لە یادی تێکۆشانی ١٠ ساڵەی ماڵپەڕی گیارەنگ دا. حەسەن ئەهوەن

دامەزران و بەرێوە بردنی هەر ماڵپەڕێک کارێکی هاسان نیە. کەرەسە و بابەت و پێنووسی بەردەوامی گەرەکە. بە تایبەت ماڵپەڕێک سەرکەوتوو و بەردەوام دەبێ، کە هەڵگری هەموو بابەتە بە پێز و رووناکبیرییەکانی سەردەم بێ و نێوەرۆکی بابەتەکان دەگەڵ پێوانەکانی پاراستنی بیری نەتەوەیی ئازاد و پێشکەوتنخواز و دێمۆکڕاتییانە گونجاو بێ.

جگە لەوەش، کەسایەتی خاوەن و بەرێوەبەرانی ماڵپەڕ، لە سەرکەوتن و بەردەوامی ماڵپەڕ دا، نەقشی گرینگی هەیە.

بە بێ هیچ لایەنگرێک یان پێوەندێکی تەشکیلاتی بە ماڵپەڕی گیارەنگ، بەختیارم، ماڵپەڕی گیارەنگ بە یەکێک لەو ماڵپەڕە سەرکەوتووانەم هەڵسەنگاندووە کە گەلێگ جار، زانیاری زۆر باشم لێ هەڵێنجاوە و وەک سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو ناسیومە. بەردەوامی ئەو ماڵپەڕە لە ماوەیەکی دوور و درێژی ١٠ ساڵی تا ئێستا و رادەی هۆگران و هاوکاران و خوێنەرانی، کە لە کەسایەتییە تێکۆشەرەکان و خاوەن بۆچوون و قەڵەم، پێکهاتووە ناوەرۆکی ئەم ماڵپەرە، پڕنێوەرۆکتر کراوە و بە دەگمەن یان هەر نەبیسراوە، گیارەنگ لە ئەرکی رۆژنامەگەری خۆی لایدابێ.

بۆ هەر ئەرکێکی سەرکەوتوانەی رۆژنامەوانی چ بە شێوەی ماڵپەڕی ئەلکترۆنی یا خود شێوەکانی تر، حەق وایە، بە پێزانینەوە رێزی بگیرێ و هاندان و هاریکاری پێویستی بکرێ.

لە کۆتاییدا، وێڕای سوپاس و رێزم بۆ ماڵپەڕی گیارەنگ و تێکۆشانی رۆژان و شەوانی بۆ گەیاندنی هەر چەشنە بابەتێکی تێکەڵاوی رامیاری، ئابووری، ئەدەبی، زانستی، ئاگاداری و… پیرۆزبایی ١٠ ساڵ سەرکەوتنی ئەو ماڵپەرە، لە بەرێوەبەران، هۆگران، نووسەران و خوێنەران، دەکەم. هیوادارم ماڵپەری دڵخوازی من، وەک چیای گیارەنگ، سەربەرز و وەک دایکی شەهید، روو سوور و وەک کوری کورد، پێشمەرگە و وەک باڵووڵی دانا، زانا بێ.

حەسەن ئەهوەن/ ستۆکهۆڵم