پەیامی دەفتەری سیاسیی حدک بۆ یەکیەتیی لاوان (ی‌.ل.د.ڕ.ک)

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵرۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئامادەبوانی بەڕێز!
لاوانی پڕ لە هەستی نیشتمان!
بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

سەرەتا بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی یەكیتی لاوانەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە هەمووتان دەکەین و بەردەوامیی و درێژەدانی رێگاکەتان لە پێناو ئامەنجە بەرزەکاندا بۆ بەئاوات دەخوازین.

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەڕابردووترین رێکخراوی سینفیی کوردستان، ئەمڕۆ لە نێو رێکخراوە کوردییەکاندا جێگە و پێگەیەکی دیاری لە تێکۆشان و دەرکەوتن و داهێناندا هەیە. ئەم رێکخراوە لەم ساڵانەی دواییدا بە بەشداری و دەرکەوتن لە کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکان و داهێنانی نوێ و زەرووری لە پێوەندی لە گەڵ کۆکردنەوەی لاوانی هەرچوارپارچەی کوردستان و کۆکردنەوەی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری یەکتر و بۆ کاری هاوبەش، ئێعتباریکی دیکەی ریکخراوەیی بۆ خۆی دەستەبەر کرد کە جێی ئافەرین پێ وتنە.

کار و تێکۆشانی بەکردەوەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی کۆڕبەندی گشتیی لاوانی چوارپارچەی کوردستان و بەتایبەت لە ئاستی رێکخراوەکانی تایبەت بە رۆژ‌هەڵاتی کوردستان و بەڕێوەبردنی چەند سمینارێکی باش و پڕنێوەرۆک لە ژێرناوی “پلاتفۆڕمی وێران” لەم ساڵانەی دواییدا، دەریدەخەن کە ئەم رێکخراوە هەنگاوی جیدی و بە پلانی لە پێناو بەرجەستەکردنەوەی فکر و خولیاکانی لاوانی کورد هەڵێناوەتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دیتن و بەرزنرخاندنی چالاکی و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆی لەم رێکخراوە، بەردەوامیی و هەرچی کاراتربوونی لە پێناو بەرزکردنەوەی ویست و داخوازییەکانی لاوان و دەرخستنی تواناکانی ئەم توێژە لە کۆمەڵگە، بە ئاوات دەخوازێ.

ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە چوارچێوەی بزووتنەوە گەورە نەتەوەییەکەدا ڕووی داوە و هەموو بەستێنەکانی خەباتی بەرانبەر بە دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئیرانی گرتۆتەوە، بزاڤێکی نەتەوەیی شوناسخوازانەی نوێیە کە کوڕان و کچانی لاوی گەل، کاراکتێر و هێزی هەرە بنەڕەتیی ئەم بزاڤەن. ئەوان وێڕای بە میرات وەرگرتنی پاشخانی پڕ لە ئەزموونی خەباتی نەوەکانی پێش خۆیان بۆ دەستەبەرکردنی سەروەرییەکانی خاک و نیشتمان، لە فۆڕم و ڕەفتارێکی نوێی دیکەدا و بە ئیرادەیەکی قاییمەوە، خەریکن لە هەموو بەستێن و دەرفەتێک دا – لە پێناو بە‌هێزکردنی هۆڤییەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیاندا– بەگژ دەسەڵات و سیاسەتە دژیگەلییەکاندا دەچنەوە. ئەوە لاوانن کە بە تێگەیشتن لە زەروورەتی کاری جەمعی و هاوبەش لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان و لە چوارچێوە رێکخراوە مەدەنییەکاندا خەریکی رێکخستنی جووڵەی جەماوەری و گشتین، ئەوە لاوانن کە بە دەستی بەتاڵ بەڵام ئیرادەیەکی بەرزی نیشتمانییەوە لە چوارچێوەی رێکخراوەکانی ژینگەپاریزیدا، بۆ پاراستنی نیشتمان، باجوەرئاسا تێدەکۆشن، ئەوە لاوانی نیشتمانن کە بە وەڕێخستنی ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی کوردی و بەشداریکردنیان لە خولەکانی فێربوونی نووسین و خوێندنەوە بە زمانی دایکیی خۆیان، پارێزگاری لە بەشێکی هەرە ئەساسی لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەکەن و ئێزن نادەن زمانەکەیان بفەوتێندرێ، ئەوە لاوانی کوردستان بوون کە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵانی پێشوودا بە لەملکردنی جامانە و بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و چڕینی سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب”، بەگژ سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەیی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێراندا چوونەوە، ئەوە گەنجانی کوردستانن کە سەرەڕای بەربەست و مەحروومکردنیان لە دەرفەتەکانی پێشکەوتن و سڵامەتی، تەنیا لە سەر توانایی و ئیرادەی خۆیان لە باشگاکانی وەرزشی دا بە وەدەستهێنانی پلە بەرزەکان، سەری خۆیان و میللەتەکەیان بەرز ڕادەگرن، ئەوە کوڕان و کچانی دڵ پڕ لە ئەوین بە سەربەستیی خاک و خەڵکن کە پۆل پۆل بە ڕیزی تێکۆشەرانەوە پەیوەست دەبن و سەرنگەری پێشمەرگایەتییان وەک هەمیشە ئاوەدان ڕاگرتووە.

لاوانی هوشیار و دەروەستی نیشتمان کە ئەمڕۆ لە هەموو بەستێنەکانی تێکۆشان و خەباتدا حزووری سەرەکی و بەرچاویان هەیە، بەمەبەستی تەقوییەتی هۆڤییەتی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە دەرکێکی درووست لە بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی گەیشتوون. هەر بۆیە لە پەیام و هاوارەکانیادا بە بێ ئەوەی لێی ماندوو بن و بە بێ ئەوەی لە ڕابردووی ناتەبایی و نالێکییەکاندا بژین، سەرسەختانە پێداگری لە سەر یەکگرتوویی و یەکبوون دەکەن. ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەرە بەرزەکانی ڕەفتاری توێژی لاو بەتایبەتی و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان بە گشتییە. ئەوان کە چەند ساڵێکە قەوارەیەکی گشتی و جەماوەرییان بە ڕەفتار و هەڵوێستەکانیان داوە، بە تەواوەتی زەروورەتی یەکیەتیی و یەکگرتوویی نەتەوەییان بۆ کۆمەڵگە و بۆ بزووتنەوەی سیاسی – نەتەوەیی دەرک پێ کردوە. رێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەم چەند ساڵانەی دوایی کە دەرفەتێک بووە بۆ دەرخستنی ڕەفتاری گشتی و جەماوەریی خەڵک، باشترین بەڵگەن بۆ ئەم ئیدیعایە؛ نێوەڕۆکی زۆربەی ئەم ڕێوڕەسمانە، قسەکردن لە سەر زەروورەتی یەکگرتووی و بەگژداچوونی ئەقڵییەتی لێکدابڕان و ناتەبایی بووە. هەموو ئەم کارنەڤاڵانە لە ژێر درووشمەکانی؛ “یەکبوون”، “یەکگرتوویی” و “یەکڕیزی”دا بوو. هەستکردن بە زەروورەتی یەکگرتوویی و یەکبوون، بەرزترین “خەسڵەت”ی ڕەفتاری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەبێ و پێویستە بە گرینگییەکی هەرچی زیاتر و دەروەستانە خوێندنەوەی بۆ بکرێ و هەوڵ بدرێ لە چوارچێوەی بزووتنەوەی سیاسی – نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستاندا بە ڕەسمی بناسرێ.

لاوانی نیشتمانەکەمان کە داینامۆی سەرەکیی ئەم خەباتە فڕەڕەهەند و فرە بەستێنە بوون و هەن و، لە رێبازی خەباتی شوناسخوازانەی نەتەوەییدا خەریکی تێکۆشان و خۆڕێکخستنن، ئەمڕۆژانە خاوەندارێتی پرسێکی گرینگی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکەن، لەم پێناوەدا هەزینەی قورس و گرانیان داوە. گرتن و ڕاوەدوونان، بێ‌بەشکردن لە خوێندن، هەوڵدان بۆ تووشکردنیان بە مادەهۆشبەرەکان، بێکارکردن، هەوڵدان بۆ بەتاڵکردنەوەیان لە هەستی نەتەوەیی و بەنامۆکردنیان بەرانبەر بە پرسی خاک و خەڵک، سەپاندنی حوکمی قورس و گران بەسەریاندا و لەسێدارەدانی ناوەبەناوەیان، ئەو هەزینانە کە ئەم توێژە لە کۆمەڵگەکەمان بە هۆی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامییەوە تەحەموولی دەکەن. بەڵام وەک باس کرا ئەوە لاوانی نیشتمانن کە سەرەڕای هەموو ئەم پیلان و هەڕەشانە دیسان هەروا بە ئیرادەیەکی بەرزی نەتەوەییەوە خەریکی بردنەپێشی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکەیانن. بۆیە لێرەدا پێویستە وێڕای رێز و پێزانین و ئافەرین پێوتینیان، بە هیواوە بڕوانینە دواڕۆژی ئەم بزووتنەوە ڕەوا و مافخوازانەیە. هەروەها جێی خۆیەتی لەم دەرفەتەدا بەیادکردنەوە لە کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسیی گەلەکەمان وەک؛ محەممەد نەزەری، عوسمان مستەفاپوور، والی دروودی، عومەر ئیمامی، کەماڵ شەریفی و زەینەب جەلالیان کە تەمەنی پڕبایەخی لاوەتی خۆیان لە چاڵەڕەشەکانی نیزامی بێدادیدا تێپەڕاند و نموونەی لاوی تێکۆشەری کوردن کە هەمووتەمەنی لاوەتیان لە زیندان و لە ژێر ئەشکەنجە و دووری لە بنەماڵە و خەڵکی خۆیاندا تێپەڕ کردووە، رێز لە هەموو ئەو کەسانە بگرین کە لەپێناو مان و مەوجوودیەتی میللەتەکاماندا هەزینەیان داوە.

جارێکی دیکە پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت