ڕاخوشانی ئەستێرەژنێک لە ئاسمانی خۆرھەڵاتی نیشتمانم.

ڕاخوشانی ئەستێرەژنێک لە ئاسمانی خۆرھەڵاتی نیشتمانم.
چ بنووسم کە پڕ بەباڵای خۆڕاگری چەندین ساڵەی ژیانی پێشمەرگانە و ژیانی ھەندەران و دوور لە وڵاتت بێ، پێشتر گوتبووم دەبێ خامە و پێنووست گەلێک بەتوانا بێ تا بتوانێ ھەموو ئەو چرکە ساتە پڕ لە سەروەری و خۆڕاگریەنەتان لە ماوەی ئەو ٤٤ ساڵە دا کە لە پێناو ئازادی و سەربەستی نیشتمان دا کێشاتان بنووسێتەوە.
بەڵام لە شوێنێک دەبێ دەست پێبکەین ئەگەر نووسینەکانمان کرچ و کاڵیش بن دەبێ خۆمان بیانووسینەوە، یادی شەھید نەسرین حەدداد بەخێر کاتێک بەڕێزیان بەرپرسی یەکیەتیی ژنان بوو بە یەکەوە باسمان لە پرۆژەیەک کرد کە کاری لەسەر بکەین و ھەوڵ بدەین ژیان و بەسەرھاتی پۆلێک ئەستێرەژنی وەک پوورە کافە، دایە ئایشە دەورانی، پوور مریەم و سەیدزادە و خاتوونەکانی دیکەی کە لە شۆڕشی خۆرھەڵات وەک سەربازی وون بێ ناو و نیشانن، ھەرچەند کورت،یش بێ بنووسین.
داخەکەم کە شەھید نەسرین بەرپرس نەما ئەو پرۆژەیەش لەبیر کرا.
چەند جار لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی یەکیەتیی ژنان لەگەڵ یەک دوو ھاوڕێ داوامان لەو ڕێکخراوەیە کردوە کە ئەو ئەرکە پیرۆزە بگرنە ئەستۆ و ھەوڵ بدەن بەسەرھات و داستانی ڕاستەقینەی ئەو خاتوونانە کە شان بەشانی ھاوسەری ژیانیان لە خەبات و تێکۆشان دابوون و ھەن، بۆ مێژوو کۆبکەنەوە تا لە داھاتوو دا نەوەکانمان بزانن ژنی کورد زیاتر لە ھەموو ژنانی دونیا بۆ ئازادی نەتەوەکەیان تێکۆشاون و لەو ڕێگایە دا زۆر ڕەنج و ئازار و چەرمەسەری و تەنیاییان کێشاوە.
زەحمەت و خۆڕاگری ئەو بەرزە ژنانە لە بەرامبەر زوڵم و زۆرداری رێژیمی یەک لە دوای یەکی ئێران بووە کە گەلی ئێمەی وەک گەلێکی خۆڕاگر لە سەر پێ ھێشتۆتەوە و ھەنووکەش درێژە بە خەبات دەدەین.
دایە ئایشێ یەک لەو دەگمەنە ژنانە بوو کە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان زۆر چەرمەسەری چشت.
نموونەی ژنانی لە چەشنی دایە ئایشێ ژنی تێکۆشەری رێگەی کوردایەتی و ژنی باوەڕمەند بە مرۆڤایەتی و بە یەکسانی و ئایین لە کوردستان و کۆمەڵگەی کوردستان ھەر لە زیاد بوون دابێ.
بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە ئایشێ سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی گەردی بەگشتی دەکەم و خۆم بە ھاوخەمیان دەزانم.
ڕووحی دایە ئایشێ شاد و یادی و بیرەوەری ئەو دایکە بەڕێزە ھەمیشە لەدڵان دا زیندوو.
شلێر
١٨-٠٧-٢٠٢٣