دێموکراتەکان و کۆبوونەوە لە پێناو کۆبوونەوەدا! کەریم فەرخە پوور

رۆژی پێنج شەممە ١٠ی نۆڤەمبر بە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دێموکراتەکان بۆ چوارەمین جار بە شێوەی فەرمی لە گەڵ یەک کۆبوونەوە.

چاوەڕوان دەکرا ئەو کۆبوونەوەیە بە دوای سێ دانیشتنەکەی پێشوودا، رەوتی لێکنیزیکبوونەوەی دوو لایەن خێراتر بکا بەڵام ئەوەی لە هەواڵ و راپۆرتی دوو لایەن دا بیندرا، درێژەدان بە کۆبوونەوە و دانیشتنە بێ بەرنامە و بێ ئامانجەکان بوو.

کێشەو ناکۆکی نێوان دوو لایەنی دێموکڕت لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، یەکێک لە باس و بابەتە گرینگەکانی نێو ریزەکانی هەر دوو لایەن بووە و تا ئیستاش هەر بەردەوامە. ئەگەر لە رابردوو دا لە نێو بەدەنەی دوو لایەن دا ئەو باسە دەکرا ئەوە ئەمڕۆ باسەکە لە نێو رێبەرایەتی و شەخسی یەکەمی هەر دوو لایەن دا بە شێوەی ئاشکرا و فەرمی هاتۆتە گۆڕێ و کۆبوونەوەی لە سەر دەکرێ. لە سەرەتای دانیشتنەکاندا ئەندامانی هەر دوو بەش و خەڵکی کوردستانیش هیوا و ئومێدێکی زۆریان بە یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکڕات هەبوو و یەکبوونخوازانی دێموکڕاتیش خەریک بوو دەستی خاترجەمیان دەدایە ژیر سەر و بەو قەناعەتە گەیشتبوون کە رێبەرایەتی هەر دوو لا لانیکەم دەیانهەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن. بەڵام دوای چەند کۆبوونەوەی بەردەوام و بە نۆرە لە بنکەی هەر دوو دەفتەری سیاسی و ئاخرین کۆبوونەوەی هەردوو لایەن بە سەرپەرستی هەر دوو سکرتێر بە داخەوە خەریکە لە یەکبوونەوەی دێموکڕاتەکان نائومێدمان دەکا.

لەو چەند کۆبوونەوەدا هەتا ئێستا هیچ لایەنێک نووسراوەیەکی کۆنکرێتیان نەداوەتە دەر کە کۆبوونەوەکان بە چ مەبەستێک ئەنجام دەدرێن و لە سەر هیج خاڵێکی هاوبەش رێککەوتنێک نەهاتۆتە ئاراوە. وەک لە راپۆرتی کۆبوونەوەکان کە لە زمان راگەیەنەرەکانی دوو لایەنەوە بڵاو دەبنەوە، باسەکان بە دەوری هەموو دنیادا سووڕاونەوە ئیللا ئەوەی خەڵک دەیهەوێ و پێویستیی حیزبی دێموکرات و بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانە. هەموو هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکبوونخوازانی دێموکڕات وەسەریەک کەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکراتە و ئامانجی کۆبوونەوەکانیش پێویستە و چاوەڕوان دەکرێ لەو راستایە دابێت و ڕێبەرایەتی بە دوای کردنەوەی ئەو گرێی گوێرەیەدا بگەڕیت کە ئەویش ناوی حیزبی دێموکڕاتە کە بە بڕوای من کێشەی ئەسڵی ئەو دوو لایەنەیە و هیچ ناکۆکیەکی بەرچاوی دیکە لە ئارا دا نییە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نایهەوێ ئیعتڕاف بە حیزبی دێموکراتی کوردستان بکات یا وەک دوو لایەنی دێموکرات یەکبگرنەوە و لایەنی حدک یش یەک قەدەم پاشەکشە ناکات کە تا ئێستا بێجگە لە حدکا لە لایەن هەموو حیزب و ڕێکخراو و ئۆرگانە ڕەسمیەکانی وڵاتانی دەرەوەش بە ناوی حدک ناسراوە و بۆ هەموو شوێنیک هەر بەو ناوە دەعوەت دەکرێ و پرس و رای پیدەکرێ. قبووڵ نەکردنی حدک لە لایەن حدکا وە یا ئیعتڕاف نەکردن بەوەی کە وەک دوو لایەنی دێموکرات یەکبگرنەوە، ئەوا کێشەکە کۆتایی نایە و تەنیا خەڵکی کوردی تێدا ڕەنج بە خەسار دەبێت.

