سەید عەلیی سەردەشتی؛ تەمەنێک دارماڵ لە داهێنان و بەخشین. تاهیر قاسمی

سەید عەلیی سەردەشتی؛ تەمەنێک دارماڵ لە داهێنان و بەخشین

تاهیر قاسمی

بەشدارانی بەڕێز! بەخێر بێن بۆ کۆڕی سەرەخۆشی و لە ڕاستیدا ڕێزگرتن لە هونەرمەندی گەورەی ئەم سەردەمەی گەلەکەمان کاک سەید عەلی سەردەشتی.بۆیە دەڵێم کۆڕی ڕێزگرتن، چونکە پێم وایە مەجلیسی پرسەی مرۆڤە گەورە و خاوەن بەهرەکان زیاتر لەوەی بۆ دڵدانەوە و هاوخەمی لەگەڵ زیندووەکان بێ، کۆڕی ڕێز لە کار و بەرهەم و تێکۆشانی ئەوانە. ئەوانەی کە ناوی بەرز لە دوای خۆیان بەجێ دەهێڵن؛

مەرگ و ژین وەکوو سێبەر و تاوە

ئەوەی باقی دەمێنێ هەر ناوە

ئەوەی لە مرۆڤ بەجێ دەمێنێ، نە ڕادەی پووڵ و ماڵی دنیا یان ژمارەی کوڕ و کچ و نەوە و نەتیژە بەڵکو ئەوبەرهەم و خزمەتانەیە کەلە ماوەی ژیانیدا پێشکێش بە گەل و بە مرۆڤایەتی دەکا و بەو هۆیە ناوی بە نەمری دەمێنێتەوە. هەر ئەوەش هەوێنی ژیانی تاهەتایی و هۆی هەرمان و نەمریی مرۆڤەکان لە هزر و بیری نەتەوەکەیاندایە.

ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تا ڕێز لە مرۆڤێک بگرین و یادی هونەرمەندێک بەرز ڕابگرین کە تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە پەرەدان بە هونەری نەتەوەکەی تەرخان کرد، کۆڵەبارێکی سەنگین و ڕەنگینی لە هەڵبەست و ئاواز خوڵقاند و خەرمانێک بەرهەمی بەپێزیلە بەیت و بەند و هەڵبەست و ئاواز و گۆرانی بۆ نەتەوەکەی بەجێ هێشت. بەرهەمگەلێک لە شێعر و ئاواز و گۆرانی و بەند و بەیت کە ناوی عەلی سەردەشتیشیانلە ڕیزیعەلی حەریری و عەلی بەردەشانی و هەموو ئەو بەندبێژ و بەیتسازە گەورانەدا تۆمار کرد کە حاجی قادری نەمر بە بەرزی یادی کردن؛

دوو عەلین، شاعیرن وەکوو حەسسانبەردەشان و حەریرە مەسکەنیان

کاک سەید عەلی سەردەشتی وەک زۆربەی هەرە زۆری ئەو هونەرمەندانەی کە تا نێوەڕاستەکانی سەدەی ڕابردووش لە کوردستان دەستیان بە کاری هونەری کرد،”نە حەرفی مەکتەبێکی خوێند و نە ئوستادێ پەلی گرت”، ئەوەی کە بەدەستی هێنا، بەهەوڵ و تێکۆشان و توانایی خۆی بوو. ئەگەر میرانی بابان و سۆران بەجۆرێک پشتیوانیی عەلییەکانی سەردەمی خۆیان بوون، مێژوو ئەوەندە دەسەڵاتەشی بە کوردەوە ڕەوا نەدی تاهونەرمەندانیسەدە و سەدەکانی ئەم دواییانەی نەتەوەی ئێمە لەوەندە پشتیوانییەش بەهرەمەند بن. ئەوەی کە کردیان و خوڵقاندیانهەمووی هەر ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانی هەژارانەی خۆیان بوو.

گرینگترین تایبەتمەندیی هونەری کاک سەید عەلی،داهێنان و خوڵقاندنیبەرهەمی نوێ بوو. ئێمە لە سەدەی ڕابردوودا هونەرمەندی گۆرانیبێژ و بەندبێژمان کەم نەبوون بەڵام زۆربەی ئەوان کەمتر خاوەنی داهێنانی نوێ بوون و ئەوەی هەیانبوو پتر لە پێشینیانی خۆیان فێر ببوون بەڵام کاک سەید عەلی سەردەشتی لەنێو ئەواندا نموونەیەکی شاز و دەگمەن بوو.بە دەگمەن وا هەبووە گۆرانی کەسانی دیکە بڵێتەوە یان تەنیا پشت بە بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان ببەستێ. زۆربەی ئەوەی گوتویەتی و تۆماری کردوە، لە هەڵبەست و تێکست و ئاواز هی خۆی بوو کە ڕادەیان نیزیک بە هەزار شێعر و ئاوازی تازەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچکات دەستی لە ڕەسەنایەتی بەر نەدا و لە ئەدەب و هونەری نەتەوەکەی دوور نەکەوتەوە.هەوڵی دا ئەوەی دەینووسێ و ‏دەیڵێ، نەبێتە بەردێکی لاپان و دیواری خوار و خێچی پێ دانەنێ بەڵکوبە هۆیانەوە خشتێک و چینێک زیاتریخستە سەر ‏دیوارەکانی ئەو کۆشکە تەرز و بەرزەی ئەدەبی فۆلکلۆری گەلەکەمانکە هونەرمەندانی ناودار و بێ ناوی مێژووی گەلەکەمان بۆمانیان هەڵچنیوە. لە دانانی بەیت و بەنددا دەتوانینوەک قوتابییەکی زیرەک ‏و بەتوانای عەلی بەردەشانیبیناسین. ڕەوانبێژی، شێوەی داڕشتن و بەکارهێنانی ‏ماکەی تەنز لە دانانی بەیتدا ئەو بۆچوونە پشتراست دەکەنەوە. لەم بارەوە وێکچوونی بەرچاو لەنێوان بۆ ‏وێنە بەیتی ئاسۆس لەگەڵ بەیتەکانی جندۆکانیان بەیتی پیوازانی عەلی بەردەشانیدا هەست پێ ‏دەکرێ. ‏لە دانانیبەستە و بەندیشدا زۆر جار کەلکی لە ‏چیڕۆک و ‏بەسەرهاتە مێژووییەکانی گەلەکەی خۆی وەرگرتوە؛

تازە قەت مەیلی نانێم منی شێخی سەنعانی

بەیەک لەحزە وەرگەڕا، دەیکرد بەرازەوانی

بوو بە شوانی بەرازان، داینا جبەی شێخانی

ئەمنیش ئاوام بەسەر هات دوێنێ لەڕێگەی کانی

لەبەر دەستی دەرناچم سوێند بە غەوسی گەیلانی

شێوازێک لە کارەکانی ئەو، بە جێی وتنەوەی دەقاودەقی بابەتە فۆلکلۆرییەکان، دەوڵەمەندکردنی بابەتە فۆلکلۆرییەکانە. ئەویش بە زیادکردن و پەرەدان بە بەند و هۆنراوە فۆلکلۆرییەکان. بۆ وێنە لە گوتنی قەتاری “بەهارە”دا چەند بەندی خۆی هاویشتۆتە سەر و بەم جۆرە دەوڵەمەندتری کردوە؛

هات چۆمی بادیناوێ، کانیاوی پشتی خانێ

چۆمی سێڵوێ و دەڵاوان گرتی دەشتی لاجانی

هاتوە سەرچاوەی کەڵوێ، بردی گوڵی نیسانێ

شەپۆلی لە کەندان دا لەبەر ماڵی باڵانێ

لە دۆستان، لە برادەران، مزگێنی بێ بەهارە

تەیر هەستان لە بەحران، پۆل‌پۆل هاتن بە دەستوور

بەعزێکم نەدەناسین، پڕ خەت و خاڵ بوون لە دوور

چ وریان گڵەسپیە بۆ زیارەتی شێخە سوور

خۆزگە بۆ ئەو زیارەتەی دەگەڵ بایەڕەحیم پوور

لە دۆستان لە برادەران، مزگێنی بێ بەهارە

نموونەی دیکەی ئەو جۆرە کارە، لە گۆرانیی “دروونە” یان “دروێنە”دا دەبیندرێ. گۆرانییەک کە دروێنەوانان لە کاتی دروێنەکردندا بە نۆرە یان بە پۆل دەیڵێن کە دیارە بەندەکانی زۆر ڕێک و مەبەستدار نین یان لەبیر چوونەتەوە. کاک سەید عەلی تێکستێکی تایبەتیی بۆ ئەو گۆرانییە فۆلکلۆرییە نووسیوە کە قسەی دڵی لاوێکی زەحمەتکێشە تا بە بەروبووی دروێنەی ساڵ بتوانێ تێچووی زەماوەند لەگەڵ دڵدارەکەی پەیدا بکا و ژنی پێ بێنێ:

تۆوێکی زۆر دەچێنم

لە کاران دانامێنم

گەنمی باش وەدەس دێنم

ئەوساڵ ژنێی پێ دێنم

 

خەرمانێ دەکەم کۆکۆ

بەڕەنج و بەرهەمی خۆ

گەنم و نۆک و نیسک و جۆ

دەگوێزمەوە چاو هەڵۆ

 

درۆنە درۆنە درۆنە

دەسکێ داسێم بەڕۆنە

لەو خەرمان و جێخوونە

دەغڵ و دان وەکۆبوونە ‏

 

کەوتە بەر داس دەغڵ و دان

تێدەکۆشم بە دڵ و گیان

گوڵی کرد بەر و بێستان

وەکۆ بوو خەلە و خەرمان

 

مەمنوونی تۆم دەسکی داس

لە فەقیریێم بوو خەلاس

گەنم بۆ زێڕ و برینجی

نۆکان دەدەم بە لیباس

 

خۆم ساز دەکەمیەکجاری

بووکێ دێنم بە سواری

هونەرمەندان بانگ دەکەم

بە نایە و زەرب و تاری

کاک سەید عەلی لە هۆنینەوەی هەڵبەستدا کە زۆربەیانی کردوون بە تێکستی گۆرانییەکانی، شارەزایی و تواناییەکی کەم وێنەی هەبوو. ڕەچاوکردنی کێش و سەروا لە شێعرەکانیدا هیچیان کەمتر لە شاعیرانی بەنێوبانگ نییە. تەنانەت لە باری فۆرمەوە جۆرێک نوێگەری و داهێنان لە بەشێک لە کارەکانیدا دەبیندرێ. بۆ وێنە لە چەند خشتەکی و “تەرجیع‌بەندەکانیدا کە فۆرمی بەشی بەرچاوی شێعرەکانییەتی، زۆر جار دوای سێ یان چوار بەیت، دوو بەیتەکانی کۆتایی خاوەن قافییەی تایبەت، وەک یەک و جیاوازن. واتە هەر بەندێک دوای بەشی خانە یان ڕشتە، لە بری یەک، دوو تەرجیع بەندی بۆ داناون.بەوەشئاستی باڵادەستیی خۆی بەسەر زمان و شێعردا نیشان داوە؛

بەهاران ڕاوچی دەڕۆن بۆڕاوێ

بە تاپڕ و تۆڕ و کڵاو و داوێ

سەری قەندیلی، پشت بادیناوێ

بنەی دادەنێم لە مێکووکاوێ

دێتەوەیادم گوڕەی کەوینێر

قاسپەقاسپی کەو خوڕەی ئاوهەڵدێر

کەودەستی دەچمە دەشتی باساوێ

جا چۆن من بڵێم بەهارم ناوێ

ئەگەر وەک قەندیل غەرقی بەفر بم

ئەگەر وەک بولبول بە زریان سڕ بم

ئەگەر چوارچێوەی ژینم هەر شەو بێ

پێم خۆشە لە کن یارم حازر بم

دێتەوەیادم گەزیزە و شللێر

قاسپەقاسپی کەو، خوڕەی ئاوهەڵدێر

باللۆرەی کیژان، هاژەی بەفراوێ

جا چۆن من بڵێم بەهارم ناوێ

هەموو ئاواتم دیدەنیییارە

هەموو ئاواتم کاتی بەهارە

بە ئاواتەوەم بۆ ئەو دیدارە

وەختی دیدەنیی ئاشق و دڵدارە

دێتەوەیادم کوێستانی زەنوێر

قاسپە قاسپی کەو، خوڕەی ئاوهەڵدێر

هەزار غەم و دەرد لە دڵ دەرداوێ

جا چۆن من بڵێم بەهارم ناوێ

ڕەوانی و خۆماڵیبوون لە کێشدا تایبەتمەندییەکی دیاری شێعرەکانییەتی. دیارە ئەو عەرووزی نەزانیوە و کێشی خۆماڵی و بڕگەییشی بەکار نەهێناوە بەڵکووبەپێی پیشەی گۆرانیبێژییەکەی کە ئامانجی نووسینی ئەو شێعرانەش بووە، زیاتر پشتی بە مۆسیقای شێعر بەستووە و لەم بارەوە وەستایانە کاری کردوە و سەرکەوتووە:

بەس بگرە قیافە و لێدە پۆز، سەرتۆپی یاران

مەیڕێژە بە سەرما هەموو نازە وەکوو باران

من ڕاوچییەکی کۆنم و کەوتوومە کەناران

کەوتوومە دوای سۆنە لە تەنکاو و بواران

دەرناچی لەبەر قۆشەن و قۆڵقۆڵی سواران

 

چاوت کە چرای ئیشقە، هەزار خەم دەڕەوێنی

جوانیت کە بەنێوبانگە هەزار دڵ دەپسێنی

ڕووت هەر وەکوو ئاوێنە لە دوولا دەنوێنی

پێم سەیرە کەوا شازی، کەچی دڵ دەشکێنی

ئەو جوانیە مەکە گورز و مەتاڵ، تیری غەداران

دەرناچی لەبەر قۆشەن و قۆڵقۆڵی سواران

 

لەباری نێوەرۆکەوە، خەیاڵی ناسک و چاوی جوانی بین و هەستی شاعیرانەیئەودەستیان بە دەستی یەک داوە و گەلێکتابڵۆی جوان و ڕازاوەیانبە شێعر و لە وشە خوڵقاندوە؛

لە قەڵاتیڕەبەتێ دووربینێکم بۆ بێنن

هەرکەس زووتر بیبینێ مزگێنیم لێ بستێنن

نووستوە لەنێو گوڵاندا گوڵ خۆی بۆڕادەژێنن

هێندێک لاقی دەشێڵن، هێندێکیش باوەشێنن

کاک سەید عەلیی سەردەشتی لە شێعردا ئیلهامی یەکجار زۆری لە سرووشت و ژینگەی نیشتمانەکەی وەرگرتوە. شێعرەکانی، هیندەی سرووشتی کوردستان،جوان و،لەگوێن ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا ژیا، پاک و سادە و ڕەوانن. ڕەنگە هیچ هونەرمەندێکبە ڕادەی ئەو لە جوانییەکانی سرووشتی کوردستان کەلکی وەرنەگرتبێ و هیچ شاعیرێک هێندەی ئەو ناوی چیا و کەژ و گوند و ‏گوڵ و ئاژەڵ و کیژو درەخت و جوانییەکانی دیکەی نیشتمانەکەی لە هەڵبەست و تێکستی گۆرانییەکانیدا جێ نەکردبێتەوە. لە بەرهەمەکانیدا جوغرافیای ژیان و گەڕان و تێکۆشانی هونەرمەند هەر لە هەولێرەوە تا کەنارەکانی گۆلی ورمێ کێشراوەتەوە. بەوەش ‏فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی لە وشە و جوغرافیا و دابونەریت و سرووشتی کوردستان تۆمار کردوە؛

