راگه‌یه‌ندراو به‌بۆنه‌ی پێکهاتنی پلینۆمی شه‌شه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان راده‌گه‌یه‌نێ پلینۆمی شه‌شه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له رۆژه‌کانی 14 تا 16 ی رێبه‌ندانی 1391 ی هه‌تاوی (2 تا 4 ی فێوریه‌ی 2013ی زایینی) به‌به‌شداریی ئه‌ندامانی ئه‌سڵی و جێگر و راوێژکارانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب و کۆمه‌ڵێک له تێکۆشه‌رانی له‌مێژینه‌ی حیزب به‌ڕێوه چوو.
له سه‌ره‌تای کاره‌کانی پلینۆم‌دا، پاش راگرتنی ساتێك بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له یادی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی کوردستان، و په‌سند کردنی ده‌ستووری کاری کۆبوونه‌وه‌کانی پلینۆم، راپۆرتی سیاسیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی که لێکدانه‌وه‌ی سیاسیی بارودۆخی سیاسیی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه و ئێران و کوردستان و هه‌روه‌ها پێویستییه‌کانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ زه‌روره‌ته‌کانی قۆناغی ئێستای خه‌بات و تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی له خۆ گرتبوو، له‌لایه‌ن هاوڕێ خالید عه‌زیزی سکرتێری گشتیی حیزبه‌وه پێشکه‌ش کرا که دواتر له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی رێبه‌ریی حیزبه‌وه باس و گفتگۆی له‌سه‌ر کرا و به په‌سندی پلینۆم گه‌یشت.
له به‌شی یه‌که‌می راپۆرتی سیاسی‌دا، سکرتێری گشتیی حیزب پاش ئاماژه به تازه‌ترین ئاڵوگۆڕه‌کانی هه‌لومه‌رجی نێونه‌ته‌وه‌یی، لێکدانه‌وه‌ی رێبه‌ریی حیزب له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بارودۆخی تایبه‌ت به هه‌ر کام له‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کراوه خسته‌ڕوو. له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سوریه‌دا که زیاتر له دوو ساڵه گیرۆده‌ی خوێناوی‌ترین قه‌یرانی سیاسیی مێژووی خۆیه‌تی، راپۆرت له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که له‌گه‌ڵ هه‌موو تراژیک بوونی ئه‌م قه‌یرانه، وه‌زعییه‌تی نوێ بۆته هۆی مه‌تره‌ح بوونی زیاتری مه‌سه‌له‌ی کورد له‌و وڵاته و ته‌نانه‌ت له ئاستی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییشدا و به مه‌رجێک که هێزه کوردییه‌کانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان و ئه‌و هێزه کوردییانه‌ی له‌گه‌ڵیان له‌پێوه‌ندیدان ژیرانه و یه‌كده‌نگ و یه‌كگرتوو بجووڵێنه‌وه، وه‌زعییه‌تی نوێ ده‌توانێ ببێته مایه و بنه‌مایه‌ک بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ماف و ده‌سکه‌وتی گرینگبۆ کوردی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان.
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ تورکیه‌دا، له راپۆرته‌که‌دا ئاماژه به دوایین پێشوه‌چوونه‌کانی مه‌سه‌له‌ی کورد له‌و وڵاته‌دا به‌تایبه‌تی کرانه‌وه‌ی ده‌رگای دیالۆگ و وتووێژی راسته‌وخۆ له‌نێوان ده‌وڵه‌تی تورکیه و عه‌بدوڵڵا ئۆجالان کرابوو و ئه‌م فازه نوێیه له مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیه به مه‌سه‌له‌ی کورد به شیاوی پێشوازی له قه‌ڵه‌م درابوو. له‌و باره‌وه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه کرابوو که سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وراز و نشێوه‌کانی پرۆسه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه، خودی ده‌سپێکردنی وتووێژ بۆ چاره‌سه‌ر کردنی پرسی کورد له وڵاتێک‌دا که به‌ستێنێکی مێژوویی وه‌ك ئه‌وه‌ی تورکیه‌ی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کورددا هه‌یه هه‌نگاوێكی موسبه‌ته که ده‌توانێ یارمه‌تی به جێ خستنی زێهنییه‌ت و کولتوری دیالۆگ و چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد به گشتی بکا.
سه‌باره‌ت به عیراق، سکرتێری گشتیی حیزب ئاماژه‌ی به به‌رده‌وامیی قه‌یرانی سیاسی و ئه‌منیه‌تیی زاڵ به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته و درێژه‌کێشانی به‌شێك له ناکۆکییه‌کانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی فیدراڵکرد. له‌و به‌شه‌دا وێڕای ئاماژه به قووڵبوونه‌وه‌ی کێشه‌ی نێوان لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی عیراق، راپۆرته‌که ته‌ئکیدی له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی یه‌کده‌نگی و یه‌كگرتوویی لایه‌نه سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌پێناوی پێشگیری له هه‌ر چه‌شنه دابه‌شبوون و درزتێکه‌وتنێك له ریزه‌کانی کوردی ئه‌و پارچه‌یه‌ی کوردستانهه‌م له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی گه‌ڵ به‌غدادا و هه‌م له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جه‌مسه‌ره سیاسییه‌کانی ناوچه‌دا کردبوو. پلینۆم هیوای خواست که کێشه‌کانی ئه‌و وڵاته به ریگای دیالۆگ و لێک تیگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بێت و پێکهاته جۆراوجۆره‌کانی عێراقی نوێ ریگا نه‌ده‌ن ئه‌زموونه تاڵه‌کانی رابردوو، دووپات ببنه‌وه.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کورد له هه‌لومه‌رجی نوێی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌ییدا، راپۆرت ئه‌و سیاسه‌ته‌ی رێبه‌ریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی به‌رز نرخاند که هه‌وڵی داوه یارمه‌تی به یه‌کیه‌تی و هه‌ماهه‌نگی له سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسییه‌کانی پارچه جۆربه‌جۆره‌کانی کوردستاندا به جۆرێك که له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی کورددا بێ بکا، هه‌ر له‌و کاته‌داحیزبی ئێمه له‌و ماوه‌یه‌دا به‌و زێهنییه‌ته‌وه جووڵاوه‌ته‌وه که کارێک بکرێ که نه‌ک هه‌ر ده‌رفه‌ته‌کان ژیرانه بقۆزرێنه‌وه به‌ڵکوو بۆ دروست کردنی ده‌رفه‌تی نوێ و ره‌خساندنی که‌شێک که به قازانجی کورد بشکێته‌وه هه‌وڵ بدرێ.
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، راپۆرتی سیاسیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئاماژه‌ی به‌وه کردبوو که سه‌رباری ئه‌وه که له ئه‌نجامی سیاسه‌تی نابه‌رپرسانه‌ی رێژیمی کۆماری ئیسلامی له پرسی دۆسیه‌ی ناوکیی ئێران‌دا گه‌مارۆ‌کانی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بارودۆخی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی زاڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئێرانی هه‌رچی خراپتر کردوه، رێژیم به‌له‌به‌رچاوبوونی سیاسه‌ته قه‌یرانسازه‌کانی خۆی و که‌شی نائارامی ناوچه هه‌روا به زێهنییه‌تی نیزامی و ئه‌منیه‌تییه‌وه ده‌یه‌وێ رووبه‌ڕووی ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌کان بێته‌وه. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه، له‌حاڵێکدا که ناکۆکییه ده‌روونییه‌کانی نێو باڵه‌کانی رێژیم هه‌رده‌م خۆی نوێ ده‌کاته‌وه و به‌تایبه‌تی له به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریدا، سیاسه‌تی سه‌رکوتی جیابیران و چالاکوانان زیاتر په‌ره‌ی ئه‌ستاندۆته‌وه که له کوردستانیش به ڕوونی هه‌ست پێ ده‌كرێ.
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رکۆماری له ئێران‌دا، راپۆرت وێڕای ئاماژه به ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنی ده‌وری پێشووی سه‌رکۆماری و ئاکامه‌کانی، سنووربه‌ندییه‌کانی ئێستای نێو باڵه‌کانی رێژیم له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یدا خستبووه ڕوو. له‌و پێوه‌ندییه‌دا پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌فته‌ری سیاسیی راسپارد هه‌تا له‌باره‌ی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه و هه‌ڵوێست گرتن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌دواداچوون بکا و له‌و باره‌وه رێکاره‌کانی مامه‌ڵه‌یه‌کی یه‌کده‌نگ و هاوبه‌شی هێز و لایه‌نه ئازادیخوازه‌کان به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی کوردستاندا چ له نێوخۆی وڵات و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات تاوتوێ بکا.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای راپۆرتی سیاسیی سکرتێری گشتیی حیزب پێویستیی قووڵکردنه‌وه و چڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له‌پێناوی دروست کردنی کۆده‌نگی و هاوخه‌باتی له‌نێوان ئازادیخوازانی ئێران له ئارادان خسته به‌ر باس. له‌و به‌شه‌دا وێڕای به موسبه‌ت زانینی ره‌وتی نوێی هاتنه به‌ر باسی پرسی ماف و داخوازه‌کانی گه‌لی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران له کۆڕ و کۆمه‌ڵه سیاسییه ئێرانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که هێشتا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له په‌رش و بڵاویدایه و ئالترناتیوێكی روون دروست نه‌بووه، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانی نوخبه سیاسییه‌کانی کورد بۆ به‌شداری له‌و کۆڕ و کۆمه‌ڵانه‌دا به‌مه‌به‌ستی تابووشکێنی و لێکگه‌یشتن و زه‌مینه‌سازی بۆ داهاتوو کارێکی پێویست و به‌جێیه. هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌ڵام پلینۆم له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که پێویسته لایه‌نه کوردییه‌کان تێ بکۆشن به هه‌ماهه‌نگی و یه‌کڕیزییه‌وه له‌و جۆره کۆڕ و کۆمه‌ڵانه و به گشتی له پرسی هاوخه‌باتی له‌سه‌ر ئاستی سه‌راسه‌ریی ئێران‌دا بجووڵێنه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پلینۆم ده‌فته‌ری سیاسیی راسپارد که هه‌وڵ بدا چ له‌و پێوه‌ندییه‌دا و چ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوخه‌باتیی هێزه کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا به‌گشتی پێوه‌ندی و هاوکاریی نێوان ئه‌و هێزانه ئه‌کتیڤتر بکرێته‌وه.
