چیرۆک بۆ منداڵان … گەردەلوول و داربەڕوو. رەزا شوان

رۆژێک گەردەلوولێکی تاریک و رەش، لە بیابانەوە بەرەو باکوور هەڵیکرد، زیانێکی زۆری بە باخ و، بە دار ودەوەن و، بە سامانی خەڵکی ئەو شوێنانە گەیاند، کە لە پێشێوەی بوون ..

بێ بەزەییانە هێلانەی بە هەزاران چۆلەکە و باڵندەی تری رووخاند و ئاوارەی کردن .. ملی نایە کۆمەڵێک داربەڕووەوە .. رووی دەمی لە داربەڕوویەکی ئەستوور کرد .

گەردەلوولەکە ( بە تووڕەییەوە ) : ئەوە بۆ رێتان پێ گرتووم .. ؟

داربەڕووەکە : ئێمە رێمان پێ نەگرتووی ، ئێرە شوێنی ئێمەیە ، تۆی نامۆ ملت پێوەناوین و، شەڕمان پێ دەفرۆشیت .

گەردەلوولەکە : تا زووە لە رێم لادەن و دوورکەونەوە، ئەگینا تێک وپێکتان دەشکێنم و، لە رەگەوە هەڵتان دەتەکێنم .

داربەڕووەکە : ئێرە نیشتمانی هەزاران ساڵەی ئێمەیە .. هەرگیز ئێرە بەجێ ناهێڵین .. لە هەڕەشەی تۆی بەدفەساڵ و بەدکاریش ناترسێن .

گەردەلوولەکە : ئێستا پێشانتان دەدەم، کە چیتان بەسەر دەهێنم .

داربەڕووەکە : چ بایەک لە سکتدایە دەریکە .. گەردەلوولی لە تۆش گەورەتر و بەهێزتر ملیان پێوەناین، نەیاتوانی لێرە هەڵمان بکەنن .

گەردەلوولەکە بە ئەوپەڕی هێز و توانایەوە، بە دڵڕەقییەوە، هێڕشی کرد و .. دەستیکرد بە راوەشاندنی داربەڕوەکان .. بەڕووەکانی وەرانن .. گەڵای بە داربەڕووەکانەوە نەهێشت .. لقێکی زۆریانی شکاند و رایماڵێن .. بەڵام هەرچەندی کرد نەیتوانی قەدی داربەڕووە بشکێنێت، یا لە شوێن خۆیان هەڵیان بتەکێنێت .. گەردەلوولە بەزیوەکە، بە شەرمەزاری و بە سەرشۆڕی و رووڕەشییەوە، رۆی و نەما .. سەرکەوتن و سەربەرزی و مانەوەش بۆ داربەڕووە خۆڕاگرەکان بوون .

دوای باران بارین و، هاتنی وەرزی بەهار، داربەڕووەکان چەندین لقی تازەی ناسکیان دەرکرد و، گەڵای سەوز و گەشیان کرد .. بەڕووە وەریوەکانیش لە شوێنی خۆیاندا شین بوون و، رەگیان کرد و .. بوون بە سەدان نەمامی ناسک .. بەجاری ئەو ناوە بوو بە بەڕووستان .. چۆلەکەکانیش گەڕانەوە و، لەسەر لقی دارەکاندا هێلانەی جوانتریان دروستکرد .. دەستیان بە جریوە جریو و بە یاری کرد .

(*) کوردیلە چاوگەشەکانی کوردستان، دڵنیام کە زۆربەتان مەبەستەکانی ئەم چیرۆکەم دەزانن .. ئەوانەشی نایزانن، لە دایک و باوکتان، یا لە مامۆستاکانتان بپرسن .. ئەوان بۆتان راڤە دەکەن .