نەخۆشیی دەسەڵات .. لە وڵاتانی نا دێموکرات. رەزا شوان

لە ئاوڕدانەوە و چاوپێخشانەوەیەکی خێرادا، بۆ چۆنییەتی وەرگرتنی دەسەڵات ، لە سەدەی بیستەم و لەوە پێشتر و تا دەگاتە ئەم رۆژگارەش .. بە تایبەتیش لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریکادا ، کە ئازادی و دیموکراتیان تێدا نەبووە و نییە .. سەرکرە و سەرۆک و دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایانی وڵاتانی ئەم دوو کێشوەرە ، یا بە میراتی یا بە کودەتایەکی سەربازی ، یا بە زۆرداری و ستەمکاری و کوشتن و بڕین و خوێنڕشتن و ئاسن و ئاگر ، دەسەڵاتیان وەرگرتووە .. یا لەسەر شان و شکۆ و خەبات و قوربانیدانی رۆڵە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرەکانی گەلەکانیان بەرزبوونەتە و گەیشتوونەتە لووتکەی دەسەڵات ، هیچ بە لاشیانەوە گرنگ و مەخابین نەبووە ، کە بە هەزاران هاوڵاتییانی گەل و وڵاتەکانیان بکەن بە قوربانی و سوتەمەنی گەیشتنیان بە دەسەڵات و بە پلە و پایەکانیان .. لە دوای وەرگرتنی دەسەڵاتیشدا ، بۆ خۆ قایمکردن و مانەوەیان بۆ درێژترین ماوە لە دەسەڵاتدا .. بەبێ شەرم هەموو پایە و پلەیەکی هەستیار و هەموو دامودەزگا سەرەکییە گرنگەکانی وڵاتەکانیان ، لە بنەماڵە و دەست و پێوەن و ملکەچان و ، لە ماستاو ساردکەرەوەکان و لە مامەحەمەییەکانی سەربەخۆیان قورخ کردوون .. بڕیار و سۆپا و دارایی و وەزیفە و دامەزراندن .. لە ژێر رکێف و ، بە بڕیاری خۆیان بووە .. بەبێ لێپرسینەوە و بێ حەق و حیسابیش پارە و سامانی وڵاتەکانیان پەخشان و تەخشان کردوون .. بە کورتی کەس نەی دەتوانی بەبی پرس و ئاگادارایی ئەوان پەنجە لە ئاو وەربدات .. هەردەم خۆیان تێر و تەسەل و گیرفان پڕکردووە .. تا بۆشیان کرابێت گەلەکانیان برسی و رەشوڕووت و نەبوون و زەبوون کردوون .. هەر خۆیان بە شایانی ژیان و خۆشی و دەسەڵات زانیووە ..

ئەم دەسەڵاتدارانە ، چ پاشا و چ میر ، یا سەر کۆمار و ، سەرۆک وەزیران بووبن ، تاک رەوانە دەسەڵاتیان بەڕێوە بردووە ، بڕیار و وتەکانیان لە سەرووی یاساوە بووە و پەڕلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانیش کارتۆنی و بێ دەسەڵات بوونە .. لە ئاستیاندا کەس ئەو ئازایەتییەی نەبووه ، کە پێیان بڵێ : ” بەری چاوتان کلی پێوەیە ” .

ئەوانەی لە روویاندا لەلیان بکردایە ، زمانیان دەبڕین و ، بەرەو چارەنووسێکی نادیاری هەتا هەتاییان رەوانە دەکران .

یاسا و دادپەروەری و ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و مافی مرۆڤ ، تەنها درۆشمی رووت و مەرەکەبی سەر کاغەز بوون و هيچی تر نەبوون .

بۆ نموونە هەموو پاشاکانی عێراق ، لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە ، یەک لە دوای یەک تا دەگاتە سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق ( نووری مالیکی پاشا ) .. هەر هەموویان ، نا دەپەروەر و پێشێلکەری یاسا و دەسەڵاتپەرست و بەرژەوەندیپەرست و جیاوازی کەر و سەرکوتکەر و ناڕاست و گەندەڵکار و گیرفانپڕکەرن بوونە.

دەسەڵاتدارانی وڵاتانی میسر و ، تونس و ، لیبیا و ، مەغریب و ، سودان و ، ئوردن و سوریا و ، یەمەن و ، ئێران و ، تورکیا و ، رۆمانیا و ، پاکستان .. ئەگەر لە هاوشێوەی دەسەڵاتدارانی عێراقدا نەبووبێتن ، لەمان باشتر نەبوونە .. دەسەڵا تیان لە بنەماڵە و دەستوپێوەنەکانیاندا قورخکردبوون و ، تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە و دەستبەرداری نابن .. هەموو پاشا و میر و سەرۆک و سەرۆکی وەزێران و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانەش ، هەڵگری ڤایرۆسی قورخکردنی دەسەڵاتن و ، هەمووشیان خۆپەرستن و سامان دزی وڵاتەکانیانن .. لەو کاتەی کە گەلی عێراق گەمارووی ئابووری خرابووە سەر و ، بەبێ ئاو و بەبێ نان و ، بە کوێرەوەری و هەناساردی رۆژ و شەویان بەڕێ دەکرد .. کەچی دیکتاتۆر سەدام حسەین لە یادێکی جەژنی لە دایکبوونیدا ، ( بیست ملیۆن دۆلار ) ی بۆ ئاهەنگ گێران بەم بۆنەیەوە ، لە پارەی عێراقییەکان خەرجکرد و هەر لەو بۆنە و رۆژەشدا ، بێ شەرم و شکۆ ، بە بەرچاوی جیهانەوە پۆزی لێدا و سواری گالێسکەی لە زێر دروستکراو بوو .

 

هەرچەند تەمەنی ئەم دیکتاتۆر و زۆردار و ستەمکارانە درێژە بکێشێت .. دوژمن و بەرهەڵستیان زیاتر دەبن .. کە جامیش پڕ بوو لێی دەڕژێت .. رۆژێک دێت کە کونە مشکیان لێدەبێت بە قەیسەری .. ئەوسا دەردەکەوێت کە ئەم دیکتاتۆر و مێردەزمە و زۆردارانە ، چەند ترسنۆک و بێ غیرەتن .. نە سوپای دڕندەیان و نە کوشندەترین چەکیان ناتوانن لە رووی راپەڕین و تین و شەپۆڵی بەهێزی نارەزایی و تووڕەیی گەلەکانیاندا خۆیان رابگرن .. باجی هەموو کردەوە قێزەوەنەکانیان دەدەنەوە و .. بە سزای رەوای خۆیانیان دەگەیەنن .

ئەم راستیی و چارەنووسەشما ن بە چاوی خۆمان بینی .. کە دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕی عێراق سەدام حسەین چەند لە خۆبایی بوو ، دەیوت : ” من عێراقم و عێراقیش منم ” من پاڵەوانی نەتەوەم و من .. من .. هتد .. نەوەت و نۆ نازناوی پیا هەڵدانی بۆ خۆی دانابوو .. بەڵام کە گەلانی عێراق لێی راپەڕین .. لە پەنجا کۆشک و تەلاری نایابی پڕ لە حەشارگە . شوێنی نەبوو خۆی لێ حەشار بدات ، وەکو جورج زەوی هەڵدڕی بوو .. خۆی تێدا مات دابوو .. ئەو سەدامە لە خۆباییەی بە دەستێک تفەنگی دەگرت و تەقەی دەکرد .. کەچی وەکو گوێدرێژێکی لە مەیدان فرۆش ، دەمیان دابچڕی و شیلەکانیان دەپشکنی .. لە کاتی دادگایی کردنیشدا ، هێندە سەرشۆڕ و رووڕەش و رسوا و بەزیوو بوو ، رووی ئەوەی نەبوو کە سەر هەڵبڕێ و بەرگری لە خۆی بکات .. فسفس پاڵەوانەکەی ئامۆزاشی – عەلی کیمیاوی – ی نامەرد و بێ غیرەت ، لەو رسواتر بوو .. دیمەنی لە سەگسارێکی پەتکراوی شایانی پێکەنین دەچوو .. ئەمەیە چارەنووسی هەموو زۆرداران و ستەمکاران و دیکتاتۆرەکان و لە خۆباییەکان .

هەمووشمان چارەنووسی سەرۆکی تونس – زین العابدین بن عەلی – ی هەڵهاتوو و ، سەرۆکی میسر – حوسنی مۆبارەک – خۆڕانەگر و ، سەرۆکی یەمەن – عەلی عەبدوڵڵا ساڵح – ی ملکەچ و ، شای گۆڕبەگۆڕێ ئێران – حەمە رەزا شا – و ، سەرۆکی گۆڕبەگۆڕی رۆمانیا – چاوچسکی و ، میلۆدۆڤیجی – یۆگۆسلاڤیا – ، کە چۆن

ڕسوا بوون و بە چ ئاکامێک گەیەنران . هەموویان بوونە مەخسەر و پەندی زەمانە .. هاکا ستەمکارە خوێنڕێژەکەی سوریاش ( بەشار ئەسەد ) بە هەمان چارەنووس بگات .

حەزدەکەم چیرۆکی چارەنووس و کۆتایی ژیانی ( ناپلیۆن ) تان بۆ بگێڕمەوە ، گەرچی ناپلیۆن ناگەیشتە شاگردی ئەو دیکتۆرانەی کە لە سەرەوە ناوم بردن .

بەڵام ئەمیش تا رادەیەک ، سەرکەوتنەکانی لە خۆی بایی کردن . ناپلیۆن بە پۆستاڵە سەربازییەکانییەوە ، دەیکێشا بەسەر خاکی فەرەنسادا و ، دەیوت : ” من فەرەنسا و ئەوروپام .. بەڵکو من جیهانم ..” بەڵام دواتر گرتیان و لە( دوورگەی سانت هێلانە) دا لە ژوورێکی پەرپووتی شیشبەندی بچووکدا بەندیان کرد .. دیمەنی لە دیمەنی ورچێکی زنجیرکراو و ئەڵقە لە لووتکراو دەچوو .. تەنانەت کە پایپی جگەرەکێشانەکەشی لە دەست بەردەبووە و دەکەوتە ئەمدیوی شیشبەندەکەوە .. زۆر بە داماوییەوە لە پاسەوانی ژوورەکەی ، دەپاڕایەوە کە پایپەکەی بداتەوە دەستی .. بەڵام پاسەوانەکە ئاوڕیشی لێ نەدەدایەوە و، تەڵفیسی پێ دەکرد .. ناپلیۆن لەم ژوورەدا مرد .. دەبوایە وەکو سەرکردەیەک ، بە جۆق و موزیک و مارشی سەربازی و بە تۆپ تەقاندن و رێوڕەسمێکی شکۆداری و ، بە ئامادەبوونی سەرۆک و پاشایانی جیهان تەرمەکەی بۆ گۆرستان ببرایە و ، بە دەیان چەپکە گوڵ بخرایەتە سەر گۆڕەکەی .. بەڵام ئەم ناپلیۆنە وەکو کەسێکی بێکەس بردیان بۆ گۆرستان و ناشتیان .. ئەمەش چارەنووسی هەر سەرکردەیەکی لە خۆباییە ، کە وا بزانێت هەتا هەتایە دەخوڕی و دەنازێ .

با سەرۆک و پاشا و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ .. وانە و پەند لە چارەنووس و لە ئاکام و لە رسوابوون و شەرمەزاریی، ئەو دەسەڵاتدارانە و ناپلیۆن وەربگرن .. ئەوە بێنە بەرچاوی خۆیان کە کورسی و پلە و پایە و دەسەڵات تا سەر بۆ کەس نییە .. بەڵام کاری باش و خۆشەویستی و خزمەتی گەل و نیشتمان تا سەر دەمێنی .. با چاو لە سەرکردەیەکی تێکۆشەری دەسەڵات نەویستی وەکو نیلسون ماندێلا بکەن .

بەڵام بەداخەوە، پەتای دەسەڵات و قورخکردنی پایە و خۆپەرستی و تاکڕەوی، لە نێو سەرکردایەتی و بەڕیۆبەرایەتی زۆربەی پارتە سیاسییەکانی وڵاتانی نادیموکراتدا، لە ئاسیا و لە ئەفریکادا ، چ ئەوپارتییانەی لە دەسەڵاتدا ن ، یا لە دەرەوەی دەسەڵاتدان .. پلە و پایەی حیزبایەتیش بوونە بە ميراتی و باوک بۆ کوڕی بەجێی دەهێڵێ و ، برازا و خوشکەزا و … شوێنی مام و خاڵ و کاکیان دەگرنەوە .. بەبێ هیچ پێوەر و مەرج و ئاستێکی شیاوی سیاسی و رۆشنبیری – خوای دەکرد لەولای هیچەوە لۆقەیان دەکرد -هەڵبژاردنیش رووکەشیە و ، مەحسووبیەت و مەنسووبیەت و بەرژەوەندی تایبەتی و هاوبەش ، هەموو ئەم فاکتەرانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە کەسانی شیاو لە شوێنی شیاودا نەبن و .. بێ توانای و نابەڵەدیان پێوە دیاربێت .

تەنانەت ئەوە پارتییانەی کە هەڵبژارن و بە دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانی گەلەکەیانیش سەردەکەون و ، دەسەڵات دەگرنە دەست .. هەر هێندە خویان قایم کرد ، دەسەڵات قورخ دەکەن و ، لە هەموو ئەو بەڵێن و دروشم و پرۆگرامانەی کاتی هەڵبژاردن بانگەشیان بۆ دەکردن پاش گەز دەبنەوە .. هەموو پلە و پایەیەکیش قورخ دەکەن .. لە خۆشیان زیاتر بڕوا و متمانەیان بە دڵسۆزی هاوڵاتیانی تر نییە .

پارتییەکان و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی عێراقیش ، هەڵگری ئەم ڤایرۆسەن و تووشی ئەم پەتایە بوونە( پەتای قورخکردنی دەسەڵات ) .. گەندەڵی لە عێراقدا گەیشتۆتە لووتکە و نومرەی پێوەری باڵای جیهانی لە گەندەڵیدا زۆر بە زیادەوە شکاندووە .. عێراق شایانی ئەوەیە کە ناوی لە کتێبی ( گیتس دا – بۆ ریکۆردی باڵای جیهانی ) لە گەندەڵیدا تۆماربکرێت .. بڕوانامەی باڵای پاڵەوانی گەندەڵیش پێشکەش نووری مالیکی بکرێت .