوم نەبوو، وەگیانم نەدەکەوت، ئەوەش منداڵ! وەڵا وای ئەمەگ دامەوە، هەتا گڵەبانی چاوم دەکەن، غوددەیەکی ئەوەندەیە لەسەر دڵم.
هەرچەندی عەیبه پیاو باسی خواردنیش بکا، بەلان هێشتا بۆخۆم تامی گوێزی ئەوساڵم نەکردووە، کەچی سی دانە کیلۆم بۆ هێناون، دە بەو قوڕئانەی لەبن سەری ئەو کوڕەت ناوە، بە زاریاندا نەهات بڵێن بابه دەستت خۆش بێ.
هاوسەرم: باشه مامه گیان، دڵی خۆت تەنگ مەکە، مەگەر هەر پێمان ڕازی نەبی، دەنا بە سەر و ماڵەوە لە خزمەتت داین.
+ ڕەببی حەمەدرێژ(عومردرێژ) بی ڕۆڵە، ڕەببی هەر نەکەی و خودا بتداتێ، کوڕم! هێندێک دەرد و خەفەت هەن، نە دەگوترێن و نە دەشاردرێنەوە.
ئەوڕۆ لەسەر نانی بەیانی، لەکن خەسوو و خەزوور و ژن و منداڵەکانی، بەو سەرمایە دەری کردمە دیوی دەرێ، هێندە لەو کووچە و کۆڵانە هاتووم و چووم، ئاوی لاقم چندراوە، لە دۆینێ شەوێڕا، ئەوە تازە مۆری چای دەکەم.
پووڵی نەغدم هێندە پێ نەبوو تاکسی پێ بگرم هەتا کاڕێژەکە(تێرمیناڵ)، دەنا یەک سەعات لەو شارە بەند نەدەبووم، ئەوەتا ئەو کارتەشم پێیە، کچەکان ئەوەندە نییە بۆیان وەرگرتووم، غایەتێکی نازانم پووڵی پێ دەرکێشم، دەنا تۆ سڵامەت بی، شکور تێی دایە، پووڵی چاکی تێدایە.
ــ هەی نامەردی کەم، کابرا لە ماڵی خۆی، دەستی ڕێز لە دوژمنەکەی دەنێ، جا چۆن ئەو بابی خۆی دەرکردووە! بۆخۆم بە کوڕەکانی خۆماندا دەتنێرمەوە، خەمت نەبێ.
+ دەبێتە خەجاڵەتی لە ڕووی ئێنگۆ، فەرقی لەیلا و کچەکانیش نییە، بۆخۆتان دەزانن کابرا ئەگەر پیر بوو، تڕین و کۆخین بەدەست خۆی نییە، خۆ بەو عومرە گەیشتووم، دوو جار ڕێم لە دوکتور نەکەوتووە، ئەلحەملای قالب و بەدەنێکی خۆشم هەیە، بەڵام وای دادەنێین، وا نەبایە و خودا بەوی ڕۆژێ نەکا، زەلیل سەرجێ بایەم و ئەو کوڕە خزمەتی کردبام و پیسایی لێ گرتبام!
ئەوڕۆ، بەرەبەری بەیانی هەستام دەست‌نوێژ بگرم، مستەڕاحەکەیان بەسەر هاڵەکەوەیە، خەسوو خەزووری شەوێ لەوێ مابوونەوە و خەسووی له نێوەڕاستی هاڵەکە، لەسەر ئەو چەقە ڕێگایە خەوتبوو. چوومەوە وەتاغێ پێچەکەی خۆم ڕاخست و نوێژەکەم لەسەر کرد.
بەیانی سفره ڕاخرا و هەموو خڕ بوونەوە، جەعفەر هەر مۆنەمۆنی بوو، لە گوڵی سفرەکە مۆڕ دەبۆوە و جاروباره چاوێکی لە لاق و لەتەری منیش دەکرد، ژنەکەی و خەسووشی هەر چاویان لێک دەکرد و بزەیەکیان دەهاتێ، چاوێکم لە بەرونێفەکی خۆم کرد، ئەی گوتم نەکا، شتێکم لێ قەومابێ.
دەی، وەسەر خۆم نەهێنا، کوتێکم کوللێرە هەڵگرت، دەستم برد بۆ پیاڵە ماستەکە، جەعفەر وادەکا:
×" بابە! ئەوە تۆ پێت عەیب نەبوو بەسەر خەسوومدا چوویەتە پێشاوێ و لەوێش با لەسەر با لێت بۆتەوە! باشە خۆ تۆ منداڵۆچکەیەک نی، چۆن دەبێ قوونی خۆت پێ نەقووچێ! تۆ دەزانی ئەو ماڵە چەندەیان حورمەتی تۆ لەبەرە! یان دەنا دۆنێ شەوێ، بە دوو قوم نۆشابە، پەنجا قرقێنەت(قرپ) داوە، ئیدی گوێت لەوە نییە، ئەو شتانە منی پێ سووک دەبێ. خۆ ئێرەش مەزرا و مووچەکەت نییە، کەست بەدیارەوە نەبێ، هەرچی پێت خۆش بوو بیکەی، ئەوجار پێت وانەبێ من بەو نەختاڵە دزەنەخۆرەی بە کۆڵت داداوە، بەڕێ دەچم، کامە نۆبەرە و سەرگوڵی خواردەمەنییە، دێتەوە ماڵی من."
+ پەکوو ئەو ئابڕووبەرەیە، چۆنی تڕۆ کردم! لە خەجاڵەتییان، قسەم بۆ نەدەهات، ئارەقەی ڕەش و شینم دەرکرد، نازانم بۆ نەبوومە تنۆکێک ئاو! لەتکە کوللێرەکەم داناوە، چاوێکم لە بووکەکە کرد، گوتم ڕەنگە بە گژیدا بێ، چون قەت فەرقی ئەو و کچەکانم نەکردووە، ئاگام لێبوو بە دمییەوە پێ دەکەنی و بە چاوی دنەی دەدا.
بە دم گریانەوە ئەوەندەم گوت، گوتم: ڕۆڵە من وەک بابی خەڵکی، نە شەڕەجنێوم لەگەڵ کردوون، نە لەکن ئێوە قەت شۆخی و سواحبەتێکی بە جۆرێکم لەگەڵ دایکتان کردووە، نە قسەیەکی سووکم بە زاریدا هاتووە، کەنگێ منتان بە بن‌پاتۆڵەوە دیتووە!؟ بریا هەموو کەس بەقەد من حەیابەخۆ بایە، مەنعت ناکەم، قەت نەمهێشت کەمایەسی بکێشی، ئاغای کەر و تووتنی خۆش، هەر ئەو کوڕەی لێ دەردەچێ، جەعفەر".
بێ ئەوەی زمانی بگەڕێ، هەستا سیغارێکی بەبا کرد و منیش بە دڵشکاوی چوومە وەتاغێ، خۆم پێچاوە و عوزرخوایی و ماڵئاواییم لە خەسووی خواست و وەدەر کەوتم.
ڕۆڵە! من ئەوەم نەچاندبوو، بۆ دەبوو ئەوە بدروومەوە.
ئێمە دوو برا و خوشکێک بووین، براکەم تازە پێی هەڵگرتبوو، لە بیری(چاڵاو) ماڵی باپیرم کەوت، من و خوشکم ماینەوە، خوشکم خۆی نەناسیبوو، باپیرم لە بۆکان بەمێردی دا، ساڵەوساڵ نەیاندەهێشت دەرگای ماڵمان بکاتەوە، دایکم و بابم هەمیشە چاوەنواری بوون، ئەویش لە ڕێزەی نەبوان بوو.
کوڕی گەورە بووم، نەیانهێشت سەرم لە هێلکە بجووقێ، کچە پوورێکی خۆمیان لێ مارە کردم، یەستا دەزگیراندار بووم، شەوێک بە دمەقاڵە و شەڕوکێشەی دایکم و بابم وەخەبەر هاتم، زۆر کەم وابوو سەروکڵاویان تێک گیرێ، بەڵام ئەو کەڕەتە، بابم هەتا شل‌شل بوو لە دایکمی دا و ئاڵقەڕێزی دەرگاکەی خست و هات لەکن من لێی خەوت.
