پەیامی پیرۆزبایی حەسەن حاتەمی لە یادی دامەزرانی ٧٥ سالەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنان دا

ڕێز و وەفا بۆ ٧٥ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی و یەکسانی دا
تێکۆشەرانی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکڕاتی کوردستان!
ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز!
بە بۆنەی ٧٥ مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی ژنانی کوردستان، لە ٢٤ ی ڕەشەممەی ١٣٢٤ (١٥ ی مارسی ١٩٤٦) دا، کە بە حیزبی یایانیش ناوی دەبرێ، و لە درێژەی ئەو خەبات سەخت و دژوارە دا، یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و نزیکەی ١٥ ساڵ یەکیەتیی ژنانی دێمۆکڕاتی کوردستان، پڕ بەدڵ پیرۆزباییتان لێدەکەم.
لە یەکەم هەنگاوی گەورە و بوێرانە و ژیرانە رێکخراو سازی تایبەتی ژنان دا، کە پێشینە و رابردوویی کەمی لە نێو هەموو کوردستان هەبوو، و لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر نەیبوو، حیزبی دێمۆکڕاتی ژنانی کوردستان، بە هیممەتی یای مینای قازی، یەکەمین بەرپرسی ئەو حیزبە، و کچەکانی و پشتیوانی زۆر بەهێزی یەکەم سەرکۆماری کورد، نەمر پێشەوا قازی محەممەد و زۆربەی رێبەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و پیاوە ماقووڵانی ئەوکاتی کۆمەڵگەکەمان و خوێندەوارەکانی ژن و پیاو، سەەرتا لە مەهابادی ، پێتەختی کۆماری کوردستان، و دواتر پەلوپۆ هاویشتنی بۆ بەشێک لەو ناوچانەی کە کۆماریی تێدا دامەزرابوو.
رەهەندی مەدەنیی لە کەش و هەوایەکی ئازادی دەسەڵاتێکی خوشەویستی گەلی دا، و رێکخراوسازیی تایبەتی ژنان و هاتنە مەیدانیان، کە سیمایەکی مودێڕنتریان دا، بە “دەوڵەتی جمهووری کوردستان”. بە قەولی خانمی شەهرزادی موجاب لە پێشەکیی کتێبی “ژنان یەک میللەتی بێ دەوڵەت و کوردەکان (ناسیونالیسم لە کۆماری کوردستان لە ١٩٤٦) دا، وەرگێڕانی کاک ئەحمەدی ئەسکەندەریی لە ساڵی ٢٠٠١ دا، دەڵێ: دامەزرانی حیزبی ژنان بە دێمەن بەرجەستەترین هەنگاو بوو، کە لە لایەن رێبەریی حیزب لە پڕۆسەی نەتەوە سازی دا، هەڵێنراوە.
بەو تایبەتمەندیانەی سەروو کە ئەنجومەنی فەرهەنگیی و قوتابخانەکانی کچان و پەرەپێدانیان و بەهێزی کردنی فێرکاریی و بارهێنان بە زمانی دایکی کوردی، کە فەرمی بوو، بە رۆژ و بە شەو هەنگاویی زۆر ئەرێنی بۆ پێشکەوتنی هەرچی پتری ژنان و کچان گەشە دان بە تواناکانیان بوو.
بۆیە لە خەبات و تێکۆشانی ٧٥ ساڵەی ژنان و کچان، بە تایبەتی پتر لە ٤٠ ساڵی رابردوو دا، خەبات لە شەقامەکان و نێو کۆمەڵگەدا، لە شاخ و پێشمەرگایەتی و بەرخۆدانی بەرگریی چەکدارانەی شەڕی داسەپاو دا، لە تاراوگە و ئاوارایی و دور لە زێد و نیشتیمان، چالاکیی ژنان و کچان دا، بە هەموو کەموکووڕییەکان، سیمایەکی دیار و ئاڵاگەلێکی شەکاوەن بۆ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ئازادیی و یەکسانیخوازی و مافی نەتەوەیی دا.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا، لە رێکخراو سازیی سەرانسەریی ژنان لە ئێرانیش دا، وەدوا نەکەوتون. دواکەتوو هێشتنەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە لایەن دەسەڵاتدارانی سەڕۆیی شایی و فەقیهی، هەنگاوە بوێرەکان و مێژوو سازییەکەی و خەبات کردنی لە قۆناخە جۆراوجۆرەکانی ئارایی دا، ٧٥ ساڵی “ئاڵماسین”ی تا ئیستا، تۆمار کردوە.