پرسێكی گرینگی دیکه که له‌و به‌شه له کاری پلینۆم‌دا هاته به‌ر باس، گفتگۆ و دانیشتنه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی نێوان حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هاوڕێیانی پێشوومان بوو که خه‌ڵکی کوردستان و دۆستان و هۆگرانی بزووتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به گرینگییه‌وه بۆی ده‌ڕوانن. له‌و باره‌وه، پلینۆم وێڕای به موسبه‌ت زانینی ئه‌و فازه نوێیه له مامه‌ڵه‌ی نێوان دوو لایه‌ندا، سیاسه‌تی تا ئێستای حیزبی له‌و پێوه‌ندییه‌دا به دروست و به‌به‌رهه‌م له قه‌ڵه‌م دا و ده‌فته‌ری سیاسیی راسپارد که هه‌ر له‌و کاته‌دا که یارمه‌تی به درێژه‌کێشانی ئه‌و ره‌وته نوێیه بکا، تێ‌بکۆشێ وتووێژی نێوان دوو لایه‌ن بچێته نێو فازێکی کۆنکرێتتره‌وه هه‌تا له‌سه‌ر بنه‌مای روون و به و نه‌خشه‌رێگا‌ی دیاریکراوه‌وه هه‌وڵ بۆ پێشخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه بدرێ.
برگه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌ستووری کاری پلینۆم بریتی بوو له باس و گفتگۆ له‌سه‌ر راپۆرتی هه‌یئه‌تێک که کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له پلینۆمی پێشووتری خۆیدا به‌مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانکردنی که‌موکوڕییه‌کان و کاراترکردنی مێکانیزمه‌کانی تێکۆشانی حیزب دیاریی کردبوو که لێره‌دا پاش گفتگۆی تێر و ته‌سه‌ل هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئۆرگان و به‌شه جۆراوجۆره‌کانی کاری حیزبی پێویسته له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌ڵیان بێننه‌وه ده‌ستنیشان کران و بڕیاریان له‌سه‌ر درا.
به‌شێکی دیکه‌ی کاره‌کانی پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ باس و گفتگۆ له‌سه‌ر پرسی ژن له کۆمه‌ڵگادا به‌گشتی و ژنان له ریزه‌کانی حیزبی دێموکرات‌دا به‌تایبه‌تی ته‌رخان کرابوو. لێره‌دا هه‌ر له‌و کاته‌دا که ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حیزبی دێموکڕات بۆ ئاسانکاری بۆ گه‌یشتنی ژنان به جێگه و پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی که شیاوی مه‌قامی ئینسانیی ژن و فیداکارییه‌کانی ژنانی کورد له ره‌وتی خه‌بات و تێکۆشان‌دا بێ، به‌ربه‌ست و ته‌گه‌ره‌کانی سه‌ر رێگای ئه‌و هه‌وڵانه ده‌ستنشان کران و کۆمه‌ڵێک راسپارده له‌و پێوه‌ندییه‌دا به ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب درانه‌وه.
له دوایین به‌شی پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا، دابه‌شکردنی کار و ئه‌رکه‌کانی به‌شێك له ئه‌ندامانی رێبه‌ری پێداچوونه‌وه‌ی پێداکرا و پاش خرانه رووی کۆمه‌ڵێک به‌رنامه‌ڕێژی بۆ کار و تێکۆشانی له‌مه‌ودوای ئه‌و به‌شانه، پلینۆم به سه‌رکه‌وتنه‌وه کۆتایی به کاره‌کانی خۆی هێنا.
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
16 ی رێبه‌ندانی 1391 (4 ی فێوریه‌ی 2013)