کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە گوندی بێوارانی خوارێ

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە خدری هەمزەیی کوڕی حەسەنی مەحموودی هەمزەیی خەڵکی بێورانی خوارێ لە تەمەنی ٤٥ ساڵی دا بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەی گەرو دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو نەخۆشیە کۆچی دوایی کرد.

کاک خدری هەمزەیی دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لە دەستەی زەربەتی هێزی شەهید موعینی سازمان دەدرێ. شایانی باسە کە دەستەی زەربەتی هیزی موعینی یەکێک لەو دەستە پێشمەرگە ئازا و بوێرانەی حیزب بوو کە لە ماوەی درووست بوونیەوە تا سازماندەیی نوێی حیزب بە دەیان و سەدان عەمەلیاتی جۆراوجۆری لە ژێر فەرماندەیی شەهیدی ئازا و نەمر کاک حەمەدەمینی مەلا عەزیزی بەرێوە بردن و شانازی‌یەکی گەورەیان بە نەسیبی حیزب و گەل کرد.

کاک خدر ئامۆزای شەهید عەلی خاڵ فەقێ و کوڕە خاڵی شەهید حەمەدەمینی مەلا عەزیزی بوو و یەکێک لەو پێشمەرگە ئازا و بە جەرگانە بوو کە تا ساڵی ١٣٦٣ ی هەتاوی بەردەوام لەو دەستەیە وێرای هاوسەنگەرانی خەریکی خوڵقاندنی حەماسە بوون و بە هیممەت و چاونەترسی زەربەی کاریگەریان لە جەستەی رژێم دەدا. سەرەتای ساڵی ١٣٦٣ ی هەتاوی بە هۆی ئەوە کە بنەماڵەکەیان خێزاندار بوون و رێژەی منداڵەکانیان زۆر بوو بە ناچار بۆ بەخێوکردن و پەیدا کردنی بژیوی ژیان ریزی پێشمەرگایەتی بەجێ هێشت و گەرایەوە نیوخۆی وڵات و لەوێش کورێکی بە هەست و نیشتمانپەروەر بوو.

بەداخەوە کاک خدر دوایی ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە ڕۆژی چوارشەممە کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.


بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک خدری هەمزەیی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەمالەی کاک حەسەن هەمزەیی و بنەماڵەی مەلا عەزیزی و تێکرای خزمان و ئاشنایانی لە نیوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵات دەکەم و هیوادارم کە کۆچکردووش جێگای بەهەشت و ڕووحی هەردەم شاد بێ.

حەمەرەسووڵ کەریمی