ماڵپه‌ڕی گیاڕه‌نگ
WWW.GIARENG.COM
شه‌ممه‌ 8 گوڵان 2724

         

شەهید بەرزین حەمزەزادە

هه‌واڵی شه‌هیدان شەهید بەرزین حەمزەزادە

خەڵکی سەردەشت

کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهید بەرزین حەمزەزادە نوێترین شەهیدی دەستی ڕژێمی پەت و سێدارەی ئێران

شەهیدی ڕێگای ئازادی بەرزین حەمزەزادە، تەمەن ١٥ ساڵ و سێ مانگ، خەڵکی شاری سەردەشت، بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانی واتە هێزە جینایەتکار و تیرۆریستەکانی کۆماری پەت و سێدارەی ئێران دەگیرێ و دوای ١٣ مانگ ئازار شەهید دەبێ.

بەرزین حەمزەزادە ، لە ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی دیار و خۆشناوی شاری سەردەشت لە دایک بوو. بەرزین حەمزەزادە ، کوڕی ئومید حەمزەزادە و خاتوو بەفرین مەحموودی، خەڵکی شاری سەردەشت بوو، ماڵی بەرزین لە گەڕەکی کانی‌خان و لە کۆڵانی قوتابخانەی شەهیدانی ١٤ی سەرماوەز، هەڵکەوتوو لە سەر شەقامی حافزی ئێستا بوو، بەرزین وەک زۆربەی منداڵانی هاوتەمەنی خۆی و لە کاتی خۆیدا نێردراوەتە قوتابخانە و تا پۆلی ٢ی دەبیرستان دەرسی خوێندوە، ناوبراو کورێکی دەم بە خەندە و خۆشەویستی گەڕەک و شار و قوتابخانە بوو، بە هۆی ئەوە کە بەرزین تاقانەی کاک ئومید و خاتوو بەفرین بوو و تەنیا منداڵی بنەماڵە بوو، هەم دایک و باوکی و هەمیش هەموو بنەماڵەی گەورەی حەمزەزادە و مەحموودی ڕێز و خۆشەویستیان بۆ بەرزین بێ سنوور بوو.

بەرزین لەگەڵ ئەوەدا مێرمنداڵێکی تازە پێگەیشتوو بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا خولیای ئازادی و سەرکەوتن بوو، هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لەودا زۆر بە جوانی لە هەڵس و کەوتی دا دەر دەکەوت، لاوێکی خوێن گەرم و لەبەردڵان بوو، وەرزشوانێکی لێهاتوو لە تۆپی‌پێ و واڵیباڵ بوو و شارەزایی باشی لە سەر وەرزش و خۆپێگەیاندن هەبوو.

بەرزین گوڵ خونچەی تەمەنی تازە گەیشت بوو بە ١٤ ساڵ کە شۆڕشی ژینا (ژن ژیان ئازادی) دەستی پێکرد، وەک زۆربەی لاوەکان بە هەستێکی پاک و خاوێن و بە دڵگەرمی‌یەوە تێکەڵ بە خۆپێشاندانی سەر شەقام ببوو، لە ماوەی چەند ڕۆژ خۆپێشاندانەکانی ئێوارانی شاری سەردەشت دا لەگەڵ لاوانی ئەم شارە چالاکانە بەشداری کردبوو، بەشداری بەرزین و بوێری ئەم لاوە وایکرد کە سیخور و جاش و ئیتلاعاتییەکان بە دوای دا بگەڕێن و لە ئێوارەی ڕۆژێکی ساردی پاییزی دا لە کۆڵانێک دا لە لایەن چەند جینایەتکارێکی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت گەمارۆ دەدرێ و بەداخەوە بە چەند نەفەری زەبەلاح و بە زۆر و بە لێدان سواری ماشێنێکی سەواری سپی دەکەن و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ گرتووخانەی ئیتلاعات و لە گرتووخانە و ژوورەکانی ئەشکەنجەخانەدا زۆر دڕندانە ئەشکەنجە دەکرێ و بە لێدانی مست و پێلاقە و دار جەستەی شلک و منداڵانەی ئازار دەدەن و دوای چەند ڕۆژ ڕاگرتن و هەڕەشەی لێکردن بە ئازارەوە دەنێردرێتەوە ماڵەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی دوای ئازاد بوونی دا شەهید بەرزین لە ماڵی خۆیدا بە ئازارەوە کاتەکان تێپەڕ دەکا و هەر ئەو کات ماڵەوەیان ئاگادار دەکاتەوە کە وەزعییەتی ڕووحی و جەستەیی باش نییە ، هەر بۆیە لە وەرزی ساردی پاییز و زستان دا دایک و باوکی بۆ چارەسەری ئازارەکانی دەیبەنە لای پزیشکی تایبەت و دوای تاقیکاری پزیشکی بۆیان دەر دەکەوێ بە هۆی لێدان و ئەشکەنجە و سترێس و ترسی زۆر، شەهید بەرزین تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە و یەکێک لە گورچیلەکانی وەستاوە.

لە ماوەی ١٣ مانگی ڕابردوو دا شەهید بەرزین چەندین جار بۆ چارەسەر چۆتە نەخۆشخانەی شارەکانی دیکەی ئێران. دیارە ڕۆژ بە ڕۆژ باردۆخی گورچیلەکانی بەرزین بەرەو لاوازی و خەراپ بوون دەچێ و دوایین جار بەداخەوە لە ڕۆژی سێ‌شەممە، ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی کە ئیستا تەمەنی نەگەیشتبوو ١٦ ساڵ بە هۆی ئازاری زۆر و هەروەها چارەسەر نەکرانی گورچیلەکانی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ ماڵئاوایی لە ژیان کرد و بەم شیوەیە گەنجێکی دیکە کورد کە خولیای ئازادی و سەرکەوتن بوو شەهید بوو.

تەرمی بێ گیانی شەهید بەرزین حەمزەزادە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٤ ـ ١٠ ـ ١٤٠٢ی هەتاوی لەگەڵ کاروانی سەدان ماشێن لە خزم و ئاشنا و دانیشتووانی سەردەشت و دەوربەری گەڕێندرایەوە سەردەشت و هەر ئەو ڕۆژە لە نیو ئاپۆڕای دڵ بە خەمی کەس و کاری و خەڵکی شاری سەردەشت دا لە خاکی پیرۆزی نیشتمان لە زێدی لە دایکبوونی لە شاری سەردەشت بە خاک سپێردرا.

بە خاک سپاردنی شەهیدی گەنج و لاو بەرزین حەمزەزادە

 





شەهیدان نامرن


بە شاباشی سەرت بێ چەرخی گەردوون
شەو و ڕۆژی چ ڕەش هاتن، چ ڕەش چوون
بە هەر دوو دەست برینی خۆت هەڵێنە
ئەتۆش وەک من کە زاماری بە کوردبوون
ناسر حیسامی

ناردنی وێنه‌ و ژیاننامه‌ی شه‌هیدان


درووست کردنی ئارشیوێکی گه‌وره‌،  بۆ شه‌هیدانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پرۆژه‌یه‌کی  ماڵپه‌ڕی گیاڕه‌نگه‌.
به ئه‌رکی خۆمانی ده‌زانین، بۆ مێژوو ئه‌رشیڤێکی گه‌وره‌ ئاماده‌ بکه‌ین که سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕۆژهه‌لاتی کوردستانی تێدا بێت. بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش، له گیاڕه‌نگ سوپاسی تۆی خوێنه‌ر، هاوڕێ، دۆست و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان ده‌که‌ین که هاوکارمان بن، ئه‌وه‌ش به ناردنی ژیاننامه‌ و وێنه‌ی شه‌هیدان. هه‌موو ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی له ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ڕۆژهه‌لاتی کوردستان له ده‌ستی هێزه‌کانی ڕژێمی ئێران به ناهه‌قی شه‌هیدکران!

 

په‌یوه‌ندی


بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بەم ئێمێل ئادرەسانەی خوارەوە بگرن.

hamerasoul@gmail.com

0046704782355