پیاوە دەم بە خەندەکەی قەڵادزێ ئۆغرت بەخێر ( بۆ ئەحمەد حاجی غەریب)

پیاوە دەم بە خەندەکەی قەڵادزێ ئۆغرت بەخێر ( بۆ ئەحمەد حاجی غەریب)

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆ ٢١ـ٠٤ـ٢٠٢٥ی زائینی هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناو و دیاری دەڤەری پشدەر، بەرێز کاک ئەحمەد حاجی غەریبی قەڵادزێم پێگەیشت، کاک ئەحمەد دوای ماوەیەک ناسازی و نەخۆشی لە ئامێزی بنەماڵەکەی دا لە شاری ڕانیە کۆچی دوایی کرد.

بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی کاک ئەحمەد بۆ من زۆر بەژان و خەمهێنەرە، چوونکە کاک ئەحمەد تێکەڵاوی بنەماڵەیی و هەروەها دۆستایەتی کۆنی بنەماڵەییمان بە یەکەوە هەبووە و لە مێژ ساڵە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە و بە تایبەت کاک ئەحمەد هەستان و دانیشتنمان هەبووە.

کاتێک بوردومانی شاری قەڵادزێ لە ڕێکەوتی ٠٤ـ٠٢ـ١٣٥٣ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٤ـ٠٤ـ١٩٧٤ی زائینی لە لایەن حکوومەتی ئەفلەقی بەعس ڕوویدا، خەڵکی قەڵادزێ و دەوروبەری سنووری دەستکردی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتیان بڕی و لە گەرمێنەوە هاتنە بەشی کوێستان، دەنگدانەوەی ئەو بوردومانە بۆ ئێمە مناڵی ئەو کات “ئەمن منداڵێکی تەمەن هەشت ، نۆ ساڵان بووم”، زۆر سرنج ڕاکێش بوو، ماڵی ئێمە بە گشتی هەموویان چووبوونە سەر سنوور و لە لای بەردەپان چاوەروانی هاتنی خزمانیان دەکرد.

ماڵی حاجی غەریب کە ئاشنایەتی و دۆستایەتیان لەگەڵ بنەماڵەی ئێمە هەبوو، بە چەند گرووپێک گەیشتنە جێ و لە ماڵی ئێمە جێگەیان بۆ دیاری کرا و لەو کاتەوە تاکوو ئەمرۆ ئەم تێکەڵاوی و هەستان و دانیشتنەمان بە یەکەوە هەر هەبووە و بە تایبەت لەگەڵ کاک ئەحمەد کە بە هۆی هاوسەری ژیانی خاتوو خورشید حەکیمزادە وەک یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی گەورەی مام حەسەن حەکیمزادەی چاوی لێدەکرا.

کەسایەتی کاک ئەحمەد لە نێو خەڵکی قەڵادزێ و پشدەر و بیتوێن دا جێگەی ڕێز و خۆشەویستی بوو، مرۆڤێکی کاسب، دەستگرەوە و خۆشناو و لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی تەژی لە خۆشەویستی بە نیشتمان و شۆڕش و خەبات بوو، ژیانی لێوڕێژ لە پاکی و سەداقەت و جوانی بوو، کەسێکی قسەخۆش و دەم بە خەندە، مرۆڤێکی بە هەست و سۆز و دڵسۆز بە گەل و نیشتمان بوو.

لە ڕاستەوە: محەممەد حەکیمزادە، چیا ئەحمەد غەریب، نەمر ئەحمەدی حاجی غەریب، نەمر مام حەسەن حەکیمزادە، نەمر کاک مستەفا حەکیمزادە و حەمەڕەسووڵ کەریمی، نەفەری دواوە: کەریم حەکیمزادە گوندی سڵێ لە بناری قەندیل

لە شەوە زەنگی حکوومەتی بەعس دا یارمەتیدەر و هاریکاری شۆڕشگێرانی شاخ بوو، لەگەڵ حیزبی دێموکرات ببوو بە یەک ماڵ و دەرگای ماڵەکەی بە ڕووی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هەمیشە کراوە بوو، دۆستایەتی زۆری لەگەڵ شەهیدانی نەمر، حەمەڕەسووڵ حەسەن‌پوور، محەممەد حەسەن‌پوور، نەسرین حەدداد و مستەفا حەکیمزادە و هەروەها گەورە پیاوانی وەک مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، نەمر کاک جەلیل گادانی و کاک کەریم حەدداد، حاجی حوسێن حەدداد و زۆرێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات هەبوو.

