ali_leilax.jpgچەند سەرنجێک لەسەر " کۆنگرەی ناودارانی کورد"
ئامۆژگاری مامۆستایەکی مێژووم هەر لە بیرماوە کە فەرمووی بە نیسبەت هەر رووداوێکی

مێژوویی بۆچوونی "هەڵەو پەلە" تووشی "هەڵە"ت دەکا، لێگەڕێ با "تەپ وتۆزەکان" بنیشنەوە ئینجا بە بەرچاوڕوونی لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوەوە، دەتوانی بێ هەڵەتر قەزاوەت بکەی.
تێبینی؛ لێرەدا "تەپ وتۆز" قەت بەمانای بۆچوونی نگەتیڤ نییە، لایەنی ئەرێنی و پۆزتیڤیش دەگەرێتەوە کە "پێش‌داوەری خۆشبینانە"ی پێ دەڵێین!

کۆنگرەی بە ناو " ناودارانی کورد" لە شاری سنە بوو ماوەی دوو ڕۆژ بەڕێوەچوو، بەڵام زیاتر لە دوو حەوتە بوو بە ڕۆژەفی میدیاکان، بەتایبەتی کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنی، ڕەنگە گرینگترین پاژ و بەشی بۆ گەڕانەوەی هونەرمەندی بە کەسایەتیی کورد "مەزهەر خالەقی" بگەرێتەوە کە بەداخەوە سێبەری بەسەر لایەنەکانی دیکەی ئەو "هەمایش"ە کێشا، چما هیچی دیکە بۆ باسکردن نییە ئیلاوبیلا بەشداریی کردنی مامۆستا مەزهەر خالەقی نەبێ! بەداخەوەی هاوفیکرییەکان و هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی تاکی کورد بەتایبەتی تەیفی بژاردەو خوێندەوار بوو بە سەنگەر گرتن و تیرۆری کەسێتی کەسایەتییەکان!
لەم چەند دێرەدا هەوڵ ئەدەم لانیکەم نووسراوەکەی من نەکەوێتە ژێر ئەو گەڕانەوەو نەفسی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ناودارانی کورد و کۆڕ وکۆبوونەوە هاوشێوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخەمە بەرباس و هەقی خۆی پێ بدەم و ڕەخنە وگللەییەکانیشم نەشارمەوە.
ئەركی ڕەخنەگر ئەوەیە بە پێوانەی مەنتقی و ڕوانگەیەکی خەمخۆرانە شرۆڤەی بابەتەکان بکات و هەوڵ بدا ئەگەر بە تەواوی "ئیتسقلالی" فیکریی نییە، لانیکەم پێش لە تەکڕەهەندی و دەمارگژیی بگرێ و تەنیا بە پێی ویستی خۆی بابەتەکان کەوڵ نەکات. هەر بۆیە ئەساسەن جنیودان و ناوزڕاندن و بۆختان کردن جێگەو پێگەی لە چەمێکی هەستیار وەکوو ڕەخنەگری یان "کرتیک" نیە.
بەم پرسیارەوە دەچمە نێو باسەکەوە

چالاکانی مەدەنی و ئەدەبی و سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و هەڵسووڕاوانی کورد لە بوارە جیاجیاکاندا دەبێ چ بکەن؟
ئایا لە بەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی "توتالیتەر و نادێموکراتیک"ە ڕوو لە تاراوگە بکەن و ئەو وڵاتە جێبهێڵین کە لەمە زیاتر کاول بێ؟
یان بۆ ئەوەی نەکەونە داوی دەسەڵات و هزر و قەڵەمیان نەبێتە ئامرازی پرۆپاگاندای حاکمییەت دەبێ لە سووچی ماڵی خۆیان نەبزوێن و چاو لە ئاسۆ بکەن بۆ دەرکەوتنی خۆری ئازادی!
b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_tarix_mshahir_kurd.jpg(واز لە دەلاقە بهێنە، ڕزگاری‌بەخش لە ئاوێنە دایە)
مادام لە نێوان ڕەنگی ڕەش و سپی ڕێگا بۆ هەناسە کێشانی دەیان ڕەنگی دیکەش هەیە و بە لەبەر چاو گرتنی هونەری "دان و ستاندن" باشتر نیە کە لە بەرانبەر گەمەی سیاسی ، وڵامی سیاسیانە و ژیرانەمان هەبێ! خۆ "مۆسێلینی"و ڕێژیمەکەشی هونەری سینەمای دەستەمۆ کرد بۆ بانگەشەی بیرۆکەی فاشیسم، بەڵام خۆ کۆمەلێک دەرهێنەر و ئاکتەری چاکی لێدەرکەوت!
خەڵک فێری گۆشەگیری و هەڵاتن و خۆ پەراوێز خستن ئایا بە کام و کەیفی دەسەڵات و نەیارانی ئێمەیە یا بە زیانی خۆمان!
بە ڕای من هەرجۆرە مەیدان چۆڵ کردن لەژێر ئەو پاساوە کە کۆماری ئیسلامی نادێموکراتیکە و دژە مرۆیی و دژە کوردە، خەسار و زیانی زیاترە چۆن لە چۆڵی مەیدانەکاندا فەزا بۆ پەرەپێدان بە دیکتاتۆری ڕەخساوتر دەبێ.
کەواتە بەشیکی زۆر لە چالاکان و ڕۆژنامەنووسان لە نێو بەڕداشی نێوخۆیی و دەرەکی‌دا هەناسە دەکێشن و بە تایبەتی بەهۆی پەرەسەندی سوسیال میدیا بە "استخارە"و ژیانی فەرهەنگی خۆیان دەکەن کە مەبادا بکەونە بەر شیپی شمشێری لۆمە و تەشهیری " نێوخۆیی و دەرەوەی وڵات"!
خاوەنی ئەم دەقە تا کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو ئەزموونی بەشداریی کردنی لە چەند کۆنگرەو فستیڤاڵ هەیە کە هەمووی بە ئیزنی "کۆماری ئیسلامی و بە بوودچە و بەمەبەستی "خاص"ی سیاسی و لە ژێر دەسەڵاتی ئەو سیستەمە بەڕێوەچوو، ئەویش ئاساییە ئێستاشی لەگەڵ بێ، دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنیی ئێران و کوردستان بە دەست ئەو ڕێژیمەیە و لە درێژەی نووسینەکەم شی دەکەمەوە.
لە خوێندنەوەی دوو دەستە کە بە نیسبەت ئەو کۆنگرەیە ماندووبوون و قسە و بابەتی خۆیان باسکردوە دوو روانگە هەیە، لایەنێک پێی وایە ئەو کۆنگرە حکوومەتییەوە بە مەستی تایبەت و لە کاتی تایبەت بەڕێوەچووە کە واتە هەرچەشنە بەشداری کردن "خیانەت"ەو بەشداربووانیش " ناودار" نین و ناو زڕاون.
( هەرچەند بە ئینسافەوە کە چاو لە لیستی بانگکراوان و ڕێزلێگیراوان بکەین نەتەنیا ناوزڕاو نین، بەڵکوو هەرکامەیان سامانێکی مەعنەویی و فەرهەنگین بۆ نەتەوەکەمان و " برند" و ناوێکی ناسراون)
دەستەی دوویەمیش بە حەرەکەتێک و ڕووداوەیەکی گرینگی فەرهەنگی لە کوردستان باسی دەکەن و دەسکەوتەکانی بەرز دەنرخێنن!
بەڵام خەتی سێیەم دەڵێین" خوێندنەوەی ژیرانە بۆ بابەتەکان، لە خەت کێشان بەسەریان یا "کەیفور" بوونی بێ بنەما باشترە، بەو ڕادەیەوە خوشبینی تۆخ گەمژانەیە، ڕەشبینی خەستیش" توهمی توطئە"ی لێ شێن دەبێ!
لە ڕوانگەی یەکەمەوە دەسپێدەکەم؛
بەڵێ لە ئێستای ئێران و کوردستاندا تەنانەت شایی کرد و زەماوەند لە نێو تەلارەکان، پێویستی بە ئیزنی دەسەڵات هەیە
سەرجەم ئەنجوومەن و ڕێکخراوە مەدەنی و فەرهەنگییەکان دەبێ مجەوزیان هەبێ ، چ بگاتە کونگرەیەکی وا بەربڵاو
کەواتە هەرئەو ئەنجوومەن و ڕێکخراونە کە دەیان و سەدان و بگرە هەزاران کەسی شیاو و تێکۆشەری بە مانای کەلیمەی کۆکردووتەوە هەر بە ئیزنی حکوومەت دەوامیان هەیە. بەڵام ئیزن و مجەوز بە هۆکاری جیاجیا هی دەوڵەتە، ئەی خەمخۆری و دەسکەوتەکانی بۆ کێها لایەن زیاترە؟؟ بۆ دەوڵەت یا خەڵک! بێگومان بۆ خەڵک، چونکە ئێستاکە ژینگەپارێزی بووەتە نەریت! زمان و کەلتووری نەتەوەیی ڕۆژ بەڕۆژ لە گەشەکردن دایە و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا دەسەڵاتی سیاسی نییە.
کەواتە هاتنە مەیدان، هەنگاوێک پاشەکشەی بە دەسەڵاتێک کردوە کە ئیعتراف بە "ناوداران"ت بکات!
باسکردن لە خسڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی ( دیکتاتۆر، نادێموکراتیک، پاوانخواز، دژەگەلی و تاد...) کەشفی تازە نییە و پێویستی بە بیری قووڵ نیە چون دۆستانی خۆیشی دانیان پێداناوە. چ بگاتە ئێمە کورد کە لە سەرەتاوە "نا"یەکی مانادارمان گوت!
ئێستا دەسکەوت یان ئەو پۆتانسیەل و دەرفەتانەی کە دەرهاوێشتەی کۆنگرەو کۆڕوکۆبوونەوەکانی نێوخۆی وڵاتن چین؟
ئەمە کۆنگرەی "هەورامان ناسینن"ی کۆتاییەکانی دەیەی ٧٠ی هەتاوی بوو، کە هەر بە ئیزنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو لە سنە، بەڵام بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆمەڵێک نووسەر و لێکۆڵەر و خاوەن بەرهەم و ماندوو بوو بە شوناسی نەتەوەیی لە پارچە جیاجیاکانی کوردستانی کۆکردەوە، هەر لەو کۆنگرەیە بوو کە بە ڕەحمەت بێ مامۆستا ئەحمەدی قازی لە گەڵ شیرن‌نووسانی کرماشانی شیرین! پێکەوە کەوتنە ئاخاوتن و پەیڤی خۆشەویستی و سنوورە دەسکردەکانی ئایین و زار و بن زارەکان زیاتر قەڵشی تێکەوت.
ئەوە بەرهەمی کۆنگرەی هەورامان ناسین بوو هەر لە سنەی ئێستا، کە " ئێمەمانانی تازەلاو، کەلیموڵڵای تەوەحوودیمان ناسی" و ئاشنابووین بە خەمی کۆچی زۆرملێ بەشێک لە "نیشتمانی دڵ" بەرەو خۆرهەڵاتی ئێران! هەربۆیە پاش چەند ساڵ و ڕێزگرتنی لە باشوور، ئوستاد کەلیموڵڵا تەوەحوودی قامووسی زیندوو، بۆ من و کەسانی هاوتەمەنی من ناوێکی نامۆ نەبوو!
هەر لە کۆنگرەی هەورامان ناسین بوو کە کاتی نواندی جوانترین فیلمی تایبەت بە کوردستان" چریکەی هەورام" پڕ بە باڕستی سالۆنێک لە کاتی دەرکەوتنی جلی "خاکی و پێڵاوی ئادیداس" ! چەپڵە لێدراو لە پەنای گوێم" کابرایەکی فارس گوتی: این ها خودمختاری رو گرفتەاند وما بیخبریم!
ئێتر بە لفکە چۆپی کێشانی دوکتور سادق ئەیووبیان و هەڵپەڕکێی فەتاح پاشای " دەیان و سەدان لاوی خوێنگەرم و شوناسخواز لە گەڵ دوکتور قوتبەددین سادقی بمێنێ.
هەموو ئەمانە ئێستا ڕەنگە ئاسایی بووبێتەوە بەڵام خۆ بێ ڕچەو ڕێچکە نەبووە!
لە کۆنگرەی زانستی شیعری نوێی کوردی لە زانستگایەک لە تاران بوو، کە گیانشاد "بەهائەددین ئەدەب" ، بە شێعری خانای قوبادییەوە قسەکانی دەسپێکرد؛
ھەرچەن مەواچان فارسی شەکەرەن,
کوردی جە شەکەر بەڵ شیرین تەرەن.
یەقینەن جە دەور دونیای پڕ ئەندێش,
ھەرکەس دڵشادەن وە زوان وێش
هەروەها هەر لە تەنیشت یەکەمین کۆنگرەی شیعری کوردی مەلەوی بوو کە لانیکەم خاوەنی ئەم دێڕانە کۆمەڵێک کەسی لە نیزیکەوە ناسی بەتایبەتی لە کاتی چای ونان خواردن کە ئێستاش لە باشترینەکانن نەک هەر بۆ من، بۆ نەتەوەیەک!
قاسم ئەڕژەنگ و خەمە مەخمەڵیییەکانی و دەیان وسەدان کەسی دیکە لەو نموونانەن.
کەواتە نەفسی ئەوەی کە ئەو کۆنگرانە حکوومەت ڕێگەی پێدەدا، هۆکارێکی بە قوەت نییە بۆ هێرشکردن بەسەر بەشداربووان و بەتاڵکردنی لە هەر چەشنە دەسکەوت!
ئەو فستیڤاڵ و کۆنگرانەش ئەگەر تێجووی ماددییەکە بە گشتی لەسەر شانی دەوڵەت نەبوو ببێت بێگومان بە ڕێگەپێدراوی بووە چونکە لە ئێران ئیمکانی نیە بە بێ "مجوز" ١٠نەفەر لە شوێنێک کۆببنەوە بەرنامەیەک بەڕێوە ببەن.
کەواتە ئەوەی کە کۆنگرەی ناوداران یا هەر کۆنگرەیەکی دیکە دەوڵەت خاوەنداریەتی دەکا، شتێکی سەیر نیە چون دەسەڵات بە دەستی ئەوە.
بەڵی منیش پێم خوش بوو کە کۆنگرەی ناودارانی کورد بە سروودی ئەی ڕەقیب و بە هەڵکردنی ئاڵای نیشتمان و بەڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای سەرفەرازیمان و کۆچکردوانی ڕێگای فەرهەنگ و ناسنامەی نەتەوەییم دەستی پێکردبا، هەتا سروودی" سر زدە از افق"!
منیش پێم خۆش بوو لەو کۆنگرەدا هیچ سافی و "ممیز"یەک نەبا بۆ بەشداریی کردنی ماندووانی بوارە جیاجیاکان. بۆ نموونە کە باس لە زمان و کەلتوور کرا دەبووا لە ڕێز پێشووە دەیان وسەدان وەکوو "زارا محەممەدی" چەپڵە ڕێزان کرا بان و، لە بەشی گۆرانیش سەرەتا میدالی فەخری بە سینگی ئەو کەسانە ، کە سەرو ڕوومەتیان لە پێناو ئازادی و سەربەستی ، ئینجا گۆرانی سپی کردوە ببەخشرا و دەیان پێخۆش بوونی دیکە.
بەڵام ئەوانە هەمووی کە نکۆڵییان لێ ناکرێ "مافــ"ە، بەڵام لە ئێستادا ئازەزووە، چونکە ئێمە نیچمە دەسەڵاتی "ئیجراییمان" نییە و هەرواش کە گوتم خۆ تەریک خستنیش ڕاست بە کەیفی دەسەڵات و نەیارانە.
بۆ کۆنگرەی ناوداران و هاوشێوەکانی بەڕێوە دەچێت!؟
لایەنی حکوومەتییەکەی کە دیارە و "سوپاپ اطمینان" پێویستە هەتا ئەوەی کە ڕووخسارێک لە خۆی نیشان بدات کە پرسی "کورد" لەم بەشە لە "کوردستان" کە لە جوغرافیای ئێراندایە و لە ژێر دەسەڵاتی" کۆماری ئیسلامی" بێ تەقە چارەسەر کراوە!
هەربۆیە لە ناو لیستی ناوداران ، ناودارانی بواری سیاسی نەبیندرا، چونکە دەسەڵات هەموو هەوڵی ئەوەیە کە بڵێ؛ پرسی کورد و مافەکانی سیاسی نین و، کورد لە ئێران مێژووی سیاسی نییە هەتا ناوداری سیاسی هەبێ! بەتایبەت لە مانگی پووشپەڕ کە خوێنی بەناهەقڕژاوی ناودارێکی سیاسیی کورد لە پەنجەکانیان دەچوڕێ!
هەموو ئەمانە لایەنی حکوومەتییەکەیە و نەیانتوانی بەتەواوی بیهێنە ژێر ڕکێفی خۆیان، چونکە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە نەتەنیا ڕووداوی پووشپەڕی نەشاردەوە بەڵکوو گەشەی شوناسخوازی گەلی کورد بەتایبەتی لە کرماشان و ئیلامی بەرچاوتر دەرکەوت و ئەمەش یەکێک لە ئامانجی ڕێبەرانی شەهیدانمانە.
خاڵی جەوهەری کە دەبێ سەرنج بدرێت ئەو "موجودیت" و "پتانسیل"ی فەرهەنگی و کەلتوورییە لە کوردستان، کە ئەگەر پیشنیار کرا با کۆریک بۆ ناوداران بەڕێوە بچێت بە هەر مەبەستێک! ناوەندە پێوەندیدارەکان نە تەنیا نەتوانن بڵێین کوا ناودار و کەسایەتییەکانتان ؟ بەڵکوو لە فەراوانیدا مافی زۆرکەسیش بەهۆکاری جیاجیا پێشێل بکرێ و تەنانەت هەرخۆیان ببنە پێشقەرواڵ بۆ مەبەستە سیاسییەکانی خۆیان.
کەواتە بەشی دوویەمیش کە بەرپرسان و دەسەڵاتدارەکان مەبەستی خۆیان دەپێکێن ئەویش خاڵێکی ئاساییە، چونکە ئێستا منی تاکیش کە خەریکم بە دێڕانە ماندووتان دەکەم دەمهەوێ مەبەستی خۆم بپێكم ، چ بگاتە ڕوانینی ئەمنیەتی و سیاسی دەسەڵاتێکی پاوانخواز بە نیسبەت کوردستانی هەمیشە سەرئێشە!
گللەیەک لە شێوەی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێمە لە گەڵ " گەمە سیاسییەکان و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە.
من هیواخوازم وا نەبێ کە دەرکم کردوە، ئەویش
"ڕوانینی هێژمۆنی خوازانەو، ترس لە پەراوێز کەوتنە"
ڕوانینی هێژمۆنی خوازانە ئەوەیە کە من هەوڵ بدەم بیسەلمێنم کە شتێک چاکە، کە بەویستی من و لە سەر دەستی من بێ!
ئەمەش ڕیشەی بۆ خۆسەپاندنێکی نادێموکراتیک ئەگەر نەگەڕێتەوە، بەگۆمان ترسێکی پێوە دیارە کە مەبادا من "وە پەراوێز" بکەوم کەس ولایەنەکانی دیکە "برجستە"!
لانیکەم ڕەوتی رووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێ هەتا دێ ، پلۆڕاڵی فەرهەنگی و لە داهاتووشدا فرەچەشنی سیاسی ، جێگرەوەی یەکڕەهەندیی سیاسییەوە مونۆلۆگی لێخۆڕین جێگای لێژ دەبێ و، دیالۆگی لە یەک‌تێگەیشتن سەقامگیر دەبێ!
کەواتە سەد بڕیا پێش دەسپێکی ئەو کۆنگرەیە کە هەمووان ئاگادار بووین، لانیکەم لە سەر نیوەی پڕی "پەرداخ"ەکە حیسابمان بکردایەو چینی بژاردەو ڕووژنامەنووس و قەڵەمبەدەست بە مەوافق و موخالێفەوە، کە من دڵنیام دەردی هاوبەشیان خەمی نیشتمان و بەها ئینسانییەکانە، بە هاوفیکری و هەوڵدان بۆ لەیەک تێگەیشتن کۆمەڵیک خاڵ و تێبینی و داواکارییان ئاراستەی بەشداربووان بەتایبەتی ناودارانی هەڵبژێردراو بکردایە، ئەوە ئەگەر هیچ دەسکەوتیشی نەبا لانیکەم لە هیچ نەکردن! ئەو پەڕەکەی یەکتر تاوانبارن کردن باشتر بوو! دڵنیام ئێوە باشتر دەزانن کە یەک سانتی مێتر مەوداو بۆشایی لە نێوان تاکی کورد بەتایبەتی چینی بژاردەو نووسەر و خاوەن پێگە، مەودایەکی بەربڵاوە بۆ تەڕاتێنی نەیاران و دەسەڵاتداران، بەداخەوە لەم کۆنگرەش بەجوانی ئەو دەرفەتەمان بۆیان ڕەخساند.
ئەساسەن ئەگەر هەموو شتێکی "جوان" باش نەبێ، بێگومان هەمووشتێکی باشیش"جوان" نییە.
بەندەی موخلیستان لە ڕاوێژی چەند کەس کە گوتیان بانگهێشت کراون بۆ کۆنگرەی ناودارانی کورد و ئەرێ بەشداریی بکەین یا نە؟ با لەسەریشم ببێتە ماڵ، گوتم بەڵی بەشداریی بکەن با لانیکەم کۆنگرە و مەحافڵی وا بە چاک وخراپەوە لە نیزیکەوە ببینن! گرینگ ئەوەیە نەبنە ئامراز !
تەنانەت هەوڵی ئەوەیشیان دا کە لە پێوەندی لەگەڵ گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و پرسی زمانی دایک قسەی خۆیان بە جۆرێ بگەێین!
ئێستاش وەکوو بەشی کۆتایی وەکوو لێکەوتە باشەکانی ئەو کۆنگرەیە بە پشتبەستن بە قسەی چەند هاوڕێیەکی کوردویست کە لەو کۆنگرەیەدا بەشدار بوون، ئەم خاڵانە دەخەمەڕوو ،
١؛ هەوڵەکانی ناوەندەکانی سایبێری"ساس" بۆ شکاندنی کەسایەتییەکانی کورد سەری نەگرت و ئەو هەوڵەش کەدرا بە خستەوە بەرباسی ئەوەی کە گوایە "مەزهەر خالەقی" حەسەن زیرەکی لە ڕادیۆ کرماشان دەرکردوە ، شکستی خوارد کە بە مەبەستی بۆشایی خستنی نێوان "موکریان" و "ئەردەڵان" سازکرا بوو.
٢؛ لەم کۆنگرەدا کرماشان و پۆتانسیەلە فەرهەنگی وهزری ئەو ناوچە بە جوانی دەرکەوت و شوناسخوازی ئیلام و ئیلامییەکان بەرپرسانی سەرسام کرد بوو.
٣' حکوومەت بەتەواوی نەیتوانی دەست بەسەر لیستی ناودارانی کورد بگرێ و بەجۆرێک "ئیبتیکاری عمل" بە دەستی بەشی کوردی زانکۆی سنە بوو کە جێگای هیوایە بۆ بەرنامەکانی دیکە!
٤' لە تۆی قسەکانی محەممەدی عەلی سوڵتانی بوو کە بۆ بەشێکی زۆر لە بەشداربووان دەرکەوت کە ئێران وڵاتێک نیە کە بێ منەت بێ لە گەلانی نێو ئەو جوغرافیایە و ، بێ نەتەوەکانی دیکە بوونی نیەو پیشنیاری "کۆنگرەی سوهەروەردی" کرد وەکوو یەکەم فیلسەفۆفی کورد خستە بەرباس.
و...
کۆتا قسەم !
با قسەی خۆش ون نەبێ و ئێوەش بحەسێنەوە، شتێکتان عەرزکەم .
"مامۆستا مەزهەر خالەقی" کە گەیشتە سنووری باشماخ و بوو بە" باقر" شتێکم وەبیرهاتەوە کە هاوڕێیەکی ئازیزم کاتێک لە کەسێک تووڕە دەبێ ڕاست دەچێتە سەر لاپەڕەی فەیسبووکەکەی ئەو کەسە و، سەرجەم "لایک"کەکانی لێی وەردەگرێتەوە! بەو شێوە ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێ!
ڕاستیتان دەوێ منیش لەو تووڕەییە بێبەش نیم بەڵام بە حورمەتی گۆرانی" پەپوولەی ئازادی" و "نەسیمەکەی سەردی پاییزی" خالەقیم وەکوو خۆی قبووڵ کرد.
چ باقر چ مەزهەر !
خالەقی بەشێکە لە هونەر و ناسنامەی میللەتی ئێمەیە.

سینگ‌فەراوانی بەشی تاک بەتاک و، ئازادی بەشی هەمووان.
موخلیستان عەلی/لەیلاخ

وێنەی ئەم پۆستەم بە ڕوو بەرگی بەرهەمی بەنرخی "مشاهیر کرد" مامۆستا
بابا مەردوخ رۆحانی ڕازاندوتەوە کەیەکەمجار ئەو بوو خەمی ناودارانی کوردی خوارد و کتێبێکی نووسی کە هەتا کورد هەبێ، هەر دەبێ ئابدەیت ببێتەوە.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.