دەرسیم: ڕابە ڕابە ئەم وەگەڕێن وڵات. برایم فەڕشی

دەرسیم: ڕابە ڕابە ئەم وەگەڕێن وڵات. برایم فەڕشی

کوردستان ڕەنگە تاکە وڵاتی سەر گۆی زەوی بێ کە وەک کۆمەڵە دورگەی بێ دەریا بێتە بەرچاو و زۆر لە خەڵکەکەی نامۆ بەیەک مابێتنەوە. تاکی کورد گەر وەک ئەندامانی یەک نەتەوە، پشتئەستوور بە زانینی مێژوو، خۆی ناسیبا، دیتوانی وەک هەر نەتەوەیەکی تر، ئەمڕۆ خاوەنی خۆی، خاک و زێد و کیانی سیاسی خۆی بێ!

تێگەیشتنی کورد لە خۆی و لە یەک، لە زۆر بواردا تاکی کوردی نامۆ، تەریک و ناساز و دڕدۆنگ لە یەک و دوژمن و دژ بەیەک و نائاگا بە یەک هێشتۆتەوە، کە ئەمەلە هەموو بوارێکی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، زمانی ڕەنگی داوەتەوە.

ئەمڕۆ چواری مانگی مای ساڵوەگەڕی قڕکردن و ژنۆسایدی دەرسیم بوو. هەشتاوحەوت ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە درێژایی ساڵی ١٩٣٧ و ١٩٣٨ دەیان هەزار کوردی ناوچەی دەرسیم بە شێوەی هەمە جۆر کوژران و هەزاران کەس بێ گۆڕ فڕێدران و ئەو منداڵانەی زیندوو مانەوە، لە کوردستان دوور خرانەوە و دران بە ماڵە تورکەکان بۆ ئەوەی بتوێندرێنەوە.

دەیان ساڵ دواتر نەوە و نەتیجەکانی کوژراوان و وونکراون لە دەرەوەی وڵات هێدی هێدی کەوتنە گوتن و خۆ ناساندن. جار بە ناوی عەلەوی، جار بە ناوی زازا، جار بە ناوی کورد. نووسەر و هونەرمەندی بواری مۆسیقا دەنگیان هەڵبڕی و لە بازنەی تەنگ و تەسکی خۆیاندا بە تایبەت لە ئاڵمان خۆیان دیتەوە و کۆڕ و کۆمەڵی ئایینی، زمانی، فەرهەنگیان ساز کرد و کەسانێک وەک حەسەن دەوران بە شیعری زازا و ئاڵمانی دەنگیان هەڵبڕی و فیلمساز بۆ یەکەمجار پیرە پیاو و پیرە ژن و منداڵانی ساڵانی ١٩٣٧ و ١٩٣٨ یان دیتەوە و میکڕۆفۆنیان خستە بەر دەمیان.

ئەم تڕاژێدییە بۆ یەکەمجار لەگەوەرەترین سینەمای شاری کۆڵن نمایش کرا. فیلمەکە بە کردنەوەی پرێسکەیەک دەستی پێکرد. منداڵی دوێنێ و پیرێژنی ئەمڕۆ پاش کردنەوەی گرێی پرێسکەکە، پرچێکی بڕاو نیشان دەدا و چاو پڕ لە ئەسرین دەڵێ: ،، دایکم بەر لە کوشتن ئەم چەند تاڵە قژەی پێدام و گوتی لای خۆت ڕایگرە!،،

ئەمڕۆ لە شاری کۆڵن و کۆمەڵێک وڵاتی ئورووپا بۆ یەکەمجار پاش ٨٧ ساڵ ڕێکخراوەکانی کورد و کۆڕوکۆمەڵی عەلەوی و زازا ، ڕابوون و دەنگی خۆیان هەڵبڕێ و لە ڕێگای میتینگ و کۆنفڕانس بۆ یەکەمجار داوایان لەکۆمەڵگای جیهانی کرد، ڕۆژی ٤ی مانگی مای بە ڕۆژی ژنۆسایدی دەرسیم بناسن.

لە میتنگ و کۆنفڕانسی ئەمڕۆ ، گەلێک زانیاریی بەزمانی کوردی، ئاڵمانی، تورکی باس کرا کە دەبوو هەر کوردێک بیزانێ، کە زۆربەمان نایزانین و ئاگاداری وردی کارەساتەکانی وڵات وخەڵکەکەمان نین، هەروەک چۆن زۆربەی هەر زۆرمان زانیاریی ڕووکەشیانەمان لە کارەساتەکانی وەک هەڵەبجە، ئەنفال و دەیان کارەساتی تر هەیە.

ساڵی ١٩٩٧ کەسێک تەلەفوونی لێکردم و گوتی مامۆستا هۆمەر دزەیی ژمارە تەلەفوونی ئێوەی پێداوم و دەبێ هەر ئەمڕۆ بتانبینم. ئێوارە درانگان یەکترمان بینی و کتێبێکی دەستخەتی نزیک هەزار لاپەڕەی لە بەر دەست دانام و گوتی ،، زیاتر لە دەساڵە هەرچی بەڵگەی ناونەتەوەی لە سەر ئەنفال هەبووە، کردوومەتە کوردی و ئێستا دەگەڕێمەوە کوردستان و دەترسم خۆم و کتێبەکە لە ناو بچین، هەر بۆیە دەمەوێ کۆپی کتێبەکە لای تۆ بمێنێ!،، کتێبەکە لای من مایەوە و نەمزانی چی بەسەر نووسەر و کتێبەکە هات.

ساڵی ٢٠١٧ بەسەرهاتی بنەماڵەیەکی زازامان بە ویدیۆ تۆمار کرد و وەک کاری نووسەر و هونەرمەندانی زازا کە حەولی زانیارییبەخشینیان ددەدا، لە ناو بێدەنگی کورد و حزب و دەزگاکانیدا مایەوە.

ئەمڕۆش ٤/٥/٢٠٢٤ لە چل و پێنج هەزار کوردی شاری کۆڵن و دوو سەت و پەنجا هەزار کوردی ئەیالەتی نۆردڕاین وێستڤالن، دوو هەزار زازا و تورک لە میتینگ و نزیک دوو سەت کەس بەشداری کۆنفڕانس بوون، لەوانە سێ کوردی ڕۆژهەڵات، هیچ کوردی باشوور ،کۆمەڵێک کوردی باکوور و هیچ حزبێکی کوردی هەر چوار پارچە!!
برایم فەڕشی
٤/٥/٢٠٢٤