sakar.jpgنووسینی: لەیلا قادری (ساکار)
بۆخۆی دەیکوت 36 ساڵم تەمەنە و هەر ئەوەندەشی پێ دەکەوت؛ لە یەکێک لە شارەکانی باشووری

کوردستان لە دایک ببوو. لەگەڵ کۆڕەوەکەی ساڵی 91 ئاوەژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببوونەوە و لە بۆکان گیرسابوونەوە... بابی پاش ماوەیەک گەڕابۆوە زێدی خۆی و تریفەش لەگەڵ ماڵ و منداڵی لە بۆکان نیشتەجێ ببوو.
ژنێکی خڕیلانەی نەرم و شل، ڕەزاسووک و دەم بە پێکەنین.
دایکی چوار منداڵی چاوگەش و هێدی و هێمن... ( ئارەش:17،ئازیتا: 14، ڕۆزیتا: 11، ئاڕشام: 2 ساڵ تەمەنیان بوو) نادر و تریفە، هەر لە سەرەتای ژیانی هاوبەشیانەوە بە شەڕ و هەڵڵا هاتبوونە سەرێ.
نادر، بارە قاچاخی کابرایەکی دەوڵەمەند و فێڵبازی گرتە ئەستۆ و خۆی لە زیندان ڕۆکرد(بڕیار بوو کابرای گۆرین هەموو مانگێ بڕی پارەیەکی دیاریکراو بە ماڵ و منداڵی نادر بدات؛ ئەوەش خەون و خەیاڵ بوو) و تریفەی جوان و جحێڵی بە چوار منداڵی ورد و درشتەوە، لە خانووی کرێدا بە جێ هێشت.
دوو ساڵ لە گیرانی نادر تێپەڕیبوو؛ تریفەش ڕاست دوو ساڵ بوو تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە هاتبوو.
لە کاڕێژی ماڵێکدا، دوور لە شار بە خەمی خۆیدا کەوتبوو.
دۆستێک، ئێمەی وەک ئەنجومەنی پشتگیری لە نەخۆشانی شێرپەنجەیی "سەبا"، ئاگادار کردەوە و به هانایانەوە چووین. پێش لە هەموو شتێک، لە لایەن ئەنجومەنەوە، ماڵێکی گەورەیان بۆ گیرا و یەکێک لە ئەندامانیش کرێی مانگانەی خانووەکەی وەئەستۆ گرت. داوامان کرد خێرخوازان بێن بە هانامانەوە. لە هەموو لایەکەوە کەل و پەلی پێویستمان بۆ هات و بە یارمەتی ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجومەنی سەبا، ماڵی تریفە خانمان ڕاخست. ماڵێکی خۆش و خاوێن و بەرفەریح... هەڵبەت هەتا کۆتایی کار نەشمانهێشت بزانێ.
کاتێ هاتە ژوورێ، وەک ئەوەی هەموو خەمەکانی کۆتایی هاتبێ، بۆ چەند خولەک شێرپەنجەشی لە بیر چۆوە؛ لە خۆشیانە بە دەنگ و سەدا دەستی کرد بە گریان، گریان وەها گریانێک کە تەنانەت کچە جوانەکانیشی نەبوون بە حەریفی فرمێسکەکانی دایکی نەخۆش و لەش بەباریان. (ئاخ و سەد ئاخ)
تریفە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژێ زیاتر دەتواوە.
کەس نەبوو پەرداخە ئاوێکی بداتە دەستی یان ژەمە چێشتێکیان بۆ لێنێ. خۆی غەریب و بێکەس، خزم و کەسی نادریش ئاوڕیان لێ نەدەدانەوە چونکە وەختی خۆی نادر زۆری غەدر لێ کردبوون. بەڵام دەڵێن ئەگەر خودا دەرگایەک ببەستێ، دەرگایەکی دیکە بۆ عەبدی خۆی دەکاتەوە، که وابوو دەر و جیران لێی بوون بە دایک و خوشک و برا و زۆریان چاو بەسەر ماڵ و منداڵەکانییەوە بوو.
