په‌یمانی لۆزان و سێو‌ر له نووسینی د. سادق شه‌ره‌فکه‌ندی
وه‌رگیراو له کتێبی کورته مێژووی بزووتنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی کورد
وه‌رگێڕ بۆ کوردی: ته‌ها عه‌تیقی
په‌یمانی سێو‌ر (1920ی زایینی)
به‌ر له‌وه‌ی باسی بڕیاره‌کانی کۆنفرانسی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی له باره‌ی کوردستان دا و ئاکامی ئه‌م بڕیارانه بکه‌ین، باسکردنی پێشینه‌یه‌کی کورت به پێویست ده‌زانین!
له ته‌واوی ماوه‌ی شه‌ڕدا، وتو‌وێژ و که‌ینوبه‌ین له نێوان ده‌سه‌ڵاتداره ئیستعمارییه‌کان به مه‌به‌ستی دابه‌شکردنی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و خاکی عوسمانی له ئارادا بوو. هه‌روه‌ک پێشتر باسکرا له به‌هاری ساڵی 1916دا، له نێوان ئینگلستان و فه‌ڕانسه بڕیارنامه‌یه‌ک له مه‌ڕ دابه‌شکردنی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست مۆرکرا که به په‌یمانی «سایکس پیکۆ» ناسراوه. به گوێره‌ی ئه‌م په‌یمانه ناوچه‌کانی جنوبی و ناوه‌ندی «بین النهرین» عێراقی ئه‌مڕۆ تا ژورووی به‌غدا و سوله‌یمانی ده‌درا به ئینگلستان. به‌شێکی زۆری سوریا و لوبنانی ئێستا و خوارووی تورکیا (ناوچه‌ی مووسڵ) وه‌به‌ر فه‌ڕانسه ده‌که‌وت. رووسیای تێزارییش ده‌ستبه‌جێ داوای به‌شی خۆی کرد. له ئه‌نجام‌دا ناوچه‌کانی ده‌ورووبه‌ری گۆلی «وان» له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانی دیکه‌ی ژورووی کوردستان و ئه‌رمه‌نستان بۆ رووسیا ته‌رخان کران. ئینگلستان که له ماوه‌ی شه‌ڕدا زانیارییه‌کی زۆری له باره‌ی کانگای ژێر زه‌وییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نیوه‌ڕاستی عه‌ره‌بی دا وه‌چنگ هێنابوو، بۆی ده‌رکه‌وتبوو که کوردستانی خواروو به تایبه‌تی له باری نه‌وته‌وه ده‌وڵه‌مه‌نده، چوار رۆژ پاش مۆر کردنی په‌یماننامه‌ی کۆتایی پێهێنانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عوسمانی (1918)، یه‌ک لایه‌نه ناوچه‌ی «مووسڵ»ی داگیر کرد که وه‌به‌ر فه‌ڕانسه که‌وتبوو. ئه‌م کاره کێشه‌یه‌کی زۆری به دواوه بوو، بوو به هۆی ره‌خنه و بێزاریی فه‌ڕانسه. به‌ڵام ئینگلستان که دژ کرده‌وه‌ی فه‌ڕانسه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرد، بۆ ململانێ که‌وته بیری راکێشانی سه‌رنجی کورده‌کان و دانی به‌ڵێنی سه‌ربه‌خۆیی یان خودموختاری به کورده‌کان، به یه‌کێک له رێگاکانی ده‌ست هه‌ڵگرتنی فه‌ڕانسه له داواکردنی ناوچه‌ی مووسڵ داده‌نا. چوونی «سێر پێرسسی کاکس» که پاشان بوو به کۆمێسێری به‌رزی بریتانیا له عێراق بۆ خوارووی فه‌ڕانسه له پوشپه‌ری ساڵی 1918دا، وتو‌وێژ له‌گه‌ڵ ژه‌نێراڵ شه‌ڕیف پاشا که دوو ساڵ پاشان بوو به سه‌رۆکی کۆڕی نوێنه‌رایه‌تیی کورده‌کان له کۆنفرانسی ئاشتیی پاریس له باره‌ی پێکهێنانی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ یان خودموختاردا نموونه‌یه‌کن له‌م سیاسه‌ته. له لایه‌کی دیکه‌وه، پاش شۆڕشی مه‌زنی سوسیالیستیی ئۆکتۆبر له ساڵی 1917، یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌تی که جێی رووسیای تێزاریی گرتبووه، له ته‌واوی فراوانخوازییه‌کانی موسته‌عمه‌راتی و داوا ئه‌رزییه‌کانی له وڵاته‌کانی دراوسێ وازی هێنا. له ئاکام دا ئه‌م ناوچه‌یه که بڕیار وابوو به‌شی رووسیای تێزاری بێ، ته‌ماحی تێکرا. به تایبه‌تی ئه‌مریکاییه‌کان به راستی خه‌ریک بوون بیکه‌نه هی خۆیان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێشنیاریان کردبوو: حکوومه‌تێکی ئه‌رمه‌نی له به‌سێکی زۆری ئیمپه‌راتۆریی عوسمانی دا که بڕیار وابوو بدرێ به رووسیا دابمه‌زرێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه حکوومه‌تێکی «کورد»یش دابمه‌زرێ که به پێی نه‌قشه‌و پلانی ئه‌و کاتی ئه‌مریکا نیزیک به چواریه‌کی سه‌رجه‌م خاکی کوردستانی ده‌گرته‌وه. ئه‌م سێ حکوومه‌ته‌ش دیاره ده‌بوو له ژێر چاودێریی ئه‌مریکادا بوایه‌ن.
له هه‌ل‌ومه‌رجێکی ئه‌وتۆدا کۆنفرانسی ئاشتی له «سێو‌ر» هه‌ڵکه‌وتوو له ده‌وروبه‌ری پاریس پێک هات. له‌م کۆنفرانسه‌دا کۆڕێکی نوێنه‌رایه‌تیی کوردیش به سه‌رۆکایه‌تی ژه‌نێراڵ شه‌ڕیف پاشا (کۆنه ژه‌نێراڵی عوسمانی و باڵیۆزی پێشووی ئه‌م ئیمپه‌راتوورییه له سوید) وه‌ک چاوه‌دێر له وتووێژه‌کانی پێوه‌ندیدار به کوردستان و ئه‌رمه‌نستان دا به‌شدار بوو. وتووێژه‌کانی کۆنفرانسی ئاشتیی پاریس بوو به هۆی مۆر کردنی په‌یمانێک له 10ی مانگی ئووتی 1920 (20ی خه‌رمانانی 1299ی هه‌تاوی) له 433 خاڵ‌دا. ده‌قی ئه‌م بڕیاره‌ی له‌مه‌ڕ کوردستان له به‌شی سێهه‌می په‌یمانه‌که‌دا هاتووه به‌م جۆره‌یه:
مادده‌ی 62: کۆمیسیۆنێک له نوێنه‌رانی بریتانیا، فه‌ڕانسه‌و ئیتالیا له قوسته‌نته‌نیه جێگیر ده‌بێ و له ماوه‌ی شه‌ش مانگ پاش به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م په‌یمانه خودموختاریی ناوچه‌یی ده‌دا به ناوچه‌یه‌ک که زۆربه‌ی دانیشتوانی کوردن و له‌و چواچێوه‌یه‌دا هه‌ڵکه‌وتوون: رۆژهه‌ڵاتی فورات، جنوبی سنووره‌کانی خوارووی ئه‌رمه‌نستان به‌م شێوه‌یه‌ی که پاشان دیاری ده‌کرێ. هه‌روه‌ها به‌شێک له خاکی تورکیا هه‌ڵکه‌وتوو له ژورووی سنووره هاوبه‌شه‌کانی ئه‌م وڵاته له‌گه‌ڵ به‌ین نه‌هرێن و سوریا به له‌به‌ر چاوگرتنی مادده‌ی (27) به‌شی دووهه‌م (خاڵی 2و3). هه‌رکات کۆمیسیۆن له‌مه‌ڕ کێشه‌یه‌ک دا ساخ نه‌بۆوه، کێشه‌که له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی کۆمیسیۆن ده‌درێته‌وه به ده‌وله‌ته‌کانی خۆیان. گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌م خودموختارییه ده‌بێ مافی ئاشورییه‌کان، که‌لدانییه‌کان و باقی که‌مایه‌تییه ره‌گه‌زی و مه‌زهه‌بییه‌کانی نیشته‌جێ له‌و ناوچه‌یه‌دا به ته‌واوی ده‌سته‌به‌ر بکا. کۆمیسیۆنێک که له نوێنه‌رانی ئینگلستان، فه‌ڕانسه، ئیتالیا، ئێران و کورده‌کان پێک دێ سه‌ر له‌م ناوچه ده‌دا ئه‌گه‌ر پێویست بوو له باره‌ی پێداهاتنه‌وه‌و ساغکردنه‌وه‌ی سنوره‌کانی تورکیا که به گوێره‌ی ئه‌م په‌یمانه له‌گه‌ڵ سنووره‌کانی ئێران هاوبه‌شه، بڕیار بدا.
مادده‌ی 63: حکوومه‌تی عوسمانی له سه‌ریه‌تی که بڕیاره‌کانی هه‌رکام له‌م کۆمیسیۆنانه‌ی که له مادده‌ی 62دا پێشبینی کراون له ماوه‌ی 3 مانگ پاش وه‌رگرتنیان قبووڵ و جێبه‌جێ‌یان بکا.
مادده‌ی 64: له ماوه‌ی ساڵێک پاش جێبه‌جێ کردنی ئه‌م په‌یمانه، بێتوو کورده‌کانی دانیشتووی ئه‌م ناوچانه که مادده‌ی 64 ده‌یانگرێته‌وه بچنه ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان و بیسه‌لمێنن که زۆربه‌ی دانیشتوانی ئه‌م ناوچانه حه‌زیان له سه‌ربه‌خۆیی له تورکیایه و ده‌یانه‌وێ جیا ببنه‌وه و ئه‌نجومه‌نیش بۆی ده‌ربکه‌وێ که ئه‌م خه‌ڵکه شیاوی سه‌ربه‌خۆیین، به تورکیا ده‌سپێرێ که سه‌ربه‌خۆیی بدا به کورده‌کان. تورکیا له‌سه‌ریه‌تی که له‌و کات‌دا هه‌ڵوێستی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م راسپێرییه رێک بخا‌و له هه‌موو مافی خۆی له‌م ناوچانه دا ده‌ست هه‌ڵ‌بگری. چۆنیه‌تیی ئه‌م ده‌ستهه‌ڵگرتنه له وتووێژه تایبه‌تییه‌کانی‌دا که له نێوان هاوپه‌یمانه سه‌ره‌کییه‌کانی و تورکیادا پێک دێ، دیاری ده‌کرێ.
گه‌ر ئه‌م «ده‌ستهه‌ڵگرتنه«ی باسکرا له‌لایه‌ن تورکیاوه ئه‌نجام بدرێ و کورده‌کانی دانیشتووی به‌شێک له کوردستان که ئێستا له ناوچه‌ی مووسڵ هه‌ڵکه‌وتووه به پێی ویستی خۆیان بیانه‌وێ ره‌گه‌ڵ حکوومه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورد بکه‌ون هیچ کام له هاوپه‌یمانه سه‌ره‌کییه‌کان له‌م باره‌وه مافی ره‌خنه و ئێعترازیان نییه.
باس کردنی چه‌ند مه‌سه‌له له باره‌ی ئه‌م په‌یمانه‌دا به پێویست ده‌زانرێ: له سه‌ره‌تادا پێویسته بزانرێ که به گوێره‌ی مادده‌ی 64، چاره‌نووسی ویلایه‌تی کوردنشینی مووسڵ، به شێوه‌ی سروشتی و کت‌وپڕ به چاره‌نووسی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان گرێ نه‌دراوه. ئه‌م ویلایه‌ته نه‌وته‌ڵانییه ته‌نها کاتێک ده‌کرا وه‌سه‌ر کوردستان بخرێ که:
یه‌که‌م – ئه‌م کوردستانه سه‌ربه‌خۆیه پێک هاتبایه.
دووهه‌م – دانیشتوانی ویلایه‌تی مووسڵ نیشان بده‌ن که حه‌زیان له پێوه‌لکانه.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه پێکهاتنی کوردستانی سه‌ربه‌خۆش به مه‌رج و شه‌رت گرێ دراوه:
یه‌که‌م – خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێ سه‌ر له ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان بده‌ن و بیسه‌لمێنن که زۆربه‌یان سه‌ربه‌خۆیی‌یان گه‌ره‌که.
دووهه‌م: ویست و ده‌نگی زۆربه‌ی خه‌ڵکیش به‌س نییه و ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان پێویسته ئه‌وان به شیاوی وه‌رگرتنی سه‌ربه‌خۆیی بزانێ. ئه‌گینا ده‌بێ داوا له ئینگلستان بکا که به لوتف و که‌ره‌می خۆی کورده‌کان بخاته ژێر سه‌ربه‌ستیی خۆیه‌وه!
خاڵێکی دیکه له مه‌ڕ سنووره‌کانی ئه‌م «کوردستان»ـه‌ی که ده‌بووایه پێک بێ: به پێی نێوه‌رۆکی په‌یمانه‌که، ئه‌م کوردستانه به‌شێکی به‌رینی له ناوچه کوردنشینه‌کانی وه‌ک «ئاد یامان» و «مه‌ڵاتیه«و … که له رۆژئاوای چۆمی فورات هه‌ڵکه‌وتوون نه‌ده‌گرته‌وه، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه به‌شێک له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڕانسه بوون. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه به گوێره‌ی مادده‌ی 27ی به‌شی دووهه‌می په‌یمان (خاڵه‌کانی 2،3) جگه له ناوچه‌کانی «کورد دا‌غ» و ده‌شته‌کانی «جزیرێ» که ئێستاش به‌شێک له خاکی سووری‌یان، هه‌روه‌ها شاره‌کانی «ئورفه«، «ماردین»، «نه‌سیبین» و «جزیری ئیبنی عومه‌ر»یش له قه‌ڵه‌م درابوون که که‌وتبوونه ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڕانسه. ئه‌م دوو به‌شه‌ی له خاکی کوردستان که ده‌بووایه به شێوه‌ی راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ بدرێن به فه‌ڕانسه نیزیکه‌ی سێ یه‌کی خاکی کوردستانی عوسمانی ده‌گرته‌وه.
به‌ڵام له باره‌ی «سنووره‌کانی خوارووی ئه‌رمه‌نستان وه‌ک پاشان دیاری ده‌کرێن» ئه‌م سنورانه له راستی دا له مادده‌ی 89ی په‌یمان (به‌شی شه‌شه‌م: ئه‌رمه‌نستان) دیاری کرابوون. به گوێره‌ی په‌یمان: تورکیا و ئه‌رمه‌نستان و وڵاته‌کانی دیکه‌ی به‌شدار ده‌بووایه دیاریکردنی سنووره‌کانی نێوان تورکیا و ئه‌رمه‌نستان له ناوچه‌کانی «ئه‌رزه‌ڕۆم» و «ته‌رابوزان» و «وان» و «بتلیس» به داوه‌ریی سه‌ر کۆماری ئه‌مریکا بسپێرن و بڕیاره‌کان و ئه‌م رێوشوێنانه‌ی که ره‌نگه ناوبراو بۆ ده‌ست پێڕاگه‌یشتنی ئه‌رمه‌نستان به ده‌ریا و هه‌روه‌ها غه‌یره نیزامی کردنی چه‌ند به‌شێک له خاکی عوسمانی که له نیزیک سنووره‌کانی ئه‌رمه‌نستان هه‌ڵکه‌وتوون پێشیاری بکا، قبووڵ بکه‌ن.
به‌ڵام ده‌نگی سه‌رکۆماری ئه‌مریکا به کرده‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ی که خۆی پێشتر له مه‌ڕ دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان‌دا رایگه‌یاندبوو، یه‌کی نه‌ده‌گرته‌وه. چونکه بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ناوچه ده‌ست نیشانکراوه‌کان راوێژ بکرێ و پێکهاته‌ی ره‌گه‌زیی ئه‌و ناوچانه دیاری بکرێن، سه‌رکۆماری ئه‌مریکا به‌شێکی به‌رین له خاکی کوردستانی عوسمانی که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتوانی کورد بوون و نیزیک به سێ به‌شی دیکه‌ی خاکی کوردستانی عوسمانی ده‌گرته‌وه وه‌ک ناوچه‌کانی «موش» و «ئه‌رزه‌نجان» و «ئه‌رزه‌رۆم»و «بێنگۆل» و «بتلیس» و «وان» و «ئاگری»ی دابوو به ئه‌رمه‌نستان « که دیاره ده‌بوو له ژێر سه‌رپه‌رستیی ئه‌مریکادا بوایه‌ن».
به‌مجۆره ئه‌گه‌ر په‌یمانی «سێو‌ر» جێبه‌جێ بوایه، کوردستان له راستی‌دا به کوردستانی ئێرانه‌وه ده‌بووه پێنج به‌ش. کوردستانی سه‌ربه‌خۆی له‌به‌رچاوگیراو له ناوه‌ندی ئه‌م دابه‌شکرانه‌دا، وڵاتێک بوو که له باری خاکه‌وه ته‌نیا سێ یه‌کی خاکی کوردستانی عوسمانی ده‌گرته‌وه و به تایبه‌تی ئه‌م به‌شه ناوچه به پیت‌و به‌ره‌که‌ته‌کانی کشتوکاڵیی له‌بار بۆ ئاژه‌ڵداری ده‌گرته‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌مایه‌وه ناوچه هه‌ژارو ده‌سکورته‌کانی وه‌ک «خارپوت» و «ده‌رسیم» و «حه‌کاری» بوون و دیاربه‌کر وه‌ک «ناوه‌ندی ئیداری» و مووسڵ وه‌ک «ناوه‌ندی ئابووری» ده‌مانه‌وه. دیاره ئینگلستانیش مه‌سه‌له‌ی نه‌وتی ده‌خسته ژێر چاوه‌دێری.
که‌وابوو په‌یمانی «سێو‌ر» له باره‌ی کوردستان و چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی کورددا ئه‌وه نه‌بوو کیسه‌ی بۆ هه‌ڵدروین. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه هه‌روه‌ک ده‌زانین ته‌نانه‌ت ئه‌م په‌یمانه‌ش به‌رێوه نه‌چوو. سه‌رئه‌نجام کوردستانی عوسمانی، به پێی په‌یمانی «لۆزان» به‌سه‌ر سێ حکوومه‌تی تازه دامه‌زراوی جیابۆوه له ئیمپه‌راتۆریی پێشووی عوسمانی، واتا تورکیا، عێراق و سوریادا، دابه‌ش کرا.
په‌یمانی لۆزان (1923)و دابه‌شکردنی ئیستعماریی کوردستان
بڕیاره‌کانی په‌یمانی «سێو‌ر» له باره‌ی کوردستان دا، زیاتر نووسراوی سه‌رکاغه‌ز بوون و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دیار بوو که ده‌ره‌تانی جێبه‌جێ بوونیان نییه. له‌مه‌ڕ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م په‌یمانه‌دا هێندێک به‌رپرسایه‌تی درابوو به ده‌وڵه‌تی عوسمانی که له راستی‌دا به کرده‌وه ده‌وڵه‌تێکی ئه‌وتۆ له گۆڕێ‌دا نه‌بوو. هۆیه‌که‌ی ئه‌وه بوو که له ساڵی 1919وه، حه‌ره‌که‌یه‌ک به رێبه‌ریی ژه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا که‌ماڵ که پاشان به ئاتا تورک (باوکی تورک) ناوی ده‌رکرد، به مه‌به‌ستی له‌سه‌ر کار لابردنی سوڵتانی عوسمانی و وه‌ده‌رنانی هێزه‌کانی بێگانه له وڵاتی تورکیا و وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی ده‌ستی پێ کردبوو، به‌ره‌به‌ره گه‌شه‌ی ستاندبوو.
دیاره له باسه‌کانی داهاتوودا به وردی وێڕای باسکردنی بزووتنه‌وه‌کانی کورد له کۆماری تورکیادا به کورتی باسی هاتنه سه‌رکاری مسته‌فا که‌ماڵیش ده‌که‌ین. لێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌کوترێ که تێکۆشانی مسته‌فا که‌ماڵ وه‌ها گوشاری خستبووه سه‌ر حکوومه‌تی عوسمانی له ئه‌سته‌مبووڵ که هاوپایمانه‌کانی ناچار کرد له به‌رانبه‌ر هه‌ڵوێستی ناسیۆنالیستیی مجلسی عوسمانی له ساڵی 1920دا ئه‌سته‌مبووڵ داگیربکه‌ن و مه‌جلیسیش هه‌ڵوه‌شێنن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه له سه‌ره‌تای مانگی بانه‌مه‌ڕی ئه‌و ساڵه‌دا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رین له‌ژێر ناوی «مه‌جلیسی مه‌زنی نیشتمانیی تورکیا» له شاری ئه‌نقه‌ره که له ژێر نفوزی ته‌واوی مسته‌فا که‌ماڵ‌دا پێک هاتبوو حکوومه‌تی نوێی دامه‌زراند و ئه‌م حکوومه‌ته‌ی به تاقه شوێنی نیشتمانی و قانوونی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری وڵات دانا.
یه‌ک له یه‌که‌مین بڕیاره‌کانی مه‌جلیسی مه‌زنی نیشتمانی تورکیا و حکوومه‌تی دیاری کراو له لایه‌ن ئه‌م مه‌جلیسه ئه‌وه بوو که به‌ره‌سمی به ته‌واوی جیهانی راگه‌یاند:
«هه‌موو ئه‌م په‌یمان و بڕیارنامانه‌ی له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ئیسته‌مبووڵه‌وه مۆر کراوه، به ره‌سمی ناناسێ و بێ بایه‌خن» واتا له راستی دا په‌یمانی «سێو‌ر» له باره‌ی چاره‌نووسی تورکیا (دیاره کوردستان)یش به‌ر له‌وه‌ی له دایک بێ، به‌ره‌سمی له‌لایه‌ن هێزی راسته‌قینه‌ی تورکیاوه به‌رپه‌رچ درایه‌وه و هیچ ده‌سته‌به‌رێک بۆجێبه‌جێ کردنی نه‌ما.
سه‌رئه‌نجام شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی تورکیا له 19ی خه‌رمانانی ساڵی 1922ی زایینی به سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاریی هێزی مسته‌فا که‌ماڵ به‌سه‌ر یونانییه‌کان‌دا کۆتایی هات. به‌ستنی کۆنفرانسی «لۆزان» له «سویس» دوو مانگ و نیو پاش سه‌رکه‌وتنی مسته‌فا که‌ماڵ به‌مانای به ره‌سمی ناسینی حکوومه‌تی نوێی تورکیا له باری نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌وه بوو. له‌م کۆنفرانسه‌دا که نوێنه‌رانی ئینگلستان و فه‌ڕانسه و ئیتالیا و ژاپۆن و رۆمانی و «سێرب و کرۆوات» له لایه‌ک و نوێنه‌رانی تورکیای نوێ له لایه‌کی دیکه‌وه به‌شداربون پاشمله‌ی کورده‌کان زۆر باسی کێشه‌ی کورد و چاره‌نووسی ناوچه‌ی مووسڵ کرا. هه‌روه‌ک له پێشدا باسمان کرد، ساڵی 1918 پاش برانه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عووسمانی ناوچه‌ی مووسڵ ده‌ست به جێ له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئینگلستانه‌وه داگیر کرا. فه‌ڕانسه ره‌خنه‌ی له‌م کاره گرت چونکه به گوێره‌ی په‌یمانی «سایکس پیکۆ» مووسڵ وه‌به‌ر فه‌ڕانسه‌ی که‌وتبوو. پاش باس و کێشمه کێشمێکی زۆر، له نێوان سه‌رۆک وه‌زیرانی ئینگلیستان و فه‌ڕانسه چاوپێکه‌وتنێک سازدرا. سه‌رۆک وه‌زیری فه‌ڕانسه که له کانگا نه‌وتییه‌کانی مووسڵ ئاگادار نه‌بوو، به‌وه رازی بوو له‌به‌رانبه‌ر دانی مووسڵ به ئینگلیستان به‌شێکی دیکه له خاکی عوسمانی بدرێ به فه‌ڕانسه. به‌ڵام کاتێک بوونی کانگا نه‌وتییه‌کان له مووسڵ ئاشکرابوو، فه‌ڕانسه ئه‌م رێکه‌وتنه‌ی خسته به‌ر ره‌خنه. پاش دمه‌قاڵه‌یه‌کی زۆر له به‌هاری 1920دا له‌سه‌ر ئه‌مه ساغ بوونه‌وه که هێندێک له داهاتی نه‌وت بدرێ به فه‌ڕانسه. به‌ڵام ئه‌مجار ئه‌مریکا که له‌م سه‌ودایه‌دا سه‌ری بێ کڵاو مابۆوه ره‌خنه‌ی گرت. له ئاکام دا پاش کێشه‌و هه‌رایه‌کی زۆر، هه‌ر سێ ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر به‌شکردنی داهاتی نه‌وت رێک که‌وتن و به ره‌سمی بڕیار درا که «چاره‌نووسی مووسڵ پاشان له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان دیاری بکرێ».
له کۆنفرانسی لۆزان‌دا تورکیا داوای مڵکایه‌تیی ویلایه‌تی مووسڵی ده‌کرد. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م داوایه‌دا بریتانیا کێشه‌ی کوردی له کوردستان‌دا ده‌هێنایه گۆڕێ و داوای ده‌کرد که کورده‌کان وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه مافی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆیان وه‌ربگرن و حکوومه‌تی تایبه‌تیی خۆیان ببێ. وه‌ڵامی نوێنه‌رانی تورکیا ئه‌مه بوو «ئه‌م حکوومه‌ته له‌لایه‌ن مه‌جلیسی مه‌زنی نیشتمانیی تورکیاوه دامه‌زرراوه و حکوومه‌تی تورک و کورده و نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی کورده‌کان له مه‌جلیسی نیشتمانیی تورکیا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی تورک به‌شدارن» هه‌روه‌ها «کورده‌کان و تورکه‌کان وه‌ک یه‌ک له حکوومه‌تی تورکیادا هاوبه‌شن» و «کورده‌کان هه‌رچه‌ند به زمانێکی دیکه بێجگه له تورکی قسه ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تورکه‌کان جیاوازییان نییه و له‌باری ره‌گه‌زو ئایین و تایبه‌تمه‌ندییه‌وه وه‌ک یه‌کن» به‌م چه‌شنه به‌م فڕوفیشاڵانه، نه‌ک ئاماده نه‌بوون مافی نه‌ته‌وایه‌تیی کورده‌کان به ره‌سمی بناسن، به‌ڵکوو داوای مووسڵیشیان ده‌کرد!
سه‌رئه‌نجام له 24ی ژوئیه‌ی ساڵی 1923ی زایینی‌دا (سێهه‌می گه‌لاوێژی 1302ی هه‌تاوی) په‌یمانی لۆزان مۆرکرا. به گوێره‌ی ئه‌م په‌یمانه تورکیا وازی له مووسڵ هێنا و دانی به‌وه‌دا هێنا که چاره‌نووسی مووسڵ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کانه‌وه دیاری بکرێ. له به‌رامبه‌ردا به‌شی زۆری کوردستان وه‌به‌ر تورکیا که‌وت. له‌م په‌یمانه‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ک باسی کورد‌و مافی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد ناکرێ. دیاره له به‌شی سێهه‌می په‌یمانه‌که‌دا «مادده‌کانی 27 تا 44) له باره‌ی پێویستیی پاراستنی مافی «که‌مایه‌تییه‌کان» چه‌ند شتێک هاتووه. بۆ نموونه له مادده‌ی 39دا: «بۆ که‌ڵک وه‌رگرتنی ئازادانه‌ی ته‌به‌عه‌ی تورکیا له هه‌موو چه‌شنه زمانێک، چ له پێوه‌ندییه‌کانی تایبه‌تی و بازرگانی و کاروباری ئایینی و چاپه‌مه‌نی و چ له کۆبوونه‌وه گشتییه‌کان‌دا، نابێ هیچ به‌ربه‌ستێک پێک بێ» هه‌روه‌ها: «سه‌ره‌ڕای بوونی زمانێکی ره‌سمی، بۆ ئه‌م تاقمه له دانیشتوانی تورکیا که بێجگه له زمانی تورکی، زمانێکی دیکه‌یان هه‌یه، ده‌ره‌تانی ته‌واو پێک بێ تا له دادگاکان‌دا بۆ قسه‌کردن به‌ده‌م، له زمانی تایبه‌تیی خۆیان که‌ڵک وه‌ربگرن.
به گوێره‌ی مادده‌ی 39: «حکوومه‌تی تورکیا وه‌ئه‌ستۆی خۆی ده‌گرێ که خاڵه‌کانی هاتوو له مادده‌کانی 38-49دا وه‌ک قانوونی بنه‌ڕه‌تی بناسێ، به جۆرێک که هیچ قانوونێک، هیچ «رێوشوێن و هه‌نگاوێکی ره‌سمی له‌دژ یان ناته‌با له‌گه‌ڵ ئه‌م خاڵانه نه‌بێ و هیچ قانوونێک به سه‌ر ئه‌وان‌دا زێده‌یان نه‌بێ».
به‌ڵام ده‌قی مادده‌کانی 40 تا 45 ده‌ری ده‌خا که مه‌به‌ست له «که‌مایه‌تییه‌کان» بریتین له: که‌مایه‌تییه غه‌یره موسوڵمانه‌کانی وه‌ک ئه‌رمه‌نییه‌کان و یۆنانییه‌کان و هی دیکه …
کار به‌ده‌ستانی حکوومه‌تی تورکیا به‌و بیانووه که کورده‌کان وه‌ک تورکه‌کان له حکوومه‌ت‌دا به‌شدارن، ئه‌وانیان وه‌به‌ر ئه‌و ماددانه‌ی له سه‌ره‌وه باسکران و له باره‌ی که‌مایه‌تییه‌کان‌دایه نه‌خست. به‌م چه‌شنه ته‌نها له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵ‌دا، گه‌لی کورد له تورکیا له نه‌ته‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شی به مافی وه‌ک یه‌که‌وه بوو به‌شتێکی «نه‌بوو».
له باره‌ی ویلایه‌تی مووسڵیش‌دا، لێره‌دا ته‌نیا ده‌بێ ئاماژه به ئه‌مه بکه‌ین که دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان بۆچوونی دانیشتوانیی (واته کورده‌کان) وه‌رگرت، سه‌ره‌ڕای ویستی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه له مه‌ڕ دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کورد، له 5ی ژوئه‌نی ساڵی 1926دا (16ی جۆزه‌ردانی ساڵی 1305ی هه‌تاوی) ئه‌م ویلایه‌ته‌ش له لایه‌ن بریتانیاوه خرایه سه‌ر وڵاتی تازه دامه‌زراوی عێراق.
به‌مجۆره کوردستان که تا پێش شه‌ڕ ته‌نیا له نێوان ئێران و عوسمانی‌دا دابه‌ش ببوو، به پێی ویست و داخوازی وڵاته ئێستعمارییه‌کان له نێوان چوار وڵاتی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریادا به‌شکرا. ئه‌م دوو وڵاته‌ی دوایی واتا عێراق و سووریا پاش شه‌ڕ له دایک بوون.
“ئەو وتارە لە یادی بیست ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور شەرەفکەندی دا بڵاو بۆتەوە”