شەهیدی ڕێگای ئازادی کوردستان شەهریار عادڵی، لە دایکبووی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، کوڕی ڕەحیم عادڵی و کاڵێ کەریمی، خەڵکی شاری سەردەشت، دانیشتووی کەمەربەندی گەڕەکی وەحدەت، کۆڵانی کەریمیان لە شاری سەردەشت بوو، کاتێک ئێران بە یەکجاری لە موندیالی تۆپی پێی قەتەر دۆڕا و حەزف بوو خەڵکی ئێران کردیانە شایی و لۆغان و خۆشی، لە شاری سەردەشتیش زۆرێک لە لاوەکان خۆشحاڵی خۆیان دەربری و لە هەندێک شوێن و لە نێو ماشێنەکانی خۆیان دا ئاهەنگی شایی و خۆشیان لێدا.
لەو پەیوەندییەدا چەند ڕۆژ دواتر چەند کەس لە شاری سەردەشت دەگیرێن، یەکێک، لەوان شەهریار عادڵی بوو و لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپا بە لێدانی باتووم و شەلاق هەموو گیانی شین و ڕەش دەکەنەوە و دوای چەند ڕۆژ دەینێرنەوە ماڵێ.
لە ماوەی چەند ڕۆژی دوای ئازاد بوونی دا و هەڕەشەکانی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید شەهریار لە ماڵی خۆیدا بە ئازارەوە کاتەکان تێپەڕ دەکا و لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ۱۴۰۱ ی هەتاویدا بە هۆی ئازاری زۆر و کاریگەر بوونی برینەکانی جەستەی و شکانی چەند پەراسوویەک بەداخەوە لە ماڵی خۆیاندا شەهید بوو.
شەهریار عادڵی خوێندنی سێیەمی دواناوەندی هەبوو، بۆ بژیوی ژیانی خۆی و ماڵەوەیان پیشەی شوفیر تاکسی هەڵبژارد بوو، بە هۆی کاری تاکسییەوە زۆربەی خەڵکی شاری سەردەشت و دەوروبەری دەناسی و کوڕێکی کۆمەڵایەتی بوو، لە ماوەی ساڵانی ڕابردووش دا بە هۆی ئەوە درووشمی کوردی وەک رازاندنەوەی تاکسییەکەی لە پشت تاکسییەکەی نووسیبوو چەندجارێک لە لایەن ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراوە و بە تووندی لێپێچینەوەی لێلکراوە. شەهرام عادڵی ژیانی هاوبەشی پێک نەهێنابوو و لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەیان بە یەکەوە دەژیان.
چلەی شەهید شەهریار لە نێو ئاپۆرای خزمان و ناسیاوانی دا لە کاتێکدا بەرێوەچوو کە ئیدارەی ئیتلاعات بنەماڵەکەیانی ئاگادار کردبۆوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ڕێوڕەسم و کوڕی بۆ پێکبێنن و چەندین جار هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەیان کردبوو. چلەی شەهید شەهریار لە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی لە سەر مەزارەکەی بەرێوە چوو.