گیاڕه‌نگ بۆی نه‌كراوه ببێته ماڵپه‌ڕێكی ته‌واو بێ لایه‌ن و ئازاد. عەزیز شێخانی
له وڵامی داواكاری به‌ڕێوه‌به‌ریی ماڵپه‌ڕی گیاره‌نگ به بۆنه‌ی ١٠ ساڵه‌ی كار و تێكۆشانی ئه‌و ماڵپه‌ڕه. ١٠ ساڵ كاری به‌رده‌وام و خۆبه‌خش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ماڵپه‌ڕی گیاڕه‌نگ كرده‌یه‌كی پڕبایه‌خ به ئه‌ژمار دێ. تێكۆشانی ئه‌و ماڵپه‌ڕه له ماوه‌ی ١٠ ساڵی رابردوودا هه‌وراز و نشێوی تایبه‌ت به خۆی بڕیوه. ماڵپه‌ڕی گیاڕه‌نگ به‌رهه‌می ژماره‌یه‌ك ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییه.
جێگۆڕكه‌ی مه‌ڵبه‌ندی ژیان ده‌رفه‌تی كاركردن له گۆڕه‌پانێكی تازه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی گیاڕه‌نگ ره‌خساند. ناودێركردنی ماڵپه‌ڕێك به ناوی گیاڕه‌نگ، وه‌بیرهێنه‌وه‌ی رابردووییه‌كی نه‌زۆر دووری هێزێك بو، كه ئه‌كته‌رێكی هه‌واڵسازی كارا له مه‌یدانی خه‌باتی چه‌كداری رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا بو.
گیاڕه‌نگ، له رایه‌ڵكه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ت و باسه‌كاندا له سه‌نگه‌ری دژ به كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا پێناسه ده‌كرێ. ئه‌گه‌رچی هێشتا كورده‌كان خاوه‌نی مێدیای ئازاد نین، به‌ڵام ماڵپه‌ڕه ئینترنێتیه‌كان به رێژه‌یه‌ك بوونه مینبه‌رێك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی روانگه و ده‌ربڕینی هاوڵاتیانی كوردستان. جێگای ئاماژه‌پێكردنه، كه ماڵپه‌ڕی گیاڕه‌نگ له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌لتوری و هونه‌ریشدا به گوێره‌ی توانا بابه‌ت و راپۆڕتی بڵاوكردۆته‌وه. ئه‌و ماڵپه‌ڕه رووبه‌رێك بوه بۆ به یه‌ك گه‌یاندنی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له خوێنه‌ر و نووسه‌رانی كورد. گیاڕه‌نگ، له ته‌نیشت ماڵپه‌ڕه كوردییه‌كانی دیكه‌دا بانگه‌وازی به‌رحه‌قبوونی خه‌باتی كوردانی بڵاوكردۆته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕ له بواری كاركردنه‌وه به رێژه‌یكی به‌رچاو هه‌وڵیداوه، كه نۆڕم و یاسا باوه‌كانی راگه‌یاندنی ویرچواڵ بپارێزێ. له ماوه‌ی ١٠ ساڵی رابردوودا، خاوه‌نی گیاڕه‌نگ له جه‌نگه‌ی كار و تێكۆشاندا زیاتر خاراوه. ئه‌و له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ئه‌ركه‌دا و په‌ڕینه‌وه بۆ گۆڕه‌پانی نووسین و وه‌رگێڕان تاقیكارییه‌كی زۆرتری وه‌ده‌ستهێناوه. له روانگه‌ی ستڕاتیژی كاركردن و درێژه‌دان به ئه‌ركی بڵاوكردنه‌وه، گیاڕه‌نگ بۆی نه‌كراوه ببێته ماڵپه‌ڕێكی ته‌واو بێ لایه‌ن و ئازاد. بێجگه له‌وه نیزیكبوون له هێزێكی سیاسیی بۆته هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك بابه‌تی دیار له ژماره‌یه‌كی زۆر ماڵپه‌ڕدا، كه گیاڕه‌نگ له‌و باره‌وه پشكی خۆی به‌رده‌كه‌وێ. ئه‌و مێتۆده له بڵاوكردنه‌وه هۆكارێكه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر و تۆراندنیان، چوونكه بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌ك بابه‌ت به یه‌ك شێواز و فۆرم له ١٠ ماڵپه‌ڕی سه‌ر به پارتێكی سیاسیی بابه‌ته‌كه له به‌رچاوی خوێنه‌ران بێ بایه‌خ ده‌كا.
له‌و یاده‌دا ده‌ستخۆشی له به‌ڕێوه‌به‌ر ،نووسه‌ر و خوێنه‌رانی ئه‌و ماڵپه‌ڕه ده‌كه‌م. هیوادارم، كه گیاڕه‌نگ له داهاتوودا بتوانێ رۆڵی ئه‌رێنیتر بگێڕێ و له داهاتوودا له خانه‌ی مێدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆدا جێبگرێ.
عه‌زیز شێخانی