ئێمە لە حالێک دا، یاد لە خەباتی ژنان دەکەینەوە کە ژنان و کچان لە ئاستی جیهانی ٨ ی مارسیان خوڵقاندراو بە خوین خەبات بەرەو گەشی پتر دەچێ، فێمێنیسم‌ و یەکسانیی خوازی گەشە دەکا و پیاوانی پشتیوان و هاوخەبات روو لە زیادبوونن، لە ژێر سیستێمی ئایینی و مەزهەبیی لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، کە ژن بە نیوە مرۆڤ، لە شاهیدی و میرات و شێوەی ژیان دا، حیساب دەکرێن و بە مڵکی پیاو لە قەڵەم دەدرێن، ئەو دیاردانە بە هۆی خەبات و تێکۆشانی چەند لایەنە، پێشکەوتنەکانی پتر لە دوو دەیەی سەدەی ٢١م، لاواز و لاوازتر دەبن.
کچان و ژنان لە ئێران، بەهێزتر و بە ئەژماری پتر لە سێ ساڵ رابردوو دەرکەوتوون. لە بەفرانباریی ١٣٩٦ دا، کچانی شەقامی شۆڕش، لە تاران کە دروشمی: ئیسلاح تەڵەب، ئوسولگەرا، ئیت تەواوە ماجرا، دا، هەم لە خەباتی زۆرەملێی رووپووشی (حیجابی داسەپاو) دا، رێژیمی کۆماریی ئیسلامی سیاسیی ویلایەتیی موتڵەقەی فەقییان، تووشی بون بەست و جۆرێک “ئاچمەز” کردوە، هەم خەباتی سەرانسەریی تا ڕادەیەکی زۆر یەک دەست‌تر کردوە.
زیندانییەکانی سیاسی، مەدەنیی، ژینگە پارێژی، رۆژنامە نووسی، تاراوگە نشینی (دو تابعیتی)، ژنان و کچان رێژیان زۆر چۆتە سەر. دەستدرێژی و ئازاریی جەستەیی و دەروونی ئەو زیندانیانە، بەڵگەیەکیی گرینگی کاریگەریان، لە خەبات و تێکۆشان دایە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەکان و فەزای مەجازی دا، ژنان و کچان چالاکانەتر لە ساڵانی پێشوو ئەو رەهەندەیان رەنگاوڕەنگ تر و بەرفراونتر و چالاکتر کردوە. بۆیە رێژیم لە هەر رووداێکی گرینگی نێوخۆیی دا، ئیترنیت هەڵدەبڕێ و ئەو بەشە چالاکییە کز دەکا.
‌ لەو یادە مەزنە دا، کە دوایی رۆژەکانی سەدەی چاردەیەم و دەستپێکی سەدەی پانزدەیەمە، پێویستە، ژنان و کچانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوچەی باکووری خوراسان، لە تاران و هەموو شار و شارۆچکەکانی کورد و ئۆگرانی ئازادی و یەکسانیخوازیی
لێی‌دەژین، هەر جۆر بۆیان دەلوێ، لە خەبات و تیکۆشان، شان بە شانی پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیی ویست، ڕژدتر، بوێرانەتر، بە تاک و کۆ پتر لە مەیدان دا بن.
کاتێک کە سەردانی پاپ فڕانسیس بۆ عێراق و هەرێمی باشووریی کوردستان، شەن و کەو دەکرێ، گفتوگۆی پاپ دەریدەخا کە چارەنووسی بنەماڵەی نادیا موراد و ئیزدییەکانی کورد، کە لە کتێبی “دوایین کچ” (آخرین دختر) دا،کە هەواڵنێرێکی ژن، پێشکەشی پاپی دەکا، خوێندۆتەوە؛ لە بەشێک لە دەرد و ئازار و مەینەتییەکانی داعش لە گەڵ کوردان و نەیارانیان بەگشتیی و کچان و ژنانی کورد بەتایبەتی ئیزدییەکان کە ئەنجامیان داوە، دەبێتە هۆیەکی زۆر گرینگ، بۆ ئەو سەردانە، بانگهێشت کراوە، لە هەومەرجێکی زۆر ئاڵوز، پڕمەترسیی و پڕ کێشە و تێڕۆر و خوێنڕێژی لە رۆژهەڵاتی نێوڕاست دا.
لە کۆی ئەم تابلۆیانەی باسیان کرا نیشان دەدا، خەبات و تێکۆشانی ژنان و کچان، گەورەترین سەنگایی و سەرنجن لە هەموو کۆمەلگەکان و جیهان دا. بۆیە وێڕای رێز و وەفا و بەڵێنی نوێ کردنەوە لەگەڵ هەموو شەهیدان و نەمرانی کچان و ژنان و سەرقافڵەکانیان یای مینا قازی، مامۆستا نەسرین حەداد وخاتوو سوهەیلا قادری. ئومێد دەخوازم پەرگرتوویی خەبات و تێکۆشانی کچان و ژنان لە هەموو رەهەندەکان پتر و پتر بن.
دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی ژنانی کوردستان و یەکیەتیی ژنانی دێمۆکڕاتی کوردستان جارێکی دیکەش پیرۆز بێ.
بەڕێزەوە: حەسەنی حاتەمی
١٢ ی مارسی ٢٠٢١، بەرانبەر بە ٢٢ ی رەشەممەی ١٣٩٩