سێوە لاسوورەی زێوەی، مەنزەرەی بەردەپانی

گوڵی دەورەی سەرچاوێی، کەوی پشتی بێورانی

کارمامزی دەشتی شنۆیەی، مەمکت هەرمێی ئالانی

لە هەڵبەست و گۆرانییەکانیدا گوێمان لە دەنگی باڵندە، هاژەی با، قاسپەی کەو، سرتە و ڕاز و نیازی کوڕ و کچی ئەویندار، کاڕەی مەڕ و هۆهۆی شوان و قاقای کیژە عێلاتی دەبێ. ئەوەندە جوان و وەستایانە دیمەنەکانی وێنا کردوە کە لەگەڵ خوێندنەوەی هەڵبەستەکانی و بە بیستنی گۆرانییەکانیچاوی خەیاڵ بە دیتنی دەشت و مێرگ و چیمەن و گوڵ و لاپاڵ و چیا و چۆڵی کوردستان ڕوون دەبێتەوە؛

خۆشە فەسڵی بەهاران، چون وەختی گوڵی سوورن

کوێستان دامێنیان شینە، سەریان دەڵێی کافوورن

کارمامزی لانەواڵان دڵ پڕ شادی و سروورن

مەڕدار دەچنە هەواران، ڕەشماڵیان کەمێک دوورن

باژاڕە دەشتی وەزنێ، قەندیل لەسەر سنوورن

خۆشە فەسڵی بەهاران، هەموو نێوەڕاست مانگان

کارمامزی لانەواڵان دێنە دەرێ لە لانگان

کیژۆڵەی دەست بە بازن، هەموو ئێوارە بانگان

پۆل بە پۆل دێنە خوارێ، لەنێو کوڕادە و کارگان

دڵ دەکەن شێت و شەیدا، چاو ڕەش و کوڵمە سوورن

ئەو کە ئاشقی سرووشتی جوانی نیشتمانەکەی بوو،جوانترین هۆنراوەکانی بەتایبەت بۆ بەهاری سەردەشت هۆنیوەتەوە. ئەو شار و ناوچە سەرسەوز و دڵڕفێنەی کە هەر کەس جارێک پێیدا ڕۆیشتبێ، قەت لەبیری ناچێتەوە:

بەهەشتێکی بەرینە خاکی سەردەشت، بەهاران

چیا و دۆڵی نابینی لەبەر شکۆفەی داران

کانی و ئاوی نابینی لەبەر سێو و هەناران

لەسەر گوڵان دەکەوێ نەرمە خوناوەی باران

قومری و بولبول دەخوێنن سبحەینان و ئێواران

ئەوە تەنیا سرووشت و بەهاری سەردەشت نییە کە مامۆستای ئەویندار کردوە بەڵکو مرۆڤ و گیانداری ئەو هەرێمەش بۆ ئەو هەر هیندە خۆشەویست و دڵڕفێنن. دیتنی کوڕان و کچانی شۆخ و شەنگی ئەو شارە خۆشەویستە زۆر جار هەوێنی هەڵبەستەکانییەتی؛

کۆکن لاوی سەردەشتێ کاتێ دەڕۆن بۆ گەشتێ

پەشمینەیان لە پشتێ عەینی حۆری بەهەشتێ

لەگەڵ ئەو هەموو خۆشەویستییەی بۆ نیشتمان، ئەو بە حەسرەتی ئازادیی وڵات و بە تاسەی ژیان و تێکۆشانی هونەری لە جێگایەک بوو کە ئازادی تێدا بێ. هەموو غەریبیی ژیان لە ئۆرووپای تەنیا لەبەر ئازادییەکەی کە زۆربەی ئازیزانی لەباوەش گرتوە، خۆش دەویست. دڵی بۆ ئازادیی گەل و وڵاتەکەی لێیدەدا و بە بینینی شەکانەوەی ئاڵای نەتەوەکەی گەش دەبۆوە:

ئاڵای کوردستان بەرز کراوە

ئاڵا دێ و دەچێ بە شنەی باوە

ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ، ئاڵای شەکاوە

هەموو کوردستان دەورەیان داوە

مێژوو دەزانێ چمان پێ کرا

هەموو کوردستان بە خوێن ئاو درا

بە خوێنی شەهید ئاڵا هەڵکرا

سڵاوی هەولێر گەییە چوارچرا

کۆتا بابەت کە دەمهەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کەلە حاڵێکدا دەگمەن وا هەبووە کاک سەید عەلی گۆرانی کەسی دیکەی گوتبێتەوە، هونەرمەندانی دیکە بە لێشاولە گۆرانی و ئاواز و تێکستی ئەو کەلکیان وەرگرتووە بێ ئەوەی ئاماژەیان بە ناوی ئەوکردبێ. بەجۆرێک کە ئەو بۆ هونەرمەندانی هەر دوو دیوی گەرمێن و کوێستان،کارگەیەکی پڕ بەرهەم لە داهێنان و بەرهەمهێنانی ئاواز و تێکست و گۆرانی بوو.تەنانەت تێکست و ئاوازی بۆ هونەرمەندانی پڕ ئاوازەی سەردەمی خۆیشی داناوە.‏ بەو حاڵەش من نەمبیستوە جارێک گلەیی لە هونەرمەندێک کردبێ کە بۆ گۆرانی ئەوی گوتۆتەوە و بۆ ئاماژەی بە ناوی خاوەنەکەی نەکردوە. لەوانەش گرینگتر ئەو نەک هەرداهێنەری هونەر بەڵکو مامۆستای وەچەی نوێیهونەرمەندانی سەردەمی خۆی بوو. چەندان هونەرمەندیپەروەردە کرد کە ناو و ئاوازەیان بە کوردستاندا بڵاو بۆتەوە.ئێستاش کەم نین ئەو هونەرمەندانەی شانازی دەکەن کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ قوتابی مامۆستا سەید عەلی سەردەشتی بوون. سەرگوڵی ئەوانیش هونەرمەندی شۆڕشگێڕ کاک سمایل سەردەشتی بوو.

بەڕێزان!

باس و هەڵسەنگاندنی تەمەنێک تێکۆشانی هونەریی مامۆستا سەید عەلیی سەردەشتی و وەرددانەوەی خەرمانێک لە تێکست و هەڵبەست و ئاواز و گۆرانیی ئەو، ئاستەمە لە دەرفەتێکی ئاوادا مافی خۆی پێ بدرێ. بەرهەمەکانی مامۆستا ئەوەندە زۆر و زەنگینن کە هەڵدەگرێ زۆر کۆڕی تایبەت و گەورەی بۆ ساز بکرێ.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە سەری ڕێز بۆ ئەو هەموو خزمەت و داهێنان و بەخشندەییە زۆر و زەبەندە هونەرییە دادەنوێنم کە مامۆستا لە ماوەی تەمەنی پڕ بەرهەمی خۆیدا بە هونەر و بە فەرهەنگی نەتەوەکەی کرد. دڵنیام ئەستێرەی ناوی ئەو تا هەتایە لە ئاسمانی بەرزیکوردستاندا دەدرەوشێتەوەو لە گۆڕەپانی هونەری نەتەوەکەماندا ناوی کاک سەید عەلی سەردەشتی ناوێکی تاهەتایی وهەرمانە.

یادی بەرز، ڕۆحی شاد و ئێوە و ئازیزانی هەر ساغ و سڵامەت بن

تێبینی:

١- تێکستی شێعرەکان لەبەر گۆرانییەکانی هونەرمەند نووسراونەتەوە و ئەگەر لەم بارەوە هەڵەیەک هەبوو، داوای لێبوردن دەکەم

٢- نوسخەی کورتتری ئەم بابەتە لەسەر داوای چەندێک لە دۆستان بۆ کۆڕی ڕێزگرتن لە هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتی کە ڕۆژی ٢٠ی نیسان لە فینلاند پێکهات،ئامادە کرابووبەڵام بەداخەوە بە هۆی کێشەی تکنیکی و کەمیی کات، پێشکەش نەکرا