گیاڕەنگ، ١٠ ساڵ بەردەوامی و راستگۆیی! مەریوان نستانی
مێژووی ڕۆژنامەنووسی ئەلیکترۆنی لە دنیادا هێندە کۆن نییە و لە نێو کوردانیش دا بەهەمان شێوە و بەڵکو تازەتریشە، زۆر کەم ماڵپەڕی کوردی هەن، کە بۆ ماوەیەکی ئاوا دورودرێژ و بەردەوام لە خزمەتکردن دابن و لە کار و تێکۆشانیان نەوەستن. یان لانیکەم بەردەوامبن لەسەر رێچکەی خۆیان. شتێکی ئاسایییە ئەگەر گیاڕەنگ هێندێک جاران زیاتر ڕەنگی لایەکی پێوە دیار بووبێ، چونکە سروشتی هەموو شتێکی زیندوو ئەوەیە بەرامبەر بە ڕووداو و پێشهاتەکان کاردانەوەی خۆی هەبێ. بەڵام لەهەمان کاتدا ئەوەی کە تا ئێستاش گیاڕەنگی بە بەردەوامی و پڕ بەرهەمی هێشتۆتەوە فرە ڕەنگی ئەو ماڵپەڕە بووە، بەجۆرێک گیاڕەنگ توانیویەتی ماڵێک بێ بۆ هەمووان، ئەوانەی کە حەز دەکەن لە سیاسەت بدوێن و بخوێننەوە، ئەوانەی کە تامەزرۆی بابەتی ئەدەبی و هونەرین، ئەوانەی کە جیاواز بیر دەکەنەوە و دەیانەوێ دەنگیان ببیسترێ هەموویان لە گیاڕەنگ دا جێگایان بۆتەوە. ئەو فرە ڕەنگی و بێلایەنیەی گیاڕەنگ یەکێک لە نهێنییەکانی سەرکەوتن و پڕبەرهەمیی ماڵپەڕەکەن.
خاڵێکی دیکەی جێگای سەرنج لە گیارەنگ دا بریتییە لەوەی کە تەنها کەسێک! ئەویش چ کەسێک! کەسێکی زۆر سەرقاڵ بە هەموو شتێکی دیکەوە بێجگە لە گیاڕەنگ، ئەم ماڵپەڕە بەڕێوە دەبا. لە ڕاستیدا بەڕێوەبردنی گیاڕەنگ کاری گروپێکی کارلێهاتوویە لە هەموو بوارەکان دا، نووسین، وەرگێڕان، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن، کاری گرافیک و بەڕێوەبردنی ماڵپەڕ و … هتد هەمووی ئەو کارانە هەر یەک کەس ئەنجامیان دەدا و وەک کاری گروپێکیش دەچێ.
لە دەساڵی ڕابردوودا بەردەوام خوێنەری ئەو ماڵپەڕە بووم و زۆر شتی بەکەڵک و هەواڵی خۆش و ناخۆشم لێی خوێندۆتەوە، شایەتی دەدەم کە ماڵپەڕی گیاڕەنگ ماڵپەری بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بابەتی ناڕاست و بێ بنەما نییە، ماڵپەڕی شەڕەجوێن و سەنگەرگرتن لەم و لەو نییە، هەربۆیەش هەموومان بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی بییربۆچوونی سیاسیمان گیاڕەنگ دەخوێنینەوە.هیوای بەردەوامی بۆ گیاڕەنگ و سەرکەوتنی زیاتر بۆ هاوڕێی بەڕێز کاک حەمەڕەسوڵ ی خۆشەویست، سوپاس بۆ پشتیوانی و هاندانی دادە شلێر کە هاوکاری بەردەوام و هەمیشەیی گیاڕەنگ بووە و هەیە.
مەریوان نستانی