بۆ ”گیارەنگ” ی تێکۆشەر! کەماڵ گروێسی

گیارەنگ ئەو ناوچە سەرسەوز و بژوێن و دڵگرەی سەردەشتی خۆشەویستە کە هەرکەس جارێکی رێ دەوێ کەوێ، بۆ هەمیشە لەبیری دەمێنێ و یادی دەکا. چەند جارێک رێگام کەوتۆتە ئەو شوێنە و پێیدا تێپەڕیوم. بەڵام کاتێک چارەنووس لە کوردستانی هەڵبڕیم و هەڵیداشتمە داوێنی وڵاتێکی باکووری جیهان، نەمدەزانی کەی چاوم بە کوردستان دەکەوێتەوە.

دە ساڵ لەوەپێش کاتێک کاک حەمەرەسوڵی کەریمی، ناوی گیارەنگی کردە جیهانی و پێگەیەکی ئەلکترۆنیکی لەسەر تۆڕی جیهانی ئینترنێت، بەناوی گیارەنگ کردەوە، گەشامەوەو بە خۆم کوت ئەگەر لە گیارەنگی وڵات دوورم، خۆ گیارەنگی مەجازیم لەپەنایە.

لەو دەمەوە هەمیشەو لە هەر جێیەک دەستم وە ئینترنێت رابگا، سەردانی ئەو پێگە جوان و جنجیلانەیە دەکەم. پێگەی ئەلەکترۆنیکی گیارەنگ لەژێر بەڕێوەبەریی کارگێڕانیدا زۆر زوو توانی ببێتە سەکۆیەکی راستوێژ و جێی بڕوای خوێنەرانی.

گیارەنگ سەرەڕای ئەوەی پێگەیەکی تاقەکەسییە، بەڵام لەباری بەرهەم و چالاکیی و رێژەی بابەتە بڵاوکراوەکانی خۆ لە قەرەی زۆربەی ئەو پێگانە دەدا کە چ لە باری ماڵییەوە، چ لەباری ژومارەی ئەو کەسانەی کاری تێدا دەکەن، زۆریان بەدەستەوەیە و تەنانەت یارمەتی حکوومەتیشیان لە پشتە.

لە ساڵیادی دەهەمین خولی دەستبەکار بوونی گیارەنگ، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرانی دەکەم و هیوادارم ساڵێکی دیکە لە تاراوگە تێنەپەڕێنێ و لە گیارەنگی خۆمان، گیارەنگ بەرۆژ بکرێتەوەو دەیان ساڵی دیکە چاومان بە بەرهەم و بابەتەکانی روون بێتەوە.
کەماڵ گروێسی