سوپاس و پێزانینی بەڕیوەبەری ماڵپەری گیارەنگ. حەمەرەسووڵ کەریمی

سەرەتا خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە وەک مرۆڤێک لە هەندەران و لە تاراوگە توانیومە ماڵێک و پەنجەریەک بەرەو خۆر، بۆ بەشێک لە کوردان و ئازیزانی ناوخۆی وڵات و دەرەوەی ولات درووست بکەم و لە ڕێگای ئەو لاپەرە ئێلکترۆنی‌یەوە خزمەت بە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری کوردی بدەم و رایەڵکەیەکی بەرین بۆ پەیوەندی گرتنی مرۆڤەکان بە یەکەوە درووست بکەم.

مەبەست لە نووسینی ئەو چەند دێرە باس لە ڕۆژنامەگەری و کاری مێدیایی نییە و بەڵکوو تەنیا وەک سوپاس و پێزانین بۆ خوێنەران و بۆ نووسەرانی ئازیزی گیارەنگە کە لە ماوەی ١٠ ساڵ کارو تێکۆشانی بەردەوام و نەپساوەی گیارەنگ و هەروەها لە دەستپێکی هەڵکردنی١١ هەمین مۆمی گیارەنگدا بە دڵەوە هاورێ و هاوکار و خوێنەر و نووسەری گیارەنگ بوون و نەیان هێشتووە کە گیارەنگی ڕەنگ خۆڵەمێشی بێ بابەت و نێوەرۆک بێ. لەگەڵ سوپاس و ڕێز بۆ گشت لایەک کە لە ناردنی بابەتەکانیان دا لوتفیان کردووە ناویان وەک ڕۆژنامەگەر و مێدیا کار هێناوم، بەڵام وەک بەرێوەبەری گیارەنگ، هیچ کات ئیدیعای ئەوەم نەبووە کە ڕۆژنامەگەر و ڕۆژنامەنووس و مێدیا کارم، بەڵام بە پێی هەست و سۆزێک کە بۆ کاری ڕۆژنامەگەری هەم بووە، وەک ڕێبوارێکی ئەو ڕێگا پر سەروەری‌یە هەنگاوەکانم بەو ڕێگایەدا هەڵێناوەتەوە و کەم و زۆر ڕووناکی و زانیاری ئەو بەشەم لە کەسانی شارەزا و پسپۆر پێ بڕاوە و بە شانازی‌یەوە کەم تا کورتێک توانیوومە بەو هەنگاوە سستانەی خۆم ڕێگەی پڕ هەوراز و نشێوی کاری ڕۆژنامەگەری لە ڕێگای لاپەرەی ئێلکترۆنی ببڕم و زانیاری جۆراوجۆر بە هاوڵاتیانی کورد بگەیێنم.

بەر لە هەموو کەس بە پێویستی دەزانم کە سوپاسێکی گەرمی سەربازێکی بە خزمەت و وونی ماڵپەری گیارەنگ کاک مەریوان نستانی بکەم، بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتای درووست بوونی ماڵپەری گیارەنگەوە کاک مەریوان بە دڵەوە هەوڵی داوە کە دیزاین و قەوارەی ماڵپەری گیارەنگ نوێ بکاتەوە و خۆبەخشانە قالب و دیزانی گیارەنگ درووست بکات، ئەمجارەش کاک مەریوان سەرەرای کاری خوێندن و کاری ڕۆژانەی خۆی، لە ١٠ ساڵەی کارو وەشانی گیارەنگ و لە هەڵکردنی ١١ هەمین مۆمی تەمەنی دا بە درووست کردنی قالب و دیزاینی نوێ بۆ گیارەنگ، پیرۆزبایی لە گیارەنگ و خوێنەرانی کردووە و بۆ ڕاکێشانی هەست و بیری خوێنەران و نووسەرانی گیارەنگ لاپەرەی بیروبۆچوونی بۆ گیارەنگ زیاد کردووە و روخسار و سیمای گیارەنگی نوێ کردۆتەوە، کە هیوادارم هاوکاری و هاریکاری‌یەکان هەروا بەردەوام بن و گیارەنگیش زیاتر خزمەت بە کاک مەریوان و گشت خوێنەر و نووسەرانی بکات.

بەرێزان!

لافاوی ناردن و نووسینی بابەتی هەمەرەنگی نووسەران و خوێنەران پاڵپشتی سەرەکی بوون بۆ ئەوەی گیارەنگ هەموو ڕۆژێ و یا لانی کەم حەوتووی چەند جار خۆی بەڕۆژ بکاتەوە و کەم و زۆر بابەتی نوێ لە بوارەکانی سیاسی، فەرهەنگی و ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، هونەری و کولتوری و هەروەها ڕاپۆرت و هەواڵی جۆراوجۆر و ڕاگەیاندراو و بڵاوکراوەی جۆراوجۆری وەک ڕۆژنامە و گۆڤار بە خۆیەوە ببینێ و بڵاو بکاتەوە. لە هەموو ئەو ماوەیەدا گیارەنگ هەوڵی داوە و لە داهاتووشدا هەوڵ دەدا کە هیچ بابەتێک بە بێ خوێندنەوە و پێداچوونەوە بڵاو نەکاتەوە و ڕێگای سانسۆر و بێ حورمەتی کردن نەگرێتە پێش. زۆرجار خوێنەرانی گیارەنگ بە ناردنی ڕەخنە و پێشنیار و تێ‌بینی لە سەر نێوەرۆکی بابەتێک و یا نووسراوەیەک لە گیارەنگ دا ئاگاداریان کردوومەوە، بەڵام ئەوەی لە راستی دا بێ گیارەنگ لە نێوەرۆکی بابەتەکان بەرپرسیار نییە و خاوەن بابەتەکان بەرپرسیاری سەرەکین، هاوکاتیش ماڵپەری گیارەنگ لە سەر ڕێچکەی ڕێز دانان و حورمەت بۆ دەربرینی بیروڕای ئازاد هەنگاوی خۆی هەڵێناوەتەوە و لە داهاتووش دا ئەو ڕێچکەیە درێژە دەدا.

بابەتێک کە بێ رێزی و بێ حورمەتی بە کەرامەت و کەسایەتی کەسەکان و یا شوناسی نەتەوە و ڕەگەز و ئایینی تێدا بێ، بە هیچ شێوەیەک لە ماڵپەری گیارنگ دا بڵاو ناکرێتەوە. ڕەنگ بێ کەسانێک هەبن بڵێن کەوایە گیارەنگ بۆ باسی نەبوونی سانسۆر لە گیارەنگ دا دەکا؟ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو پرسیارە دەبێ بگوترێ ئەو پەنجەرە و لاپەرە کراوەیەی گیارەنگ بۆیە ساز نەکراوە کە لەو گۆشەیەوە هێرش بکرێتە سەر کەسایەتی و شوناسی نەتەوەیی گەلێک و یا ڕەگەز و ئایینی هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی و غەیرە سیاسی و لاییک و ئایینی و هتد … بە پێچەوانە ماڵپەری گیارەنگ بۆ خزمەت کردنی هەرچی زیاتری بواری نەتەوەیی و فەرهەنگی و ئەدەبی و کلتوری و هەروەها بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ساز کراوە و لەو پەیوەندی‌یەدا هەموو جۆرە ڕەخنەو پێشنیار و تێ‌بینی‌یەک بە دڵ فراوانی‌یەوە وەر دەگرێ و لە ڕیگای گەشەپێدانی بواری ڕاگەیاندن و مێدیا دا کەڵکی پێویستیان لێ وەر دەگرێ.

بەشێک لە خوێنەرانی گیارەنگ و یا نووسەرانی گیارەنگ ئاماژەیان بەوە داوە کە لەبەر ئەوە بەرێوەبەری ماڵپەری گیارەنگ سەر بە لایەنێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، نەیتوانیوە خۆی لە قەیدو بەندی ئەو حیزبە دەر بێنێ بۆ کاری ماڵپەری گیارەنگ. لەگەڵ ئەوەدا سوپاسی گەرم و دڵسۆزانەی ئەو بەرێزانە دەکەم، هاوکاتیش پێم خۆشە ئەو بەرێزانە و گشت خوێنەرانی گیارەنگ ئاگادار بکەمەوە کە بە شانازی دەزانم کە نزیک بە ٢٩ ساڵ لە تەمەنم وەک ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ خزمەت کردنی نەتەوەکەمان تێپەر بکەم و ئێستاش وەک ئەندامی ئەو حیزبە وەک جاران و بگرە زیاتریش خزمەت بە دۆزی ڕەوای کورد بکەم. ئەگەر سەردەمانێک ١٤ ساڵ لە تەمەنم لە شاخ و پێشمەرگایەتی دا تێپەر کردووە، ئەو سەردەمە بۆ من زانکۆیەکی بەرینی فێرکاری بووە بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمانم، هەر ئەو بیرە و ئەو خزمەتە هانی داوم کە لە هەندەرانیش لە بوارێکی دیکەوە کە زانیاری گەیاندنە بە هاوڵاتیان خزمەت بکەم و هاوکاتیش لەم حیزبە دا لە بواری کوردایەتی و نەتەوەی‌یەوە تێکۆشانی خۆم درێژە بدەم. هەموو لایەک ئاگادار دەکەمەوە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هیچ بەرپرسێکی حیزبی لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک و یا نووسراوەیەک نەبوونە کۆسپ و لەمپەر و بەربەست بۆ بڵاو نەکردنەوە و یا وەلابردنی بابەتێک. بە پێچەوانە بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسان و ئەندامانی حیزبەکەمان هانیان داوم کە بەردەوام بم لە کار و وەشانی گیارەنگ. وەک سروشتی هەموو مرۆڤێک منیش بێ‌کەم‌وکوری نیم، ئەگەر وەک ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پەرە پێدانی بیری نەتەوەیی و یا دۆست و ئەندام پەیدا کردن بۆ حیزبەکەم هەوڵ دەدەم ئەوە پێویستە وەک سروشتی مرۆڤ سەیری بکرێ نەک وەک کەم و کوری، هەموو مرۆڤێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر ئۆگری بۆ خاک و نیشتمان و نەتەوە و زمان هەیە و منیش یەکێکم لەو میلیۆنان کوردەی کە عەوداڵی ئازادی نیشتمانەکەمم و لە ریزی حدک دا خزمەت دەکەم و بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم کە دۆست و لایەنگر و ئەندام بۆ ئەو حیزبە کە خۆمی تێدا ئەندامم پەیدا بکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سنوورەکانم نەبەزاندوون و دەروێش سفەت نەبووم و نابم، ئەمن پێم وانییە ئەو کەسانەی دۆست و لایەنگر و ئەندامی حدک نین ئەوە دوژمنی حدکن، بەڵکوو ئەو بەرێزانەش وەک سرووشتی مرۆڤ ئۆگری خۆیان بۆ لایەنێکی دیکە و یا ڕێکخراوەیەکی دیکە و یا بێ لایەن دەر دەبرن و هیچ بە نەیاری خۆم و حیزبەکەمانی نازانم و بەڵکوو دڵسۆز بە خاک و نیشتمان و نەتەوەیان دەزانم و هەر بەرێزێکیش کە پێی وایە بابتێک بۆ گیارەنگ نێردراوە لەبەر لایەنگری لە حدک بڵاو نەکراوەتەوە دەتوانی ئەو چەند دێرەی سەرەوم ڕەدد بکاتەوە.

ڕەسالەت و مێژووی کاری گیارەنگ هیممەت و ئیرادەی کۆمەڵێک نووسەر و خوێنەرە کە جێگای ڕێز و پێزانینی بەرێوەبەری گیارەنگن. ئەگەر چاو لە ڕیکەوت و وەشانی گیارەنگ بکەی بۆ ئەو کەسانەی شارەزای بواری ڕۆژنامەگەری کوردین دەر دەکەوێ کە گیارەنگ بۆ ڕێزدانان لە ڕۆژی ٢٢ ی ئاپریل کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە دەست بەکار بووە، ماڵپەری گیارەنگ وەشان و تاقیکاری خۆی چەند ڕۆژ پێشتر دەست پێکردبوو، هەم ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە و هەم ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی کە ڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێی باشووری کوردستانە، مێژووی گەلەکەمانن، لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی دا فرۆکە شەڕکەرەکانی بەعس بە هاویشتنی چەند ناپاڵمێک زانکۆی شارو چەند گەڕەکێکی قەڵادزێیان وێران کرد و لە ئاکام دا ١٣٤ هاوڵاتی شاری قەڵادزێ شەهید بوون و بە دەیان کەسی دیکەش خەڵتانی خوێن کران و بە هەزاران کەسیش ئاوارە و پەریوەی شارو گوندەکانی دەوروبەر و تەنانەت ئەو دیوی سنووری دەستکرد بوون و لە شاری سەردەشت و ڕەبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی چەندین مانگ مانەوە، ئەگەر ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی بۆتە چرای ڕووناکی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی، ئەوە ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی قەڵادزێش بۆتە مەشخەڵی هەڵکراوەی خەبات و شۆرش بۆ ڕزگاری کوردستان، هەر بۆیە گیارەنگ خۆی بە بەختەوەر دەزانێ کە وەشانی خۆی لەم دوو رۆژەدا دەست پێکردووە و ڕێز بۆ هەر دوو مێژووەکان دادەنێ و خەباتی ڕۆژنامەگەری کوردی و شۆرشی کوردستان بە یەکەوە لێک گرێدراون. کۆماری کوردستان و شۆرشی گەلی کورد هەمیشە پاڵپشتی سەرەکی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی بوون و لە ژێر سێبەر و سایەی کۆمار و شۆرشی کورد دا پەرە بە کاری ڕۆژنامەگەری کوردی دراوە و ئەوەش جێگای شانازی‌یە هەم بۆ کۆماری کوردستان و هەم بۆ شۆڕش و بزاڤی کوردستان.

لێرەدا جێگای خۆیەتی سڵاو بنێرین بۆ بنەماڵەی بەدرخانی‌یەکان سەر قافڵەی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی و هەروەها سڵاو بنێرین بۆ بیری پێشەوا و کۆماری کوردستان و ڕێبەرانی شۆرشی گەلی کورد و خۆراگری شاری قەڵادزێی دووجار شەهید و هەموو ڕێبوارانی ڕێگای ڕۆژنامەگەری و شۆرشی کوردستان.

لەم بەشەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو ئازیز و خۆشەویستانە بکەم کە بە ناردنی بابەت بە بۆنەی ١٠ ساڵەی ماڵپەری گیارەنگەوە خۆیان زەحمەت داوە و بیروبۆچوونی خۆیان لە سەر کاری ماڵپەری گیارەنگ دەربریوە، هیوادارم کە بە هەموومان بتوانین داروپردووی کاری ڕۆژنامەگەری کورد قائیم و بەهێزتر بکەین.

لە کۆتایی دا بە ئەرکی سەر شانی خۆمی دەزانم کە سوپاسی گەرمی هاوسەری ژیانم خاتوو شلێر حەسەن‌پوور بکەم بۆ هاوکاری و نوێ کردنەوەی ماڵپەری گیارەنگ. سوپاسی بێ پایان بۆ خاتوو شلێر و هەروەها کچی شیرینم باوان کەریمی کە هەمیشە و بە بەردەوامی پشت و پەنام بوون بۆ بەرێوەبەری ماڵپەری گیارەنگ و هانیان داوم کە بەردەوام بم لە سەر وەشانی ماڵپەری گیارەنگ. زۆرجار وا ڕێکەوتووە کە هاوسەری ژیانم و باوانی کچم کاریان لە دەرەوەی ماڵ هەبێ و دەبوو منیان لەگەڵ بم. ئەوان کە زانیویانە خەریکی نوێ کردنەوەی ماڵپەری گیارەنگم بە چەندین خولەک و تەنانەت کاتژمێر لە سەرم وەستاون و بە بێ ئەوەی نێوچاوان تێک بنێن، چاوەروانی تەواوبوونی منیان کردووە، هەر بۆیە بە گەرمی سوپاسیان دەکەم و هیوادارم کە بتوانم قەرەبووی کاتە لە دەستچووەکانی ئەوان بکەمەوە.

جارێکی‌تر سوپاس بۆ خوێنەران و نووسەران و هەموو دڵسۆزانی کاری ڕۆژنامەگەری و ئاواتەخوازم کە تەمەن مەودا بدا بۆ کار و خزمەتی زیاتر بە هاوڵاتیانی کورد و بۆ خوازیارانی گەشەی بیری نەتەوەیی.

لەگەڵ ڕێزو حورمەت

بەرێوەبەری ماڵپەری گیارەنگ: حەمەرەسووڵ کەریمی