کۆچی دوایی ئەندامی لە مێژنەی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید

کۆچی دوایی ئەندامی لە مێژنەی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید

ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتی ۲٥ی پووشپەڕی ۱٤۰۲ی هەتاوی دایە “ئایشە دەورای” هاوسەری شەهید مەلا ڕەسوڵ گەردی بەهۆی نەخۆشی و بەسالداچوونی تەمەن لەوڵاتی سوید ماڵئاوایی لەژیان کرد و کۆڵەبەری هیواو ئامانجەکانی کە تەمەنێک بوو بەکۆڵەوەی بوو بە ناکامی بردە ژێر گڵ.

دایە “ئایشە دەورانی” ساڵی ۱۳۱۲ی هەتاوی بەرابەر بە ساڵی ۱۹۳۳ی زائینی لە گوندی( گوڵفەت ) سەر بە ناوچەی ( بەری مێرگان)ی پیرانشار لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندیی لەدایک بوو.
دایە “ئایشە دەورانی” لە ساڵی ۱۳٤۰ی هەتاوی بەرابەر بە ساڵی ۱۹٦۱ی زائینی لە گەڵ شەهید مەلارەسووڵی گەردی ژیانی هاوبەشی پێکهێنا، بەرهەمی ئەو ژیانە ٤ کوڕ و ۳ کچ بوو. چەند ساڵ دواتر هاوسەریی حاجی ئایشێ، شەهید مەلارەسووڵ گەردی بەهۆی کاری سیاسی وئەندامەتی حیزبی دیموکرات ، لە دوای جوڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦، ٤۷ کەوتە بەر پەلاماری ساواک و نزیک بە ٥ ساڵ کەوتە زیندانی رژێمی حەمەرەزا شا. لەو ماوەیەدا دایە ئایشێ کەوتەبەر ئەزموونێکی سەخت و دژوار، ئەو دەبوایە رۆڵی دایک و باوک لە یەک کاتدا ببینێ و هەموو ئەرکەکانی ئەو بنەماڵەیە لە هەموو بوارەکاندا بخاتە سەرشانی خۆی، ئەم قۆناخەی دایە ئایشە لەگێڕانەوە نایە.

لە دوای قۆناخی نوێی خەباتی هاوسەرەکەی لە ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاویدا، دوای روخانی رژێمی حەمەرەزا شاو هاتنەسەرکاری رژێمی خومەینیدا جارێکی دیکە دەربەدەری و پەنابەریی و ئێش و ئازاری حاجی ئایشێ دەست پێدەکاتەوەو بە ناچاریی زێدی ژیان گوزەرانی خۆی و ماڵ و منداڵەکانی لێ تێک دەچێ و پەریوەی شاخ و کێوەکانی کوردستان و دواتریش ئاوارەی باشووری کوردستان دەبێ و لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی وەک: ئۆردوگای چوارقورنەو شاری قەڵادزێ و گوندی ئێندزێ و شاری کۆیەو هەولێر جێگیر
دەبێ، لەو دەورەیەشدا بۆ پێگەیاندنی منداڵەکانی بۆ ئەوەی لە خوێندن بێبەش نەبن زەحمەتێکی زۆر دەکەوێتە سەرشانی و زۆر بە رووسووریی تەواو ئەرکەکانی دایک و باوکێک زیاتر لە ڕادە بەجێ دەگەیەنێ.
کاتێک هاوسەریی ئایشێ دەورانی، مەلارەسووڵ گەردی لەگەڵ دوو هاورێی دیکەی لە نێو مینی بووسی گواستنەوەی ژن و منداڵ و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لە رێگای بۆڵێ و ئێنزێ لە باشووری کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینی بووسەکە لە رێگای کۆنتڕۆڵی دوور، لە رێکەوتی( ١٣٧٠/٨/٧) لە لایەن بەکرێگیراوانی خۆوڵاتی سەر بە رژێمی ئێران تەقێندرایەوەو شەهید بوو. دیسان ئەرکی حاجی ئایشە قورستر بوو،ئەو جارە بە نەمانی مەلارەسووڵ گەردی هەموو کۆشکی هیواو ئاواتەکانی داڕما.
لە رووی ناچاریەوە لە رێگای (UNHCR)ەوە بە بنەماڵەوە لە ساڵی ۱۹۹۷لە وڵاتی سوید بە پەنابەر وەرگیران.
ماڵی مەلارەسووڵ گەردی بەهۆی دایە ئایشەوە ماڵی هەموان بوو، ئەو بەهۆی رێزو حورمەت و میوانداریی و ڕووخۆشییەوە ماڵەکەی هەمیشە جمەی دەهات، تەنانەت ئەو کاتانەش کە وەزعی ماڵیمان زۆر خراپ بوو، وەک بنکەیەکی حەسانەوەی پێشمەرگەی بوو.

لەلایەن ڕاگەیاندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی گەردی و دەورانی و کچ و کۆڕەکانی دایە ئایشێ دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین، ڕوحی دایە ئایشێ شاد و سەبووری بۆ ئازیزانی
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیران
28ی پووشپەڕی 1402هەتاوی
19 ژوێیەی 2023 زایینی