ئۆغر و کۆچت بەخێر ژنە دەم بە خەندەکەی بنەماڵە

نووسین لە سەر ئازیزانی کۆچکردوو ئاسان نییە ، کۆچی هەر ئازیزێک جیا لە دوور کەوتنەوەی جەستەیی هاوکات، ئازارێکی ڕووحی و ڕەوانیش بە دوای خۆیدا بۆ خۆشەویستانی بەجێ دێڵێ، زۆرجار دەبێتە هۆی خەمۆکی و ناراحەتی درێژ خایەن.
کۆچی دوایی ئەو مرۆڤانەی کە هەموو تەمەنیان بۆ ئازادی گەلەکەیان تەرخان کردووە زۆر بە ژانتر و گەورەتر خۆ دەنوێنێ و بە حەقیش هەموو ئەوانەی کە پەیوەندیان لەگەڵیان بووە، زیاتر غەمبار و ماتەمبار دەکا.
ئەمڕۆ دایە خورشید کەریم بەهرام ، ناسراو بە حاجی خورشید هاوسەری تێکۆشەری بەناوبانگی کورد کاک حاجی حوسێن حەدداد لە وڵاتی نۆروێژ دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، حاجی خورشید کچی بنەماڵەیەکی دیاری شاری سەردەشت بوو، بە گەنجی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ تێکۆشەری نەمر کاک حاجی حوسێن حەدداد پێکهێنا بوو، بەرهەمی ژیانی سێ کوڕ و سێ کچن.
بە پێی سرووشتی ژیان حاجی خورشید لە پێگەیاندنی کوڕ و کچەکانی دا وەک زۆربەی دایکانی کوردستان زەحمەتی گەورە کردن و پێگەیاندنی لە سەر شان بووە و بەوپەری دڵسۆزی‌یەوە خەریکی پەروەردە کردنی منداڵەکانی بووە. ژیانێکی ئاسایی و مامناوەندی لە شاری سەردەشت هەبووە و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بە هۆی ئەوە بنەماڵەی گەورەی حەدداد هەموویان تێکەڵ بە شۆڕش و بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان دەبن، لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا درێژە بە خەبات دەدەن. حاجی خورشید وێرای ژن و پیاوانی ئەو بنەماڵەیە شاخ بە شاخ و دۆڵ بە دۆڵ و لووتکە بە لووتکە، لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان ماڵ دەگوازێتەوە و لە هەموو قۆناخەکان دا بەوپەری دڵسۆزی‌یەوە لە تەنیشت گەورە تێکۆشەری گەلەکەمان کاک حاجی حوسێن درێژە بە خەبات دەدا و وەک پشتیوانی سەرەکی دەبێتە کۆڵەکەی قائیمی بنەماڵە.

نەمر حاجی خورشید کەریم بەهرام هاوسەری تێکۆشەری خەباتکاری کورد نەمر حاجی حوسێن حەدداد لە ریزەکانی حدک

بێ‌شک سەرکەوتنەکانی نەمر کاک حاجی حوسێن حەدداد لە ڕیزەکانی حیزبدا، بەشێکی زۆری دەگەرێتەوە سەر شانی حاجی خورشید، پشتیوانی بێ‌ئەملاو ئەولای حاجی خورشید ببوو هۆی ئەوە کە کاک حاجی حوسێن بتوانی زیاتر لە خزمەت حیزبەکەی دابێ و مەئموریەتی گەورە و قورس جێ‌بەجێ بکات.

پاراستنی ٦ منداڵ لە بێ ئیمکاناتی و لە ژێر هەڕەشە و بۆمباران و ساردی و سەرما دا دڵێکی گەورە و ئیرادەیەکی پتەوی دەوێ، ئەو ئیرادەیە لە وجوودی حاجی خورشید دا وەک چرایەک ڕووناکی دەبەخشی و هەر بۆیەش کوڕ و کچەکانی لە شۆڕش دا بەرگەی هەموو ناخۆشی‌یەکانی سەر ڕێگای تێکۆشانیان دەگرت و ئەوانیش لە تەنیشت دایک و باوکیان لە کار و ئەرکی حیزبی دا بە دڵەوە بەشدار بوون و وەک پێشمەرگە و کادر خزمەتیان بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا دەکرد.

ژنە تێکۆشەری نیو ریزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان نەمر حاجی خورشید کەریم بەهرام هاوسەری تێکۆشەری خەباتکاری کورد نەمر حاجی حوسێن حەدداد

حاجی خورشید ژنێکی ئارام و هێدی، ژنێکی باوەرمەند بە دینی ئیسلام، ژنێکی دەم بە خەندە و ژیر و مشوور خۆر بوو، لە ژیانی دا هەوڵی نەدەدا کە دڵی هیچ کەسێک بشکێنێ، لەگەڵ دەستە خوشکەکانی سادق و سادە و پاک بوو، هەوڵی زۆری بۆ تەبایی و بە یەکەوە بوون دەدا و لەگەڵ هاوسێ و جیرانەکانی لە ریزەکانی شۆڕشدا زۆر خەمخۆرانە دەجووڵایەوە.
درێژ بوونەوەی شۆڕش و بە ساڵداچوویی نەمران حاجی حوسێن و حاجی خورشید بوو بە هۆی ئەوە کە بۆ درێژەدانی ژیانی بە ساڵاچوویان ڕێگەی غوربەت بگرنە بەر، بەڵام تەسلیمی حکوومەتی ئاخووندی نەبن، ئامادە بوون لە هەندەران و تاراوگە بە دوور لە زێدی خۆیان بژین بەڵام تەسلیمی ویستی دوژمن نەبن، ئەوان لە نۆروێژ ژیانێکی ئاسایی بەڵام پڕ لە چاوەروانیان تێپەر کرد، چاوەروان بوون جارێکی دیکە زێدی لە دایکبوونی خۆیان ببینەوە و داربەروەکانی قەراخ شار لە ئامیز بگرنەوە، چاوەروان بوون بە سەربەرزی بگەرێنەوە و باقی تەمەنیان لە گەڵ خزمان و منداڵەکان لە خانووی موسادرەکراوی خۆیان دا تێپەر بکەن، مخابن پاش چەندین ساڵ چاوەروانی لە ساڵی ٢١٠٨ دا کاک حاجی حوسێن کۆچی دوایی کرد و ئەمرۆش دوای چەند ساڵ، حاجی خورشیدی دەم بە خەندە و خۆشەویستی بنەماڵە لە ڕۆژی ١٦ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢١ دا چاوە پڕ لە هیواکانی بۆ هەمیشە لە سەریەک دانا و بە کۆچی دوایی خۆی هەموو لایەکمانی غەمبار و پەشێو کرد.
بە بۆنەی کۆچی دوایی حاجی خورشید لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی خۆم و بنەماڵەکەم ئاراستەی کوڕ و کچەکانی، نەوە و خزمەکانی و بنەماڵەی گەورەی حەدداد و کەریم بەهرام لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم و هیوادارم کە گەلی کورد دایکی لە چەشنی حاجی خورشید زیاتر لە ئامیزی خۆیدا پەروەردە بکا، حاجی خورشید بە جەستە لێمان دوورکەوتەوە، بەڵام یاد و ناو و بیرەوەری‌یەکانی لە دڵمان دا هەردەم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ڕووحت شاد و یاد و ناوت لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی
١٦ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢١