من شاعیری ڕێ شکێنی خورۆشاوی نێو تۆفانم! ئاکۆ ئەلیاسی
من شاعیری ڕێ شکێنی خورۆشاوی نێو تۆفانم!
ئاکۆ ئەلیاسی
***
کە چاویلکەی وردبوونەوەم
ئەخەمە سەر چاوی سەرنج،
لە بن سێبەری کۆنیی خۆم
گتێک ئەکەم
ڕادەمێنم لەسەر سینگی سووری مێژووم
دەبینم کە،
من دەماری خوێنی گەرمی شەختەی بەستووم.
لە بیرم بێ و لەوەتەی هەم
لە هەمبەری داگیرکەرم
خەنجەرێکی لەسەر هەستی لە نێو کێلان هەڵکێشراوم.
لە بیرم بێ،
هەربەرزایی خەونم بووە و
لە لووتکە هەوریوە ماڵم.
لە ڕەگەزدا … لە بوونمەوە هەتا ئێستا
بە هەڵۆیی گۆشکراوم.
لە ڕاچەنین، چوست و چالاک
لە هێرش دا چنگ بە گڕم،
وینەی بازم.
شەرابی نابە باوەڕم،
لەتر ئەدەم لە مەستییدا
لەسەر ڕاستەڕێی ڕێبازم .
ئەگەر بە تاوڵاوی ڕۆژگار
ژەهراویش بێ ئەم شەراوەم
بەدەم ڕێوە،
دڵۆپ دڵۆپ دەیخۆمەوە
تا لەپێی مەستی دەکەوم.
لەوپەڕی بێ ترووسکەیی،
من ڕووناکیی ئەو مۆمەم وا
لە تاریکیی داگیرساوم
تا گەیشتن بە ترۆپکی خەونەکانم
ڕێ دەپێوم
کوانێ دیلی دەستی خەوم؟!
هەتا دەمرم ڕێبواری ڕێم
بۆ ئامانجی بەرزی مانم.
من شاعیری ڕێ شکێنی خورۆشاوی
نێو تۆفانم.
من ئەو دەنگە لاسارەم وا
کە ئالوودەی مەی و ڕاستیی و
شیعر و عیشق و خۆشەویستیی نیشتمانم!