شەش مانگ تێپەڕی و لەو ماوەیەدا، نەک هەر ئێش و ئازاری ئەو ژنە کەمی نەکرد، بەڵکوو هەر ڕوو لە زیاد بوون بوو. منداڵ، قوتابخانەیان جێ هێشت و بۆ ماوەیەکی نادیار وازیان لە دەرس و دەور هێنا. بەڕێوە بردنی ماڵێکی خێزاندار و نان و چێشت و پاک و خاوێنی کەوتبووە سەر شانی دوو کچۆڵەی دەست و پێ سپیلکە، لە ئامێز گرتن و لاواندنەوەی کوڕە بچکۆلانەکەش ببوو بە ئەرکیی سەر شانی کوڕە حەڤدە ساڵەکەی ماڵێ. ئاگاداری کردن لە دایکی نەخۆش و شەو تاکوو بەیان گوێ بۆ ناڵەناڵی ڕاگرتنیش بەشی هەمووان بوو. کە وایە نە کاتێک بۆ دەرس خویندن دەما، نە حاڵ و حەوسەلەیەک بۆ فێر بوونی بابەتە قورس و گرانەکانی ناو کتێبەکان.
لە یەکێک لە سەردانەکانمان بۆ ماڵی تریفە، لەگەڵ بەڕێز: خانم قوڕەیشی(دامەزرێنەری ئەنجومەن)، لە ئارەشمان پرسی کە بۆ ناچییەوە بۆ قوتابخانە؟ کوتی: دایکم شەو تا بەیان دەناڵێنێ و بەرەبەری بەیانی خەوی لێ دەکەوێ؛ من چۆن بخەوم کاتێ ئەو ئەوەندەی ئێش و ئازار هەیە!!!؟ بەردەوام نێومان دێنێ؛ هەر چوارمان دادەنیشین بە دیارییەوە. بەیانیش خەومان لێ دەکەوێ کە کاتی چوونەوە بۆ قوتابخانەیە. دەیگوت تەنانەت ئارشامیش، واتا برا چکۆلەکەشمان خەوی لێ ناکەوێ و شەو تا بەیان بەس لە ئامێزی مندا دەحاوێتەوە و بگرە دایکیشم بە تەواوی ناناسێتەوە.
سێ ڕۆژ پاش ئەو دیدارە، لەسەر پێداگری خۆی، ناردمان بۆ ورمێ بۆ نەشتەرگەری.
نازانم تریفە بۆ تاقەتی نەهێنا و ئیتر نەگەڕاوە!!! خۆ بڕیار بوو منداڵی خۆی بە ڕووسووری بەخێو بکا و هیچ بە هیوای نادر نەبێ!!!
کوتم: ئاخر شۆڕێ ژن! بۆ لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەر نەبووی بە شارومەندێکی ئێرانی؟ بۆ هیچ پێناسەیەکت نەبوو؟ نەتدەزانی ئەو ڕێگایەت لەبەرە و ئێستا هەتا نەیسەلمێنین کە تۆ کچە خاوولاوەکەی باشووری و لە ڕۆژهەڵات گیرساوێتەوە، تەرمە ماندوو و شەکەتەکەتمان نادەنەوە؟ ئەوانە خۆ نازانن منداڵە دڵ بریندارەکانت هەموو شەوێ بە دەم هەنیسکەوە خەویان لێ دەکەوێ و ڕۆژانە چاویان لە ڕێی ورمێیە؟
ژنە بێ مراد و سەر بە تەمەکەی باشوور، تاقە کچەکەی کاک مەجید، پشت و پەنا و قەڵای هیوا و هومێدی چوار منداڵی سەر لێ شێواو، هیچ لە ژیان تێ گەیشتی؟ چەرخی گەردوون چەند ڕۆژ بە دڵی تۆ خولی دا؟
"ئاااخ ژیان! ناخۆشییەکانت زۆر نەغدن."
تەرمی تریفەمان پاش پازدە ڕۆژ لە مانگی خاکەلێوەی 1396ی هەتاوی وەرگرتەوە.
زۆر ڕۆژێکی ناخۆش بوو...
میوانەکانی خۆی تەنیا سێ کەس دەبوون: باوکی و زڕدایکی و کوڕە پوورێکی.

ئێمە بە گیان و دڵ ڕێوڕەسمێکی تایبەتمان بۆ گرت و چەندین کەڵەپیاو و کەڵەژنی بە ناوبانگی شار تێیدا بەشدار بوون. لە ئاکامدا تەرمی غەریبی، لە نێوان ئاپۆرەی خێرخوازان و هاریکارانی ئەنجومەنی سەبا، بە ڕێز و حورمەت بەڕێ کرا و بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپاردرا.
تریفە لاقەکانی لێ ڕاکێشا و کۆتایی بە گشت ئێش و ئازارەکانی هات. ئیتر نە زامی مابوو، نە جنێوەکانی نادر برینەکانی دەکولاندەوە.
دڵەڕاوکێی نەمابوو. ئیتر تەنانەت هەستی بە غەریبیش نەدەکرد.
چوار منداڵی ورد و بێ مشوورخۆری لەو دونیا ناخۆشەدا تەنیا خستەوە.
"یانی بڵێی خودا لەوە ساردتریشی لە لا بێ؟"
لەگەڵ فەوزییە خانم پێمان لێ نەبڕین، چون تریفە بەڵێنی لە فەوزییە خانم ئەستاندبوو کە لە پاش مەرگی، چاو لە منداڵەکانی خافڵ نەکا و هەتا بە ئەنجام دەگەن باڵیان بەسەردا بکێشێ.
ئەگەر چی شەوێک، درەنگانێک نزیکەی نیوەشەو، زەنگی بۆ فەوزییە خانم لێدابوو و سوێندی دابوو بچێت بۆ لای. ئەویش دڵی نەشکاندبوو و چووبوو.
تریفە دەستی ئەو خاتوونەی گرتبوو، ویستبووی بەڵێنێکی لێ وەربگرێ؛ ئەویش بە ڕووی خۆشەوە گوێبیستی قسەکانی ببوو. لە نەکاو تریفە پێی گوتبوو: بەڵێنیم پێ بدە کە نەمرم و هێللانە لەو منداڵانەم تێک نەچێ. لەبیرمە هەتا چەندین ڕۆژ خەم و خەفەت و پەژارە بەربینگی بە فەوزییە خانم گرتبوو و ژیانی لێ تاڵ کردبوو.
پاش کۆچی دووایی تریفە خانم، ئەو خاتوونە دڵسۆزە، لەسەر ئەو قەول و بڕیارە و بە پێی ئەرکی ئینسانی خۆی، هەموو منداڵەکانی لە باشترین شوێن، سەقامگیر کرد و هەر ئێستاش بەردەوام لەگەڵیان لە پێوەندی دایە. ئەژمارێکی بانکیمان بە سێ واژۆوە بۆ کردوونەتەوە، لە هەر شوێنێک و بە هەر شێوازێک یارمەتییەکیان بۆ بێ، بۆیان پاشەکەوت دەکرێ.
ئەگەرچی بەداخەوە ناچار بووین منداڵەکان لێک هەڵبڕین.
ئازیتا و ڕۆزیتا بە پێی تەمەنی هەستیاریان و جوانی ڕوواڵەتییان، دران بە "خانەی بوستان"ی کچان و بەخۆشییەوە و زۆر بە جوانی ئاگادارییان لێ دەکرێ.
ئارەش لە پیستێکی ئەسب‌سواریی بۆکان، خەریکی مەیتەرییە و لە سەربازی معاف بووە.
ئارشام لە ماڵی خوشکێکی نادر لە بەرامبەر پارەی مانگانە لە لایەن ئەنجومەنەوە بەخێو دەکرێ.

سپاس بۆ بەڕێز فەوزییە خانمی قوڕەیشی، هیوادارم سێبەری پڕ پیت و بەرەکەتی لەسەر نەخۆشانی شێرپەنجەیی هەژار و داماو بەردەوام بێ چونکە ئەم لێ قەوماوانە، لەم دنیا پان و بەرینەدا، لەو شوێنە و لەو خێرخوازانە بگەڕێتەوە، هیچ پشت و پەنایەکیان نییە. روحی تریفە خانیش شاد بێ. داهاتوویەکی ڕوون و دوور لە نەهامەتی بۆ منداڵەکانی بە ئاوات دەخوازم. چونکە ئەم بەستە زمانانە لە سەرەتای ژیانی خۆیاندا، زۆریان ئێش و ئۆف و ڕەنج و ئازار دیتووە.

نووسەر: لەیلا قادری(ساکار)

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە مێژووی گەلی کورد دا.