بریارێکی بوێرانە و خێرخوازانەی بنەماڵەی حوسێن خاڵەیی خەڵکی سەردەشت

بریارێکی بوێرانە و خێرخوازانەی بنەماڵەی حوسێن خاڵەیی خەڵکی سەردەشت

بەداخەوە لە چەند ڕۆژی رابردوو دا حوسێن خاڵەیی کوڕی محەممەد خاڵەیی و گەلاوێژ ئەسپەندار لە کاتی کۆڵبەری دا لە سەر سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شوێنێک بە ناوی تاتیی‌دوو لە بناری چیای قەندیل لە بەرزایی را بەر دەبێتەوە و زۆر بە سەختی بریندار دەبێ.

لە ڕیگەی چەند کەسێکەوە دوای هەوڵێکی زۆر و چەندین کاتژمێر  ڕێگە بڕین، بە بێ ئیمکاناتی ڕادەگوێزرێ بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سولێمانی، بە هۆی کاریگەر بوونی برینەکانی هەر زوو لە هۆش خۆی دەچێ و دوای پێراگەیشتنی پزیشکی، دەردەکەوێ کە حوسێن خاڵەیی تووشی پێکانی مێشک بووە و بەداخەوە مێشکی وەستاوە و هەر بۆیە لە ڕێگەی بنەماڵەوە دەگەیێندرێتەوە شاری سەردەشت و ڕەوانەی شاری ورمێ دەکرێ و دواتر دوکتورەکان لە نەخۆشخانەی ورمێ وەستانی مێشکی حوسێن پشت ڕاست دەکەنەوە.

دوای ئەوە دوکتورەکان لە گەڕاندنەوە و چالاک کردنەوەی مێشکی دەستەوەستان دەمێننەوە، بنەماڵەکەیان واتە دایک و باوکی حوسێن بڕیار دەدەن کە ڕۆژی یەک‌شەممە بۆ ئەوەی کوڕەکەیان لە دواین ساتەکانی ژیانیشی دا خزمەتی بە مرۆڤایەتی کرد بێ، چەند بەش لە ئەندامانی جەستەی و بە تایبەت دڵ و گورچیلەکانی بەو کەسانە ببەخشن کە ساڵانێکە بە ئازاری بەشێک لە جەستەیانەوە دەناڵن و لە چاوەروانی ئەوە دان کە دوکتورەکان نەشتەرگەری ئەندامێک لە جەستەیان بۆ بکەن.

ئەم بڕیارە لە لایەن دایک و باوکی حوسێن خاڵەیی جیا لە مرۆڤایەتی، لە هەمان کاتدا گیان بەخشینەوەیە بە کەسانێک کە ساڵانێکی زۆرە لە چاوەروانی ساخ بوونەوەیان دان. بە هیوای ئەوە نموونەی لە چەشنی دایک و باوکی حوسێن لە نێو کۆمەڵگای کوردستان دا هەر لە زیاد بوون دابن.

شایانی باسە کە حوسێن خاڵەیی لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و دیاری ناوچەن و بە تایبەت بنەماڵەی ئەسپەندار جیا لەوە کە خاوەن شەهیدن، هاوکاتیش چەندین کەسیان وەک ئەندام و پێسمەرگە هەنووکەش خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکەن.