نا بۆ ئێعدام. خەبات هونەرمەند

ماوەیەکە دوو لاوی شاری مەریوان بە ناوەکانی لوقمان مرادی و زانیاری مرادی خەڵکی شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا، بۆ ژووری تاکەکەسی لەزیندانی رەجایی شاری کەرج گوازراونەوە، هەتا ئێعدامیان کەن. ئەو حوکەمە نارەوا، داسەپاو و مەحکومە و نابێ ئیزن بدرێ ئیجرا بکرێ.

کۆماری ئیسلامی ئێران پتر لە سی ساڵە، لە گرتن، راونان و زیندانی کران، کوشتن و ئێعدامی رۆڵەکانی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ماف پێشێلکراوی بەرایی لە ئێران یانی فارس، ئازەری، بەلووچ، تورکمەن، عەرەبەکانی ئازادیخواز و بەتایبەتی ئەندامانی، لایەنگرانی و چالاکانی حیزب و ڕێکخراوەکانی چالاکی ئەو نەتەوانەی ناویان برا، دەستی نەپاراستوە. ژمارەیەک لە گیراوەکان، لە بێ دادگاکانی چەند خولەکی دا، بە تاوانبار داناسیندرێن و حوکمی ئێعدام یا زیندانی قورسیان بەسەر دادەسەپێنن.

زۆرترین ژمارەی زیندانی و ئێعدامەکان، بە پێی حەشیمەت لەنێو خەڵکی کورد دا، بە ناڕەوا مەحکووم کراوەن و گیانیان لێ ئەستێندراوە. چونکە بەربەرەکانی و خەبات بەدژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە لایەن کوردەکانەوە، پتر بوو.

ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنوسرێن، ئێعدامی زانیار مرادی و لوقمان مرادی لەوانەیە بەم زوانە ئیجرا بکرێ. من داوا لە خەڵک و کۆڕوکۆمەڵە بەشەردۆستەکانی جیهان دەکەم، بە نارەزایەتی دەربڕین پێش لەو کارە خراپە بگرن. هەموو هەوڵێک بخرێتە گەڕ تا رۆڵەکانی گەلەکەمان لەنێو نەبرێن.

پێویستە سپاس بکرێ لەو خەڵکە مرۆڤ دۆستەی مەریوان کە سێشەممە رێکەوتی ١٥ ی یانواری ٢٠١٣، بەداخستنی دوکان و بازار و شوێنی پیشە و کاریان، کە نارەزایەتی خۆیان بۆ ئەگەری ئێعدام کرانی مرادییەکان دەربڕی.

خەبات هونەرمەند