پەیامی سکرتێری گشتیی حدک بەبۆنەی یادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان

بەڕێز یەکیەتیی لاوانی دێمۆکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
پڕ بەدڵ بە بۆنەی ساڵوەگەڕی پێکهاتنی یەکیەتییەکەتان، یەکیەتیی لاوانی دێمۆکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، پیرۆزباییتان لێ ‌دەکەم.
مێژووی یەکیەتیی لاوان، لە مێژووی لێواولێو لە خەبات و تێکۆشان و تەژی لە ڕووداو و هەوراز و نشێوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان جیا نییە و لاوانی کورد لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەماندا، بەشی هەرە قورسیان لەسەر شان بووە.
یەکیەتیی لاوان هەر لە سەرەتای پێکهاتنی و بەڕێکخراوبوونی لە “کۆماری کوردستان”دا و تا ئێستاش جێگە و پێگەی دیار و بەرچاوی خۆی لە هەوڵدان بۆ ڕزگاریی کورد و کوردستاندا هەبووە. لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات، چ خەباتی پێشمەرگانە و چەکدارانە و چ بواری ڕاگەیاندن، ڕووناکبیری، ڕۆژنامەنووسی و بزووتنەوەی مەدەنی و ئاشتیخوازانەدا، هەمیشە و لە هەموو بارودۆخەکاندا دەوری سەرەکییان گێڕاوە. زیندانەکانی ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکانی ئێران هەمیشە لە لاوانی تێکۆشەری کورد جمەی هاتوە، بەشێکی زۆر لە ئیعدامکراوە کوردەکان لە لاوانی ئەم نیشتمانە بوون و هەزاران لاوی تینووی ئازادیی کوردستانیش لە مەیدانەکانی شەڕی چەکدارانە بەرامبەر بە هەردووک ڕێژیمی ستەمکاری پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ڕێگای بەرگریکردن لە نەتەوەی کورد و ئامانجە ڕەواکانی ئەو گەلە ستەملێکراوەدا شەهیدبوون.
لەمێژە گوتراوە: “لاوان هیوای دواڕۆژی گەلن”، ئەوەش وتەیەکی ڕاستە و دیارە یەکیەتیی لاوانیش دەبێ ئەو ناوەندە بێ کە دڵ و بیری لاوەکانمان بە خۆشەویستیی نیشتمان و دڵسۆزی بۆ نەتەوەکەمان ڕابێنێ و بۆ قبووڵکردن و بەڕێوەبردنی ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیان لە دادێدا پەروەردە و ئامادەیان بکا. ئەو ئەزمونە تا ئێستا ئاکامی دیار و بەرچاوی هەبووە و ڕێکخراوەکانی لاوانی ئێمە مەکۆی پەروەردەبوونی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی نەتەوەکەمان بوون. هەروەک گەورە پیاوی مێژووی کورد شەهید دوکتور قاسملوو، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەشێک لە ئەندامانی بەڕێوبەری و کادر و بەرپرسانی پلەسەرووی حیزبیش لە ڕیزەکانی یەکییەتی لاوانەوە خەباتی خۆیان دەست پێکردوە، پێ‌گەیشتوون و دواتر بەرپرسایەتیی گەورەیان لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستاندا بەئەستۆوە گرتوە.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییتان لێ ‌دەکەم، هیوادارم یەکیەتیی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و پەردوەردەکردنی لاوانی کورددا هەر سەرکەوتوو بێ و لەشساغی و دواڕۆژێکی درەوشاوە و شادییش بۆ هەموو لاوانی نیشتمانەکەمان بە ئاوات دەخوازم.
مستەفا مەولوودی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
٢٢ /1/١٣٩٨ی هەتاوی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت