هه‌ڕه‌شه‌ی تێرۆریزمی فوندامێنتالیزمی ئیسلامی و ژێنۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی کورد . لوقمان زه‌هرایی

له‌ ماوه‌ی یه‌ک مانگی رابردوو و له‌ دوای هێرشی چه‌کدارانی گروپی ئیسلامگه‌رای تێرۆریستی ” داعش ” وگرتنی شاری موسل وچه‌ند شاری دیکه‌ عێراق، ئه‌و وڵاته‌ی تووشی شێواوی وئالۆزێکی یه‌کجار سه‌خت کردووه‌ .

دوای ده‌ست به‌ سه‌ر داگرتنی شاری موسل له‌ لایه‌ن گروپی ”داعش” دوو رێگا زیاتر له‌ به‌رده‌م مه‌سیحییه‌کانی ئه‌و شاره‌ نه‌مایه‌وه‌ یان هاتنه‌ سه‌ر دینی ئیسلام و موسولمان بوون و یان کویله‌تی ومردن قه‌بول کردن. له‌ ئاکامی ئه‌و سیاسه‌ته نائینسانی وبێ ئه‌خلاقانه‌ی ” داعش ” دا به‌ هه‌زاران مه‌سیحی بۆ ڕزگار کردنی گیانیان په‌نایان بۆ باشوری کوردستان هێنا. گه‌رده‌لوولی ڕه‌ش و مه‌رگ هێنه‌ری ” داعش ” ئه‌و جار ڕووی له‌ ناوچه‌کانی شنگال وشێخان و زه‌ممار و ره‌بیعه‌ کرد وبه‌ هه‌زاران کوردی ئیزیدی له‌ ژێر زه‌خت و گوشاری شه‌ڕی داسه‌پاو‌ به‌ سه‌رییاندا ناچار کران په‌نا بۆ چیای شنگال به‌رن و له‌ ئاکامی ئه‌و کۆڕه‌وه‌ به‌ ده‌یان مندال وژن و پیر وپه‌که‌وتوو له‌ برسان وله‌ تینوێتیان گیانیان له‌ ده‌ست دا. هه‌روه‌ها به‌ سه‌دان که‌س له‌ ژن وپیاوی ئیزیدی به‌ بارمته‌ گیراون و ژوماره‌یه‌کی زۆریشیان لێ کوژراوه‌ و به‌ ده‌یان کچی ئێزیدی ده‌ست درێژی بۆ سه‌ر ناموسیان کراوه‌ و به‌ ده‌یانیان وه‌کوو کویله‌ی شه‌ڕ له‌ بازاری موسل فرۆشراون. کاره‌سه‌تێکی مرۆیی یه‌کجار دڵته‌زین وخه‌مهێنه‌ر که‌ درێژ‌ که‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌نفال وهه‌له‌بجه‌ن که‌ به‌عسیه‌کان له‌ دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد کردیان. ژینۆسایدی به‌ ئاشکرای نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ تاوانی کورد بوون و ئیزیدی بوون.

چه‌کدارانی گروپی تێرۆریستی ”داعش” که‌ ڕه‌ش پوشن وئالای ڕه‌شیان پێیه‌ به‌ نێوی خودا و پێغه‌مبه‌ر وئیسلام و قورعان سه‌ری ئینسانه‌ بێدیفاعه‌کان وه‌کوو مریشک ده‌بڕن و به‌ شانازییه‌وه کرده‌وه‌ چه‌په‌له‌کانی خۆیان که مۆرکی ئاینی وئاسمانی پێوه‌یه‌ وبه‌ ئیسلامی راسته‌قینه‌ پێناسه‌ی بۆ ده‌که‌ن‌ له‌ سه‌ر تۆره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی وه‌کوو ” تویتێر وفه‌یس بووک ” و مالپه‌ره‌کانی سه‌ر به‌ خۆیان به‌ شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو بڵاو کردۆته‌وه‌ وبه‌و جۆره‌‌ دڕه‌نده‌یی و وه‌‌حشیگه‌ری خۆیان نیشانی خه‌ڵکانی دونیا ده‌ده‌ن وترس و دڵه‌ڕاوکه‌ی زۆریان خستۆته‌ نێو دڵی خه‌ڵکی عێراق وناوچه‌که‌وه‌.

به‌ دوای په‌لاماری دڕنده‌کانی ” داعش ” بۆ سه‌ر شنگال وئاواره‌ بوونی به ده‌یان‌ هه‌زار کوردی ئیزیدی وپه‌نا بردیان بۆچیای شنگال وعاسێ بونیان ونه‌بوونی رێگای ده‌ربازبوونیان بۆ ماوه‌ی پتر له‌ یه‌ک حه‌فته‌، لافاوی هاوخه‌می وهاوده‌ردی هه‌موو کوردستانی گه‌وره‌ی گرتۆته‌وه و کوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ش به‌ هه‌موو رێگاکه‌وه‌ له‌ هه‌ولی ئه‌وه‌ دابوون که‌ هاوکاری لێقه‌وماوه‌کان بکه‌ن که‌ به‌ هاوخوین وهاوڕه‌گه‌ز وخوشک و برای خۆیان ده‌زانن وبه‌و بۆنه‌وه‌ که‌مپه‌ینی کۆکردنه‌وه‌ خۆراک وجل وبه‌رگ وپێداویستیه‌کانی ئاواره‌کان له‌ ده‌یان شارو شارۆچکه‌ی باشور و باکور و رۆژهه‌لات و رۆژئاوای کوردستان وه‌رێخراون. هێزه‌ سیاسیه‌کانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ئاماده‌یی خۆیان بۆ ناردنی پێشمه‌رگه‌ و گریلاکانیان ده‌ربریه‌وه وهیندێکیان به‌ کردوه‌ به‌شدارن وهیندیکیشیان دوای ماوه‌یه‌کی کورت رێگایان پێنه‌دان که‌ پێشمه‌رگه‌کانیان به‌شداری شه‌ڕه‌که‌ بن و له‌ ژێر گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی کۆماری سێداره‌ هێزه‌کانیان ڕه‌وانه‌ی بنکه‌کانیان کردونه‌ته‌وه‌.

په‌لاماری چه‌کدارانی ”داعش ” بۆ سه‌ر شارو ناوچه‌کانی کوردنشینی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان که‌ سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وان و شاری موسل ناوه‌ندی ئه‌و پارێزگایه‌یه‌ و مه‌ترسی پێشوه‌چوونی چه‌کدارانی ” داعش ” به‌ره‌و باشوری کوردستان و نه‌مان وداڕمانی سپای عێراق و نه‌بوونی حکومه‌تێکی به‌ هێز له‌ به‌غدا بۆ دژایه‌تی ” داعش ” و به‌رگری قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان بوو به‌ هۆی به‌ ده‌نگ هاتنه‌وه‌ی ئامریکا و فه‌رانسه‌ وئیتالیا وئالمان وبریتانیا وچه‌ندین وڵاتی دیکه‌ی ئوروپا وئوسترالیا وکانادا. قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی  ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ پاراستنی هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ ته‌نیا شوینی ئارامی عێراقه‌ و ته‌نیا قه‌ڵای له‌ شکان نه‌هاتووی عێڕاقه‌ که‌ له‌ هه‌مبه‌ر په‌لاماری ” داعش ” دا راوه‌ستاوه‌ و له‌ هه‌مانکاتدا بۆته‌ جێگای حاوانه‌وه‌ و په‌نادانی به‌ هه‌زاران کوردی ئیزیدی ومه‌سیحی وعه‌ره‌بی سووننه‌ وشیعه‌ش. ‌ له‌ تازه‌ترین هه‌ولی نێونه‌ته‌وه‌یی دا، وڵاتانی ئه‌ندامی شورای ئه‌منیه‌تی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتۆکان به‌ کۆی ده‌نگ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ رێککه‌وتن که‌ ” داعش ” ده‌بێ چه‌ک بکرێ و هه‌ڵبوه‌‌شێته‌وه‌ و نه‌مێنێ وته‌نه‌تات 6 که‌س له‌ به‌رپرسانی باڵای ” داعش ” و ” به‌ره‌ی نوسره‌ ” که‌وتونه‌ته‌ نێو لیستی ڕه‌ش.

چه‌ندین هۆکاری سه‌ره‌کی هه‌ن که‌ ئامریکا وچه‌ندین وڵاتی زل هێزی دیکه‌ی ئوروپایی وئوسترالیا و کانادای له‌ ده‌وری یه‌کتر کۆکردۆته‌وه‌ و‌ ئاماده‌ بوون که‌ چه‌ک وچۆل بده‌ن به‌ باشوری کوردستان وپشتگری سیاسی وسه‌ربازی وئینسانی بکه‌ن. پێویسته‌ له‌ چه‌ند ره‌هه‌نده‌وه‌ش شه‌ڕ فرۆشی ”داعش ” و په‌لاماردانی باشوری کوردستان وناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ژێر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ سه‌ر قازانج وبه‌رژه‌وه‌ندی وزه‌ره‌ری وڵاتانی ناوچه‌که‌ش به‌ تایبه‌ت بۆ ئێران وتورکیه‌ وعه‌ره‌بستانی سعودی وسوریه‌ که‌ جیرانی عێراقن شرۆڤه‌ بکرێ.

به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئامریکا وهاوپه‌یمانانی بۆ پاراستنی باشوری کوردستان له‌ دژی په‌لاماری ”داعش ” وپشتگیری سیاسی وسه‌ربازییان ده‌کرێ له‌ چه‌ند خاڵ دا باس بکرێ.

یه‌که‌م، پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق و رێگر بوون له‌وه‌ی کورد بیهه‌وێ له‌و وڵاته‌ جیابێته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش کوردیان هان داوه‌ که‌ له‌ به‌غدا دوورنه‌که‌وێته‌وه‌ و وێرای شیعه‌ وسووننه‌ هه‌وڵ بده‌ن حکومه‌تێکی به‌ قه‌ولی خۆیان ” نیشتمانی ” دروست بکه‌ن که‌ هه‌موو پێکهاته‌کان عێراق له‌ خۆ بگرێ. به‌رگریکردن وپشتگری نه‌کردن له‌ پرسی راپرسی هه‌رێمی کوردستان بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ چاره‌نووسی خۆی، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌ولاتانی داگیرکه‌ری کوردستان و وڵاتانی عه‌ره‌بی سووننه‌ی ناوچه‌که‌ی تێدایه‌‌‌ که‌ دژی دروست بوونی ده‌وله‌تی کوردین.

دووهه‌م، پاراستنی یه‌کپارچه‌یی عێراق به‌ هۆی ده‌وله‌مه‌ند بوونی به‌ نه‌وت وگاز وله‌ ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی شه‌ڕی ناوخۆیی وبه‌ هێزتر بوونی پتری ”داعش ” هه‌نارده‌کردنی نه‌وت وگازی عێراق رابوه‌ستێ وئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ نرخی نه‌وت و گاز به‌ هۆی راوه‌ستان وهه‌نارده‌نه‌کردنی بۆ بازاره‌کانی دونیا بچێته‌ سه‌ر و شیرکه‌ته‌ گه‌وره‌ نه‌وتیه‌کان وکارتێله‌کانی فرۆشیاری نه‌وت وگاز تووشی زه‌ره‌ وخه‌ساره‌تی گه‌وره‌ بن وئه‌وه‌ش راسته‌وخۆکاریگه‌ری ده‌بێ له‌ سه‌ر نرخی گاز وبێنزین له‌ ئوروپا و ئامریکا وهاوولاتیانی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌که‌ونه‌ ژێر زه‌خت وده‌کرێ ببێته‌ هۆی نارازی بونیشیان.

سێهه‌م، به‌ هێزبوونی گروپه‌ ئیسلامیه‌ رادیکاله‌کان له‌ عێراق و سوریه‌ وناوچه‌که‌ دا وهه‌وڵدانیان بۆ به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌لات له‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌دا له‌ رێگای شه‌ڕ وتوندتیژییه‌وه‌ وئه‌وه‌ش زه‌نگی خه‌ته‌رێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئامریکا و ئیسرائیل وهاوپه‌یمانیان. ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی تالیبان وئه‌لقاعیده‌ له‌ ئه‌فغانستان که‌ له‌ رێگای شه‌ڕه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتن، بیره‌وه‌رێکی زۆر تاڵی بۆ رۆژئاوا به‌ گشتی وبۆ ئامریکا به‌ تایبه‌تی هه‌یه‌ که‌ کاره‌ساتی 11ی سیپتامبری 2001 ی لێکه‌وته‌وه‌.

چواره‌م، په‌ره‌گرتن وته‌شه‌نه‌کردنی هه‌رچی زیاتری شه‌ڕی ئاینی له‌ ناوچه‌که‌ دا. له‌ لایه‌ک له‌ نێوان سووننه‌ وشیعه‌ دا و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ له‌ نێوان گروپه‌ ئیسلامیه‌ رادیکاله‌کان ومه‌سیحیه‌کانی ناوچه‌که‌دا. ئامریکا بۆ کۆنترۆل کردنی ناوچه‌که‌‌ هه‌موو کات هه‌وڵی داوه‌ بالانسێک له‌ نێوان شیعه‌ وسووننه‌ ڕابگرێ‌ وکارێکی وانه‌کا که‌ لایه‌ک له‌ لایه‌کی دیکه‌ به‌هێزتر بێ و لایه‌ک به‌ سه‌ر لایه‌کی دیکه‌دا سه‌رکه‌وێ. ئه‌وه‌ی له‌ سوریه‌ وعێراق له‌ په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ته‌کانی ئامریکا روویدا‌ ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌ن‌ و ئامریکا ماوه‌ی 8 ساڵ پشتی حکومه‌تی مالکی گرت و له‌ 2011  به‌ کشاندنه‌وه‌ی ته‌واوی هێزه‌کانی به‌ کردوه‌ عێراقی بۆ کۆماری ئیسلامی چۆل کرد و دوو ده‌ستی ئه‌و وڵاته‌ی ته‌حویلی مه‌لاکانی ئێران دا. سیاسه‌ته‌کانی نوری مالکی له‌ دوای چونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌کانی ئامریکا به‌ پشتیوانی رێژیمی ئیسلامی ئیران به‌ ئاشکرا له‌ دژی کورده‌کانی باشور وعه‌ره‌به‌ سووننه‌کان و باقی ئاین وگروپه‌ ئتینیکیه‌کانی ئه‌و ولاته‌ بووه‌ وهه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به‌ به‌هانه‌یه‌ک که‌ سه‌رهه‌ڵدانی سووننه‌کانی لێبکه‌و‌ێته‌وه‌.

له‌ راستیدا سیاسه‌کانی ئامریکا له‌ عێراق شکستی هێنا و سه‌ره‌رای به‌ کوشت دانی چه‌ند هه‌زار سه‌رباز وبریندار بوونی به‌ سه‌دانی دیکه‌ وخه‌رجکردنی به‌ ده‌یان میلیارد دۆلار، ئه‌و وڵاته‌ بۆ ئامریکا خێری نه‌دایه‌وه‌ وبراوه‌ی سه‌ره‌کی کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی ئێران بوو که‌ رۆلی سه‌ره‌کی له‌ دروست کردنی شه‌ڕی ناوخۆیی نێوان سووننه‌ وشیعه‌کان وکێشه‌ سیاسیه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا‌ داهه‌بووه‌.

له‌ سوریه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌، سیاسه‌ته‌کانی ئامریکا له‌ هه‌مبه‌ر روسیه‌ و کۆماری سێداره‌ شکستی هێنا و دوای 3 ساڵ به‌ سه‌ر قه‌یرانی سوریه‌ دا ده‌بینین که‌ رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د هه‌ر له‌ سه‌ر ده‌سه‌لاته‌ وئاکامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵانه‌ش بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ گروپێکی ئینسانکوژ و تێرۆریستی وه‌کوو ” داعش  ” له‌ سوریه‌ سه‌رهه‌ڵبدا و دواتریش په‌لبهاوێ بۆ عێراق.

به‌ هێز بوونی ”داعش” و قازانج و زه‌ره‌ره‌کانی بۆ کوردی باشور و وڵاتانی دراوسێ

‌وڵاتانی ئێران و سوریه‌ و تورکیه‌ وعه‌ره‌بستانی سعودی له‌ گه‌ڵ عێراق سنوری هاوبه‌ش و دوورودرێژیان هه‌یه،‌ به‌ هۆی سیاسه‌ته‌کانی ” داعش ”وه‌ هه‌م قازانج ده‌که‌ن وهه‌میش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن. له‌ چه‌ند ره‌هه‌نده‌وه‌ ده‌کرێ ئه‌و مه‌سه‌له‌ شرۆڤه‌ بکرێ.

یه‌که‌م. ره‌هه‌ندی ئاینی

له‌ دوای شۆرشی 1357 ی  هه‌تاوی، 1979ی زاینی له‌ ئێران وهاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌لاتی حکومه‌تیکی شیعه‌ له‌ بناگوێ عه‌ره‌بستانی سعودی که‌ خۆی به‌ رێبه‌ری جیهانی ئیسلامی ده‌زانێ، کێشه‌ی سووننه‌ وشیعه‌ زۆر زیاتر له‌ پێشوو په‌ره‌ی ئه‌ستاندووه‌ و هه‌ر دوک وڵات هه‌ولیان داوه‌ که‌ جێگه‌ وپێگه‌ی خۆیان له‌ ناوچه‌که‌ وله‌ جیهانی ئیسلامی دا پته‌و و به‌هێز بکه‌ن. کۆماری شیعه‌ی ئیسلامی ئێران له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ بیری په‌ره‌پێدانی بیروکه‌ی توندره‌وانه‌ی شیعه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا بووه‌ و دروشمیان ” رێگای قودس له‌ که‌ربه‌لاوه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێ ” بووه‌ وماوه‌ی 35 ساله‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی شیعیسمن له‌ ناوچه‌که‌ دا وبه‌ چه‌ندین گروپی شیعه‌ وسووننه‌ی ناوچه‌که‌یان به‌ پاره‌ وچه‌ک وچۆل پشتگری کردووه‌ وحیزبولای لوبنان وحه‌ماس وجیهادی ئیسلامی فه‌له‌ستین ویارمه‌تی دانی شیعه‌کانی به‌حره‌ین وئیمارات ودروست کردنی سپای به‌در وپشتگری له‌ گروپه‌ شیعه‌کانی عێراق و پاراستنی رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د نموونه‌ی ئه‌و هه‌و‌ڵانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێرانن. لایه‌نی سعودیش بێکار داننیشتووه‌ وهه‌وڵی داوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ره‌رۆییه‌کانی کۆماری ئیسلامی پشتی ولاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌که‌ بگرێ که‌ سووننه‌کان ده‌سه‌لاتدارن و به‌ پشتگری گروپ گه‌لی وه‌کوو تالیبانی ئه‌فغانستان وگروپه‌ جیهادییه‌کانی سووننه‌ مه‌زهه‌ب له‌ ناوچه‌که و یه‌ک له‌وان له‌ سوریه‌‌ دا پاشه‌کشه‌ به‌ شیعه‌ بکا. که‌وابوو ” داعش ” که‌ گروپێکی سووننه‌ مه‌زهه‌به‌ ودژی شیعه‌کانه،‌ ده‌توانێ پتر خزمه‌ت به‌ سیاسه‌ته‌کانی عه‌ره‌بستان بکا له‌ دژایه‌تی کردنی شیعه‌کان له‌ رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست دا.

به‌ پێچه‌وانه‌شی ده‌توانێ رووبدا وسیاسه‌ته‌کانی ” داعش ” له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی عه‌ره‌بستان وسووننه‌ مه‌زهه‌به‌کان بێ وبه‌ قازانجی کۆماری ئیسلامی وشیعه‌کانی ناوچه‌که‌ بشکێته‌وه‌. ”داعش ” به کرده‌وه‌ تێرۆریستیه‌کانی وبه‌و سیاسه‌ته‌ وه‌حشیانه‌ی که‌ گرتویه‌ته‌ به‌ر له‌ کوشتن وسه‌ربرین وپه‌لاماری گروپه‌ ئاینییه‌کانی که‌ موسولمان نین وه‌کوو ئیزیدییه‌کان ومه‌سیحیه‌کانی عێراق وسورییه‌، راسته‌وخۆ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ده‌کا وئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ ئامریکا و رۆژئاوا بۆ به‌رگری له‌ په‌لهاوێشتن وبه‌ هێزبوونی ” داعش ” وگروپگه‌لی له‌ چه‌شنی ئه‌و لایه‌نی کۆماری ئیسلامی وشیعه‌کان بگرن و هاوکاریان بکه‌ن وئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کێشه‌کانی عێراق وسوریه‌ وناوچه‌که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شیعه‌کان و کۆماری ئیسلامی ته‌واو بێ وسووننه‌ مه‌زهه‌به‌کان دۆڕاوی سه‌ره‌کی بن له‌و شه‌ڕه‌ دا.

دووهه‌م، کوردستان و شه‌ڕفرۆشی داعش و قازانج و زه‌ره‌ری وڵاتانی دراوسێ عێراق

په‌لاماردانی ناوچه‌ کوردییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی باشوری کوردستان ومه‌ترسی په‌لاماردانی هه‌ولێر وناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم راسته‌وخۆ له‌ قازانجی داگیرکه‌رانی کوردستان دایه‌ و ئه‌وه‌یکه‌ بۆچی ” داعش ” له‌ درێژه‌دانی شه‌ڕ له‌ دژی شیعه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی مالکی وه‌ستا وپلانی گرتنی به‌غدای وه‌لانا و کوت وپڕ جبهه‌ی شه‌ڕی گۆری و وه‌کوو گورگی دڕنده‌ په‌لاماری ناوچه‌ کوردییه‌کانی دا وحکومه‌تی هه‌رێم وهێزی پێشمه‌رگه‌ی تووشی شه‌رێکی نه‌خوازراو کرد خۆی جێگای پرسیاره‌؟ ڕاکردن و ئاواره‌ بوونی به‌ هه‌زاران کوردی ئێزیدی ومه‌سیحی وته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کوردی باشور دانیه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری درێژی بوونه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌، ده‌کرێ کۆمه‌لێک گیروگرفتی یه‌کجار گه‌وره‌ بۆ حکومه‌تی هه‌رێم دروست بکا. حاواندنه‌وه‌ و په‌نادانی به‌ هه‌زاران په‌نابه‌ر پێویستی به‌ جێگا ورێگا وئیمکانات و پاره‌ی زۆره‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ بواری ئابورییه‌وه‌ زه‌ختێکی زۆر هه‌م ده‌کاته‌ سه‌ر حکه‌مه‌تی هه‌رێم وهه‌میش سه‌ر دانیشتووانی باشوری کوردستان. بڵاوبونه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌کان به‌ پارێزگاکانی باشوری کوردستان گرفت گه‌لی وه‌کوو، زۆر بوونی حه‌شیمه‌ت، بێکاری، گران بوون و چوونه‌ سه‌ری نرخی کرێ ماڵ وکه‌می ماڵ و کاریگه‌ری راسته‌وخۆی بۆ سه‌ر بازار ده‌بێ ونرخی که‌ل وپه‌ل وخوارده‌مه‌نی ده‌باته‌ سه‌ر. ئه‌وه‌ش خۆی ده‌بێته‌ هۆی دروست بوونی ناره‌زایه‌تی دانیشتووانی هه‌رێم له‌و وه‌زعه‌ له‌ کورت خایه‌ن و درێژ خایه‌ن دا و ده‌توانێ ئاکامی زۆر چاوه‌رواننه‌کراوی بۆ باشوری کوردستان وبۆ حکومه‌تی هه‌رێم به‌ دواوه‌ بێ.

دروست بوونی وه‌زعێکی ئاوا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کوردانی باشور ده‌رفه‌تیان نه‌بێ که‌ چاره‌نووسی خۆیان یه‌کلا که‌نه‌وه‌ و ناچار بن بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان په‌نا بۆ وڵاتانی دراوسێ به‌رن ومل که‌چی سیاسه‌ت وخواسته‌کانی داگیرکه‌رانی کوردستان بن. ئه‌نجام ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ” داعش ” گرتویه‌تی به‌ر و به‌ هه‌زارانی به‌ره‌و باشور ناچار به‌ کۆچکردن کردووه‌ له‌ قازانجی کوردی باشور نیه‌ و زیاتر له‌ قازانجی سووننه‌کان وبه‌ تایبه‌ت شیعه‌کان و ده‌وه‌له‌تی ناوه‌ندی له‌ به‌غدا ده‌شکێته‌وه‌ که‌ ماویه‌کی زۆره‌ بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێمی بڕیوه‌ وجۆرێک له‌ گه‌مارۆی ئابوری خستۆته‌ سه‌ر دانیشتووانی باشوری کوردستان. حکومه‌تی به‌غدا له‌ داهاتووش دا بۆ داسه‌پاندنی سیاسه‌ته‌کانی به‌ سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم دا ده‌توانێ بودجه‌ی کورد یان نه‌دا ویان گرفتی زۆری بۆ دروست بکا وهه‌روا به‌ سانایی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم به‌ بیانوی فرۆشتنی راسته‌وخۆی نه‌وت نه‌دا. ئه‌مرۆ به‌ کرده‌وه‌ عێراق بۆته‌ سێ پارچه‌ وشیعه‌کان و سووننه‌کانیش بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لات وهێژمونی خۆیان به‌ سه‌ر هه‌موو عێراق دا بپارێزین و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێلین ئه‌و وڵاته‌ دابه‌ش ببێ پێویستیان به‌ کورد هه‌یه‌ که‌ شه‌ڕیان بۆ بکا وخۆشیان پالی لێبدنه‌وه‌.         ئه‌مرۆ ته‌نیا هێزی به‌رگریکار له‌ هه‌مبه‌ر ” داعش ” دا هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌‌ وهه‌موو زه‌ختی شه‌ڕه‌که‌ش له‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ وهه‌رێم کوردستان وناوچه‌ کوردییه‌ داگیرکراوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمن که ‌به‌شێک له‌ ناوچه‌کانی موسل وه‌کوو شنگال، شێخان، زممار و ره‌بیعه‌ و هه‌روه‌ها شاری‌ که‌رکوک وناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردنشینی داگیرکراو.

بۆ کۆماری ئیسلامی و تورکیه‌  تێوه‌گلانی باشوری کوردستان له‌ شه‌ڕی ” داعش ” قازانجی هه‌یه‌ وهه‌روه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ باسکرا ده‌رفه‌تی ده‌ستێوه‌ردان به‌ بیانوی ” داعش ” و کێشه‌ دروستکردن بۆ حکومه‌تی هه‌رێم و رێگه‌ نه‌دان به‌ ناردنی نه‌وتی هه‌رێم و به‌ستنی سنوره‌کانیان به‌ بیانوی لافاوی په‌نابه‌ران وقاچاقچیان و چی وچی و له‌ هه‌مووشی گرینگتر به‌رگری له‌ یارمه‌تی دانی کورده‌کانی باکور و رۆژهه‌لاتی کوردستان به‌ خوشک وبرا لێقه‌ماوه‌کانیان له‌ باشوری کوردستان. په‌لاماری ” داعش”  هه‌ستی هاوسۆزی وهاوخه‌می نێوان کورده‌کانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان ودیاسپۆرای زۆر به‌ هێز کردووه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وله‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان واته‌ تورکیه‌ وئێران وته‌نانه‌ت سورییه‌ش نیه‌ وئه‌وان پێێان ناخۆشه‌ که‌ کورد ئیتر چیدی پابه‌ندی ئه‌و سنوره‌ ده‌ستکردانه‌ نابێ که‌ دوژمنان دروستیان کردووه‌ وکوردستان وکوردیان پارچه‌پارچه‌ کردووه‌. به‌شداری هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌لاتی کوردستان وئاماده‌یی بۆ به‌شداری ئه‌و هێزانه‌ له‌ شه‌ڕی دژی ” داعش ” به‌ ئاشکرا ترس ودڵه‌ڕاوکه‌ی خستۆته‌ نێو جه‌سته‌ی رێژیمی ئیسلامی شیعه‌ی ئێران وئه‌وان به‌ ئاشکرا و به‌ زه‌خت خستنه‌ سه‌ر حیزبه‌کانی باشوری کوردستان وحکومه‌تی هه‌رێم رێگر بوون له‌وه‌ی که‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌لاتی کوردستانیش شان به‌ شانی پێشمه‌رگه‌کانی باشور و له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ر دا شه‌ڕی ” داعش ” بکه‌ن.

په‌لاماری دڕندانه‌ی هێزه‌کانی ” داعش ” بۆ سه‌ر کوردانی ئێزیدی ومه‌سیحیه‌کان ومه‌ترسی ئه‌و هێرشانه‌ بۆ سه‌ر باشوری کوردستان ئامریکا وهاوپه‌یمانانی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان له‌ عێراق ناچار به‌ هه‌ڵوێست گرتن کرد و ناردنی چه‌ک وچۆلی سه‌ربازی وپشتگری مه‌عنه‌وی ومالی وسیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی چاوه‌روانی داگیرکه‌رانی کوردستان بوون وبۆیه‌ش هیچیان رازی به‌وه‌ نین که‌ ئامریکا وهاوپه‌یمانانی راسته‌وخۆ چه‌ک وچۆڵ بده‌ن به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی باشوری کوردستان وله‌ به‌ هێزکردن وته‌یارکردنی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌کی نیوه‌ قورس وقورس ده‌ترسێن وترسی ئه‌وه‌شیان لێێه‌ که‌ له‌ دوای کۆتایی هاتنی شه‌ڕی ” داعش ” ئه‌و چه‌ک وچۆلانه‌ له‌ ده‌ستی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ دا بمێنه‌وه‌ و ڕاده‌ستی هێزه‌کانی عێراقی نه‌کرێنه‌وه‌‌‌.                                                                                                قازانجێکی ‌که‌ له‌ په‌لاماری ” داعش ” بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی موسل وهه‌ڕه‌شه‌ی داگیرکردنی که‌رکوک بۆ کوردی باشور هه‌یبوو، ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌و ناوچانه‌ وبه‌ تایبه‌ت هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ ده‌که‌وتنه به‌ر مادده‌ی 140 وکێشه‌ له‌سه‌ر بوون به‌ کرده‌وه‌ که‌وتونه‌ته‌وه‌ سه‌رهه‌رێمی کوردستان وئه‌وه‌ش بۆ شیعه‌ وسووننه‌کانی عێراق وبۆ تورکیه‌ وکۆماری ئیسلامی هه‌والێکی خۆش نیه‌ وله‌ زه‌ره‌ری خۆیانی ده‌بینن. بوونی که‌رکوک دڵ پڕ له‌ نه‌وت له‌ ده‌ستی کوردانی باشور‌ وپاراستن و ڕاده‌ست نه‌کردنه‌وه‌ی به‌ حکومه‌تی به‌غدا، جێگه‌ وپێگه‌ی کورد له‌ نێو خۆ وناوچه‌ و جیهان دا زۆر به‌هێز ده‌کا.

کۆماری ئیسلامی که‌ خۆی ریژێمکی شیعه‌یه‌ و له‌ هه‌وڵی دروست کردنی ئیمپراتورێکی شیعه‌ دایه‌ هه‌ول ده‌دا به‌ سیاسه‌تی یه‌ک بان و دوو هه‌وا  هه‌ڕه‌شه‌ی ” داعش ” بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی به‌کار بێنێ وناوچه‌ کوردییه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان به‌ بیانوی بوونی لاینگرانی ” داعش ” زیاتر کۆنترۆل بکا و به‌و بیانویه‌ هه‌رجۆره‌ هه‌لس وکه‌وت وچالاکی ئازادیخوانه‌ی حیزبه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان وچالاکانی مه‌ده‌نی وسیاسی ناوخۆی رۆژهه‌لات به‌رته‌سک بکاته‌وه‌ وبۆ سه‌رکوت کردنی به‌ گروپه‌ جیهادیه‌ سه‌له‌فیه‌کانی لاینگری ” داعش ” یان ‌ ببستێته‌وه‌. به‌ پێێ هه‌واله‌کان ژوماره‌یه‌ک له‌ سه‌له‌فیه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان به‌ ئاشکرا پشتگری له‌ ” داعش ” ده‌که‌ن و له‌ هیندێک له‌ شاره‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان جم وجۆلیان هه‌یه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ خه‌لك وله‌ هێزه‌ سیاسیه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان کردووه‌ و کۆماری ئیسلامیش هیچ به‌ربه‌ستێکی بۆیان دروست نه‌کردووه‌.

تورکیه‌ش که‌ له‌ بیری دروست کردنه‌وه‌ی ئیمپراتوری رووخاوی عوسمانی دایه‌ وئێستاش ولایه‌تی موسل وکه‌رکوک به‌ هی خۆی ده‌زانێ و به‌رده‌وام دژی کورد ومافه‌کانی بووه‌ هیچکات رێگا نادا که‌ کورده‌کانی باشور ئه‌وه‌نده‌ به‌ هێز بن که‌ ببنه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و ولاته‌ و هه‌رده‌م کارتی تورکه‌مه‌نه‌کانی موسل وکه‌رکوکی له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌کارهێناوه‌ وبێگومان له‌ ئه‌گه‌ری راپرسی و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی باشوری کوردستان وهه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هاوشانی رێژیمی تاران دژایه‌تی کوردی باشور ده‌کا وهه‌رچی له‌ ده‌ستی بێ ده‌یکا. هۆیه‌که‌شی زۆر روونه.‌ بوونی پتر له‌ 20 میلیۆن کورد له‌ باکوری کوردستان و وه‌به‌رچاونه‌گرتنی ویست وداخوازییه‌کانی کوردانی باکور بۆ ئازادی و ڕزگاری ومافی چاره‌ی خۆنووسین. ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ کورد پێویستێتی پته‌وکردنی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی وکوردایه‌تی کردن و پشتگری وهاوخه‌باتی کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان له‌ یه‌کتر و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی ودیاریکردنی ستراتیژی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی کێشه‌ی کورد ودروست کردنی ناسنامه‌ی کوردییه‌. ئه‌مرۆ ده‌رفه‌تێکی گه‌لێک باش وله‌باره‌  که‌ مه‌سه‌له‌ی کورد به‌ گشتی بکه‌وێته‌ به‌رباس وکورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاک دابه‌شکرا وپارچه‌ پارچه‌ کراو باسی ماف وئازادی و مافی چاره‌ی خۆنووسین بکا له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان دا.

ئه‌م ساڵ هاوکاته‌ له‌ گه‌ڵ 500مین ساڵی دابه‌شکردنی کوردستان که‌ بۆ یه‌که‌مین جار وله‌ ئاکامی شه‌ڕی چالدران له‌ مابه‌ینی ئیمپراتوری عوسمانی سووننه‌ وسه‌فه‌وی شیعه‌ دا له 23.8.1514‌  دابه‌شکرا وئه‌و دابه‌ش بوونه وپارچه‌ پارچه‌ کردنه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کورد له‌ سه‌ده‌ی 21مدا و دوای 500 ساڵ داگیرکاری هه‌روا نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێ ده‌وله‌ت وبێ ناسنامه‌ بمێنێته‌وه‌ و ئێستاش هه‌ر به‌ کوردی ئێران وعێراق وسوری وتورکی بناسرێ وئێستاس کوردستان هه‌ر به‌ کوردستانی ئێران وعێراق و سوریه‌ و تورکیه پێناسه‌ی بۆ بکرێ.‌

لوقمان زه‌هرایی

16.8.2014‌