ڕۆژ بۆوە، دیتم هەموو سەروچاوی دایکم جێ چنجڕووکە، دەگریا و بەو فرمێسکانە دەکزاوە، بە کەس زەوت نەدەبوو.
بابم گوریسێکی لە تەویلەڕا هێنا، دایکمی بە کۆڵەکەی نێوماڵەکەوە بەستەوە و گوتی:
" هەتا شەوێ بۆخۆم دێمەوە، نایکەیەوە، جەماوجەم نانەکەی بە دمەوە کە و لێی گەڕێ."
گوتم: بابه تۆبی ئەو خودایه پێم بڵێ تاوانی چییە؟ تۆ کەنگێ دەستت لە دایکم هەڵێناوەتەوە؟
بانگی کردمە حەسارێ، دڵی پڕپڕ بوو، گوتی: "دایکت دەمێکە تێکچووە ئەحمەد گیان، دوو شەوە لە دەرێ دەیهێنمەوە، نیوەشەوێ دەچێ لە دەڕگای خەڵکی دەدا، قسەی سووک دەکا، ئەوشەویش تیتۆڵی بەبەر خۆیەوە نەهێشتبوو، چاک بوو وەخەبەر هاتم و گەیشتمە سەری، دەنا حەیای به هەزار ساڵمان دەچوو."
خەسووم دەبووە خوشکی دایکم، زانی ئەو حاڵە بەوحاڵە ناشی، سوعدای بە جلی خۆیەوە ناردە ماڵێ و ئیدی نە ڕەنگی بووک و شایی و ڕەشبەڵەکم دی و نە زانیم زاوایەتی چۆنە.
بابم، ماڵە شێخ و سەید و مەلا و پیاوچاکی ئەو ناوەناوە نەما خۆی تێ نەخا، دە قەیتانی هەر نوشتە بە ملییەوە هەڵواسیبوو، دایکم هەر دەهات و ئاڵۆزتر دەبوو، دەستی دەوەشاند، شتی قڵپ دەکردەوە، سەروپرچی خۆی دەڕنی.
ئەو دڵەم بۆ نەدەتۆقی، وەختێک منداڵ بە شێتە شێتە وەدوای دەکەوتن و خڕکە بەردیان تێدەگرت! هەر بۆخۆم دەمشووشت، سەعاتێک، هەر پرچیم بۆ دەهۆندەوە، کەس نەیزانی ئەو کەیخوداژنە خانەدان و ماقووڵە بۆ ئەئاوای لێهات! نیوەی زیادی منداڵی چوار دێ ئەوبەرتریش، لەسەر دەستی دایکم لەدایک بوون، مامانێکی(قابیلە) کارکردە بوو، دەهاتن بە دوویدا، دێ بە دێ دەڕۆیشت.
شەوێکی، حانی خەوتین، بەفر، کڵۆکڵو کڵاوەی دەکرد، وەختایەکی هەستاین هەتا سەرووی پشتێن، بەفر نیشتبوو، جێگای دایکم بەتاڵ بوو، دڵم داخورپا، بابیشم لە جێ‌وبانەکەدا خۆی مات دابوو، نازانم سەرمای بوو یان هێزی ئەژنۆی نەبوو هەستێ، داخورپام، دەرگای نێوماڵەکەم کێشا، لەودیوڕا داخرابوو.
ئاخ دایە گیان، بریا لەو خەوەمەرگە ڕاچڵەکیبام و ئەو لەشە لاوازبووەتم تێر بە خۆمەوە کوشیبایە و نەمهێشتبایە روحە میهرەبانەکەت لە ئامێزی ساردی بەفردا دەرچێ.
دایکم، ئەوشەوە دەرگای کردبۆوە و سەری خۆی نابۆوە، نە جێ پێی دیار بوو نە کەس بە سۆراغی دەزانی. هەموو وڵاتی لێ گەڕاین، داخەکەم! پاش پێنج ڕۆژ، لەنێو ڕمە بەفری لاپاڵاندا دۆزیمانەوە، ڕووت و قووت بوو. دایکم زۆر جوان بوو، پرچەکانی درێژ درێژ، لەخوار پشتێندەکەی، دەستەکانی دەتگوت هەرمێشکە.
لــەیلا قــادری/ ساکار

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد