leila_qadri_sakar1.jpgپۆلی دووی ناوەندی بووم، لە قوتابخانەی دوازدەی فەروەردین(خاکەلێوە) دەمخوێند.
ساڵێ دوو جار قوتابییە زیرەکەکان، خەڵات دەکران.

پێشتر ئەو بەزم و ڕەزمە نەبوو، ئەوی ساڵێ، سروود و شانۆ و نوقڵ و شیرنیات بەخشینەوە و عەکس خستن و زۆر عۆینی دیکەمان لێ پەیدا ببوو.
خانم کەریمی، جێگری مودیر بوو، قەیرە کچێکی ڕەش‌ئەسمەری، پان و پۆڕ و بەخۆوە. ئەوەندەی خودا لەسەری دانێ، زمان‌تاڵ، تووڕە و تۆسن و ناجسن بوو. زۆر جار لەنێوان دیواری ساڵۆن و زگە مەشکەکەی دەگرتم، دەسماڵێکی بە تف تەڕتەڕ دەکرد و بە برژۆڵەکانمی دادێنا، دەیگوت:
" قادری! بێ و نەبێ شتێکت لێ داوە، بەڵام دەبێ بزانم بۆ دەسماڵ ڕەش ناکا؟ نەڵێی خانم دیوناسە و مایەم بۆ دادەنێ، بە حاستەم بزانم لاقت خوار دادەنێی، ماتیکت لێ بگیرێ، کۆڵمە و لێوت سوور کردبێ، ئەو گووەت لە بڕژۆڵت دابێ، پەروەندەکەت دەخەمە بن هەنگڵت، هەزار ئەوەندەش زرینگ بی، ڕاتناگرمەوە...یەستا پێت نەگوتم چیت لەو بڕژۆڵانەت داوە، ئاوا لێت خۆش نابم، دێمەوە جەستەت!
چاو قادری! تۆ قەت بێ‌قسەییت نەکردووم، تا زەنگی ئاخر پێم بڵێ چیت لێداوە، دەتکەمە ئینتزامانت(دەرکەوانی قوتابخانە کە دەبوو ساکی کچان بپشکنێ، نەکا نامەی کوڕان، عەکسی سێکسی، عەکسی سریدیوی و شاڕوخ خان و سەلمان خان، شریتی هایدە و موعین و سوورا و سپیاویان پێ بێ).
زۆر جار ئاوا لە هیچ و خۆڕایی بەربینگی پێ دەگرتم، سەروچاوی بە تف دەخووساندم، قەتیش بە مراد نەگەیشت و هەموو جارێ نانی به سێڵەوە دەسووتا... بەڵان بەینەڵڵا نێوکی منی دەخست، نایشارمەوە، بەو قسانە زۆر دەشڵەژام و دەکەوتمە پتەپت. چون ئەو بەیت و باللۆرەی بۆ دایکم کردبایه، تازە دایکم پێی وابوو بە تاقی تەنێ لە حەساری ئەو مەدرەسەیە بەیداخم هەڵکردووە و بوومەتە کەڵەگا... یەک‌بین وەبەر ڕەهێڵەی جنێوی دەدام و ڕانەدەوەستا کۆزر و کای لێ بگرم.
ئەو ڕەشکەکایەش لە منی هەڵکێڵابوو، ئەو ڕۆژەش زیادە لە کچی ئەو خەڵکە، هاتە بن گوێم:
" قادری! خودا و پێغەمبەرم بە گژ داکردی، دە ئەو ماقنەیەت(سەرپۆش) داکێشە، ڕەببی بە میراتت بێ، تەوقی سەرت بەدەرەوەیە. ئەخە ئیداره، دووسبەی من سەرکۆنە دەکا، تۆ چ مەنزوورتە! خۆ ئێرە هەتیومەتیوی لێ نییە، نابێ بزانم بسک و ئەگریجەت بۆ کێ داناوە!؟ "
گوتم: ئەو ماقنەیە ئی خۆم نییە و ئی کچی پوورمە، بە وەعدی ڕۆژێکم وەرگرتووە، سێحەبەکەی خرپن و دموچاو پانە، فریا نەکەوتووم دوو تەقەڵ لەبن چەنەم دەم، بۆیە هەڵدەکشێتە پشتەوە، مەردی خودا بە، ئەوڕۆم پێ ڕەوا ببینە، ئێوارێ کچە بۆی دێ."
ئەو ڕۆژە هەرچۆنێک بوو، خەڵاتەکەم لەدەست ئیمام جومعە وەرگرت، لەو کاتەشدا کاک عەلی تووتنچی(وێنەگر) هاتبوو، سەر و دوو وێنەی جوانی لێ گرتین. هەر زوو خانم کەریمی هاواری کرد، ئەوانەی خەڵات کراون، سبەینێ یەکی 40 تمەن بێنن، عەکسەکان دەشۆینەوە. دەنکی 20تمەنە.
هەر کەسیش نایهەوێ بۆی بشۆینەوە، بێتە دەفتەر و بڵێ نامهەوێ.
خەتم زۆر خۆش بوو، هەروەها شیعر و گۆرانییەکی زۆریشم لەبەر بوو، جا ئەوکات لە کلاسی ئێمەدا، کەس نەیدەزانی کوردی بنووسێ، هێنام حەوت شیعری کوردیم بۆ کچان نووسی، پێنجیانم فرۆشت، دانەی بە تمەنێک...دوو دانە مابۆوە. لە ڕێگای ماڵێ، سەرم بە دووکانی حاجی دووکاندار داکرد، گوتم:
"حاجی شیعری کوردیت ناوێ بە تمەنێک؟ لە ڕیزی ئەو ئەسپەندەر و تەقویمە، لە دیواری بدە.
حاجی گوتی بۆ ڕۆڵە خودا لەونی لێ گۆڕیوم، تمەنێک بدەم بەو کوتە قاقەزە!
ڕێگام گرتە بەر، ئەوەشم دەزانی کە دەبێ دەراوی بۆ خۆش کەم و دایکم ئەو ژنە نییە هەروا مفت و مەرحەبا ٤٠ تمەن له چنگی من نێ بۆ دوو عەکس، ئەویش لایەکی ئیمام جومعە بێ!!
ڕویشتمەوە ماڵێ، قەیسی و ڕۆن خورابوو، بەشە چێشتەکەی منیش لە جامێکی روح(فافۆن)دا لەسەر کوورە حەیرانی دەگوت، کوورەیان وا نێڵ دابوو، قەیسی ماڵوێران ویشک ویشک هەڵاتبوو و ئەوەندی دیکەی خۆی ناحەز کردبوو، بەڵان چارە چییە، ڕۆژی تۆران و زیزبوون و ناز و نیم‌ناز نەبوو، بە نابەدڵی چێشتەم ئاوەژووی ئەودیو کرد. دەبوو هەموو ڕۆژێ، سێ چوار سەعات بچمە سەر تەون و پاشان بێمە سەر دەرس و دەورەکەم.
دۆشەگەڵەیەکی شینم بوو، دایم و دەرهەم لەگەڵ خۆم دەمگێڕا، دەستم دایە و لەسەر دار تەونەکە ڕامخست، خوشکم گوتی:
"لەیلا گیان، فرێت-مان(پۆ) نەماوە. جارێ خەریکی مقەست کردنم. بە قسەی دادی خۆت دەکەی، نامەیەک بۆ دۆستی بەهارە بنووسە، لەقسان هەفتەیەک دەبێ مەیلەوساردە لەگەڵی، بەهاره وەک جاوی جوو دەپاڕاوە. بەڵام نەچی بە دەردەکەی شەوبۆی بەری، کوڕەت وا تەرەکەمە کرد، ئێستاش کەس لەو گەڕەکە نەیدیتەوە."
بابم له ماڵێ نەبوو، بۆیە هیچ هیوام نەبوو ئەو کارە سەر بگرێ و هەرچۆنێک بوو، باسەکەم دامەزراند.
دایکم: چی؟ دوو عەکس و ٤٠ تمەن؟
وەڵا بابه تێرمان خوارد، ئەشهەدوبیللا نەقڵێکی خۆشه، نازانم بۆ ئەو منداڵانەی من هیچ کوێیان نەچۆتەوە سەر من! کچێ ڕۆڵە ئەوە بە کەریان زانیوی، دەنا لە کوێ، تاقە عەکسێک بە 20 تمەنە!؟ خۆ هەر کەس گوتی بدە، نابێ بڵێی فەرموو.
ئەی خودا ئەو ئاقڵەی بۆ پێداوی!
من: دایکی من، خۆ هەر من نیم. بڵێ ناتدەمێ، ئیدی چێو لە تاریکی مەکوتە.
دایکم: "خۆ ناتدەمێ، ئەوە هیچ، بەڵان تۆ نافامی، هێندەت ئەو شتانە به گوێ دادەدەمەوە، هەتا سبەی ڕۆژێ هەر خوێڕی و بەڕەڵڵایەک نەتوانێ زەفەرت پێ بەرێ و بە ساویلکەت بزانێ و تێت ڕۆبێ...
دەنا ناوەڵا، پووڵم لە پێستە پاڵاغی دابێ، لە مستی خانم کەریمی کەس تێنەڕیاوی ناکەم، ئەویش بۆ چی؟ بۆ عەکس...ئەخە چونکە کەممان عەکس هەیە، ئاڵبووم نایبا.
نێوچاوانت تێک مەنێ و لیچت دامەژەنە، من ناڵێم، بۆخۆت بڵێ، جا تۆ ئەو خودایەی بە حەقی دەناسی، گوناح نییە ئەو پووڵە جوانە لە مستی عەلی تووتنچی کەی؟
خودا دەزانێ ڕۆژێ قۆڵی چەند کەسی وەک تۆ دەبڕێ!
زۆرم شایی پێت بوو، حەیفێ...
ئەو بابە-ت نۆ دانە مانگ بێ‌سەر و شوێن بوو، وەک تووتک بە دممەوە گرتن، 200تمەنم لە ژنی حاجی قەلەموونە بە قەرز وەرگرتبوو، لەبنی قەرزەکەی، شەوێ تا بەیانی پێچی پێ بادەدام و تەشی پێ دەڕستم و گۆرەوی و کڵاو و زەنگاڵی پێ دەچنیم، ئاخری 200 تمەنەکەشی لێ ئەستاندمەوە. ئەدی کچم، ئەوە پێوەی ماندوو نەبووی و ئارەقەی ڕەش و شینت پێوە نەکردووە، دەنا وەکی لە لەپی دەستی خەڵکی دەنێی، لە تەنگەی باغەڵی خۆتی نێ..
بێ پووڵی وەک گولی وایە، کەس تخوونت ناکەوێ، یار لێت دەبێتە ئەغیار، بەڵان هەر ئەوەندەی باغەڵت هەڵمسا، هەموو قرچەپێ لەبەرت هەڵدەستن و دەستەونەزەر ڕادەوەستن. لۆمەت ناکەم، بەرخی تێرە شیری، نەبوونیت نەدیوە.
من: باشە، منیش ئەوجار دەست بۆ قولاپ نابەم، ئەگەر ئیلمەم لێ چنییەوە، کچی بابی خۆم نەبم.
دایکم: "جا خۆ بە خێرای خۆت نییە، ئەی کەرکێک خێزان بە چی بەڕێ دەچێ؟ ڕەنگە وات تێکوشیبێ هەموو لاق لەسەر لاق دانێن و پاڵی لێ بدەنەوە و بە تەرخانی بیخۆن...
باشه کچەکێ، تۆ پێت وایە خانم کەریمی عەکسی تۆی بۆ چییە! سوور دەزانم و لێم عەیانە ئاخری بە دەستی خۆی بۆت لە پاکەتێکی سپی داوێ و بۆت دێنێتە کلاس، چون بەسەر دەستیدا دەمێنێتەوە، خۆ ئیشاڵڵا نایباتەوە ماڵێ...
بەڵێ شتێکی دیکە بایە، دەمگوت ڕەنگە بیخوا، بەڵام ئەوە ڕۆژەکەیە، ئا بزانە چۆن دێیەوە دەڵێی دایە دەستت بێنە ڕایمووسم."
تا سبەینێ هەر لالووت بووم و مووشم کردبوو، نازانم چیشم بۆ هەتیومچەی دۆستی بەهارە نووسی...بە ناقایلی چوومەوە مەدرەسە.
کچان بەغار خۆیان لە دەفتەر ڕۆ دەکرد و یەکی به پاکەتێکەوە، دەهاتنە دەرێ، منیش لە سووچێک کروشمەم کردبوو...
چووینە سەر کلاس، یەستا بیسمیللامان لە دەرس نەکردبوو، خانم کەریمی وەژوور کەوت.
" قادری گیان! عەکسەکانم بۆ هێناوی، زۆریش جوانی، کچەتیو دەڵێی حەوت پشتت مۆدێل بووه، قەیافەیەکی شەش دەر چوارت گرتووە، ئەو ماقنەیەی دۆینێشت زۆر لێ دەهات، حەیفێ تۆزێک شل و شەوێخ بوو"
من: خانم، پووڵم لەبیر چووە...
خانم: "لەبیرت چووە، قەی چ دەکا، تازە بۆ سبەینێ، پووڵەکە بێنە و عەکسەکان هەڵگرە"..
من: خانم، هەر عەکسم ناوێ، پێم جوان نین.
خانم: "یانی چی؟ بۆ من قومارکەری تۆم! تۆ ڕاڕا و وازی‌وازی، من چ بکەم! باشه عەکس لەوە جوانتر دەبێتە چی خات لەیلا ! ناکا بەو عەکسە بتخوازن!؟ چاو لێکە قادری، کارم بەوە نییە، ئیللان و بیللانە دەبێ هەڵیانگری، لە گیرفانی من حیساب کراون."
جا من ئەوان دەمان زۆر زوو هەڵدەچووم و زۆر جار لەگەڵ تڕی بزن بەشەڕ دەهاتم، بۆیە پێم گوت: بیاندڕێنە، پووڵیشم پێیە، هەر چونکی لەبەر چاوی ئەو عالەمە شکاندمتەوە، دەبێ هەر بیاندڕێنی."
ئەویش نەیکردە نامەردی، نەیهێشت زمانم بگەڕێتەوە، ورد ورد ئەنجنینی و لە سەتڵی زبڵی هاویشتن.
لەیــلا قـــادری/ساکار

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.