کۆچی دوایی فەرماندەیەکی پێشووی حیزب!

کۆچی دوایی فەرماندەیەکی پێشووی حیزب!
ڕۆژی 11/2/1403ی هەتاوی (30/4/2024)ی زایینی کادری لێوەشاوە و فەرماندەری بەوەجی پێشووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران “کەریم پوور قوباد” لە تەمەنی 78 ساڵیدا لە شاری ستۆکۆڵم پێتەختی وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد. نەمر کەریم پوور قوباد 12/6/1324 (3/9/1945) لە شاری سنەی سەربەرز لە دایک بوو.
کاک کەریم وەک ژومارەیەکی دیکە لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دوای تێپەڕکردنی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی ساڵی 1343ی هەتاوی پەیوەست بە ڕێزەکانی ئەرتەش بوو، بەڵام لە هەموو ئەو ماوەیەدا کە لە نێو ئەرتەشدا خزمەتی دەکرد هەستکردن بە مافخوراوی گەلەکەی بۆ ساتێکیش لە بیر و هزری نەچۆ دەر و هەردەم لەبیری ڕزگاریی گەلەکەیدا بوو. کاک کەریم لە کاتی دەسپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی لە ساڵی 1357 دا بە پلەی گروهبان یەکەم لە پادگانی مەهاباد دا خزمەتی دەکرد و یەکێک لەو ئەفسەر و دەرەجەدار و سەربازە شۆڕشگێڕانەی کورد بوو کە لە ڕۆژی 30 ڕێبەندانی 1357ی هەتاویدا، لەسەر پێشنیاری خودی نەمر کەریم پوور قوباد پادگانی مەهابادیان چەک کرد و خستیانە ژێر بەڕێوەبەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان-ئێران.
کاک کەریم پوور قوباد دوای هاتنە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتەوە وەک فەرماندەیەکی لێوەشاوە ئەرکی فەرماندەریی هێزەکانی شەهید “شەریف زادە”ی سنە، “شاهۆ”ی هەورامان و شەهید “پێشەوا”ی مەهابادی پێ ئەسپێردرا و بەوپەڕی لێوەشاوەییەوە ئەو ئەرکەی بەڕێوە برد. لە ماوەی فەرماندەری خۆیدا هەوڵی زۆری دا هێزەکانی ژێر فەرماندەریی خۆی لە گەڵ تیکنیکی نوێی شەڕ ئاشنا بکات و توانای بەرەنگاربوونەوەیان لە بەرامبەر هێزی دوژمن دا بەرێتە سەر.
کاک کەریم وەک بەشێکی دیکە لە تێکۆشەرانی کورد ساڵی 1366ی هەتاوی (1987) ی زایینی ئاوارەی هەندەران بوو و لە وڵاتی سوئێد دوور لە زێدی خۆی ژیانی تێپەڕ دەکرد، بەڵام دڵ و هۆش و بیری هەر لای کوردستان بوو. نەمر پوور قوباد لەو ساڵانەی دواییدا بە دەست نەخۆشییەوە گیرۆدە ببوو. سەرەنجام هەر بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە کەسوکار و هاوسەنگەر و هاوبیرانی خۆی کرد و وەک باقی تێکۆشەرانی دوورە وڵات بۆ هەتا هەتایێ چاوەکانی لەسەر یەک دانان و درێژەدانی ڕێگای خەباتی بە ڕێبوارانی ڕێگای پڕ لە شانازیی خۆی سپارد.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران-کومیتەی سوئێد وێڕای بەداخبوون بۆ کۆچی دوایی نەمر کەریم پوور قوباد سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکارێی ئەو نەمرە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و شاری سنەی سەربەرز زێدی لە دایکبوونی ئەو ڕۆڵە دڵسۆزەی گەلەکەمان بەتایبەتی دەکات.
ڕووحی شاد و ڕێگای خەباتی پڕ ڕێبوار بێت.
لە ڕاستەوە:ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدکا شەهید کاک عەبدوڵڵا شەریفی ، تێکۆشەری نەمر فەرماندەی ڕۆژە سەختەکان کاک کەریم پوورقوباد، ئەندامی پێشووی ڕێبەری کاک موعتەسەم نوورانی
لە ڕاستەوە: ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدکا شەهید کاک عەبدوڵڵا شەریفی ، تێکۆشەری نەمر فەرماندەی ڕۆژە سەختەکان کاک کەریم پوورقوباد، ئەندامی پێشووی ڕێبەری کاک موعتەسەم نوورانی