ساڵانێکی زۆر هەم لە قەڵادزێ  و هەمیش لە سەنگەسەر و دواتر لە سەیدئاوای ڕانیە میوانداری هەموو لایەکی دەکرد، خزمانی سەردەشت کە بۆ سەردانی ئازیزانیان کە لە شۆڕش دا بوون هاتووچۆی باشووریان دەکرد و ماڵی کاک ئەحمەد میوانداری هەموو لایەکی دەکرد، بە حەق هیچ کات، کاک ئەحمەد و هاوسەری ژیانی خاتوو خورشید حەکیمزادە لە هاتووچۆی زۆری خزمان نەک نارەحەت نەبوون بەڵکوو ئەو کاتە نارەحەت دەبوون کە خزمان سەردانیان نەکرد بایەن.

لە ماوەی چەندین ساڵی پێشمەرگایەتیم دا کاک ئەحمەد لە هەموو کاتە ئەستەم و ناخۆشەکانی ژیانی برینداریم دا لە تەنیشتم بوو، لە سێ جار بریندار بوونم دا هەمیشە سەردانی کردووم و تەنانەت لە لام ماوەتەوە بۆ ئەوەی بە قسە خۆشەکانی ببێتە مەرهەمی زامەکانم. لە زۆربەی کاتەکان دا هەر کات سەردانی ڕۆژهەڵات و شاری سەردەشتی کرد بێ، حەتمەن لە کاتی گەرانەوەی دا کۆمەڵێک حاجەت و پووڵ و نامە و نووسراوەی لەگەڵ خۆی بۆ هەموو لایەکمان دەهێنا و بە گەیشتنەوەی بۆ ڕانیە سەردانی قەندیلی دەکرد و بە ئەمانەتەوە شتوومەکەکانی تەحویلی هەموو بنەماڵەکان دەدا.

لە خۆشی و ناخۆشیەکانی ئەو بنەماڵانەی کە لە نێو حیزبدا دەیناسین بە دڵەوە بەشداری دەکرد و لەگەڵ خەم و ئازاری گشت لایەکمان بوو، بۆ ئێمە بەشێک لە ئەندامانی حیزب کاک ئەحمەد ببوو بە تەتەر و نامەبەر و هەواڵنێر و زۆرجاران بۆ پرسە و سەرەخۆشیەکانی شاری سەردەشت ڕێگەی نێوان گەرمێن و کوێستانی دەبڕی و هەر ئەو تێکەڵاوی و هەست بە بەرپرسایەتی کردنەش کاک ئەحمەدی حاجی غەریبی لە خەڵکی دیکە جیا دەکردەوە و باری کۆمەڵایەتی و تێکەڵاوی لەگەڵ دەروبەری، کەسایەتییەکی دیکەی بە کاک ئەحمەد بەخشیبوو، مخابن کاک ئەحمەد بە هۆی ناسازی و نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و نەمانتوانی لە ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بە زیندوویی ڕێزی لێبگرین، بەڵام بە دڵنیایەوە هیچ کات یاد و ناوی لە بیر ناکەین و هەمیشە وەک مرۆڤێکی گەلدۆست و نیشتمانپەروەر و کورد لە یاد و بیر و هزرمان دا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی دا سەرەخۆشی لە هاوسەری ژیانی خاتوو خورشید حەکیمزادە، کوڕەکانی چیا، چواس، چۆڤین و کچە تاقانەکەی خاتوو کانی و هەروەها گشت خزمانیان خوشک و براکانی و نەوەکانی بنەماڵەی حاجی غەریب و بنەماڵەی شۆڕشگێری حەکیمزادە و گشت خەڵکی بە ئەمەگ و شۆڕشگێری قەڵادزێ و پشدەر و بیتوێن دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو مرۆڤە دڵسۆز و خەمخۆرەی گەلەکەمان دەزانم.

یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢١ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢٥٧ زائینی

ماڵپەڕی گیاڕەنگ