لە دانیشتنی ئەم دواییانە دا ئەو دوو لایەنە دوو ڕاپۆرتی جیاوازیان بڵاو کردۆتەوە کە بە بڕوای من پێچەوانەی یەکترن. لە راپۆرتی حدک دا ئەگەرچی نەتیجەی قسە و باسەکانی تێدا نەهاتوە کە لە سەر چی ڕیککەوتوون هاوکات بە درێژی باس لە مەسەلەی یەکبوونەوەی دیموکڕاتەکان کراوە و ئیشارەی بە قسەی بەشدارانی کۆبوونەوەکە کردووە بەڵام بە داخەوە لە ڕاپۆرتی حدکا دا بە پێچەوانەی ڕاپۆرتەکانی پێشوو، تاقە یەک وشە بەرچاو ناکەوەێ کە باس لە چارەسەری کێشەی ئەو دوو لایەنە کرابێ و خۆی بە کێشەی سوریا و تورکیا و وڵاتانی عەرەب سەرقاڵ کردووە. ئایا نووسەری ڕاپۆرتەکە دژی یەکبوونە و نەیویستوە باس لە یەکڕیزی بکات یا ئەوە سیاسەتی رەسمی حدکا یە لەو دانیشتنانە؟ ئەگەر سیاسەتی رەسمی حدکایە، لە پێناو چ ئامانجێک دا درێژە بە کۆبوونەوەکان دەدا و گەرەکیەتی ئەم پرۆسەیە بەرەو کوێ بچێ؟ ئەگەر حدک وەک لایەن ئیشارە و ئیعتڕافی پیناکرێ، ئەی چۆنە کە لە گەڵ ئەو لایەنەی کە ئیعتڕافی پیناکەی باسی کێشەیە هەموو دنیای لە گەڵ دەکەی؟

لەو ماوەیەدا هێندێک قسە و باس بەر گوی دەکەون کە گۆیا بەشێک لە ئەندامانی ڕیبەری دەیانهەوێ دوو لایەنی دێموکرات هەر وا بمێننەوە و کار و تێکۆشانی خۆیان دریژە بدەن و پێویست بە یەک گرتنەوە ناکات. هەدەفی ئەو کەسانە بێگومان تەنیا پاراستنی بەرژەوندیە شەخسیەکانیانە و هیچی تر. رێبەرایەتی هەر دوو لایەنی دێموکڕات دەبێ ئەوە بزانن کە بەدەنەی هەر دوو لایەن بێجگە لە یەکگرتنەوە بە هیچ رێککەوتنێکی دیکە رازی نابێت و لە کاتی خۆیدا هەڵویست دەگرێ. هەر رێککەوتنێکیش ئەگەر بە ئامانجی یەکگرتنەوە نەبێ ئەوا تەنیا بە کەڵکی واژۆکەرانی رێککەوتنەکە دێ نەک خەڵکی کوردستان و بەدەنەی حیزب. ئەو کەسانەی کە لە رێبەرایەتی دا نیگەرانن و پێیان وایە ناتوانن بە یەکەوە کار بکەن و چاویان بە یەکتر هەڵنایە ئەوا باشترین رێگا ئەوەیە کە دەست لە پۆستەکانیان هەڵگرن و بە شێوەیکی‌تر درێژە بە خەبات بدەن، بەرژەوەندی حیزب فیدای بەرژەوەندیەکانی خۆیان نەکەن و رێگا بدەن خەڵکانی دیکە ئەو مەسئوولیەتە بگرنە ئەستۆ.

بەدەنەی حیزب نابێ دەست لە سەر دەست دابنێ و هەر چاوەڕێی کۆبوونەوە بێ ئاکامەکان بێت. پێویستە زۆر بە جیددی هەڵوێست بگرێ و داوا لە رێبەرایەتی بکات کە هەرچی زووتر بێنە سەر ئەسڵی مەتڵەب کە یەکگرتنەوەیە و چیتر قبووڵ نەکات کە کۆبوونەوەکان هەر بۆ دانیشتن و درێژەدانی کۆبوونەوە و کات بە فیڕۆ دان بێت.

کەریم فەرخە پوور

22.01.2013