یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بنه‌ماڵه‌کانی شه‌نگال

لە ماوەی چەند ڕۆژ و حەوتووی ڕابردوودا بە هۆی هێرشی دڕندانەی چەکدارانی داعش بە هەزاران ژن و منداڵ و پیرو بەساڵاچوو لە ترسی کوشتن و ڕاودوونان و سەربرین و زوڵم و زۆری ئەو چەکدارە تیرۆریستانە، ناوچە و گوندو ئاوایی و شارو دێی دەڤەری شەنگاڵ یان بەجێ هێست و بە هەزاران کەس لە چیای شەنگاڵ تووشی نەهامەتی جۆراوجۆر و بە تایبەتی برسیەتی و تینوێتی و هەروەها تووشی نەخۆشی بوون و هاوکاتیش بە دەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو گیانیان لە دەست دا و بە هەزارانیش گیانیان لە مەترسی دابوو.

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە دڵتەزێنە کە بە سەر کوردە ئێزدی‌یەکانی و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە هات، بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵ درا کە ئەوانەی لە چیای شەنگال کەوتوونە گەمارۆ و هەروەها گیانیان کەوتۆتە مەترسی ڕزگاریان بکەن. هێزی پێشمەرگە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی زلهێز و دەسەڵاتدار هاتنە دەنگ و لەو نێوەشدا خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بە گیانی لە خۆبردوویەوە ئامادەگی خۆیان بۆ هەموو جۆرە هاوکاری‌یەک دەربری و بە کردەوە هاتنە مەیدان.

هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان ئامادەکرد و بەشێکیان چوونە سەنگەری بەرگری و بەشیکیشیان هەروا ئامادەن بۆ بەرەکانی شەر بە دژی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش. لە نێو بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بە سەدان ژن و منداڵ و بنەماڵەی ئەو حیزبە، لە هەڵمەتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دا سەرباری سەختی ژیانیان دەستیان بە کۆکردنەوەی یارمەتی بریتی‌لە: پووڵی نەقدینە، خواردنی جۆراوجۆر، جل‌وبەرگ و پەتوو و پێخەف و هەروەها کەرەسەی جۆراوجۆر بۆ ئەو کەسانەی کە هاتوونە نزیک شاری کۆیە و هاوکات بە درووست کردنی نان، کولێرە و کولیچە و بە لێنانی چێشتی گەرم و خواردنی جۆراوجۆر و بیسکویت و داو و دەرمان و دەیان شتی لەو بابەتە خۆیان گەیاندە نێو ئاپۆرای بنەماڵەکانی شەنگاڵ و ناوچەکانی دیکەی گەیشتوو بۆ ئەو ناوچەیە. ژنان و بنەماڵەکانی حدک وێرای یارمەتیدان، هاوخەمی و بەپەرۆشی و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی گیانیان لە مەترسی کوشتن و شکاندنی گەمارۆیان و بێزاری خۆیان لە کردەوەی تیرۆریستی داعش دەربری.

هەڵمەتی یارمەتی و پشتیوانی ژنانی دێموکرات نیشانەی هەستی نەتەوەیی و دڵسۆزی بەگەل و نیشتمانە. ئەوان بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە خەبات دەکەن و گەرما و ساردی دەشت و کوێستانەکانی کوردستانیان لە ژێر ڕەهێڵەی بۆمب و تۆپ و خۆمپارە دیتووە و هەموو کات نەهامەتی‌یەکانی گەلی کوردیان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هەست پێکردووە. ئەوان بەردەوام بۆ نەهێشتنی نەهامەتی و زوڵم و زۆری داگیرکەران خەبات دەکەن و لە پێناو وەدیهێنانی ئازادی و بەختەوەری بۆ گەل، خۆشەویسترین کەسەکانیان، برا ، خوشک ، دایک ، باوک ، کوڕ ، کچ و هاوسەری ژیانیان لە دەست داوە. ئەوان بە لە دەستدانی ئازیزانیان لە خەبات کردن نائومێد نەبوون و بەڵکوو زۆرتر شێلگیر و ڕاوەستاو بوون بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە ریزەکانی حدک و یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان دا . هەر ئێستا بە سەدان کەس لەو تێکۆشەرانە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەی کوردستانیان لەبەر دایەو وێرای تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێگای ژیانیان هەروا  درێژە بە خەبات دەدەن و چاوەرێ و ئامادەن لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕ بە دژی داعش دا بەشداری بکەن.

ئەوان وێرای سەختی ژیانی خۆیان، وێرای خەمی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەمی خوشک و براکانیان لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکوور هەیە و لە خەم و شادی ئەوان دا بەشدارن و خۆیان بە داکۆکیکار و پشتیوانی ئەوان دەزانن.

ئەوەی خوارەوە کورتە ڕاپۆرتێکی کوردکاناڵە لە سەر هەڵمەتی یارمەتی بنەماڵەکانی حدک بۆ بنەماڵەکانی شەنگال