بە بۆنەی هەڵکرانی یازدەهەمین مۆمی تەمەنی ماڵپەڕی گیارەنگ. کەمال حەسەنپوور

هەر وەک هەموومان دەزانین دانانی ماڵپەڕ کارێکی زۆر دژوار نیە. تەنانەت ئەو کەسانەی کە زانیارییەکی ئەوتۆیان لە بواری ماڵپەڕ دروست کردن دا نیە دەتوانن بە بڕە پارەیەک ماڵپەڕێک بە دروست کردن بدەن. بەڵام دانانی ماڵپەڕ تەنیا هەنگاوی یەکەمە. ئەوەی کە ماڵپەڕیک سەرکەوتوو دەکا جگە لە دیزاین، ناوەرۆکی ماڵپەرەکە و پشوودرێژی لە نوێ‌کردنەوەی ناوەرۆک و بابەتە. ئەوەش کارێکە کە تەنیا بە کەسانی ئەوینداری بواری راگەیاندن دەکرێ. لە چەند ساڵی رابردوودا دیتوومانە کە چەندین ماڵپەڕ کە لە راکێشانی سەرنجی بەشێک لە خوێنەراندا سەرکەوتوو بوون بە هۆی تاقەت پرووکێن بوونی بەڕۆژ کردنەوەی ماڵپەڕەکەیان ناچار بوون ماڵپەڕەکەیان داخەن. دیارە هیچ ماڵپەڕێک ناتوانێ سەرنجێ گشت لایەک بۆخۆی راکێشێ بەڵکو بەڕێوەبەری هەر ماڵپەڕێک دەبێ بزانێ ئامانجی راکێشانی سەرنجی کام بەشە لە خوێنەرانە. ماڵپەڕی گیارەنگ لە دەساڵی رابردوو دا توانیویەتی گەلێک خوێنەری بەوەفا بۆ خۆی دروست بکا کە جێگای پێزانین و دەستخۆشییە.

جێی خۆیەتی هەموو ساڵێک بەشێک لە کاتی دەستەی بەڕیوەبەرانی گیاڕەنگ بۆ ئەوە تەرخان بکرێ کە هەڵسانگاندنێک لە دۆخی ئێستای ماڵپەرەکە بکا و خاڵە لاواز و بەقووەتەکانی کارنامەی ساڵی رابردوو وەرد بداتەوە. دیارە پێگەی ئێستای ماڵپەڕی گیاڕەنگ بەرهەمی ماندوو بوون و تێکۆشانی بێ وچانی بەرێوەبەریی ئەم ماڵپەرەیە. داوام لە بەڕێوەبەریی ماڵپەری گیارەنگ ئەوەیە کە:

١. قەت چۆنایەتی (Quality) فیدای رێژە (Quantity) نەکا. مەبەست ئەوەیە تەنیا بۆ نیشاندانی بەڕۆژ بوونەوە و دانانی بابەتی نوێ هەر جۆرە بابەتێک لە ماڵپەڕەکەتان دا بڵاو مەکەنەوە.

٢. بابەتی گەیشتوو بە بێ پێداچوونەوە بڵاو نەکرێتەوە. مەبەست لە پێداچوونەوە لە بواری ناوەرۆکە نەک غەڵەتگیری چونکە غەڵەتگیری ئەرکی ئەو کەسەیە کە بابەتەکە بۆ بڵاو کردنەوە دەنێرێت بۆتان.

٣. بابەتەکان دەبێ ئاستێکی دیاریکراو لە چۆنایەتییان هەبێ و تەنیا کاغەز رەش کردنەوە نەبێ.

٤. هەروەک هەمیشە مەکۆی دەڵفراوانی، یەکریزی و جیگای مەتمانەی خوێنەرانتان بن.

٥. بە پێگەی ئێستاتان رازی مەبن و باشتر کردنی ساڵ لە دوای ساڵی ماڵپەڕ و ناوەرۆکەکەی ئامانجی هەمیشەییتان بێ.

ئێستا کە ساڵێکی تر لە تەمەنی پڕ دەسکەوت و شانازی ماڵپەڕی گیارەنگ زیاد بووە و ساڵێکی هەستیار دەست پێدەکا لە قوڵایی دڵەوە پیرۆز بایی لە دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەرەکەتان دەکەم و ئاواتەخوازم هەروا چالاک و پشوو درێژ و سەرکەوتوو بن.

لەگەڵ رێز

کەمال حەسەنپوور