دایە ئایشێ مرۆڤێک لە ڕەنگی خاک و لە بۆنی گەنم. حەمەڕەسووڵ کەریمی

دایە ئایشێ مرۆڤێک لە ڕەنگی خاک و لە بۆنی گەنم

لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە بنکەی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری قەڵادزێ لەگەڵ چەند هاوڕێیەک و یەک لەوان کاک عومەر گەردی دانیشتبووین و چاوەروانی ئەوە بووین کە بگەرێێنەوە بنکەکانمان لە بناری مامەندە، بە گشتی هەموومان خەریکی گێرانەوەی بیرەوەری ڕۆژانی ڕابردوو بووین.

دواتر بەرپرسی بنکەی قەڵادزێ هات و گووتی کە ڕێگەی قەڵادزێ بۆ سونێ گیراوە و ئێوە تا ڕێگا دەکرێتەوە لە بنکەی قەڵادزێ دەمێننەوە، ئەوە دەرفەت بوو کە سەردانی چەند خزم و ناسیاو و چەند ئاشنایەک بکەم، بەڵام بەر لەوە بەرنامەی خۆم دابڕێژم هاوڕێ و برای گەورەم کاک عومەر گەردی گووتی شەو دەچینەوە ماڵێ ئێمە.

ئێوارە لەگەڵ کاک عومەر چووینەوە ماڵی شەهید مەلا ڕەسووڵ گەردی، زۆر بە شەرمەوە چوومە ژوورێ و دواتر لە گۆشەیەک لە ژووری گەورە دانیشتم، زۆری نەخایاند کە ژنێکی سیما جوان بە جل‌وبەرگێکی ژنانەی ناوچەی موکریان کە هەر لە خۆی جوان بوو هاتە ژوورەوە و وێرای بەخێرهاتن کردن ئامێزی دایکانەی بۆ کردمەوە و بەخێر هاتنێکی گەرم و خۆماڵیانەی کردم و زۆر بە گەرمی خوڵقی کردم، لە یەکەم دیدار دا ئۆگری دایە ئایشێ بووم.

دایە ئایشێ ژنێکی ڕاوێژ خۆش، بە خوڵق و خوو، ڕەوشت بەرز و سادە و ساکار و گەرم و گوڕ بوو، لە یەکەم دیدار ڕا هەستم بەوە کرد کە ئەم خاتوونە بەرزەناوە بە مانای وشە دایکێکی خەمخۆری هەموو لایەکە. ئەم دیدارە بوو بە هەوێنی دایکانە و بە حەق لە ماوەی ٣٦ ساڵی ڕابردوو دا وەک دایکێک هەست و سۆزی بۆ منی بچووکی خۆی هەبووە و لە چەندجار بریندار بوونم دا وەک دایکی خۆم بۆم بە پەرۆش بوو، لە نەخۆشخانە سەردانی کردووم و بە قسەکانی سارێژکەری زامەکانم بوو، بە خۆشیەوە هەر کاتێک بە خزمەتی گەیشت بم، زۆر بە گەرمی دەستەکانم ماچ دەکرد و بۆنی دەستەکانی بۆنی خاک و گەنم و دایکمی لێدەهات، دایە ئایشێ لە ئامێزی خۆی دا کوڕ و کچ و نەوەکانی زۆر بە خەمخۆری گەورە کردن و هەموویانی فێری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری، ئیمانداری و باوەڕمەندی بە ڕاستییەکانی ژیان کرد و بۆ ئێمەمانانیش کۆڵەکە و ئەستۆندەکی ڕاوەستاوی تاوڵی ژیانمان بوو، قسەکانی، ڕێنوێنیەکانی، هەست و سۆزی بۆ منی بچووکی خۆی بوونە چرای ڕووناکی ژیانم و هەمیشە وەک دایکم خۆشم ویستووە و ئێستاش دوای کۆچ و ماڵئاوایی بە جەستەی، یاد و ناوی لە دڵم دا بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

دایە ئایشێ خاتوونێکی تێگەیشتوو، هێدی و لەسەرەخۆ، ساحەب قسە و ساحەب بڕیار و ژنێکی خۆڕاگر و بە هیوا و ئومێد بوو، کاتێک بە پیلانێکی خائینانە هاوسەری ژیانی، کاک مەلا ڕەسووڵ شەهید بوو زۆر خۆڕاگرانە ئەرکە بەجێ ماوەکانی شەهید مەلا رەسووڵی وەک باوکی منداڵەکانی بە زیادەوە ڕادەپەڕاندن و جیا لە ئەرکی دایکانە ئەرکی باوکایەتیشی کەوت بوو سەر شان و بە حەق لەم ئەرکە قورسەش دا ڕوو سوور و سەربەرز هاتە دەر. دڵسۆزی و خەمخۆری دایە ئایشێ بۆ هەموو لایەک جێگەی ڕێز بوو، هەر بۆیە بە گشتی ژنان و پیاوانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات ڕێزێکی تایبەتیان بۆ دایە ئایشێ هەبوو.

هاتووچۆم بۆ لای ماڵە ئاوەدانەکەی دایە ئایشێ چ لە بناری قەندیل و چ لە دەشتی کۆیە و دواتریش لە وڵاتی سوئێد بۆ من وەک عادەتی لێهاتبوو، زۆرجار کە بە تەلەفوونی لە گەڵ مامۆستا خالید و کاک عومەر و خزمان قسەم دەکرد، هەوڵم دەدا لەگەڵ دایەش قسە بکەم ، بەداخەوە دوای هاتنی بەڵا و نەخۆشی کڕۆنا، بۆ پاراستنی دایە ئایشێ لە مەترسی کۆڕۆنا نەدەبوو سەردانی بکەم و هەر بۆیە زیاتر بە تەلەفوونی ئەحواڵم دەپرسی و لەم دوایانەش دا کە بە هۆی بە ساڵاچوویی و نەخۆشی وەزعییەتی بەرەو ناجێگربوون ڕۆیشت بوو، لە ڕێگای کوڕەکانی دایە ئایشێ لە حاڵ و گوزەرانی بێ هەواڵ نەبووم، بەداخەوە دایە ئایشێ دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، بڵاو بوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی حاجی “ئایشێ‌”ی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەر بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەرێزیان و بنەماڵەی گەردی ئازیز و تێکۆشەر دەناسن بۆتە مایەی خەم و پەژارە.

‎بە بۆنەی کۆچی دوایی دایكی خەمخۆر و دڵسۆزی هەموو لایەكمان حاجی ئایشێ هاوسەری گەورە پیاوی نێو خەباتی كوردایەتی شەهید مامۆستا مەلا ڕەسووڵ گەردی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە یەكەیەكەی ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزیان لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.

‎لە ئاست ئەم کۆستە گەورەیە دا هیچ وشەیەک شک نابەم کە بتوانێ هەڵگری ئەو خەمە گەورەیە بێ و ئاواتەخوازم کە ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی گەورەی گەردی و خزمانیان ساخ و سەلامەت و تەمەن درێژ بن.

‎جارێکی دیکەش سەرەخۆشی لە گشت لایەک دەکەم و خوا سێبوریان بدات.

‎رووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.

‎ناو و یادی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

‎حەمەڕەسووڵ کەریمی

‎١٩-٠٧-٢٠٢٣ی زائینی