(بهرهو لووتکه) شێعری نوێی شاعیری هەست ناسک و پێشمەرگە کاک ڕەسووڵ سوڵتانی
لە رۆژەژمێری ژینم تاكوو ئێستەیش
كە هەر پێشەنگە ئەستێرەی گەلاوێژ
ئەوا بۆ ناشتنی تەرمی شەهیدێ
لەگەڵ خۆر و هەیڤ كەوتوونە راوێژ
***
ئیتر من دڵنیام رێم هەتڵە نابێ
كە دەستم گەیوەتە تیشكی هەتاوێ
ئیتر چۆن پێم دەوەستێ دوژمنی دڕ
كە هەنگاوم بەرەو خۆر خۆ دەهاوێ
***
چلۆن رێگەی خەباتم گرتبا بەر
هەتاوێكی وەكوو قازی نەبایە
دەفەوتام و دەشێوا ناسنامەم
كە مێژووم پڕ لە شانازیی نەبایە
****
لە قاسملۆوە فێر بووم تا كوو مردن
چەم و رووبار بم و قەت رانەوەستم
كە قۆڵی هیممەتی لێ هەڵبماڵم
بە كۆسپ و لەمپەر و مەرگیش دەوەستم
****
كە شەودادێ لە نێو ئەنگوستەچاوا
دەسی تیشكێ نەرم دێ رامدەكێشێ
ئەوەش وانەی سەعیدێكە هەتا هەم
بەرەو لووتكەی هەتاو دەمباتە پێشێ
****
لە بەرما بەرگی پێشمەرگە و لەسەرما
ئەوینی نیشتمان دڵداگرێكە
كە هیچ لافاوێ بەرگەی ناگرێ و دێ
بڵێسەی ئەشقی خاكە و ئاگرێكە
***
بەچۆكدا دێن لە بەردەمیا پەت و دار
ئەویش گاڵتەی بە دوژمن دێ و بەمردن
دەزانێ هەرچی لەو رێیە شەهید بوون
سەری مەرگیان بڕی، خۆیان نەمردن
****
منیش بەرگی خەباتم كردە بەرم و
لەگەڵ خوشك و برا پێشمەرگەكانم
لە سامان جیا لە گیانم نیمە بەخوا
ئەویش دامناوە بۆ رێی نیشتمانم
***
دەڵێم ئەی نیشتمان تۆ لێم قەبووڵ كە
بەبێ تۆ ژینی من بێ ناوەرۆكە
ئەگەرچی سووكە گیانم بۆ دیاریت
بەڵام دیاریی شوانە و ئاڵەكۆكە
***
كە مردیشم لە مەیدانی خەباتا
لە جێی گریان هەموو بیكەن بە جێژن
بەڵام تۆخوا لەبیرتان بێ هەڤاڵان
لە لای گۆڕی شەهیدێكم بنێژن